کوردسات نیوز ناوەڕۆکی رێککەوتنە سێ قۆڵییەکەی نێوان هەرێم و بەغدا و کۆمپانیا نەوتییەکان (ئەپیکۆر) ئاشکرا دەکات: چارەسەری پرسی نەوت و موچە تا کۆتایی بودجەی داهاتو.
دەزگای میدیایی کوردسات ناوەڕۆکی رێککەوتنێکی سێ قۆڵیی گرنگ ئاشکرا دەکات کە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی فیدراڵی عیراق و کۆمپانیا نەوتییەکان (کە ئەپیکۆر یەکێکە لەوان) ئەنجامدراوە. ئەم رێککەوتنە لەسەر چەند خاڵێکی سەرەکی تایبەت بە هەناردەکردنی نەوت و دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم رێککەوتووە.
خاڵە سەرەکییەکانی رێککەوتنەکە:
ماوەی رێککەوتن: ئەم رێککەوتنە تا کۆتایی بودجەی داهاتوو کاری پێدەکرێت. بەپێی ئەو لێکگەیشتنەی پێشتر لەنێوان سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و سەرۆک وەزیرانی عیراقدا هەبووە، ئەگەر بودجەی داهاتوو لە ساڵی 2026 یان 2027 پەسەند کرا، رێککەوتنەکە تا کاتی جێبەجێکردنی ئەو بودجەیە کاری پێدەکرێت.
سەرپەرشتیی پرۆسەکە: کۆمپانیای سۆمۆ (SOMO) سەرپەرشتی گشتیی پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت دەکات. هاوکات، کۆمپانیای نەوتی باکوور سەرپەرشتی وەرگرتنی نەوتەکە دەکات لە وێستگەی KMS لە فیشخاپوور. تیمێکی 12ئەندامیی کۆمپانیای نەوتی باکوور، کە لە بەشەکانی "هێڵەکان" و "پێوانەکردن" پێکدێن، لە ئێستادا لە فیشخاپوورن و لە چاوەڕوانی دەستپێکردنەوە و وەرگرتنی نەوتەکەدان.
ژووری ئۆپەراسیۆن و پێوانەکردن: ئەو دوو بەشەی کۆمپانیای نەوتی باکوور ژوورێکی ئۆپەراسیۆن پێکدەهێنن. ئەرکیان دەبێت رۆژانە و مانگانە بڕی وەرگیراوی نەوتی هەرێم و رادەستکردنی بە سۆمۆ بپێون و تۆماری بکەن.
ئاستی بەرهەمهێنان و رادەستکردنی نەوت: لە ئێستادا، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم 284هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا. لەم بڕە، 50 هەزار بەرمیل بۆ پێداویستی ناوخۆیی هەرێم گلدەدرێتەوە. بڕی ماوەی نەوتەکەش رادەستی سۆمۆ و کۆمپانیا نەوتییەکان دەکرێت.
کرێی کۆمپانیا نەوتییەکان: کرێی کۆمپانیا نەوتییەکان لەو رۆژەوە دیاری دەکرێت کە هەناردەکردنی نەوت دەستپێدەکاتەوە. بڕیارە لەبری 16 دۆلار بە کاش، بڕێکی دیاریکراو لە نەوت وەربگرن بۆ هەر بەرمیلێک نەوت.
پابەندبوونی بەغدا بە موچە: بە جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، پێویستە حکومەتی عیراق پابەند بێت بە تەمویلکردنی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان و خەرجکردنی موچەی مانگانەی فەرمانبەرانی کوردستان.
ئەم رێککەوتنە وەک هەنگاوێکی گرنگ سەیر دەکرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەتایبەتی لە دۆسییەکانی نەوت و مووچەدا، کە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆیان لەسەر ژیانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان هەیە.
کەمخەویی ماوەدرێژ، تەنها کاریگەریی نەرێنی لەسەر پڕۆگرامی خەوتن دروست ناکات، بەڵکو توێژینەوەیەکی زانستیی نوێ ئاشکرای دەکات کە دەتوانێت پیربوونی مێشکیش خێراتر بکات. ئەم دۆزینەوەیە جەخت لەسەر گرنگیی خەوێکی تەندروست دەکاتەوە بۆ پاراستنی تەندروستی مێشک بە درێژایی تەمەن.
لێکۆڵینەوە زانسییەکە کە لە گۆڤاری زانستیی "Neurology" بڵاوکراوەتەوە، ئاشکرای دەکات ئەو کەسانەی تووشی کەمخەویی ماوەدرێژ دەبن – یان لانیکەم سێ شەو لە هەفتەیەکدا بۆ ماوەی سێ مانگ یان زیاتر گرفتی خەوتنیان بۆ دروست دەبێت – بە ڕێژەی 40% زیاتر لەو کەسانەی خەوێکی ئاساییان هەیە، ئەگەری تووشبوونیان بە خەمۆکی و لاوازبوونی هزری هەیە؛ بە گوتەی توێژەران، ئەمە یەکسانە بە 3.5 ساڵ زیادبوونی پیریی مێشک.
دکتۆر دیێگۆ ز. کارڤالیۆ، یەکێک لە نووسەرانی لێکۆڵینەوەکە و پسپۆڕی دەمار و مێشک لە ناوەندی تەندروستیی مایۆکلینیکی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا رایگەیاند: "ئەم دۆزینەوانە دەبنە بەشێکی دیکە لەو کۆمەڵە بەڵگەیەی کە نیشانی دەدەن خەو تەنها بۆ پشوودان نییە؛ بەڵکو میکانیزمێکی گرنگی بەهێزکردنی کۆئەندامی بەرگری و پاراستنی تەندروستیی مێشکە."
تیمەکەی کارڤالیۆ زیاتر لە 2750 کەسایەتی گەورەی ئەمریکی، کە لە روی دەروونییەوە تەندروست بوون، بۆ ماوەی نزیکەی شەش ساڵ لێکۆڵینەوەیان لەسەر کرد. 16%ی بەشداربووان تووشی کەمخەوی بوون. ئەوان بە بەردەوامی تاقیکردنەوەی یادەوەری و بیرکردنەوەیان بۆ ئەنجامدرا و هەندێکیشیان پشکنینی تیشکیی مێشکیان بۆ کراوە.
بە گشتی، 14%ی ئەو کەسانەی تووشی کەمخەوی بوون، دواتر تووشی خەمۆکی یان لاوازبوونی هزری بوون، لە کاتێکدا ئەم ژمارەیە لەو کەسانەدا کە کەمخەوییان نەبووە، 10% بووە. هەروەها، ئەو کەسانەی کەمخەوی درێژخایەنیان هەبووە، بە درێژایی ئەو ساڵانە، لەروی توانای بیرکردنەوەوە لاوازییەکی زۆریان بە خۆیانەوە بینیوە.
کارڤالیۆ گوتیشی: "ئێمە دابەزینێکی خێراترمان لە تواناکانی بیرکردنەوە و گۆڕانکاری لە مێشکدا بەدی کرد، کە نیشان دەدات کەمخەوی ماوەدرێژ دەتوانێت هۆشدارییەکی پێشوەختە بێت، یان تەنانەت هۆکارێکی بەشداربێت لە کێشەکانی ناسینی داهاتوودا." ئەم ئەنجامانە تەنانەت دوای لەبەرچاوگرتنی هۆکارەکانی وەک تەمەن، بەرزی فشاری خوێن، خەوی پچڕپچڕ و بەکارهێنانی دەرمانی خەویش، جێگیر مانەوە.
هەرچەندە لێکۆڵینەوەکە سەلمێنەری ئەوە نییە کە کەمخەوی راستەوخۆ دەبێتە هۆی کێشەی مێشک، بەڵام تەنها نیشانی داوە کە پەیوەندییەک لەنێوان کەمخەوی و تەندروستی مێشکدا هەیە. پێویستە توێژینەوەی زیاتر ئەنجام بدرێت بۆ دیاریکردنی هۆکاری وردی ئەم پەیوەندییە.
هاوکات توێژینەوەکە نیشانی دا کە کەمخەویی ماوەدرێژ رەنگە کاریگەریی زیاتر لەسەر تەندروستی مێشکی هەندێک کەس هەبێت وەک لەوانی دیکە. بەشداربووان کە دەیانگوت کەمتر لە ئاستی ئاسایی دەخەون، خاڵی سپی زیاتر لە پشکنینی مێشکیاندا دەرکەوتبوو، کە نیشانەی زیان گەیشتنە بە مێشکیان، هەروەها ماددەی ئەمیلۆیدیش زیاتر بینرابوو؛ پڕۆتینگەلێکن کە لە مێشکدا کۆدەبنەوە و پەیوەندییان بە سەرهەڵدانی نەخۆشیی ئەلزەهایمەرەوە هەیە. ئاستی ماددەی ئەمیلۆیدی ئەوان هاوشێوەی ئەو کەسانە بوو کە جینی APOE4ـیان هەیە؛ جینێکە مەترسیی ئەلزەهایمەر زیاد دەکات. هەروەها لەنێوان خۆبەخشەکاندا کە ئەم جینەیان هەبوو، دابەزینێکی زیاتر لە یادەوەری و تواناکانی بیرکردنەوەدا بەدی کرا.
کارڤالیۆ گوتی: "ئەنجامەکانمان نیشان دەدەن کە کەمخەوی رەنگە بە شێوازی جیاواز کاریگەری لەسەر مێشک هەبێت، نەک تەنها لە رێگەی ئەمیلۆیدەوە، بەڵکو لە رێگەی دەمارە خانە بچووکەکانی مێشکیشەوە."
ئەم دۆزینەوانە نوێترین بەڵگەن لەسەر پەیوەندیی نێوان خەو و تەندروستی مێشک. کەمخەوی ماوەدرێژ مەترسییەکانی بەرزی فشاری خوێن، نەخۆشیی دڵ، شەکرە، خەمۆکی و قەڵەوییش زیاد دەکات.
بەگوێرەی دوایین بڵاوکراوەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، نزیکەی 57 ملیۆن کەس لە جیهاندا تووشبووی خەمۆکین و کەمخەویش نزیکەی 16.2%ی دانیشتووانی ئەو وڵاتانەی تووش کردووە کە داتای باوەڕپێکراویان هەیە.
لە کۆتاییدا کارڤالیۆ وتی: "ئەم لێکۆڵینەوەیە گرنگیی چارەسەرکردنی کەمخەوی ماوەدرێژ دووپات دەکاتەوە، نەک تەنها بۆ باشترکردنی کوالیتی خەو، بەڵکو رەنگە بۆ پاراستنی تەندروستی مێشکیش لە پیریدا."
لە کۆنفرانسی چارەسەری دوو دەوڵەت لە نەتەوە یەکگرتووەکان ماکرۆن رایگەیاند فەڕەنسا دانی بە دەوڵەتی فەلەستیندا نا و داوای کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە دەکات
، کارەکانی کۆنفرانسی چارەسەری دوو دەوڵەت، بە سەرۆکایەتیی هاوبەشی شانشینی عەرەبستانی سعودیە و فەڕەنسا، لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک دەستیپێکرد. لە چوارچێوەی کۆنفرانسەکەدا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا، چەندین لێدوانی خستەڕوو، لەوانە راگەیاندنی رەسمی ناساندنی دەوڵەتی فەلەستین لەلایەن وڵاتەکەیەوە
ماکرۆن: کاتی وەستاندنی جەنگی غەززەیە و بەرپرسیارێتیی هاوبەشمان هەیە:
ماکرۆن لە وتارەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە "کاتی وەستاندنی جەنگی غەززەیە" و وتی: "ئێمە بەرپرسیارێتییەکی گشتیمان هەیە لە شکستهێنان لە بنیاتنانی ئاشتییەکی هەمیشەیی و دادپەروەرانە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا." ماکرۆن هێرشەکانی 7ی تشرینی یەکەمی شەرمەزار کرد و رایگەیاند: "هیچ شتێک پاساو نییە بۆ تیرۆر" و "جێگای لاوازی نییە لە بەردەم تیرۆریستاندا."
جەخت لەسەر چارەسەری دوو دەوڵەت و ناسینەوەی فەلەستین:
سەرۆکی فەڕەنسا دووپاتی کردەوە کە "پێویستە بەڵێنی رەسەن کە بەدیهێنانی دوو دەوڵەتە، جێبەجێ بکرێت."
لەم خاڵە گرنگەدا، ماکرۆن رایگەیاند: "رایدەگەیەنم کە فەڕەنسا لە ئەمڕۆوە دانی بە دەوڵەتی فەلەستیندا نا." ناوبراو ناساندنی دەوڵەتی فەلەستینی بە "تاکە چارەسەر بۆ ئاشتی" ناوبرد. ماکرۆن وتیشی کە "ناساندنی دەوڵەتی فەلەستین شکستێکە بۆ حەماس" و جەختی لەوە کردەوە کە "حەماس لە روی سەربازییەوە شکستی هێناوە."
پلانی پاش جەنگ و پشتیوانیی نێودەوڵەتی:
سەرۆکی فەڕەنسا ئاماژەی بەوەدا کە وڵاتەکەی "هێزەکانی ئاسایش لە غەززە رادەهێنێت و حەماس چەک دەکات بە پشتیوانیی هاوبەشەکان." هەروەها رایگەیاند: "فەڕەنسا ئامادەیە پشتیوانی لە ئەرکێکی نێودەوڵەتی بۆ سەقامگیری لە غەززەدا بکات." ماکرۆن دووپاتی کردەوە کە "فەڕەنسا بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی پابەندبوونەکانی دەسەڵاتی فەلەستین دەکات" و "سەفارەتێکی فەڕەنسی لە دەوڵەتی فەلەستین دادەمەزرێنین بە خێرایی دوای ئازادکردنی بارمتەکان."
ماکرۆن جەختی لەوە کردەوە کە "هاوکارییەکانمان لەگەڵ ئیسرائیل بەوەوە دەبەستینەوە کە چی دەکات بۆ بەدیهێنانی ئاشتی." لە کۆتایی وتارەکەیدا، سەرۆکی فەڕەنسا وتی: "کاتی بەدیهێنانی دادپەروەرییە بۆ گەلی فەلەستین" و "کاتی ئاشتییە."
کۆشکی سپی: ترەمپ ناساندنی دەوڵەتی فەلەستین بە "پاداشتێک بۆ حەماس" دەزانێت و دەڵێت "هیچ شتێک لەبارەی کۆتاییهێنانی ململانێکەوە بەدی ناهێنێت"
کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی، ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پێی وایە ناساندنی دەوڵەتی فەلەستین هیچ بەشدارییەک لە ئازادکردنی بارمتەکان لە غەززەدا ناکات، کە ئەمە بە سەرەکیترین ئامانج دادەنرێت لە ئێستادا. هەروەها دەڵێت، ئەمە "هیچ شتێک لەبارەی کۆتاییهێنانی ململانێکەوە بەدی ناهێنێت."
لیڤیت ئاماژەی بەوەدا کە ترامپ "دژی ددان نانە بە دەوڵەتی فەلەستیندا،" و وتی کە ترەمپ ئەم هەڵوێستەی لە کاتی سەردانەکەی دوایی بۆ شانشینی یەکگرتوو، لە کاتی وەستان لەپاڵ کیر ستارمر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، دەربڕیوە.
بەپێی وتەکانی لیڤیت، ترەمپ پێی وایە ئەم ناساندنە "پاداشتێکن بۆ حەماس،" جەختی لەوەش کردەوە کە ئەمانە "تەنها قسەن زیاتر لەوەی کردار بن، لەلایەن هەندێک لە دۆست و هاوپەیمانەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە."
وتەبێژەکە ئاماژەی بەوەشدا کە سەرۆکی ئەمریکا سبەی سێشەممە لەبەردەم کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لەبارەی ئەم بڕیارەوە دەدوێت کە چەندین وڵات، لەوانەش فەڕەنسا، گرتوویانەتەبەر، و دەڵێت ئەمە تەنها "وشەیە نەک کرداری بەرجەستە."
رۆژی یەکشەممە، هەریەک لە بەریتانیا و کەنەدا و ئوسترالیا و پورتوگال دانیان بە دەوڵەتێکی فەلەستینیدا نا، ئەمەش هەنگاوێک بوو کە ئامانجی بەهێزکردنی چارەسەری دوو دەوڵەت بوو، و کاردانەوە و توڕەیی ئیسرائیلی لێکەوتەوە.
بەپێی ئامارەکانی ئاژانسی "فرانس پرێس"، بەمەش ژمارەی ئەو وڵاتانەی کە دانیان بە دەوڵەتی فەلەستیندا ناوە، گەیشتە 145 وڵات لە کۆی193 وڵاتی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان.
ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا، ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، مۆسکۆ بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە پابەند دەبێت بە پەیماننامەی کەمکردنەوەی چەکی ئەتۆمی کە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئیمزای کردووە، ئەمەش دوای کۆتاییهاتنی وادەکەی لە شوباتی داهاتوودا. بەڵام ئەم پابەندبوونە بە مەرجێک دەبێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەمان هەنگاو بنێت
پەیماننامەی "نیو ستارت" دواین رێککەوتنی ماوەییە لەبارەی چەکەوە لە نێوان روسیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا.
پوتن رایگەیاند: "روسیا، دوای 5\2\2026 ئامادەیە بەردەوام بێت لە پابەندبوون بە سنووردارکردنە چەندێتییە سەرەکییەکانی کە لە پەیماننامەی ستارتدا هاتوون."
ناوبراو لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشی روسیادا وتیشی کە ئامادەیە پەیماننامەکە بۆ ماوەی ساڵێک درێژ بکاتەوە "بۆ پشتگیریکردنی هەوڵەکانی پەرەپێنەدانی چەکی ئەتۆمی لەسەر ئاستی جیهان و بۆ بەشداریکردن لە هاندانی گفتوگۆ لەگەڵ واشنتۆن سەبارەت بە رێککەوتنێکی جێگرەوە کە شوێنی پەیماننامەی ئێستا بگرێتەوە،" بەڵام تەنها "ئەگەر ترەمپ ئامادە بێت هەمان کار بکات."
پوتین لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "دوای ئەوە، و لەسەر بنەمای شیکردنەوەی دۆخەکە، بڕیار لەبارەی پاراستنی بەردەوامی ئەم سنووردارکردنە خۆبەخشییانە دەدەین."
پەیماننامەکە، کە دواین رێککەوتنی دوو لایەنەیە لە نێوان مۆسکۆ و واشنتۆندا، رێگە بە هەر لایەنێک دەدات کە 1550 کڵاوە ئەتۆمیی هێرشکاری ستراتیژی بڵاوبکاتەوە، و میکانیزمێکی بۆ پشتڕاستکردنەوە دیاری کردووە، هەرچەندە ماوەی دوو ساڵە مۆسکۆ بەشداریی خۆی لەم میکانیزمەدا هەڵپەساردووە.
شایەنی باسە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی 2019دا لە پەیماننامەی چەکی ئەتۆمیی مەودا مامناوەند کشایەوە، کە لە ساڵی 1987 لەگەڵ روسیا واژۆ کرابوو.
دکتۆر لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ دووشەممە، بەشداری لە ئاهەنگی 80هەمین ساڵیادی دامەزراندنی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کرد.
بەشداریکردنی سەرۆک کۆمار لەم مەراسیمەدا، گوزارشتە لە ستایشی عیراق بۆ هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پێناو پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی، و رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و پرەنسیپەکانی ئازادی.
لە رێوڕەسمەکەدا، ژمارەیەک بەرپرسی باڵای عیراقی و هەرێمی کوردستان ئامادە بوون، لەوانە: قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە؛ قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی؛ دکتۆر عەلی شوکری، سەرۆکی دەستەی راوێژکاران و شارەزایانی سەرۆکایەتی کۆمار؛ و دکتۆر خالید یەعقوبی، راوێژکاری سەرۆک وەزیران.
ئەحمەد شەرع "لە گۆڕەپانی جەنگەوە بۆ گۆڕەپانی گفتوگۆ رۆیشتووین؛ داوا لە هەسەدە دەکەم سوود لەم ساتە مێژووییە وەربگرێت"
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا، لە پانێڵێکدا لە ئەمریکا سەبارەت بە دۆخی ئێستای سوریا و پەیوەندییەکانی لەگەڵ لایەنە ناوخۆیی و دەرەکییەکاندا لێدوانیدا.
ئەحمەد شەرع جەختی لەسەر گۆڕانکاری لە سیاسەتی وڵاتەکەی کردەوە و پەیامێکی ئاراستەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کرد.
لە گۆڕەپانی جەنگەوە بۆ گۆڕەپانی گفتوگۆ و ئاڵۆزییەکانی سوریا:
ئەحمەد شەرع رایگەیاند: "لە گۆڕەپانی جەنگەوە بۆ گۆڕەپانی گفتوگۆ رۆیشتووین." ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە "سوریا زۆرێک لە ئاڵۆزی و نائارامییەکانی بە میرات بۆ ماوەتەوە" و "پەیوەندییەکی پڕ لە گرژییان لەگەڵ ئەمریکا و جیهان وەک میرات بۆ ماوەتەوە." سەرەڕای ئەمەش، ئەحمەد شەرع پێی وایە "بەرژەوەندیی هاوبەش لەنێوان سوریا و ئەمریکادا هەیە" و جەختی لەوە کردەوە کە "هەندێک لایەن حساباتەکانیان لەسەر خاکی سوریا یەکلا دەکەنەوە."
شەرع دووپاتی کردەوە کە "گەل لە پشت سەرکردایەتیی سوریاوەن و یەکگرتوون" و "کار دەکەین بۆ ئەوەی لە یەک ئاستدا بین لەگەڵ هەموو سورییەکاندا." هەروەها بە توندی جەختی لەسەر لێپرسینەوە کردەوە و وتی: "لێپرسینەوە لە هەموو ئەوانە دەکەین کە سەرپێچییان کردووە، تەنانەت ئەگەر لە نزیکترین کەسەکانمان بن." سەرۆکی سوریا ئاماژەی بەوەشدا کە "حکومەت نوێنەرایەتی هەموو توێژەکانی گەلی سوریا دەکات" و "بە خێراییەکی زۆر بەرەو بنیاتنانی سوریای نوێ هەنگاو دەنێین."
لەبارەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)ـەوە، ئەحمەد شەرع رایگەیاند: "پێشنیازمان بۆ هەسەدە کردووە کە بچنە ناو سوپای سوریاوە." بەڵام ئاماژەی بەوەشدا کە "لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە لەگەڵ هەسەدەدا سستی هەیە."
لەم چوارچێوەیەدا، سەرۆکی سوریا پەیامێکی ئاراستەی هەسەدە کرد و گوتی: "پێویستە هەسەدە سوود لەم ساتە مێژووییە وەربگرێت کە تێیدا دەژین." ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە دیمەشق و هەسەدە دانوستانیان لەسەر چارەنووسی ناوچەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا هەیە، و هەڕەشەی سەربازیی تورکیاش لەسەر ناوچەکەدا ماوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، تۆڕی هەواڵی "فۆکس نیوز"ی ئەمریکی ئاشکرای کرد، بزوتنەوەی حەماس پەیامێکی تایبەتی بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ناردووە و تێیدا داوای دەستوەردانی ناوبراوی کردووە بۆ دابینکردنی ئاگربەستێکی کاتی لە کەرتی غەززە بۆ ماوەی 60 رۆژ.
تۆڕەکە، رایگەیاندووە کە حەماس پێشنیازی کردووە لە بەرامبەر ئەم ئاگربەستەدا، نیوەی بارمتە دەستبەسەرکراوەکانی ناو غەززە ئازاد بکرێن.
سەرچاوەیەکی دیکەش بۆ رۆژنامەی "تایمز ئۆف ئیسرائیل" دووپاتی کردووەتەوە کە پەیامەکە لە ئێستادا لەلای قەتەرە، کە بڕیارە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا رادەستی ترەمپی بکات.
ئەم داوایەی حەماس لە کاتێکدایە کە دۆسیەی مرۆیی و سیاسی لە غەززەدا زیاتر ئاڵۆز بووە، لەگەڵ زیادبوونی فشارە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بۆ پاڵنانی لایەنەکان بەرەو راگرتنی تەقە و گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر بۆ ئاڵوگۆڕی بارمتە و زیندانییان.
شایەنی باسە، بەرپرسێکی فەلەستینیی ئاگادار بە ئاژانسی "فرانس پرێس"ی راگەیاندبوو، کە شاندی بزووتنەوەی حەماس لە قاهیرە پێشنیازێکی نوێی لە نێوەنگیرەکانی میسری و قەتەری وەرگرتووە سەبارەت بە رێککەوتنێک بۆ راگرتنی تەقە لە کەرتی غەززە.
وتەبێژی هێزەكانی سوریای دیموكرات هەسەدە راگەیاند، هاوكاری هێزەكانی هاوپەیمانان بەردەوامە و ئەوانیش سوورن لەسەر ئۆپەڕاسیۆنەكانیان لە دژی داعش.
ئەبجەر داوود، وتەبێژی هەسەدە لە كۆنفڕانسێكی رۆژنامەوانی لە حەسەكە رایگەیاند، لە 8ـی كانوونی یەكەمی 2024ـەوە تا ئێستا، داعش 153 جار هێرشی كردۆتە سەر هێزەكانی هەسەدە.
هەروەها ئاشكراشی كرد لە هێرشەكانی داعشدا 30 شەڕڤانیان شەهید بووە و 12 شەڕڤانیش بریندار بوون هەروەها 6 هاووڵاتی مەدەنی لە هێرشەكانی داعشدا گیانیانلەدەستداوە.
لە بەردەوامی قسەكانیدا، ئەبجەر داوود وەڵامی پرسیاری پەیامنێری كوردسات نیوز دایەوە و وتی، ئەوان ئارامی و سەقامگیری هەموو سوریایان دەوێت و بۆ ئەم مەبەستەش دانووستانەكانیان لەگەڵ دیمەشق بەردەوامە.
ئەبجەر داود رایگەیاند، ئەو هەواڵانەی سەبارەت بە ناشرینكردنی هەسەدە بڵاودەبنەوە، پیلانی دوژمنانە و هەموو دەزانن هەسەدە بەرگری لە سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەكە دەكات و هێزیكی رێكخراوە.
ئەمڕۆ كۆبوونەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان دەستپێدەكات و سبەینێ سەرۆك كۆماری عیراق وتارێك پێشكەش دەكات و چەند پرسێكی گرنگ باسدەكات.
وا بڕیارە ئەمڕۆ لە نیویۆرك كۆبوونەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان لەسەر ئاستی باڵا ئەنجام بدرێت و یەكەم كۆبونەوەش تایبەتە بە یادی 80 ساڵەی دامەزراندی رێكخراوەكە.
د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق بە یاوەری وەفدێكی رەسمی كە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم و فوئاد حسێن وەزیری دەرەوە و قاسم ئەعرجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عیراق لەخۆدەگرێت، لە نیویۆركن و بڕیارە رۆژی 23ی مانگ سەرۆك كۆماری عیراق وتارێك پێشكەش بكات.
لە درێژەی كۆبوونەوەكانیشدا هەر ئەمڕۆ كۆبونەوەیەكی باڵا ئەنجام دەدرێت بە ناونیشانی كۆنفرانسی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەری ئاشتیخوازانە و پرسی فەلەستین و جێبەجێكردنی چارەسەری دوو دەوڵەتی، كە تیایدا وڵاتانی عەرەبی و كۆمەڵێك وڵاتانی رۆژئاوا دەیانەوێت بگەن بە چەرەسەرێكی ریشەیی بۆ رەوشی فەڵەستین.
ئەمڕۆ دووشەممە سەرۆکی کاتی سوریا رایگەیاند، قەبارەی زیانەکانی سوریا زۆر گەورەیە بە سەرجەم سێکتەرەکانی وڵات گەیشتووە و ئاماژەی بەگرنگی یەکگرتووی وڵاتەکەشیکرد.
لە پاش گەیشتنی بە ولایەتی نیویۆرک، ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی سوریا لە کۆبونەوەیەکدا لە گەڵ وەفدی کۆچبەرانی وڵاتەکەی لە ئەمریکا رایگەیاند، دەبێت گەلێکی یەکگرتوو بن، رەنگە لەسەر هەموو شتێک رێک نەکەون، بەڵام دەبێت یەکبگرین، سوریا توانای ئەوەی هەیە جارێکی دیکە ببێتە بوکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها سەرمایەی گەورە و توانای مرۆیی بەرفراوانیان هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، "هەموو گەلانی جیهان بە سەرسوڕمانەوە لە روداوەکانی سوریا دەڕووانن و جیهان دەرفەتێک دەداتە سوریاییەکان، دەبێت هەموو رۆژێک خۆمان بسەلمێنین. رێگاکە سەخت و ماندوو و پڕ لە سەختی و کێشە بووە".
ئاژانسی هەواڵی سوریا (سانا) پێشتر بڵاویکردبووەوە، شەرع بە سەردانێکی مێژوویی گەیشتۆتە نیویۆرک ، بەمەش بووە یەکەم سەرۆکی سوریا کە لە ساڵی 1967ەوە بەشداری کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش بەهەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری و دژەتیرۆری کەرکوکی سەربەوەزارەتی ناوخۆی عێراق و هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان توانیان لەسنووری پارێزگای کەرکوک و سلێمانی (سێ)تیرۆریست دەستگیربکەن و بەهەماهەنگی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان و هاوپەیمانان-هێزی تایبەتی ئەمریکا کێوماڵی ناوچەی شوان ئەنجام بدەن.
دەزگای ئاسایشی هەرێم بڵاویکردوە، لەڕۆژی 2025/9/18بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایش هەرێم و بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری و دژەتیرۆری کەرکوکی سەربەوەزارەتی ناوخۆی عێراق بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش توانیان لەسنوری پارێزگای کەرکوک تیرۆریستێک دەستگیربکەن.
ئاماژەی بەوەشکردوە، دوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە و دانپێدانانی تیرۆریست و لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری ورد توانرا شوێنی دوو تیرۆریستی تر لەسنووری پارێزگای سلێمانی دەستنیشان بکرێت و بەهەماهەنگی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان هەردوو تیرۆریست دەستگیرکران.
راشیگەیاند، لەماوەی رابردوودا چەکداری داعش بوون و لەئێستاشدا کاری رێکخراوەییان بۆ داعش کردوە و لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بیری توندڕەویان بڵاوکردوەتەوە و دوای کۆکردنەوەی زانیارییەکان لە 2025/9/21 بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش بەهەماهەنگی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان و هاوپەیمانان-هێزی تایبەتی ئەمریکا، توانیان لەسنووری ناوچەی شوان کێوماڵی بەرفراوان ئەنجام بدەن و چەندین شوێن و حەشارگەی تیرۆریستان لەناوبەرن.
بڵاویشیکردوە، لەئێستادا تیرۆریستان بەماددەی (2)ی تیرۆر راگیراون و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکانیان بەردەوامە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 21ـی 9ـی 2025، بە سپۆنسەری دەزگای میدیایی کوردسات، گەورەترین کۆنسێرتی خێزانی لە هاوینەهەواری سەرچناری شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
لە کۆنسێرتەکەدا چەندین هونەری بەشدارن و هاووڵاتیان بە جۆشوخرۆشەوە روویان لە هاوینەهەواری سەرچنار کردووە.
وەفدێکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان سەردانی گرتوخانەی کانی گۆمەی کرد.
وەفدەکە ئەمڕۆ یەکشەممە 21ـی 9ـی 2025 بەسەرۆکایەتی د. مونا یاقۆ سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان سەردانی گرتوخانەی کانی گۆمەیان کرد لە شاری سلێمانی.
بەپێی راگەیەندراوی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێم، وەفدەکە بەجیا سەردانی هەریەک لەلاهور جەنگی بورهان و پۆڵاد جەنگی بورهانی کردووە، هەروەها دواتر سەردانی زیندانیانی دیکەی رووبەڕووبوونەوەکەی لالەزاری کردووە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، وەفدەکە بەدواداچونیان کردووە بۆ رەوشی تەندروستی و شوێنی مانەوەی زیندانیان بەگشتی تەندروستی سەرجەم زیندانیان باشەو کەسوکاریان سەردانیان دەکەن و ئەوانەی داوای پارێزەریان کردووە بۆیان دابینکراوە، ئەوەی داوای نەکردووە بەئارەزووی خۆی رەتیکردووەتەوە، هەروەها رێگەیان پێدراوە تەلەفۆن بۆ کەسوکاریان بکەن.
کەنەدا و ئوستراڵیا و بەریتانیا بە رەسمی دانیان بە دەوڵەتی فەلەستیندا نا، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، وەک بەریتانیا دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا دەنێن و جەختیشیکردەوە حەماس نابێت هیچ ڕۆڵێکی هەبێت لە داهاتوودا چ لە حوکمڕانی یان ئاسایشدا.
ئەمڕۆ یەکشەممە کەیر ستارمەری سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند؛ دوو دەوڵەتی چارەسەرە لە پرسی غەززەدا و گەرچی هیوا بۆ چارەسەری دوو دەوڵەتی کاڵ دەبێتەوە، بەڵام ناهێلێن ئەو رووناکییە بکوژێتەوە، جەختیشی لەسەر پێویستی گفتگۆ دەکەن بۆ گەیشتن بە چارەسەری دوو دەوڵەتی لە نێوان فەلەستین و ئیسرائیلدا.
جیا لە بەریتانیا، ئوسترالیا و کەنەداش بە رەسمی دانپێدانانی خۆیان بە دەوڵەتی فەلەستین راگەیاند، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەری دوو دەوڵەتی.
ئەنتۆنی ئەلبانیز، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا رایگەیاند، وڵاتەکەی ئەمڕۆ بە رەسمی دەوڵەتی فەلەستینی ناساندووە "لە چوارچێوەی هەوڵێک بۆ زیندووکردنەوەی چارەسەری دوو دەوڵەتی، ئاماژەی بەوەسکردوە دەبێت سەرەتا بە ئاگربەست لە کەرتی غەززە دەستپێبکات و دواتر ئازادکردنی ئەو بارمتانەی لە غەززەن".
بە هەمان شێوەی سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا، ئەلبانیز جەختی لەوە کردەوە کە حەماس نابێت هیچ رۆڵێکی لە فەلەستینی نوێدا هەبێت.
هەر ئەمڕۆ مارک کارنی سەرۆک وەزیرانی کەنەداش رایگەیاند؛ کەنەدا دان بە دەوڵەتی فەلەستین دەنێت و پێشنیازی ئەوە دەکات کە بە هاوبەشی کار بکات بۆ پێشخستنی بنیاتنانی داهاتوویەکی ئارام و ئومێدبەخش بۆ هەردوو دەوڵەتی فەلەستین و دەوڵەتی ئیسرائیل.