دوێنێ هەینی پزیشکێک رایگەیاند کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دوای ئەنجامدانی دووەم پشکنینی پزیشکی ئەمساڵ، خاوەنی تەندروستییەکی باشە و ئەمەش وەک دەنگۆیەک بۆ ئەو تۆمەتانە دێت کە دەدرانە پاڵ تەندروستی ترەمپ.
ترەمپ، کە تەمەنی 79 ساڵە و بەتەمەنترین سەرۆکی هەڵبژێردراوە لە مێژوی ئەمریکادا، بەیانی دوێنێ، سەردانی سەنتەری پزیشکی واڵتەر ریدی کرد لە نزیک واشنتۆن بۆ ئەنجامدانی پشکنینی ساڵانەی خۆی. کاتێک رۆژنامەنووسان دوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی پرسیاریان لێکرد سەبارەت بە ئەنجامەکە، ترەمپ وەک نیشانەی رازیبوون لە دۆخی خۆی؛ پەنجە گەورەی بەرز کردەوە.
دکتۆر شۆن باربابێلا، پزیشکی ترەمپ، لە نامەیەکدا کە کۆشکی سپی بڵاوی کردەوە، نووسیویەتی: "سەرۆک ترەمپ بەردەوامە لە نیشاندانی تەندروستییەکی گشتی نایاب." ئەو وتیشی: "تەمەنی دڵی، کە پێوەرێکی پشتپێبەستراوە بۆ چالاکی دڵ و بۆرییەکانی خوێن لە رێگەی ئەنجامدانی نەخشاندنێکەوە، نزیکەی 14 ساڵ لە تەمەنی کەمترە. ناوبراو بەردەوامە لە پابەندبوون بە خشتەیەکی رۆژانەی پڕ لە کار بەبێ هیچ سنووردارکردنێک."
باربابێلا وتیشی کە ترەمپ چەندین پشکنینی ئەنجامداوە و ژەمێکی بەهێزکەری ڤاکسینی کۆڤید-19 و ژەمێکی ساڵانەی هەڵامەتی وەرگرتووە.
ترەمپ کحول ناخواتەوە و جگەرە ناکێشێت، بەڵام حەز و خولیای بۆ خواردنەوە گازییەکان و ژەمە خێراکان ناشارێتەوە، وەک ئەوەی ئاژانسی "فرانس پرێس" بڵاوی کردووەتەوە.
لێتیتیا جەیمس، داواکاری گشتی نیویۆرک، کە نەیاری سەرسەختی دۆناڵد ترەمپە، بە تۆمەتی ساختەکاری لە بانکەکان و لێدوانی ناڕاست بۆ دامەزراوەیەکی دارایی لە سەر کڕینی خانوویەک لە ڤێرجینیا تۆمەتبارکراوە و ئەگەری سزادانی بۆ 30 ساڵ لە ئارادایە.
بەپێی هەواڵێکی کەناڵی ئێن بی سی، جەیمسی تەمەن 66 ساڵ، ئەگەر تاوانەکانی بەسەردا ساغببێتەوە ئەگەری سزادانی بۆ 30 ساڵ زیندانیکردن و پێژاردنی بە یەک ملیۆن دۆلار لە ئارادایە.
دۆناڵد ترەمپ کە ماوەی چەند مانگێکە داوای لێپێچینەوە لە لێتیتیا جەیمسی داواکاری گشتی نیویۆرک دەکات و پێشتریش لە سۆشیال میدیاوە بەبێ ئەوەی بەڵگەی بۆ بخاتەروو، وتبوی “ئەو کچە زۆر تاوانبارە”.
لا خۆیەوە جەیمس کە سەر بە دیموکراتەکانە، ئەو تۆمەتانەی بە بێ بنەما و سیاسی ناوبرد و جەختی لەوە کردەوە کە ئەو دۆسیەیە بەشێکە لە "خراپ بەکارهێنانی سیستەمی دادوەری بۆ تۆڵەسەندنەوەی سیاسی بە هەر نرخێک بێت" لەلایەن ترەمپەوە.
ئەمە لە کاتێكدایە، ئەو دادوەرەی نیویۆرک چەندین جار رووبەڕوی ترەمپ بووەتەوە و ساڵی 2024 گورزێکی کوشندەی لە ترەمپ دا بە دەرکردنی بڕیارێک کە مۆڵەتی بازرگانی خۆیی و دوو کوڕە تازە پێگەیشتووەکەی بۆ ماوەی سێ ساڵ هەڵوەشاندەوە و چەندین جاریتریش بە راستەوخۆ هێرشیان کردوەتە سەر یەکتری.
میلانیا ترەمپ، هاوسەرەکەی دۆناڵد ترەمپ، رایگەیاند؛ ئەو لە سێ مانگی ڕابردودا پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ پوتن هەبوە و بە راستەوخۆ قسەی لەگەڵ کردوە و توانیویەتی رازیبکات هەشت منداڵی ئۆکراینی کە لە روسیا دەستبەسەر بوون بگەڕێنێتەوە بۆ خێزانەکانیان.
ئەمڕۆ هەینی، خانمی یەکەمی ئەمریکا لە وتارێکیدا لە کۆشکی سپی، ئاشکرای کرد لەگەڵ پوتن بە شێوەیەکی تایبەت و کەسی پەیوەندیان هەبووە، لەسەر پرسی گەڕانەوەی ئەو منداڵانەی ئۆکراین کە لە روسیا دەستبەسەرکراون.
خانمی یەکەمی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکردوە؛ ئەو و سەرۆک پوتن هێڵێکی راستەوخۆی پەیوەندیان هەبووە سەبارەت بە حاڵ و رەوشی ئەو منداڵانە و لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا هەردووکیان بە نیازپاکییەوە سەرقاڵی چەندین کۆبوونەوەی ئاشکرا نەکراو بوون.
خانمی یەکەمی ئەمریکا جەختیشیکردوەتەوە، نوێنەرەکی لەگەڵ تیمی سەرۆکی روسیا، هەماهەنگ بوون و کاریان کردووە بۆ دڵنیابوون لە گەڕانەوەی ئەو منداڵانە بۆ خێزانەکانیان بە سەلامەتی .
وتەبێژی بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند پابەندن بە جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەمی رێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل بە تەواوی و نایانەوێت هیچ بیانویەک بدەنە ئیسرائیل بۆ دەستپێکردنەوەی ئۆپراسیۆنەکان.
ئەمڕۆ هەینی، حازم قاسمی وتەبێژی حەماس لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەلعەرەبییە ئاماژەی بەوەکرد، هەندێک قۆناغی ئەو پلانەی کە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازی کردووە، هێشتا پێویستی بە گفتوگۆ کردنە لەگەڵ ناوبژیوانان.
دەشڵێت؛ حەماس دەستیکردووە بە جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەم و هاوکارە لەگەڵ هەموو لایەنەکان بۆ پاراستنی ئاگربەستەکە و وەک حەماس ئامادەن وازبهێنن لە هەر رۆڵێکی جێبەجێکردن یان ئیداری لە غەززە بەمەبەستی دابینکردنی بنەمایەکی سەقامگیر بۆ رێگریکردن لە گەڕانەوە بۆ شەڕ.
وتەبێژەکەی حەماس جەختیکردوەتەوە کە نایانەوێت، هیچ بیانوویەک بدەنە ئیسرائیل بۆ دەستپێکردنەوەی ململانێکان، لەبارەی پرسی چەکدانانیشەوە وتویەتی؛ ئەم پرسە لە چوارچێوەی دانوستانی ناوخۆیی فەلەستین تاوتوێ دەکرێت.
ناوبراو چەکەکانی حەماسی بە "ئامرازێکی بەرگریی شەرعی" وەسف کرد و ئاماژەی بەوەکردوە؛ ئەوان بەرپرسیارێتی نیشتیمانیان لە ئەستۆدایە و لە ئێستادا کار بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو دەکەن.
ئەم قسانەی وتەبیێژەکەی حەماس لە کاتێکدایە، لەدوای ئاڵوگۆڕکردنی بارمتەکان، بڕیارە بەم نزیکانە کۆبوونەوەیەکی هەمەلایەنە لە قاهیرە بە بەشداری زۆربەی گرووپە فەلەستینییەکان، لەوان فەتح و حەماس بەڕێوەبچێت بۆ بڕیاردان لەسەر داهاتووی کەرتی غەززە و کۆتاییهێنان بە ناکۆکییە سیاسییەکان، کە مەبەست لەم کۆبوونەوەیە پلاندانان بۆ قۆناغی دوای شەڕ و باسکردنە لە داهاتووی فەلەستین.
میدیا ناوخۆییەکانی زیمبابۆی بڵاویانکردەوە، دیسیر مۆیۆی پەرلەمانتاری ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکە، لە روداوێکی هاتوچۆدا گیانی لەدەستداوە، ئەمەش دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلەکەی خۆی کێشاوە بە فیلێکدا و چوار پەرلەمانتاری تریشی لەگەڵ بووە و بریندارن.
بەگوێرەی زانیارییەکان، روداوەکە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی بووە، پێنج پەرلەمانتارەکە لە گەشتێکدا بوون لە رێگەی سەرەکی (بولاوایۆ-گوێروی) وڵاتەکەیان و دیسیر مۆیۆ دەستبەجێ لە شوێنی روداوەکە گیانی لەدەستداوە و ئەوانی دیکەش بەسەختی بریندارن.
شایەتحاڵەکان بە میدیاکانیان راگەیاندوە؛ ئۆتۆمبێلەکە بەر پشتی فیلەکە کەوتووە و دواتر ئاژەڵەکە هێرشی کردووەتەوە سەر ئۆتۆمبێلەکەیان و بەهۆیەوە دیسیر مۆیۆ گیانی لەدەستداوە.
دیسیر مۆیۆ، جگە لەوەی پەرلەمانتارێکی ئۆپۆزسیۆن بووە، بە شاعیرێکی بەناوبانگ و چالاکوانێکی فەرهەنگی وڵاتەکەشی ناسراوە و 46 رۆژی تر یادی لەدایکبونی بووە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەبۆنەی بەدەستهێنانی پلەی یەكەم لەسەر ئاستی زانكۆكانی عیراق، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی زانکۆی سلێمانی دەکات و دەڵێت: ئەم دەستکەوتە گرنگە زانستییە کە بۆ جاری دووەمە زانکۆی دایک بەدەستی دەهێنێت، شانازییەکی دیکەیە بۆ سلێمانی.
دەقی پەیامەکە...
لە دڵەوە پیرۆزبایی لە بەڕێزان سەرۆک، مامۆستایان، فەرمانبەران و خوێندکارانی خۆشەویستی زانکۆی سلێمانی دەکەم بەبۆنەی بەدەستهێنانی پلەی یەكەم لەسەر ئاستی زانكۆكانی عیراق.
ئەم دەستکەوتە گرنگە زانستییە کە بۆ جاری دووەمە زانکۆی دایک بەدەستی دەهێنێت مایەی خۆشحاڵیی هەموو لایەکمانە و شانازییەکی دیکەیە بۆ سلێمانی.
بەڵێنتان پێدەدەم وەک هەمیشە لەگەڵتانبم بۆ پێشخستنی زانکۆی سلێمانی، چونکە ئێوە بە ئاستە بەرزەکەتان سەری ئێمەتان بەرزکردووەتەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامێكدا پیرۆزبایی لە زانکۆی سلێمانی دەکات، بە بۆنەی بەدەستهێنانی پلەی یەکەم لەسەر ئاستی عیراق و جەختیش لە پشتیوانی تەواوی یەکێتی دەکەنەوە بۆ بەرەوپێشچونی زیاتری زانکۆکە
دەقی پیرۆزباییەکە...
بەرێزان / سەرۆكی زانكۆی سلێمانی
مامۆستایان و خوێندكاران و كارمەندانی زانكۆی سلێمانی
بە بۆنەی بەدەستهێنانی پلەی یەكەم لەسەر ئاستی زانكۆكانی عێراق كە بۆ جاری دووەمە بە پێی ئەو ریز بەندییەی دامەزراوەی تایمزی بەریتانیی ئەنجامی داوە نیشانەی بەرزیی ئاستی زانكۆی سلێمانی دەردەخات كە وێرای گشت ئەو قەیرانە جۆراوجۆرانە ئەم پلەیە بەدەست بهێنێت
زانكۆی سلێمانی هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە لە ساڵی 1968 وە كە بە كۆششی سەرۆك مام جەلال بنیادنرا وەك ناوەندێكی زانستی و فەرهەنگی هەمیشە پێشەنگ بوە و لەم كاروانەدا جگە لە بوارە زانستیەكەی چەندین كادری سیاسیشی پێگەیاندوە كە لە جوڵانەوەی كوردایەتیدا رۆڵی بەرچاویان هەبوە
ئیمرۆش لە كاتێكدا زانكۆی سلێمانی ئەم پلەیەی بەدەستهێناوە ، پشتیوانی تەواوی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دووپات دەكەینەوە بۆ بەرەو پێشبردن و سەركەوتنی زیاتری ئاستی زانكۆكەمان .
مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
پێگەی بی بی سی بەریتانی بڵاویکردوەتەوە، بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا رایانگەیاندوە کە تیمێکی سەربازی ئەمریکی، کە لە 200 کەس پێکدێن لە نزیکی غەززە جێگیر دەکرێن بۆ چاودێریکردن و جێبەجێکردنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس.
یەکێک لە بەرپرسە باڵاکان دەڵێت: "لە سەرەتادا 200 کەس جێگیر دەکرێن، ئەرکیان چاودێریکردن و دڵنیابوونەوە دەبێت لەوەی کە رێککەوتنەکە لەلایەن هیچ لایەنێکیانەوە پێشێل نەکرێت".
گەرچی بەتەواوەتی دیار نییە، بەڵام پێدەچێت ئەو هێزەی ئەمەریکا لە میسر یاخود لە ئیسرائیل جێگیر بکرێن.
بە وتەی بەرپرسێکی باڵای سەربازی ئەمریکا، تیمەکە ئەو ئەفسەرە سەربازیانە لەخۆدەگرێت کە لە وڵاتانی میسر، قەتەر، تورکیا و ئیماراتن، جەختیشیان لەوە کردوەتەوە کە هیچ هێزێکی ئەمریکی ناچێتە ناو کەرتی غەززە.
ئەمە لە کاتێکدایە بەگوێرەی ئەو گرتە ڤیدۆیانەی بڵاوکراونەتەوە، هێزەکانی ئیسرائیل بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەستیان بەکشانەوە کردوە و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکاش رایگەیاند، پێویستە رۆژی دووشەممە یان سێشەممە بارمتە ئیسرائیلییەکان ئازاد بکرێن و رەنگە خۆشی سەردانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات بۆ ئیمزاکردنی رێککەوتنەکە.
ئەنجوومەنی سەرۆکایەتیی "مەسەدە" (مەجلیسی سوریای دیموکرات) رایگەیاند، لامەرکەزییەت بنەمای سەرەکی سەقامگیرییە لە سوریا، جەختیشی کردەوە کە هەڵبژاردنەکانی ئێستا گوزارشت لە گەل ناکەن و ژنان پەراوێز خراون.
ئەنجوومەنەکە نیگەرانی خۆی لەسەر پێشێلکارییەکانی رێککەوتنی 10ی ئازاری 2025 دەربڕی و هۆشداری دا لەوەی دواکەوتنی جێبەجێکردنی، هەڕەشە لە چارەسەرێکی نیشتمانی دەکات.
داوایشی کرد کە حکومەتی سوریا هەڵبژاردنی شەفاف و نوێنەرایەتی دادپەروەرانە بۆ ئەنجوومەنی گەل ئەنجام بدات و کۆنفرانسێکی نیشتمانی گشتگیر ببەسترێت بۆ داڕشتنی چارەسەرێکی سیاسی.
کۆبوونەوەکە جەختی لەوە کردەوە کە لامەرکەزییەت بنەمای سەرەکی سەقامگیرییە لە سوریا، و هەر فۆرمولەیەکی سیاسی، کە ئەم بنەمایە لەخۆ نەگرێت، سەقامگیرییەکی هەمیشەیی دابین ناکات، داوایان کرد لامەرکەزییەت لە هەموو قۆناغە دەستوری و گواستنەوەکاندا جێبکرێتەوە.
سەرچاوەیەک لە سەنتەری رێکخستنی پەیوەندییەکانی JCC بە کەناڵی کوردسات نیوزی راگەیاند، لە گەڕەکی زانکۆی شاری سلێمانی، لە کاتی کارکردن لە ئیزۆگامی ماڵێکدا، تانکییەکی نەوت تەقیوەتەوە.
بەهۆی ئەم روداوەوە، کەسێک گیانی لەدەستداوە و کەسێکی دیکەش بریندار بووە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەدا، لە ئێستادا هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنی روداوەکە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە بۆ زانینی هۆکاری سەرەکی تەقینەوەکە و وردەکارییەکانی ڕووداوەکە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، سێ تۆمەتبار لەسەر رووداوەکەی شەوی رابردووی نەخۆشخانەی شار لەلایەن مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی فریاکەوتن و بنکەی پۆلیسی نەخۆشخانەوە دەستگیرکراون.
بەپێی راگەیەندراوی پۆلیس، شەوی رابردوو پاش کاتژمێر 12ی نیوەشەو، سێ کەس بە مەبەستی سەردانیکردن دەچنە نەخۆشخانەی شار. بەهۆی ئەوەی لەو کاتەدا سەردانیکردن بەپێی یاسا و رێنماییەکان رێگەپێدراو نییە، کارمەندێکی پاسەوانی بنکەی پۆلیسی نەخۆشخانە هەوڵی رێگریکردنیان لێدەدات.
پۆلیس ئاماژەی بەوەداوە کە یەکێک لە دەستگیرکراوان، بە درۆ خۆی وەک پزیشکی نەخۆشخانە ناساندووە و یەکێکیشیان لەژێر کاریگەری مەی نۆشیدا بووە. پاشان، گرژی و ئاڵۆزی دروست دەکەن و هێرش دەکەنە سەر کارمەندە پۆلیسەکە. یەکێک لە تۆمەتبارەکان چەکی کارمەندەکەی رفاندووە و تەقەی کردووە و پاشان هەڵاتووە.
دەستبەجێ، لەلایەن بنکەی پۆلیسی نەخۆشخانەوە دوو لە تۆمەتبارەکان دەستگیرکران و لە ماوەیەکی زۆر کەمیشدا، تۆمەتباری سێیەم لەلایەن مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی فریاکەوتنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانییەوە لە گەڕەکی کوردستان دەستگیرکرا.
لە ئێستادا هەر سێ تۆمەتبارەکە بە ناوەکانی:
(س، س) لەدایکبووی 1969
(ب، س، س) لەدایکبووی 2006
(ب، س، س) لەدایکبووی 2004
بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی (31/405) لە یاسای سزاکانی عیراقی راگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.
لیژنەی نۆبڵ بڕیاریدا خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ ساڵی 2025 ببەخشێتە "ماریا کۆرینا ماچادۆ"، بەهۆی کارە ماندوونەناسەکانی لە پێشخستنی مافە دیموکراسییەکان بۆ گەلی ڤەنزوێلا و خەباتی بۆ گەیشتن بە گواستنەوەیەکی دادپەروەرانە و ئاشتییانە لە دیکتاتۆرییەتەوە بۆ دیموکراسی.
ماریا کۆرینا ماچادۆ، رابەری دیموکراتی وڵاتی ڤەنزویلا رۆڵێکی گرنگ و یەکلاکەرەوەی هەبوو لە گۆڕینی رژێمی دیکتاتۆریی ڤێنزولا بۆ حکومەتێکی دیموکراسی و بە یەکێک لە فیگەرە دیارەکانی ئەمریکای لاتین دادەنرێت کە لە پێناو مافی مرۆڤ و ئاشتیدا هەوڵێکی بێوچانی داوە. وەک سەرکردەی بزوتنەوەی دیموکراسی لە ڤەنزوێلا، یەکێکە لە نموونە هەرە نایابەکانی ئازایەتی مەدەنی لە ئەمریکای لاتین لەم ساڵانەی دواییدا.
لیژنەی نۆبڵی ئاستی نووسیوێتی: ڤەنزوێلا لە وڵاتێکی تاڕادەیەک دیموکرات و خۆشگوزەرانەوە گۆڕاوە بۆ دەوڵەتێکی دڕندانەی دیکتاتۆری کە ئێستا بە قەیرانێکی مرۆیی و ئابووریدا تێدەپەڕێت. زۆربەی هاووڵاتیانی ڤەنزوێلا لە هەژارییەکی قووڵدا دەژین، لە کاتێکدا چەند کەسێکی سەرەوە سامانەکانیان قۆڕخ کردووە. دامودەزگا توندوتیژەکانی دەوڵەت دژ بە هاووڵاتیانی خۆی بەکاردەهێنرێت. نزیکەی 8 ملیۆن کەس وڵاتەکەیان جێهێشتووە. ئۆپۆزسیۆن بە شێوەیەکی سیستماتیک لە رێگەی ساختەکاری لە هەڵبژاردن و رێگەکانی ترەوە سەرکوت کراوە.
ماچادۆ، وەک یەکێک لە دامەزرێنەرانی رێکخراوی "سوماتێ" کە تایبەتە بە پەرەپێدانی دیموکراسی، زیاتر لە 20 ساڵ لەمەوبەر داکۆکی لە هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە کردووە. وەک خۆی دەڵێت: "بڕیارمدا سندوقی دەنگدان هەڵبژێرم نەک فیشەک".
ماچادۆ لە رێگەی پۆستە رێکخراوەیی و سیاسیەکانیەوە قسەی لەسەر سەربەخۆیی دادوەری و مافەکانی مرۆڤ و ئازادی کردووە. ئەو ساڵانێکی زۆرە بۆ ئازادی گەلی ڤەنزوێلا کار دەکات.
کەمێکیتری خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ ساڵی 2025 رادەگەیەنرێت و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، یەکێکە لە کاندیدە دیارەکان و زۆر بە پەرۆشە بۆ وەرگرتنی. ئەو بە بەردەوامی جەخت دەکاتەوە کە شایەنی ئەم خەڵاتەیە بەهۆی رۆڵی لە کۆتاییهێنان بە چەندین جەنگدا، بەتایبەتی رێککەوتنی ئاگربەستی غەززە کە تازە رایگەیاند. بەڵام پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە: گەر ترەمپ ئەم خەڵاتە نەبات، ئایا ئەمەش دەبێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی پشێوی و جەنگ لە جیهاندا؟
لیژنەی نۆبڵ کە لە پێنج ئەندام پێکدێت و لەلایەن پەرلەمانی نەرویجەوە هەڵدەبژێردرێن، بە نهێنی تەواو بڕیار لەسەر براوە دەدەن. هەرچەندە ترەمپ لە کەمپەینێکی چڕدایە بۆ بردنەوەی ئەم خەڵاتە، بەڵام پسپۆڕانی خەڵاتەکە پێیان وایە کە ئەگەری بردنەوەی زۆر کەمە. بڕیاری لیژنەکە لە پێش راگەیاندنی رێککەوتنی غەززە دراوە و لەوانەیە زیاتر سەرنجیان لەسەر هەوڵەکانی دیکەی ئاشتی بێت کە بە درێژایی ساڵ پێشکەش کراون و ئەمەش وادەکات چانسی ترەمپ کەم ببێتەوە و رێککەوتنی غەززەی بۆ هەژمار نەکرێت!
لەم کاتەدا کە جیهان بە دۆخێکی ناسەقامگیردا تێپەڕ دەبێت، پرسی سەرهەڵدانەوەی جەنگەکان پەیوەست نییە بە بردنەوە یان نەبردنەوەی خەڵاتێک لەلایەن کەسێکەوە. جەنگ و ئاشتی دیاردەی ئاڵۆزن و زۆر هۆکاری دیکەی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و مێژوویی کاریگەرییان لەسەرە. لە رابردوودا، خەڵاتی نۆبڵ بە کەسانێک بەخشراوە کە هەوڵیان بۆ ئاشتی داوە، بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نەهاتووەتەوە کە ئاشتی بۆ هەمیشە سەقامگیر بووبێت.
بەپێی لێدوانی بەرپرسانی نەرویج، حکومەتی وڵاتەکەیان هیچ دەستوەردانێک لە بڕیارەکانی لیژنەی نۆبڵدا ناکات. هەندێک نیگەرانی هەیە لەناو نەرویجدا سەبارەت بەوەی کە ئەگەر ترەمپ خەڵاتەکە نەباتەوە، چ کاردانەوەیەکی دەبێت، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و نەرویج لە هەندێک ڕووەوە گرژی تێکەوتووە. بەڵام لیژنەکە دووپاتی دەکاتەوە کە بڕیارەکانی سەربەخۆن و گوێ بە فشارەکان نادەن.
لەکۆتاییدا، خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی هێمایەکە بۆ ئاشتی و کاری مرۆیی، بەڵام نەبوونی خەڵاتەکە بە مانای کۆتاییهاتنی هەوڵەکان بۆ ئاشتی یان سەرهەڵدانەوەی جەنگەکان نییە. ئاشتی پڕۆسەیەکی بەردەوامە و پێویستی بە هەوڵ و کۆششی زۆری هەموو لایەنەکان هەیە.
کەناڵی 12ی ئیسرائیلی، ئەمڕۆ هەینی، وردەکاریی نوێی لەبارەی سەردانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بۆ ئیسرائیل ئاشکرا کرد.
بەپێی زانیارییەکان، "ترەمپ کاتژمێر 9:20ی بەیانی رۆژی دووشەممە، لە جەژنی 'سیمحات تۆرە'، دەگاتە فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن، لەوێ پێشوازی لێدەکرێت و پاشان وتارێک لە کنیست (پەرلەمانی ئیسرائیل) پێشکەش دەکات." هەروەها، ئاماژە بەوەشکرا کە "دوای وتارەکەی لە کنیست، بێ هیچ کۆبوونەوە یان رێوڕەسمێکی تایبەت دەڕوات."
پێش سەردانەکەی ترەمپ، دۆخێکی ئامادەباشی و چاوەڕوانی لە ئیسرائیل باڵی کێشابوو، بەتایبەتی لەلایەن خێزانەکانی بارمتەکانەوە، بەهۆی رۆڵی گەورەی ناوبراو لە گەیشتن بە رێککەوتنی ئاگربەست. خێزانەکانی بارمتەکان شەوی رابردوو نامەیەکیان بۆ ترەمپ ناردبوو، تێیدا داوایان لێکردبوو وتارێک لە گۆڕەپانی بارمتەکان "هاتۆڤیم" پێشکەش بکات: "شانازییەکی گەورە دەبێت ئەگەر لە سەردانەکەی داهاتووت بۆ ئیسرائیل رازی بیت بە کۆبوونەوە لەگەڵمان. ئەمە ڕەنگە یەکێک بێت لە گەورەترین نیشانەکانی پشتیوانی لە مێژووی ئیسرائیل بۆ دۆست و هاوپەیمانێک."
سەردانی میسر و ئیسرائیل:
پێشتر، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو کە سەردانی میسر دەکات بۆ ئامادەبوون لە رێوڕەسمی ئیمزاکردنی رێککەوتنی کۆتاییهێنان بە جەنگ لە کەرتی غەززە. ترەمپ بە رۆژنامەنووسانی لە واشنتۆن راگەیاند: "جەنگمان لە غەززە کۆتایی پێهێنا... هەوڵ دەدەین بارمتەکان لە رۆژی دووشەممە یان سێشەممە بگەڕێنینەوە... ئەم رۆژە، رۆژێکی خۆش دەبێت."
وتیشی: "هەوڵ دەدەین سەردانی ناوچەکە بکەین و کار لەسەر دیاریکردنی کاتەکەی دەکەین... سەردانی میسر دەکەین، لەوێ رێککەوتنەکە بە رەسمی واژۆ دەکرێت."
پێش ئەم لێدوانە، عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ترەمپ ئەنجام دابوو. وتەبێژی رەسمی سەرۆکایەتی میسر رایگەیاندبوو کە سیسی پیرۆزبایی لە ترەمپ کردووە بۆ سەرکەوتنی هەوڵە چڕوپڕەکانی لە راگرتنی جەنگ لە کەرتی غەززە، و سوپاسی گەورەی خۆی بۆ سەرۆکی ئەمریکا و گرنگیدانی بە کۆتاییهێنان بە جەنگەکە دەربڕیوە.
لەلای خۆیەوە، ترەمپ دڵخۆشی زۆری خۆی بەم دەستکەوتە مێژووییە و دۆستایەتی پتەوی لەگەڵ سیسی دەربڕی، ئاماژەی بەوەدا کە لە رۆژانی رابردوودا چاوەکان لەسەر میسر بوون بۆ بەدواداچوونی گەشەپێدانی دانوستانەکانی شەرم ئەلشێخ و گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتاییهێنان بە جەنگ لە کەرتی غەززە. سەرۆکی میسر لەم ڕووەوە ئاماژەی بەوەدا کە گەیشتن بە رێککەوتنەکە دەستکەوتێکی مێژووییە و دووپاتیشی کردەوە کە ترەمپ شایستەی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییە.
دەستەی گشتی کەشناسی و چاودێری بوومەلەرزەزانی عیراق، پێشبینییەکانی خۆی بۆ چەند رۆژی داهاتوو بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە شەپۆلێکی بارانبارین ناوچەکانی باکووری وڵات دەگرێتەوە.
بەپێی نەخشەکانی کەشناسی، لە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو (12ی تشرینی یەکەم)ەوە، پێشبینی دەکرێت بارانێکی سوک بە لێزمەی هەورەبروسکەوە دەست پێبکات. ئەم بارانبارینە لە هەندێک ناوچەی شارەکانی باکوری عیراق پچڕپچڕ دەبێت و پێشبینی دەکرێت تا نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە بەردەوام بێت.
ئەمەش بە نیشانەی دەستپێکردنی یەکەم وەرزی بارانبارینی ئەمساڵ دادەنرێت، کە چاوەڕێ دەکرێت کاریگەری لەسەر ئاستی ئاوی روبارەکان و گشتی کەشوهەوای ناوچەکە هەبێت.