ترەمپ رایگەیاند پەلەی نییە بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران و جەختیش دەكاتەوە ئاست وێرانكاریی وێستگە ئەتۆمییەكانی ئەو وڵاتە بەجۆرێك بوە كە ناتوانرێت یۆرانیۆمی تێدا تا بەرهەم بهێنرێت.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بۆ یەكەمجار ئاشكرای كردوە كە كاتی بۆردومانەكانی ئەمریكا بۆسەر ئێران ئاشكرا بوە بۆ بە ناچاری بڕیاری داوە كە پێشوەختە هێرش بكرێتە سەر دامەزراوەی ئەتۆمیی فۆردۆ.
وتیشی: ئەمریكا بەشێوەیەك ئەو دامەزراوەیەی لەناوبردوە كە رەنگە ئێرانییەكان ناچاربن شاخێكی دیكە بدۆزنەوە بۆ ئەوەی دامەزراوەیەكی هاوشێوەی فۆردۆ دروست بكەنەوە.
لە لایەكی دیكەوە پێگەی ئەكسیوس بڵاویكردوەتەوە : ستیڤ ویتكۆف، نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە لێپرسراوانی ئێرانی راگەیاندوە كە پێویستە دانوستانە ئەتۆمییەكان بە بێ نێوەندگیریی لە نێوان واشنتۆن و تاران دەستپێبكاتەوە و دەبێت گفتوگۆكانیش بە خێرایی بگاتە ئەنجام.
بەپێی زانیارییەكانی ئەو پێگەیە ئەمریكا، بەریتانیا، فەرنسا و ئەڵمانیا كۆتایی مانگی ئابیان وەك دوا وادە بۆ دەستپێكردنەوەی دانوستانەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران دیاری كردوە .

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ گەیشتە بەغداد بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەیەکی گرنگ کە ئەمشەو لەگەڵ بەرپرسانی دەسەڵاتی ناوەندی بەڕێوە دەچێت.
بەپێی زانیاری پەیامنێری کوردسات نیوز، بافڵ جەلال تاڵەبانی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عیراق و فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عیراق کۆدەبێتەوە. ئەم کۆبوونەوەیە وەک بەشێک لە هەوڵە بەردەوامەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد دەبینرێت.
چارەسەرکردنی کێشەی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکانە.
سەردانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ بەغداد لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکاندا دێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەری درێژخایەن بۆ ئەم کێشانە.
ئایشەگوڵ دۆغان وتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) لە بارەگای پارتەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا باسی لە رۆڵی هەرێمی کوردستان کرد لە پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا و تایبەت بەڕێوەچوونی مەراسیمی لەناوبردنی چەک لە سلێمانی و بە "رۆژێکی مێژووی" ناوبرد.
دۆغان ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم هەنگاوە پەیامێکی گرنگە نەک تەنها بۆ تورکیا بەڵکو بۆ هەموو جیهان، سوپاس و پێزانینی تایبەتیشی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی بۆ پاڵپشتیکردنی.
وتەبێژی دەمپارتی بە تایبەتی تیشکی خستە سەر رۆڵی هەرێمی کوردستان لە پرۆسەکەدا و سوپاس و پێزانینی خۆی دەربڕی و رایگەیاند کە پاڵپشتی هەرێمی کوردستان رۆڵێکی گرنگی هەیە لە سەرخستنی پرۆسەکەدا.
ئایشەگوڵ دۆغان لە درێژەی قسەکانیدا رایگەیاند: "سوپاسێکی تایبەتمان هەیە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوان لەسەرەتاوە پاڵپشتی پڕۆسەکەیان کرد، میواندارییان کرد و پێداگریی خۆیان لەسەر درێژەدان بە پرۆسەکە نیشان دا.
سەرۆكایەتی كۆماری عیراق لە راگەیەندراوێكدا ئیدانەی هێرشكردنە سەر كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات.
سەرۆكایەتی كۆماری عیراق لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، ئیدانەی هێرشكردنە سەر هەردوو كێڵگەی نەوتی خورمەڵە لە هەولێر و سەرسەنک لە دهۆك دەكەین، دوبارەبوونەوەی ئەو هێرشانە دەبێتە هۆی دروستبوونی هەرەشە بۆ سەر ئاسایش و سەقامیگیری وڵات، هەروەها دەبێتە هۆی لاوازكردنی پایەكانی ئابوری وڵات.
ئەوەشخراوتەڕوو، ئەو هێرشانە بە ئامانجگرتنی بەرژەوەندی گشتی وڵاتە، پێویستە هەمووان كاربكەن بۆ رەخساندنی ژینگەیەكی كاركردنی گونجاو و پاراستنی سەرجەم ژێرخانە ئابورییەكان لە وڵاتدا.
سەرۆكایەتی كۆمار داوا لەسەرجەم لایەنە ئەمنییە پەیوەندیدارەكان دەكات ڕێوشوێنی گونجاو و بەپەلە بگرنەبەر بۆ ئاشكراكردنی بكەرانی ئەو كارە و رێگریكردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە هێرشە تیرۆریستیانەی كە مەترسی لەسەر ئابووری عیراق و ئاسایش و سەلامەتی هاووڵاتیانی دروست دەكەن.
سوپای سوریا و ژمارەیەك گرووپی چەكدار لە سنوری دێرەزوور و حەلەب هێرشیان كردە سەر هێزەكانی سوریای دیموكرات-هەسەدە و شەڕ و پێكدادان لە نێوانیان روویدا.
پەیامنێری كوردسات نیوز لە سوریا رایگەیاند؛ لە ناوچەی دێرحافز لە دێرەزوور و گوندەكانی حەلەب سوپای سوریا و گرووپە چەكدارەكان هێرشیان كردە سەر هەسەدە و ویستیان بچنە ناوچەكانی ژێردەسەڵاتیان.
پەیامنێری كوردسات نیوز وتیشی، شەڕی هەردوو ناوچەكە نزیكەی كاتژمێرێكی خایاند و هەسەدە سوپای سوریا و گرووپە چەكدارەكانی لە هێرشەكەدا تێكشكاند.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، ئێستا شەڕەكە وەستاوە، بەڵام جوڵەی هێز و نائارامی لە ناوچەكان دەبینرێن.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازی لە کریستیان هۆمان باڵیۆزی کۆماری فیدراڵی ئەڵمانیا لە عیراق کرد بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی.
لەمیانەی دیدارەکەدا کە ئەمڕۆ سێشەممە 15ـی 7ـی 2025 لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو، سەرۆک کۆمار هەوڵەکانی باڵیۆز هۆمانی لە پەرەپێدانی پەیوەندیی هاوبەشی نێوان بەغداد و بەرلین و رۆڵی لە پتەوکردنی پەیوەندیی دۆستایەتیی هەردولا بەرزنرخاند و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە کاری داهاتوویدا.
لای خۆیەوە خاتوو هۆمان، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی بۆ پاڵپشتیکردنی لە ماوەی راپەڕاندنی ئەرکەکانیدا، جەختیکردەوە کە ئەو پشتیوانیە بەشداربووە لە هەنگاوی بەرجەستە بەرەو بەهێزکردنی هەماهەنگی نێوان عیراق و ئەڵمانیا.
بە سەرپەشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی کۆدەبێتەوە.
چاوەڕوان دەکرێت هاوینی ئەمساڵ کورتترین رۆژەکان بەخۆیەوە ببینێت، ئەویش بەهۆی خێرابوونی چاوەڕواننەکراوی سوڕانەوەی زەوی بە دەوری خۆیدا. زاناکانیش پێیان وایە، ئەگەر خێرایی هەسارەی زەوی زیاتر بێت، چەندین کارەساتی گەورەی لێدەکەوێتەوە.
رۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاوی کردووەتەوە، بە پشتبەستن بە زانیاریی ناوەندی نێودەوڵەتیی سیستمی خولانەوەی زەوی، رۆژی 22ـی تەمووز زەوی نزیکەی 1.38 میلی چرکە بەراورد بە رۆژانی دیکەی ساڵەکە خێراتر دەسوڕێتەوە و لە رۆژی 5ـی ئابیشدا خێراییەکەی نزیکەی1.51 میلی چرکە زیاد دەکات، بەڵام مرۆڤ هەست بەو گۆڕانکارییە ناکات، چونکە ماوەی چاوتروکاندنێک 100 میلی چرکەیە.
ئاماژە بەوە کراوە، ئەم خێراییە کاریگەریی ئەوتۆی لەسەر ژیان و هەسارەکەمان نییە، بەڵام بەهۆی ئەوەی مانگە دەستکردەکان خولگەی دیاریکراوی خۆیان هەیە و لە بۆشاییدا پشت بە سوڕانەوەی زەوی دەبەستن، لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەم دیاردەیە، پێشبینی دەکرێت سیستمی پەیوەندی و "جی پی ئێس" و تەواوی گەشتە ئاسمانییەکان لە جیهاندا پەکیان بکەوێت.
ژمارەی كوژراوانی گرژییەكانی شاری سوەیدای باشوری سوریا لە بەرزبونەوەدایە و چوار سەربازی سوپای سوریاش لەلایەن گروپە چەكدارەكانەوە كوژران.
میدیاكانی سوریا بڵاویانكردەوە، لە ئەنجامی گرژییەكانی شاری سوەیدا 37 كەس كوژراون و زیاتر لە 100 كەسیش برینداربوون.
بەپێی زانیاری میدیاكانی سوریا، بەیانی ئەمرۆ گروپە چەكدارەكان یەكەیەكی سوپای سوریایان بە ئامانج گرتوە و بە هۆیەوە چوار سەرباز كوژراون و 10 سەربازی دیكەش برینداربوون.
لای خۆشییەوە ئەنەس خەتاب وەزیری ناوخۆی سوریا رایگەیاند، سەرهەڵدانەوەی گرژییەكان بەهۆی كەمتەرخەمی دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەكانەوەیە.
جەختشیكردەوە كۆنترۆڵكردنی دۆخی ئەمنی و چالاككردنی دامەزراوەكانی دەوڵەت، تاكە چارەسەرە بۆ ئەو كێشە ئەمنیانەلە ناوچە جیاوازەكانی سوریا سەرهەڵدەدەن.
کۆبوونەوەی یەکێتی و پارتی لە پیرمام بە سەرپەرشتی بافڵ تاڵەبانی و مەسعود بارزانی دەستی پێ کرد.
کۆبوونەوەکەی یەكێتی و پارتی لەسەر ئاستی باڵایە و بە سەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی بەڕێوەدەچێت.
تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانیان لەبارەی پێکهێنانی کابینەی 10ی حکومەتی هەرێم و دوایین پێشهات و گرفتەکانی ناوچەکەیە.
یەکهەڵوێستی لە بەغداد، گرفتی موچەی موچەخۆران و هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان یەکێکی دیکە دەبن لە تەوەرەکانی گفتوگۆی نێوانیان.
کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان 'ئەپیکور' راگەیەنراوێکی لەبارەی نەوت و هەناردەی نەوتەوە بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، پێویستە بە شێوەیەكی خێرا و روون شایستە داراییەكانمان پێ بدرێت.
کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان 'ئەپیکور' راگەیەنراوێکی لەبارەی نەوت و هەناردەی نەوتەوە بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، جەخت لە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت دەكەنەوە لەڕێی بەندەری جەیهانەوە.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، "دانوستانەكانی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و بەغداد بە مەبەستی هەناردەی نەوت چڕكراونەتەوە و هیچ كات بەشداریی هیچ كۆبوونەكەیەكمان نەكردووە كە پێچەوانەی ئەو گرێبەستانە پێشنیاز كرابێت".
ئاماژە بەوەشکراوە، "ئامادەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتین بە مەرجی پابەندبوون بەو گرێبەستانەی كە هەن، پێویستە رێز لە گرێبەستی هاوبەشیی بەرهەمهێنان بگیرێت".
لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەش خراوەتە روو، "پێویستە بە شێوەیەكی خێرا و روون شایستە داراییەكانمان پێ بدرێت، پێویستە چارەسەری ئەو پارەیە بكرێت كە هێشتا نەدراوەتەوە بە كۆمپانیاكان و شایستە داراییەكانمان بدرێتەوە لەڕێگەی كاشەوە بێت یاخود پشكی نەوتی شایستە وەك خۆی".
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە مانگی ئازاری ساڵی 2023ـەوە هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگای بەندەری جەیهانەوە راگیراوە و لەو کاتەشەوە تاوەکو ئێستا ناکۆکی لەنێوان حکومەتی عیراق و هەرێمدا هەیە لەسەر دەستپێکردەنەوەی هەناردە.
شەوی رابردوو هاووڵاتیانی گوندی سەرنەوسی سەر بە ناحیەی وەرتێ خۆپیشاندانێکیان بۆ داواکردنی چاککردنی کارەبای سنورەکە ئەنجامدا و دواتر گرژی لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و هاووڵاتییەکاندا دروستبوو و بەهۆیەوە هاووڵاتییەک گیانی لەدەستدا و چواری دیکە بریندار بوون.
پەیامنێری کوردسات نیوز باسی لەوەکرد، بەهۆی گرژییەکانەوە کەسێک بە ناوی حەسەن رەحمان گیانی لەدەستداوە کە تەمەنی 42 ساڵە.
بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، ئەو هاووڵاتییە خاوەنی دوو هاوسەر و پێنج منداڵ بووە.
هەر لە خۆپیشاندانەکەدا و بەهۆی گرژییەکانەوە چوار هاووڵاتی فیکەش بەهۆی بەرکەوتنی فیشەکەوە بریندار بوون، کە یەکێکیان دۆخی تەندروستی ناجێگیرە و لەژێر چاودێری چڕی پزیشکیدایە، سیانەکەی دیکەش لە ئێستادا لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن.
گوندی سەرنەوس سەر بە ناحیەی وەرتێیە لە سنوری باڵەکایەتی،بەڵام لەرووی ئیدارییەوە سەر بە رەواندوزە. ماوەی هەفتەیەکە سنوری ناحیەی وەرتێ و قەسرێ رۆژانە لەم وەرزی گەرمایەدا کەمتر لە 10 سەعات کارەبایان هەیە. بەوهۆیەشەوە هاووڵاتیانی سنورەکە نارەزایەتیی دەردەبڕن و خۆپیشاندانەکەی شەوی رابردووش دووەم خۆپیشاندان بوو لەم هەفتەیەدا.
کەسوکاری حەسەن رەحمان بە کوردسات نیوزیان راگەیاند، داواکارن ئەو کەسەی تەقەی کردووە بدرێتە دادگا.
سبەینێ دووشەممە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام کۆدەبنەوە.
هەریەكە لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی كۆدەبنەوە و تەوەری سەرەكی گفتوگۆكان پێكهێنانی حكومەت و پرسی موچە دەبێت.
پەیامنێری كوردسات نیوزی رایگەیاند، سبەینێ مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی لەسەر ئاستی باڵا بە سەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی لە پیرمام كۆدەبنەوە.
وتیشی، ناوەرۆكی كۆبوونەوەكەی سبەینێ یەك هەڵوێستی لە بەغداد، پرسی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و كێشەی موچە و هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان لەخۆدەگرێت.
ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق سبەینێ كۆدەبێتەوە و كارنامەكەی هەشت بڕگە لەخۆی دەگرێت، یەكێكیان هەمواری یاسای ئەنجومەنی نوێنەران و پێكهێنانیەتی.
فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە راگەیەنراوێكدا كارنامەی دانیشتنی سبەینێی ئەنجومەنەكەی بڵاوكردەوە كە هەشت بڕگە لەخۆی دەگرێت.
تەوەری یەكەم دەنگدانە بە سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی راژەی فیدرالی و تەوەری دووەم دەنگدانە بە سەرۆكی ئەنجومەنی دەوڵەت.
لە تەوەری سێیەمدا دەنگ دەدرێت لەسەر هەمواری یەكەمی یاسای گۆڕینی بڕوانامەكان، یەكێكی تر لە تەوەرەكان گفتوگۆكردنە لەبارەی پرۆژەیاسای پارێزگاریكردن و باشكردنی ژینگە.
وەك ئەوەی لە كارنامەكەشدا هاتووە، تەوەری هەشتەم تایبەت دەبێت بە گفتوگۆكردن لەبارەی هەمواری یاسای ئەنجومەنی نوێنەران پێكهێنانی ئەنجومەنەكە.
بەرێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێم رایگەیاند، لە رۆژی چوارشەممەوە گەشتەکان لە رێگای وشکانی و لە رۆژی هەینیشەوە گەشتەئاسمانییەکان بۆ عومرە دەست پێ دەکەنەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێم رایگەیاند، بەپێی رێنماییەکانی وەرزی عومرەی 2025-2026، ئەو کۆمپانیایانەی بە رەسمی مۆڵەتی کارکردنیان هەیە، دەتوانن رۆژی سێشەممە 15ی مانگ گرێبەستەکانیان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئەنجامبدەن و رۆژی چوارشەممە لەرێگای وشکانییەوە دەست بە گەشتەکانی عومرە بکەنەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە رۆژی هەینی 18ی مانگەوە، کۆمپانیاکان دەتوانن گەشتەکانیان لەرێگای ئاسمانییەوە دەست پێ بکەنەوە.
داواش لە کۆمپانیاکانی بەرنامەفرۆشی عومرە دەکات، لە رۆژی سێشەممەدا سەردانیان بکەن بە مەبەستی وەرگرتنی تەندەر و لە هەمان بەرواری گەشتەکاندا ئەوانیش دەست بە گەشتەکانیان بکەنەوە.
داواش دەکات، کۆمپانیاکان سەرجەم پێویستییەکانی گرێبەست لەگەڵ خۆیاندا ببەن بۆئەوەی مامەڵەکانیان بۆ تەواو بکرێت.
بەڕێوەبەرایەتییەکە داواش لە هاووڵاتیان دەکات، داوا لەو کۆمپانیایانە بکەن کە لە رێگەیانەوە گەشتی عومرە دەکەن، مۆڵەتی رەسمی کۆمپانیاکانیان پشان بدەن، ئەگەر مۆڵەتی رەسمیان لە بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرە وەرنەگرتبوو گەشتیان لەگەڵدا ئەنجام نەدەن.
ئەوەش هاتووە، بەڕێوەبەرایەتییەکە مۆڵەتی کارکردن بەشێوەی تابلۆی هەڵواسین دەدات بە کۆمپانیاکان بۆ ئەوەی هەڵی بواسن و لەبەرچاودا بێت.