ئیسرائیل: ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی و فەرماندەی باسیجی کرانە ئامانج
محەمەد رزگار
١٧ی ئازاری ٢٠٢٦
لە چوارچێوەی هێرشە ئاسمانییە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، سەرچاوە ئیسرائیلییەکان ئاشکرایانکرد، شەوی رابردوو سوپای ئەو وڵاتە "عەلی لاریجانی" ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانی کردووەتە ئامانج.
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، سوپا لە ئێستادا خەریکی لێکۆڵینەوە و پشتڕاستکردنەوەی چارەنووسی لاریجانییە کە ئایا لەو هێرشەدا کوژراوە یان نا. لێپرسراوێکی ئیسرائیلیش دوپاتیکردەوە، لاریجانی یەکێک بووە لە ئامانجە سەرەکییەکانی هێرشەکەی شەوی رابردوو.
هاوکات، کەناڵی 15ـی ئیسرائیلی ئاشکرایکرد، هەر لە هێرشەکانی دوێنێدا "غوڵامڕەزا سلێمانی" فەرماندەی هێزەکانی باسیجی ئێران کراوەتە ئامانج .
هاوکات سوپای ئیسرائیل کوژرانی فەرماندەی بەسیجی پشت راستکردەوە و رایگەیاند، لەهێرشەکانی شەوی رابردوودا لەناو جەرگەی تاران کوژراوە.
تا ئێستا لایەنی ئێرانی هیچ زانیارییەکی رەسمی یان پشتڕاستکردنەوەیەکی سەبارەت بە چارەنووسی ئەو دوو لێپرسراوە باڵایە بڵاو نەکردووەتەوە، ئەم پەرەسەندنە نوێیانە دوای ئەوە دێن کە ئیسرائیل چەندین جار هەڕەشەی تیرۆرکردنی سەرکردە باڵا و بەرپرسە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی کردبوو.


