کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق رایگەیاند، لیژنەکان چاودێری هەرجۆرە سەرپێچییەک دەکەن ئەگەر لەلایەن کاندیدەکانەوە ئەنجامبدرێت و سزای سەرپێچییەکان هەر لە دوورخستنەوە تا بەندکردن دەگرێتەوە.
عیماد جەمیل سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق رایگەیاندووە، لیژنە تایبەتمەندەکان، بۆئەوەی رێگر بن لە ئەنجامدانی سەرپێچی؛ چاودێری سەرجەم کاندیدەکان دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لیژنەکان چاودێری بانگەشەی پێشوەختەی کاندیدەکان و پێشێلکارییەکانی پەیوەست بە شێواندنی بانگەشە دەکەن و هێزە ئەمنییەکان لەو هەڵمەتەدا هاوکاریان دەبن.
دەشڵێت، هەر کاندیدێک سەرپێچی بکات، رووبەڕووی سزا دەکرێتەوە، سزاکانیش خۆیان لە دوورخستنەوە و پێبژاردن، یان دەستبەسەرکردن و بەندکردندا دەبیننەوە. جەختیشیکردەوە لەوەی، سەرجەم ئەو هەڵمەتی چاودێرکردن و سزادانانە لەپێناو بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرددایە.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، رۆژی چوارشەممە 24 ی ئەیلوولی 2025 لە شوێنی حەوانەوەی خۆی لە نیویۆرک پێشوازی کرد لە لونگ کوونگ سەرۆک کۆماری سۆسیالیستی ڤێتنام.
سەرۆک کۆمار، جەختی لەسەر گرنگی پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و فراوانکردنی قەبارەی هاوکاری لە بوارە جیاجیاکان بەتایبەتی کشتوکاڵ کردەوە، لەپێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو گەلی دۆست.
ئاماژەیکرد، بەپەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان عیراق و ڤێتنام و گرنگی وەبەرهێنان تێیدا کرد لەپێناو بەدیهێنانی ئاواتەکانی هەردوو وڵات لەگەشەپێدان و پێشکەوتن .
سەرۆک کۆمار جەختی کردەوە، کە جیهان بارودۆخێکی ئاڵۆز بەخۆوە دەبینێت کە پێویستی بە هەماهەنگی و کاری هاوبەش هەیە بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی.
سەرۆکی ڤێتنام، بانگهێشتنامەیەکی ئاراستەی سەرۆک کۆمار کرد بۆ سەردانی ڤێتنام و لای خۆیەوە سەرۆک کۆمار سوپاسگوزاری خۆی بۆ ئەم بانگهێشتە دۆستانەیە دەربڕی.
لوونگ كوونگ ئاماژەی بەوەدا، وڵاتەکەی چاوی لە پەرەپێدانی پەیوەندی هاوكارییە لەگەڵ عیراقە لە هەموو بوارەکاندا، و پێویستی بە كاری نێودەوڵەتی هەیە بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگ و ململانێەکان و دروستکردنی پەیوەندی هاوكاریی کە خزمەت بە گەلانی جیهان بکات.
لە کۆبوونەوەکەدا. هەریەک لە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی و دکتۆر کامل دولەیمی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی کۆمار و وەفدی ڤێتنامەوە نگوین هونگ دین وەزیری پیشەسازی و بازرگانی و ژمارەیەک بەرپرسی عیراقی و ڤێتنامیی ئامادەبوون.
سەرۆک کۆماری عیراق لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی بی بی سی باس لە رەوشی فەلەستین و هەوڵوێستی عیراق و چەند پرسێکی گرنگی دیکە دەکات.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی بی بی سی ئەنجامدا و رایگەیاند: هەڵوێستی عیراق لەسەر مەسەلەی فەلەستین نەگۆڕە و لێکدانەوە هەڵناگرێت، لەبەرانبەر پشتیوانی تەواو بۆ مافە رەواکانی گەلی فەلەستین کە لە سەرووی هەموویانەوە مافی چارەی خۆنووسین و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆیان هەیە، هەروەها ناتانیاهۆ رۆژانە کردەوەیەک ئەنجام دەدات کە دەگاتە تاوان و هەموو جیهان بەباشی لەوە ئاگادارە.
سەرۆک کۆمار دەشڵێت: بەردەوامی نکۆڵیکردن لە مافی گەلی فەلەستین بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان گڕی ململانێکە بە بێ ئاسۆیەک دەهێڵێتەوە، داننان بە دەوڵەتی فەلەستین بە هیچ شێوەیەک پاداشتێک نییە بۆ حەماس و ئەمەش پۆچوونێکی نادادپەروەرانەیە و خزمەت بە رێگەی ئاشتی ناکات، فەلەستینییەکان هەموویان حەماس نین و سەرهەڵدانی بزووتنەوەکە ئەنجامی راستەوخۆی نەبوونی چارەسەرێکی دادپەروەرانە بوو بۆ کێشەکەیان.
لە چاوپێکەوتنەکەدا سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەشداوە: پەیامەکەمان روون و یەکلاکەرەوەیە، راگرتنی دەستدرێژی بۆ سەر غەززە و گەلی فەلەستین یەکەم و پێویستە بۆ هەر رێگایەکی سیاسی جددی.
سەرۆک کۆمار دەشڵێت: عیراق پابەندبوونی خۆی بە بنیاتنانی هاوبەشی بەهێز و دۆستایەتی پتەو و پەیوەندی ئاسایی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران دووپات دەکاتەوە بە شێوەیەک کە بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەل بپارێزێت و بەشداری لە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە بکات.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، رۆژی چوارشەممە 24 ی ئەیلولی 2025 لە شوێنی مانەوەی خۆی لە نیویۆرک، پێشوازی کرد لە دکتۆر رەشاد محەمەد عەلیمی سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی سەرۆکایەتی یەمەن لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکاندا .
لە کۆبوونەوەکەدا، پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و چۆنیەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو گەلی برا تاوتوێکران و هەروەها گفتوگۆ کرا لەسەر ژمارەیەک بابەتی بەرژەوەندی هاوبەش .
سەرۆک کۆمار، جەختی لەسەر گرنگی بەردەوامی هەماهەنگی و کارکردن بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا کردەوە .
لای خۆیەوە، رەشاد عەلیمی ستایشی پتەوبوونی پەیوەندیی برایانەی نێوان عیراق و یەمەن کرد و خواستی وڵاتەکەی بۆ فراوانکردنی بوارەکانی هاوکاری لەگەڵ عیراق لەبوارە جیاجیاکاندا دەربڕی.
له کۆبوونەوەکەدا، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نەتەویی و ژمارەیەک له لێپرسراوانی هەردوولا ئاماده بوون.
سەرۆکی ئۆکراین و سەرۆکی سوریا لە پەراوێزی کۆبوونەوە گشتیەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان چاویان بە یەکتر کەوت و بەیاننامەیەکی هاوبەشیان ئیمزاکرد بۆ پتەوکردنی پەیوەندیەکانی نێوان هەردوو وڵات.
ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ لەگەڵ سوریا بەیاننامەیەکی هاوبەشیان سەبارەت بە گەڕاندنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان ئیمزاکرد، هەروەها پێشوازیش لەو هەنگاوە گرنگە دەکەن و ئامادەن پشتیوانی لە گەلی سوریا بکەن لەسەر بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیری لەو وڵاتەدا.
ئاماژەی بەوەشکردوە، لە میانەی دانوستانەکانیان لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا، بە وردی باسیان لە کەرتە گرنگەکانکردوە بۆ پەرەپێدانی هاوکارییەکان و ئەو هەڕەشە ئەمنیانەی رووبەڕووی هەردوو وڵات دەبنەوە و شێوازی بەرپەرچدانەوەیان.
زیلینسکی جەختیشیکردوەتەوە، وڵاتەکەی لەسەر بنەمای رێزگرتن و متمانەی یەکتر، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سوریا بنیات دەنێن.
خانمی یەكەمی عیراق دەڵێت، گونجاوترین رێگا بۆ ناساندنی خەبات و شۆڕشی رۆژئاوای كوردستان كەڵك وەرگرتنە لە هونەر و موزیك و فۆلكلۆری كوردی.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەكەمی عیراق لە سلێمانی چاویكەوت بەوەفدێكی گروپی هونەرگەها وڵات بەسەرۆكایەتی مەحمود بەرازی و شێرۆ هندی و دەلیل میرساز و لە دیدارێكدا ئاستی بەرەوپێشچونی بواری هونەری لە رۆژئاوای كوردستان تاوتوێكرا و كار و بەرهەمەكانی گروپەكە بەرزنرخێنرا بۆ گەیاندنی دەنگ و رەنگ و سەركەوتن و ئازارەكانی گەلی كورد بەگەلانی دنیا.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد رایگەیاند، گونجاوترین رێگا بۆ ناساندنی خەبات و شۆڕشی ئازادیخوازی گەلی كورد لە رۆژئاوای كوردستان كەڵك وەرگرتنە لەهونەر و موزیك و فۆلكلۆری كوردی و لەخۆگرتنی ناوەڕۆكی نیشتمانپەروەری و بەرگریكارانەش وایكردووە شۆڕش لەجیهان دەنگ بداتەوە.
هەر لە دیدارەكەدا پێشوازی لە دەستپێشخەرییەكەی گروپی هونەرگەها وڵات كرا بۆ پەرەپێدانی كاری هونەریی تا سلێمانی پارێزگاری لەو پێگەیەی بكات و هەردەم نمونەی كاری هاوبەش و پێشەنگ بێت بۆ كوردان.
هەشت كۆمپانیای نەوت كە ئیمزایان لەسەر هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم كردووە دەڵێن، لەگەڵ حكومەتی عیراق و هەرێم گەیشتوونەتە رێككەوتن.
ئەو هەشت كۆمپانیا نێودەوڵەتییە كە زیاتر لە 90% نەوتی هەرێمی كوردستان بەرهەمدەهێنن، لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەیان بەوەكردووە، چاوەڕوان دەكرێت رێككەوتنی كۆتایی لە رۆژانی داهاتوودا ئیمزا بكرێت، دوای رێككەوتنەكەش، هەناردەی نەوت دەستپێدەكاتەوە و رێگە بۆ رێككەوتنە درێژخایەنەكان خۆشدەكات.
راشیانگەیاندووە، رێككەوتنەكە لەگەڵ یاسای بودجەی عیراق بۆ ساڵانی 2023-2025 دەگونجێت و گەرەنتی پارەدان بە كۆمپانیا نەوتییەكان دەكات.
باسیان لەوەشكردووە، لەگەڵ حكومەتی هەرێم رێككەوتوون لە ماوەی 30 رۆژی دوای دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، لەسەر دانانی میكانیزمێك كۆببنەوە بۆ یەكلاكردنەوەی قەرزە كەڵەكەبووەكانی كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان.
سەرۆك كۆماری عیراق دەڵێت، گەلی عیراق بە پەرۆشە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا و لە ئێستاشەوە ئامادەكاریی كراوە.
لە پەراوێزی خولی 80هەمین كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكاندا، د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق لە چاوپێكەتنێكدا لەگەڵ كەناڵی بی بی سی كۆمەڵێك پرسی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی باسكرد و ستایشی بڕیاری ژمارەیەك لە وڵاتانی ئەوروپای كرد بۆ داننان بە دەوڵەتی فەلەستین و رایگەیاند، عیراق پشتیوانی لە مافەكانی گەلی فەلەستین دەكات.
لەبارەی چارەنووسی هێزەكانی ئەمریكاش لە عیراق وتی، بڕیاری مانەوە یان كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا، بڕیارێكی هاوبەشی نێوان هەردوو حكومەتی ئەمریكا و عیراقە، تا ئێستاش هەندێك لە هێزەكانی ئەمریكا بۆ مەشقپێكردنی هێزە چەكدارەكان ماونەتەوە و ئێستاش تیرۆر لە ناوبراوە و وڵات سەقامگیرە.
سەبارەت بە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عیراقیش سەرۆك كۆمار رایگەیاند، گەلی عیراق بە پەرۆشە بۆ ئەنجامدانی ئەو پرۆسەیە لە وادەی خۆیدا و جەختیشیكردەوە، هەموو ئامادەكارییەك بۆ ئەو مەبەستە كراوە.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم وەزارەتی دارایی راسپارد، 120 ملیار دینار بۆ مانگی تەممووز بخاتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عیراق، پەلەش بكرێت لە یەكلاكردنەوەی دۆسێی داهاتی نانەوتیی بە رێككەوتنێكی هاوبەش.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە و بەپێی راگەیەنراوێكیش بابەتی رێككەوتنی سێ لایەنەی هەردوو حكومەتی عیراق و هەرێم و كۆمپانیاكانی نەوت، تایبەت بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم گفتوگۆی لەسەركراوە و ئێستاش حكومەتی هەرێم چاوەڕوانی ئیمزاكردنی ئەو رێككەوتنەیە بۆئەوەی لە رۆژانی داهاتوودا جێبەجێ بكرێت.
ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایشیی راسپارد بە زوترین كات، 120 ملیار دینار بۆ مانگی تەممووز بخاتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عیراق، پەلەش بكرێت لەسەر یەكلاكردنەوەی دۆسێی داهاتی نانەوتیی بە رێككەوتنێكی هاوبەشی نێوان هەردوولادا.
وتەبێژی حكومەتی هەرێمیش لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، 120 ملیار دینارەكە رەوانەی عیراق دەكەن و بە گەیشتنی پارەی بەغدادیش دەست بە دابەشكردنی موچەی مانگی حەوت دەكەن.
مەسعود پزیشکیانی سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆسەر ئێران خیانەتێکی گەورەی دیپلۆماسی بوو، سەرەڕای گەمارۆکان و شەڕی میدیایی، گەلەکەی یەکگرتوو بوون لە پشتیوانیکردنی سوپای وڵاتەکەیان، دوژمنان شکستیان هێناوە لە چاندنی دووبەرەکی لە نێوان گەلی ئێراندا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، لە میانی پێشکەشکردنی وتارەکەیدا لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نەتەوەیەگرتووەکان رایگەیاند، نابێت بوار بۆ خوێنڕشتن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبێت و جەختی کردەوە لەوەی ناتانیاهۆ تاوانباری جەنگە.
لەبارەی پرسی چەکی ئەتۆمیشەوە، پزیشکیان جەختیکردەوە لەوەی تاران بە دوای چەکی ئەتۆمییەوە نییە و ئەو هەواڵانەی باس لەوەدەکەن تاران بەدوای دروستکردنی چەکی ئەتۆمییەوەیە رەتدەکەنەوە.
پزیشکیان ئاماژەی بەوەشکرد، لە دوو ساڵی رابردوودا شاهیدی جینۆساید بووین لە غەززە، پێشێلکردنی سەروەری لوبنان و کاولکاری لە سوریا، کوشتار لە یەمەن، کە هەمووی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە ئەنجامدراوە.
دەشڵێت؛ هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران ، نوێنەرایەتی خیانەتێکی گەورەی دیپلۆماسی بوو، شایەتحاڵی تیرۆرکردنی زانایانی ئێران و پێشێلکردنی سەروەری دەوڵەتان و بەئامانجکردنی سەرکردەکانیان بوون.
جەختیشیکردەوە لەوەی دوژمنەکانیان شکستیان هێناوە لە چاندنی دووبەرەکی لە نێوان گەلی ئێراندا و سەرەڕای گەمارۆکان و شەڕی میدیایی، گەلەکەیان یەکگرتوو بووە لە پشتیوانیکردنی سوپای وڵاتەکەیان.
تەڵەبات خزمەتگوزاریی بەشداریکردنی "talabat pro" دەخاتە کار لەسەرتاسەری عیراق، بۆ پێشکەشکردنی سوودی تایبەت بە بەشداربووانی.
● داشکاندن تا 50% لەسەر زیاتر لە 500 بەرهەم لە تەڵەبات مارت.
● گەیاندنی خۆڕایی بێسنوور لەسەر داواکارییەکانی خواردن و بەقاڵی.
● پلانی بەشداریکردنی گونجاو و فرەجۆر، مانگانە بە 5,000 دیناری عیراقی یان ساڵانە بە 42,000 دیناری عیراقی.
● دوو هەفتە تاقیکردنەوەی بێ بەرامبەر لەگەڵ دەستپێکی بەشداریکردن.
تەڵەبات، کە پێگەیەکی ئەلیکترۆنی پێشەنگە لە بواری گەیاندن لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەڵدەستێت بە خستنەکاری خزمەتگوزاریی نوێی بەشداریکردنی "talabat pro" لە هەرێمی کوردستان و عیراق. ئەم خزمەتگوزارییە نوێیە چەندین تایبەتمەندی بۆ بەشداربووانی دابین دەکات، وەک گەیاندنی خۆڕایی بێسنوور لە هەڵبژاردەیەک لە رێستۆرانتەکان بۆ هەر داواکارییەک بە بەهای 8,000 دیناری عیراقی یان زیاتر، و هەروەها لەسەر هەر داواکارییەکی بەقاڵی بە بەهای 10,000 دیناری عیراقی یان زیاتر لە مارکێتی (تەڵەبات مارت) یان مارکێتەکانی دیکە. سەربارەی ئەوانەش، ئەندامانی talabat pro چێژ لە داشکاندنی تایبەتی تاکوو 50% وەردەگرن لەسەر زیاتر لە 500 بەرهەم لە تەڵەبات مارت، لەگەڵ چەندین داشکانی دیکەی تایبەت بۆ بەشداربووانی talabat pro. ئەم هەنگاوە بەرفراوانە گوزارشتە لە بەردەوام پابەندبوونی تەڵەبات بە باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی، پێشکەشکردنی سوود و ئۆفەری پڕکێبڕکێ بۆ بەکارهێنەران تاکوو جێژ لە ئەزموونێکی نایابی داواکردن وەربگرن کە پێدوایستییەکانیان پڕ بکاتەوە و لەهەمان کاتدا کڕیاران پارەی زیاتر پاشەکەوت بکەن.
پلانی بەشداریکردنی فرەجۆر بە نرخی گونجاو
لەگەڵ talabat pro بەکارهێنەران سوودمەند دەبن لە رووی بژاردە و پاشەکەوت کردن و گونجاویی لە داواکردندا:
١- نرخی گونجاو: دەتوانیت مانگانە بەشداربیت بە 5,000 د.ع یان زیاتر پاشەکەوت بکەیت لە رێگەی بەشداریکردنی ساڵانە بە 42,000 د.ع (کە مانگانە دەکاتە 3,500 دینار).
٢- تاقیکردنەوەی بێ بەرانبەر: چێژ وەربگرە لە دوو هەفتە ماوەی تاقیکردنەوەی بێ بەرانبەر لە سەرەتادا پێش ئەوەی خۆت پابەند بکەیت.
٣- پاشەکەوتی زیاتر لەگەڵ (پلانی خێزانی): یەک بەشداریکردن لەگەڵ تاکوو سێ کەس لە خێزانەکەت یان هاوڕێکانت بەش بکە تەنها بە 8,500 دیناری عیراقی مانگانە.
٤- ئازادیی تەواو: هار کات ویستت دەتوانیت لە رێگەی ئەپی تەڵەبات بەشداریکردنت لە talabat pro کارابکەیت یان هەڵبوەشێنیت.
دەربارەی خزمەتگوزاریی talabat pro، وتەبێژێکی کۆمپانیای تەڵەبات رایگەیاند: "لە تەڵەبات، ئێمە بەردەوام کار دەکەین بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی کڕیارانمان. خزمەتگوزاریی 'talabat pro' بەشێکە لە ستراتیژی گشتگیری تەڵەبات بۆ دابینکردنی خزمەتی نوێگەرانە کە گونجاو بێت لەگەڵ ژیانی ڕۆژانەی خێرای بەکارهێنەرانمان."
هەروەها دووپاتی کردەوە کە "خزمەتگوزاریی نوێی 'talabat pro' هەنگاوێکە بۆ باشترکردنی ئەزموونی کڕیاران لە رێگەی پێشکەشکردنی کۆمەڵێک هەڵبژاردەی فراوان و سوودی تایبەت کە بەهۆیانەوە بەکارهێنەران دەتوانن بە رێژەیەکی زۆر خەرجییەکان کەم بکەنەوە و هاوکات پێداویستییە ڕۆژانەکانیان بە ئاسانی پڕ بکەنەوە."
تەڵەبات بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ باشترکردنی ئەزموونی کڕیار، بە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکی گەیاندنی کارا کە پارە و کات پاشەکەوت دەکات. کۆمپانیاکە پێداویستیی رۆژانەی کڕیارەکان دابین دەکات لە رێگەی هەماهەنگیی بەرفراوانەوە لەگەڵ زیاتر لە شەش هەزار هاوبەشی جۆراوجۆر لەسەر ئاستی شارەکانی هەولێر، سلێمانی، بەغداد، دهۆک، زاخۆ، بەسڕە و نەجەف. ئەم هەوڵانە جەخت دەکەنەوە لە پابەندبوونی تەڵەبات بە نوێگەریکردن و پێشەنگیی لە کەرتی بازرگانیی ئەلیکترۆنیدا.
تەڵەبات پێگەیەکی ئەلیکترۆنی پێشەنگە لە بواری گەیاندن لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، کە شێوازێکی گونجاو و تایبەتمەند پێشکەش بە کڕیاران دەکات بۆ داواکردنی خواردن و بەقاڵی و پێداویستییەکانی دیکەی رۆژانەی لە هەڵبژاردەیەکی بەرفراوانی رێستۆرانت و فرۆشگە. تەڵەبات ساڵی 2004 لە کوەیت دامەزراوە و دواتر کارەکانی خۆی فراوانتر کردووە بۆ وڵاتانی ئیمارات، عومان، قەتەر، بەحرەین، ئوردن، عیراق و میسڕ، و بە پێی ئەو ئامارانەی کە دەگەڕێنەوە بۆ مانگی کانوونی دووەمی 2024، تەڵەبات زیاتر لە شەش ملیۆن و نیو بەکارهێنەری چالاکی هەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
تەڵەبات سەر بە گروپی کۆمپانیاکانی دیلیڤەری هیرۆ (Delivery Hero SE) ـی نێودەوڵەتییە، هەر بۆیە پشت بە شارەزایی جیهانی دەبەستێت بۆ بەهێزکردنی پێگەکەی لە بازاڕ و هاندانی نوێگەری لە کەرتی گەیاندندا. تەڵەبات تیشک دەخاتە سەر فراوانکردنی بەرهەمەکانی و زیادکردنی چوونە ناو بازاڕ لە سەرجەم ناوچەکانی کارکردنیدا. لە رێگەی تۆڕێکی بەهێز کە زیاتر لە هەزاران هاوبەش و شۆفێرانی گەیاندن لەخۆی دەگرێت، تەڵەبات بەردەوامە لە پتەوکردنی پێشەنگیی خۆی لە بواری داواکردن و گەیاندن لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، و کۆکردنەوەی هەریەک لە کڕیاران، هاوبەشان و شۆفێرانی گەیاندن لە یەک پێگەی تەکنۆلۆژیی پێشکەوتوودا.
سەرکردەیەکی حەماس بە میدیا عەرەبییەکانی ڕاگەیاندوە، دانپێدانانی دەوڵەتی فەلەستین لەلایەن هەندێک وڵاتەوە "هەنگاوێکە بە ئاراستەیەکی دروستدا" و ئەوەش دەرئەنجامی بەرخۆدانی فەڵەستینەکانە، بەتایبەتی دوای ئۆپەراسیۆنی گەردەلولی ئەقسا.
ئوسامە حەمدان، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "الميادين"، ڕایگەیاندوە گەرچی دانپێدانان بە دەوڵەتی فەلەستیندا بەس نییە، بەڵام هەنگاوێكی باش و دروستە، ئەوەش دەرئەنجامی بەرخۆدانی فەڵەستینییەکانە.
حەمدان جەختیکردوەتەوە، ئۆپەراسیۆنی گەردەلولی ئەقسا، کە لە حەوتی ئۆکتۆبەردا لەلایەن حەماسەوە دژی ئیسرائیل ئەنجامدرا، یەکێکە لە هۆکارەکانی داننان بەدەوڵەتی فەڵەستیندا.
ناوبراو وتوشیەتی؛ ناساندی فەڵەستین وەک دەوڵەت بەس نییە، ئێستاش رێوشوێنی پراکتیکی پێویستە بۆ وەستاندنی شەڕ و کۆتایی هێنان بە کوشتن و گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ خەڵکی کەرتی غەززە.
سەرکردەکەی حەماس داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردوە، ئەم پێشهاتە دیپلۆماسیانە بکاتە گوشاری ڕاستەقینە بۆ سەر ئیسرائیل، لەوانە سەپاندنی سزا بەسەر ئەو وڵاتەدا.
ئەم وتانەی ئەوە سەرکردەیە لە کاتێکدایە، ژمارەیەک وڵات لەوانە؛ فەڕەنسا، بەریتانیا، ئوستڕاڵیا، کەنەدا و پرتوگال لە چەند رۆژی رابردوودا بە ڕەسمی دانیان بە دەوڵەتی فەلەستیندا نا و ئیسرائیل و ئەمەریکاش دژی ئەو دانپێدانانە بون.
ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێسی ئەمەریکی بڵاویکردوەتەوە، ئێران دووبارە دەستیکردوەتەوە بە بنیاتنانەوەی ئەو شوێنانەی کە تێیدا مووشەکی بەرهەم دەهێنا و لەلایەن ئیسرائیلەوە کرابونە ئامانج لە شەڕی 12 رۆژەی نێوانیان.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس چەند وێنەیەکی بڵاوکردوەتەوە لە ڕێگەی مانگی دەستکردوە؛ کە ئەوە نیشان دەدەن، بە خێرایی و فراوانی کار لەو شوێن موشەکانەدا دەکرێت کە کراونەتە ئامانج، ئەمەش ئاماژەیە بۆ هەوڵەکانی تاران بۆ نۆژەنکردنەوەی توانا مەیدانییەکان.
گەرچی ئێران تا ئێستا زیانەکانی ئاشکرا نەکردوە، بەڵام شارەزایان دەڵێن؛ پێدەچێت زیانەکان زۆربن،زیانی زۆر بەر ئەو ئەو دەزگایانە کەوتون کە بەرهەمهێنەری سووتەمەنی ڕەق بون بۆ موشەکەکان.
دووبارە بنیاتنانەوەی ئەو بەرنامە مووشەکییانەی زیانیان بەرکەوتوە بۆ ئێران زۆر گرنگە، کە هەموو پێشبینییەکان بەو شێوەیەن خولێکی دیکەی شەڕی لەگەڵ ئیسرائیل و ئێران لە ئارادایە.
چەکی مووشەک یەکێکە لە بەرنامە سەربازییەکانی ئێران و لە شەڕی 12 رۆژەی ئیسرائیلدا، سیستەمی بەرگری ئێران زیانی زۆری بەرکەوت.
بەرنامەی موشەکییەکانی ئێڕان یەکێکە لەو پرسانەی جێی ناکۆکی ئەو وڵاتە و ڕۆژئاوایە و بەردەوام تاران پێداگری دەکات کە هەرگیزسازشیان لەسەر ناکات.
نەتەوە یەکگرتووەکان هۆکاری وەستانی لەناکاوی ئەو پلیکانە کارەباییەی ئاشکرا کرد کە دۆناڵد ترەمپ و میلانیا-ی هاوسەری لە کاتی چوونە ژوورەوەیان بۆ بارەگای کۆمەڵەی گشتی ویستیان بەکاری بهێنن و کاری نەکرد.
دوای لێکۆڵینەوەیەک کە یەک رۆژی خایاند، ستیفان دوجاریک، وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە یاداشتێکدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند، لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە وێنەگرێکی کۆشکی سپی بەرپرس بووە لەو روداوە.
دوجاریک رونیکردەوە: "پلیکانە کارەباییەکە وەستاوە دوای ئەوەی تایبەتمەندی سەلامەتیی پلیکانەکان کارا بووە، کە بۆ رێگریکردن لەوە دیزاین کراوە کەس یان شتومەک نەکێشێتە ناوەوە، یان لەنێوان پلیکانەکاندا گیری بکات." وتیشی: "پێدەچێت وێنەگرەکە بەبێ مەبەست ئەو تایبەتمەندییەی کارا کردبێت."
وەستانی قادرمەکە تاکە کێشە نەبوو کە لە کۆبوونەوەکانی خولی 80ی کۆمەڵەی گشتی روبەروی ترەمپ بووەوە، بەڵکو لە کاتی پێشکەشکردنی وتارەکەشیدا ئامێری خوێندنەوەی ئۆتۆماتیکی (Teleprompter) لەکارکەوت.
ترەمپ لە وتارەکەیدا بە گاڵتەوە وتی: "دوو شت کە نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکەشی کردوون، پلیکانەیەکی کارەبایی خراپ و ئامێرێکی خوێندنەوەی لەکارکەوتوو بوون." دواتر لەسەر پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" نووسی، "رەنگە ئەم دوو روداوە وتارەکەیان سەرنجڕاکێشتر کردبێت."
لە بەرامبەردا، کارۆلین لێڤت، وتەبێژی کۆشکی سپی، داوای کرد ئەو کەسەی هۆکاری وەستانی پلیکانە کارەباییەکە بووە لە کارەکەی دووربخرێتەوە.
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێگەی زیادکردنێکی ئاشکراوە، هەڵدەستێت بە فرۆشتنی نزیکەی هەزار و 321 تەن "کتێبی کۆنەی سوود لێ وەرنەگیراو".
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی پەروەردە، پرۆسەی زیادکردنی ئاشکرا بۆ فرۆشتنی ئەو کتێبانە بۆ جاری دووەمە و بەپێی یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 2021تایبەت بە فرۆشتن و بەکرێدانی موڵک و ماڵی دەوڵەت بەڕێوەدەچێت.
وردەکارییەکانی زیادکردنەکە:
بڕی کتێب: نزیکەی (1321) تەن، کە بڕەکەی ئەگەری کەم و زیادبوونی هەیە.
شوێنی کتێبەکان: کۆگاکانی ناوەندی وەزارەت، پەروەردەی پارێزگاکان، ئیدارە سەربەخۆکان و پەروەردەی قەزاکان.
مەرجەکانی بەشداریکردن و کڕین:
ئەرکی هەڵگرتن و بارکردنی کتێبەکان لە ئەستۆی کڕیاردایە.
پێویستە کڕیار لە ماوەی 45 رۆژدا کتێبەکان لە سەرجەم کۆگاکان هەڵبگرێت، بەپێچەوانەوە بۆ هەر رۆژێکی دواکەوتن سزای بەسەردا دەسەپێنرێت.
پێویستە بەشداربوو لە رۆژی زیادکردنەکەدا چەکێکی بانکی بە بڕی (69،000،000) شەست و نۆ ملیۆن دینار وەک بارمتە پێشکەش بکات.
کرێی بڵاوکردنەوەی راگەیاندنەکە دەکەوێتە ئەستۆی ئەو کەسەی زیادکردنەکەی بۆ دەردەچێت.
زیادکردنە ئاشکراکە ڕۆژی چوارشەممە، رێکەوتی 2ی تشرینی یەکەمی 2025، کاتژمێر 11:00ی بەیانی لە بینای بەڕێوەبەرایەتی چالاکی قوتابخانەکان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر ئەنجام دەدرێت.
هاوڵاتیان دەتوانن بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر پەیوەندی بە ژمارە تەلەفۆنی (07518077232) یان (07504448183)ـەوە بکەن.