سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیەنێت؛ وڵاتەکەی ورەی شەڕکردنی ئێرانی تێکشکاندووە و لەبەرانبەریشدا بۆ بەڕێوەبەردنی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی، رابەری باڵای پێشووی ئێران، هەفتەیەک مۆڵەت و ئارامیی پێداون.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە وتارێکدا بەبۆنەی یادی 250 ساڵەی سەربەخۆیی ئەمریکا لە چیای "راشمۆر" رایگەیاند: ململانێکانیان لەگەڵ ڤەنزوێلا تەنها لە یەک رۆژدا یەکلاکردەوە، هاوكات گورزی زۆر کوشندە و بەهێزیان لە ئێران وەشاند.
ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا لایەنی ئێرانی بە پەرۆشەوەیە و بە هەموو شێوازێک هەوڵدەدات بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەمریکادا بگاتە رێککەوتن و چارەسەرێکی سیاسی.
سەرۆکی ئەمریکا وتیشی: "ئێمە لە ڕووی بەخشندەیی و میهرەبانیی خۆمانەوە، مۆڵەتی هەفتەیەکمان بە ئێران داوە بۆ راگرتنی ئۆپراسیۆنەکان، تا بتوانن رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی رابەرەکەیان ئەنجام بدەن."
ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدا دێن کە لە بەیانی دوێنێ هەینییەوە، رێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمی عەلی خامنەیی، رابەری کۆچکردووی ئێران بە ئامادەبوونی وەفدە بیانییەکان و کەسایەتییە سیاسی و گشتییەکان دەستیپێکردووە. بڕیاریشە رێورەسمەکە بۆ ماوەی حەوت رۆژ بەردەوام بێت و تەرمەکەی بە شارەکانی تاران و قوم و وڵاتی عیراقدا تێپەڕێت، تا دواجار لە زێدی خۆی لە شاری "مەشەدە" بە خاک بسپێردرێت.
ئاماری گیانلەدەستدان بەهۆی دوو بوومەلەزرەكەی ڤەنزوێلا دوو هەزار و 600 كەسی تێپەڕاند و ژمارەی برینداربووانیش بۆ زیاتر لە 12 هەزار و 600 كەس بەرزبووەتەوە.
وەزارەتی پەیوەندییەكان و راگەیاندنی ڤەنزوێلا، نوێترین ئاماری قوربانیانی دوو بوومەلەرزە بەهێزەكەی مانگی رابردووی باكوری وڵاتەكەی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، ژمارەی ئەو كەسانەی بەهۆی بوومەلەرزەكانەوە گیانیان لەدەستداوە بۆ دوو هەزار و 645 كەس بەرزبووەتەوە و ئاماری برینداربووانیش گەیشتووەتە 12 هەزار و 666 كەس.
وەزارەتەكە ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەلایەن 30 هەزار كارمەندی فریاگوزاریی ناوخۆیی و سێ هەزار و 300 كارمەنی نێودەوڵەتییەوە، تا ئێستا شەش هەزار و 462 كەس رزگاركراون و هاوكاریش گەیەندراوەتە زیاتر لە 86 هەزار خێزانی زیانلێكەوتوو.
ئەوەش لەكاتێكدایە، بەپێی زانیارییەكانی دەستەی جیۆلۆجی ئەمریكا، لە 24ی حوزەیراندا دوو بوومەلەرزە بە گوڕی 7.2 و 7.5 پلە بەپێی پێوەری رێختەر، بە جیاوازی تەنها 39 چركە، باكوری ڤەنزوێلایان هەژاند و لە دوای ئەو كاتەشەوە تا ئێستا 890 پاشلەرزە تۆماركراون.
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایدەگەیەنێت، دەستپێکردنەوەی پشکنینی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بەستراوەتەوە بە ئەنجامی دانوستانەکانی نێوان واشنتۆن و تاران.
رافایل گرۆسی بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، گەیشتنی پشکێنەرانی ئاژانسەکە بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، پەیوەستە بە بەڕێوەچوونی دانوستانەکانی نێوان واشنتۆن و تاران.
وتیشی، تا ئێستا نەیانتوانیوە بگەنە ئەو بنکانە، بەڵام پێویستە درک بەوە بکەن کە ئەم پرسە تا رادەیەک بەستراوەتەوە بەو دانوستانە بەردەوامانەی لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا هەن، هاوکات پشت بە یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوانیان دەبەستێت.
رافایل گرۆسی ئەوەشی خستەڕوو، هێشتا نەگەیشتوونەتە قۆناغێک کە تێیدا کاتی وردی دەستپێکردنەوەی پشکنینەکان بزانن، هیوایشی خواست پرۆسەکە کاتێکی زۆر نەخایەنێت و وتی؛ "دەبێت ئێستا رێگەمان پێبدرێت سەردانی بنکەکان بکەین."
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن کە پێشتر ئێران و ئەمریکا یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان ئیمزا کردووە، کە تێیدا هاتووە کۆتایی بە ناکۆکییە سەربازییەکانی نێوانیان دەهێنرێت، هاوکات چوارچێوەیەکی کاتی دیاری دەکات بۆ هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی لەلایەن ئەمریکاوە و گەڕانەوەی ئێران بۆ سەرپەرشتیکردنی هاتوچۆی دەریایی لە گەروی هورمز.
دواجار پزیشکان و شارەزایانی خۆراک لەسەر شتێک رێککەوتن و لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە یەکێک لە باشترین خواردنەکان بۆ مرۆڤ، هێلکەیە.
هەموومان گرنگیی میوە و سەوزە لە سیستمی خۆراکی رۆژانەماندا بۆ ژیانێکی تەندروست دەزانین، بەڵام ژەمە خۆراکێکی هاوسەنگ تەنها بەرهەمە فرەجۆرەکان لەخۆناگرێت. ئێستا هەمووان دەزانن کە هێلکە سەرچاوەیەکی باشی پرۆتینە، بەڵام ئایا دەزانیت چی بەسەر جەستەتدا دێت ئەگەر بۆ ماوەی لانیکەم یەک مانگ، هەموو رۆژێک هێلکە بخۆیت؟ ئەنجامەکەی سەرسوڕهێنەر دەبێت.
هێلکە، کە زۆرجار بە "مەڵتی-ڤیتامینی سروشت" ناودەبرێت، خاوەنی پێکهاتەیەکی خۆراکیی سەرسوڕهێنەرە و هاوسەنگییەکی تەواو لە نێوان پرۆتینی کوالیتی بەرز، ڤیتامینە سەرەکییەکان و کانزا گرنگەکان دابین دەکات.
ئاستی وزەت بەرز بکەرەوە
هێلکە سەرچاوەیەکی بێوێنەی پرۆتینی کوالیتی بەرزە، کە پێویستە بۆ بونیادنان و چاککردنەوەی ماسولکەکان. ئەگەر دەتەوێت لە درێژەی رۆژدا هەست بە وزەیەکی زیاتر بکەیت، کردنی هێلکە بە بەشێکی هەمیشەیی لە ژەمەکانت دەبێتە هۆی دابینکردنی ئەو بڕە پرۆتینەی جەستەت پێویستیەتی. ئەو ترشە ئەمینیانەی لە هێلکەدا هەن یارمەتی گەشەی ماسولکە و بەهێزبوون و چاکبوونەوەی دەدەن. ماڵئاوایی لەو بێهێزی و سستییەی ناوەڕاستی رۆژ بکە و پێشوازی لە وزەیەکی بەردەوام بکە لە رێگەی ئەو پرۆتینە دەوڵەمەندەی لە هێلکەدا هەیە.
بەهێزکردنی مێشک
ئایا دەزانیت هێلکە وەک "خۆراکی مێشک" وایە؟ هێلکە دەوڵەمەندە بە "کۆلین" (Choline)، کە ماددەیەکی خۆراکییە و زۆر گرنگە بۆ گەشە و کارکردنی مێشک، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی تواناکانی مێشک بە شێوەیەکی بەرچاو. کۆلین رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە یادگە و فێربووندا، ئەمەش وای کردووە ببێتە ماددەیەکی پێویست بۆ خوێندکاران و هەر کەسێک کە بیەوێت زیرەکی و تیژبینی مێشکی زیاد بکات. کەواتە ئەگەر بەدوای تەرکیزێکی باشتر و یادەوەرییەکی بەهێزتردا دەگەڕێیت، هێلکە بخەرە ناو بەرنامەی رۆژانەتەوە.
کلیلی پێست و قژێکی تەندروستتر
نهێنی پێستێکی گەشاوە، قژێکی پڕ و نەرم، و چاوێکی درەوشاوە بزانە لەڕێگەی سودەکانی هێلکەوە. هێلکە پڕە لە ڤیتامینەکانی وەک بایۆتین (B7)، کە بەناوبانگە بۆ باشترکردنی تەندروستی پێست و قژ، هەروەها لووتین و زیاکسانتین کە بۆ تەندروستی چاو پێویستن. ئەم ماددە خۆراکییە سوودبەخشانە تەنها بۆ رووکەش نین، بەڵکو لە ناوەوە کار دەکەن بۆ خۆراکدان بە جەستەت و زیادکردنی بریقە و جوانییە سروشتییەکەت.
ئایا ئەمەت دەربارەی هێلکە دەزانی؟
ئێمە سەرسوڕهێنەرترین سودی تەندروستی هێلکەمان بۆ کۆتایی هێشتووەتەوە. رەنگە سەرسوڕهێنەرترین زانیاری تەندروستی دەربارەی هێلکە ئەوە بێت کە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی "کۆلین"ـە. کۆلین ماددەیەکی خۆراکی بنەڕەتییە و رۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەگێڕێت لە چەندین ئەرکی جەستەدا، لەوانە گەشەی مێشک، کارکردنی جگەر و میتابۆلیزم (سووتانی خۆراک). ئەم ماددەیە بەتایبەتی لە کاتی دووگیانیی خانماندا گرنگە، چونکە یارمەتی گەشەی مێشکی کۆرپەلە دەدات و رێگری دەکات لە کەموکوڕییەکانی بۆری دەمار (Neural tube defects). سەرەڕای گرنگییەکەی، زۆر کەس لە سیستمی خۆراکیدا پشتگوێی دەخەن. خواردنی هێلکە لە ژەمەکانتدا رێگەیەکی ئاسان و خۆشە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئەم ماددە گرنگە بەدەست دەهێنیت.
عیراق و توركیا رێككەوتن لەسەر بەردەوامی هەناردەكردنی نەوتی عیراق بە نەوتی هەرێمی كوردستانیشەوە و لە ماوەیەكی نزیكدا رێككەوتنی نوێ ئیمزا بكەن.
وەزارەتی دەرەوەی عیراق رایگەیاند، وەفدێكی باڵا كە پێكهاتبوو لە محمەد بەحرعلوم، بریكاری وەزارەتی دەرەوە و نەزیر هنداوی، بریكاری وەزارەتی نەوت و ماجید لەجماوی، باڵیۆزی عیراق لە ئەنقەرە كۆبوونەوەیەكیان لەگەڵ ئەلپئەرسلان بەیرەقدار وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەكانی توركیا ئەنجامدا.
لە كۆبوونەوەكەدا، میكانیزمەكانی بەهێزكردنی هاوكاری دووقۆڵی لە كەرتی وزەدا تاوتوێكران، لەگەڵ گرتنەبەری رێكاری پێویست بۆ بەردەوامی هەناردەكردنی نەوت بە شێوازێك كە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی هەردوو وڵات بكات.
ئاماژەی بەوەشكردووە، تاوتوێی رێككەوتننامەی هێڵی بۆری نەوتی عیراق - توركیا كرا و چەندین خولی دانوستان و كۆبوونەوەی تەكنیكی ئەنجامدران و هەردوولا رێككەوتن لەسەر بەردەوامی و راوێژ.
راشیگەیاند، چاوەڕوان دەكرێت لە قۆناغی داهاتوودا پرۆتۆكۆڵێك ئیمزابكرێت بۆ بەردەوامیی هەناردەكردنی نەوتی عیراق بە نەوتی هەرێمی كوردستانیشەوە و پرۆتۆكۆڵەش دەبێتە هەنگاوێكی گرنگ بۆ ئامادەكردنی رێككەوتننامەیەكی نوێ لە نێوان هەردوولادا، كە ماوەی ئیمزاكردنی ساڵێك تێپەڕ نەكات لە دوای كۆتاییهاتنی رێككەوتنی ئێستا.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی بڵاوکردنەوەی پەرتووکی کار و چاکسازییەکانی خۆیدا بۆ ساڵانی (2019 تا 2025)، تەرازووی پێداچوونەوەی خەرجی و داهاتی حەوت ساڵی رابردووی راگەیاند، کە تێیدا دەرکەوتووە کۆی داهاتەکان نەیانتوانیوە خەرجییە گشتییەکان پڕ بکەنەوە.
بەپێی داتاکانی وەزارەت، کۆی گشتیی داهاتی ناوخۆ (نەوتی و نانەوتی) لەگەڵ تەمویلی حکومەتی فیدراڵی لەو حەوت ساڵەدا 84.8 ترلیۆن دینار بووە، لە بەرانبەردا کۆی خەرجییە کردارییەکان گەیشتووەتە 87.5 ترلیۆن دینار؛ بەوەش 2.7ترلیۆن دینار کورتهێنان تۆمارکراوە. ئەمەش بێجگە لە هەژمارکردنی مووچە نەدراوەکان و شایستەی کۆمپانیا، بەڵێندەران و کەرتی کارەبا کە قەرزن لەسەر حکومەت.
بەپێی داتاکانی کۆتایی تەرازووی پێداچوونەوەی وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ ساڵانی2019 تا 2025، پێکهاتەی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و رێژەی پڕکردنەوەی خەرجییە کردارییەکان بەم شێوەیە رونکرامەتەوە:
_تا پێش راگرتنی هەناردەکردن لە مانگی 3ی 2023، کۆی داهاتی نەوتی گەیشتووەتە 22.5 ترلیۆن دینار، کە دەکاتە 44٪ی کۆی داهاتی ناوخۆ و تەنها 26٪ی کۆی خەرجییە کردارییەکانی حەوت ساڵی رابردووی داپۆشیوە.
_کۆی گشتییەکەی 9.5 ترلیۆن دینار بووە، کە دەکاتە 19٪ی داهاتی نانەوتی و 11٪ی کۆی خەرجییە گشتییەکان.
_بڕی 5.4 ترلیۆن دینار کۆکراوەتەوە، کە 11٪ی داهاتی نانەوتی پێکدەهێنێت و تەنها 6٪ی کۆی خەرجییە کردارییەکانی پڕکردووەتەوە.
_ گەیشتووەتە 13.8 ترلیۆن دینار، بە رێژەی 27٪ لە کۆی داهاتی نانەوتی و 16٪ی کۆی خەرجییەکانی هەرێم.
ئەم داتایانە دەریدەخەن کە کۆی گشتی داهاتەکان بە تێکڕا نەیانتوانیوە هاوسەنگی دارایی بپارێزن و ساڵانە کورتهێنان لە بودجەدا دروستبووە.
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوە کردووە کە کۆی گشتیی داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێم تەنها 59٪ی کۆی گشتیی خەرجییە کردارییەکانی پڕکردووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی کورتهێنانی بەردەوامی ساڵانە.
سەرۆكی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، رێگە بە واشنتۆن نادەن دەستوەردان لە گەروی هورمزدا بكات.
لەگەڵ چاوەڕوانكردنی دەستپێكردنی خولێكی تری دانوستانە تەكنیكییەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆكی پەرلەمانی ئێران، جەختی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی رێگە بە ئەمریكا نادات دەستوەردان لە گەرووی هورمزدا بكات.
راشیگەیاند، تاران لەگەڵ عومان لەسەر میكانیزمێكی دەریاوانی لە هورمز ڕێككەوتووە، ئەوەش بەپشت بەستن بە بەندی پێنجەمی ئەو یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنەی كە لە حوزەیرانی رابردوودا لەگەڵ لایەنی ئەمریكی ئیمزا كراوە. هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد، وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە جێبەجێكردنی ئەو میكانیزمە و راوێژ لەگەڵ وڵاتانی سەر كەناراوەكانی ئاوە هەرێمییەكان دەكات.
لەلایەكی ترەوە، قالیباف رایگەیاند، ئیسرائیلییەكان هەوڵ دەدەن یاداشتی لێكتێگەیشتنی نێوان ئێران و ئەمریكا شكست پێبهێنن.
سەرۆكی پەرلەمانی ئێران جەختی لەوە كردەوە، توانا بەرپەرچدەرەوەكانی ئێران لە ناوچەكەدا رێگری لە دەستپێكردنەوەی جەنگ لەلایەن ئیسرائیلەوە دەكەن.
سوپای پاسدارانی ئێران هاوكات لەگەڵ بەڕێوەچوونی مەراسیمی بەخاكسپاردنی عەلی خامنەیی، هۆشداریی توندی ئاراستەی ئەمریكا و ئیسرائیل كرد و رایگەیاند، كە هێزەكانیان بۆ هەر هەڵەیەك لەوپەڕی ئامادەیی جەنگی دان.
داواش لە ئەمریكا و ئیسرائیل دەكات خۆیان لە هەر جۆرە هەڵەیەك بەدوور بگرن، چونكە بە وەڵامێكی زۆر توندتر و یەكلاكەرەوە وەڵامیان دەدەینەوە.
لە بەشێكی تری راگەیەندراوەكەدا، سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە كرد كە ئەم ئامادەباشییە تەنها نمایشێكی سەربازی نییە، بەڵكو نیشانەی ئیرادەی تارانە بۆ پاراستنی وڵات.
هەروەها جەخت لەوە كرایەوە كە مەراسیمی ناشتنی خامنەیی لە ژێر رێكاری ئەمنیی تونددا بەڕێوە دەچێت و چەندین لێپرسراوەی باڵاش تێیدا بەشدارن.
ئۆباما هێرشێكی توند دەكاتە سەر سیاسەتەكانی ترەمپ بەرامبەر بە ئێران دەڵێت گەڕاوینەتەوە بۆ خاڵی سەرەتا و خراپتریش.
باراك ئۆباما، سەرۆكی پێشوتری ئەمریكا، لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا هێرشێكی توندی كردە سەر سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بەرامبەر بە ئێران و رایگەیاند، پاشەكشەكردنی ئەمریكا لە رێككەوتننامە ئەتۆمییەكە دۆخەكەی خراپتر كردووە.
ئۆباما راشیگەیاند، رێككەوتنێك هەبوو كە تێیدا ئێران رازی ببوو چەكی ئەتۆمی پەرە پێنەدات، هەموو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لەوانەش دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل و دەزگا هەواڵگرییەكانی ئەمریكا، كۆدەنگ بوون لەسەر ئەوەی رێككەوتنەكە كاریگەربوو و ئامانجی خۆی دەپێكا.
سەرۆكی پێشووتری ئەمریكا ئاماژەی بەوەشكرد، كشانەوەی ئیدارەی ترەمپ لەو رێككەوتنە، بووە هۆی ئەوەی ئێران لە پاشاندا توانای ئەتۆمی گەورەتر پەرە پێبدات.
وتیشی: ئەوان چوونە ناو شەڕێكەوە و ملیارەها دۆلاریان خەرج كرد، بارگرانییەكی زۆرمان خستە سەر سوپاكەیان و زۆر كەسیش گیانیان لەدەستدا، ئێستا وەك ئەوە وایە گەڕابینەوە بۆ خاڵی سەرەتا، یان تەنانەت دۆخەكە كەمێك خراپتریش بووە.
کۆمەڵێک یاسادانەری بەریتانی لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئیکس" روبەڕووی شەپۆلێکی بەرفراوانی گاڵتەجاڕی و رەخنە بوونەتەوە و بە "شکستخواردوو" وەسف کراون، دوای ئەوەی داوای قەدەغەکردنی کارتۆنی منداڵانی بەناوبانگی روسی "ماشا و ورچەکە"یان کرد بە پاساوی ئەوەی "پڕوپاگەندەی سیاسی" تێدایە.
رۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی ئاشکرای کردووە کە پڕۆژەیاسایەک لەلایەن پەرلەمانتاری لیبڕاڵ دیموکرات، تۆم گۆردۆن سەرکردایەتی کراوە و لەلایەن زیاتر لە 50 پەرلەمانتاری ئەنجومەنی گشتییەوە ئیمزاکراوە، داوا لە وەزیرەکان دەکەن پەخشی ئەم درامایە رابگرن.
ئەم هەنگاوەش دوای ئەوە هات کە کۆمپانیای "نێتفلێکس" گرێبەستی خۆی بۆ نمایشکردنی وەرزە نوێیەکانی کارتۆنەکە نوێکردەوە. پەرلەمانتارەکان پێیان وایە کە ئەم بەرهەمە "ناوەڕۆکی سەربازیی سۆڤیەتی" تێدایە و بۆ منداڵان گونجاو نییە.
ئەم داواکارییە پەرلەمانییە کاردانەوەی تەنزئامێز و ناڕەزایەتی زۆری لە جیهانی دیجیتاڵیدا لێکەوتەوە، بەو پێیەی بەکارهێنەرانی سەکۆی "ئیکس" ئەم هەنگاوەیان بە منداڵانە و دوور لە جدییەتی سیاسی وەسف کرد.
بەکارهێنەرێک نووسیویەتی ئەم دەستپێشخەرییە "شایەنی بەزەییە" و سەرسامی خۆی لەو بێزاربوونە گەورەیە دەربڕیوە بەرامبەر بە زنجیرەیەکی منداڵان.
چالاکوانان ئەوەشیان بە بیر پەرلەمانتارەکان هێناوەتەوە کە ئەم زنجیرەیە ناوبانگێکی بێوێنەی هەیە و لە رێگەی یوتیوبەوە ملیاران بینەری لەلایەن منداڵانی ئۆکرانیا خۆیانەوە هەیە سەرڕای ململانێ و شەڕی بەردەوام.
داهاتی نانەوتی ئەم هەفتەیەی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و گەرمیان زیاتر لە هەشت ملیار دینار بووە و بەراورد بە هەفتەی رابردوو بەرێژەی زیاتر 17% كەمیكردووە.
ماڵپەڕی شەفافیەت بۆ خستنەڕووی داهاتی نانەوتی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و گەرمیان ئاشكرایكردووە، داهاتی ئەم هەفتەیە، بڕی 8 ملیار و 545 ملیۆن و 223 هەزار ، 255 دینار بووە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، داهاتی ئەم هەفتەیە بەراورد بە هەفتەی رابردوو بە رێژەی زیاتر %17 كەمیكردووە، لەكاتێكدا هەفتەی رابردوو بڕی داهات 10 ملیار دیناری تێپەڕاندووە.
بەپێی ماڵپەڕی شەفافیەت، 88%ی ئەم داهاتە بەشێوەی نەختینەو 12% بەشێوەی چەك بووە.
رۆژنامەی "ستارس ئەند ستڕایپس"ی سەر بە سوپای ئەمریکا رایگەیاند، کەشتیی هێرشبەری بەرمانیی "USS Boxer" کە هێزێکی مارینزی لەسەرە، گەیشتووەتە ئاوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی گەورەترین بڵاوەپێکردنی سەربازیی دەریایی ئەمریکادایە لە ناوچەکە، کە خۆی لە دوو فڕۆکەهەڵگر و زیاتر لە 15 تێکشکێنەر و کەشتیی جەنگیدا دەبینێتەوە.
ئەم بەهێزکردنە سەربازییە هاوکاتە لەگەڵ بەڕێوەچوونی خولێکی نوێی دانوستانەکانی نێوان واشنتۆن و تاران لە قەتەر، لەگەڵ بەردەوامیی گرژییەکان لە گەروی هورمز.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەمریکا لە رێگەی ئەم ستراتیژەوە دەیەوێت لە پاڵ دیپلۆماسیدا هێزی رێگریی سەربازیی خۆی بپارێزێت بۆ هەر ئەگەرێکی تێکچوونی گفتوگۆکان.
ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە، کە لە ئێران بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی بەرفراوانی بەخاکسپاردنی ڕێبەری پێشووی ئێران، عەلی خامنەیی، بەڕێوەدەچێت لە تاران و دواتر شارەکانی قوم و مەشهەد و چەند مەراسیمێک لە عیراقیش دەگرێتەوە.
بە مەبەستی بەشداریكردنی لە رێوڕەسمی ماڵئاوایكردن لە عەلی خامنەیی، سەرۆكی یەكێتی و سەرۆك كۆمار و سەرۆكی هەرێم گەیشتنە تاران.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دوای بە دەستگەیشتنی بە بانگهێشتێكی رەسمی بۆ بەشداریكردن لە رێورەسمی ماڵئاوایكردن لە عەلی خامنەیی رابەری پێشوی ئێران گەیشتە تاران.
هەروەها لەسەر ئاستی عیراق و هەرێمی كوردستان هەریەك لە نزار ئامێدی سەرۆك كۆماری عیراق و هەیبەت حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و نێچیرەڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشداری دەكەن لە مەراسیمی بەخاكسپاردنی عەلی خامنەیی.
رێورەسمی ماڵئاوایكردن لە عەلی خامنەیی لە بەرەبەیانی ئەمرۆوە لە تاران لە گەورەترین مزگەوتی ئەو وڵاتە دەستیپێكردوە بڕیارە ماوەی شەش رۆژ بخایەنێت.
راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاند، نەخشەڕێگایەك بۆ چاكسازی لە كەرتی بانكی لە ماوەی 24 مانگدا دانراوە.
مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عیراق، رایگەیاند، تیمی شارەزایانی نێودەوڵەتی ئامانجیان كۆتاییهێنانە بە گۆشەگیریی بانكەكانی عیراق، ئاماژەی بەوەشكرد، زیادبوونی ژمارەی بانكە كارگوزارە نێودەوڵەتییەكان نیشانەیەكی روونی سەركەوتنی پرۆسەی چاكسازییە.
سەبارەت بە رەوشی پێشووی بانكەكان، راوێژكاری سەرۆك وەزیران روونیكردەوە، سیستمی بانكی عیراق بەدەست پێكهاتە كۆنەكان و كاریگەریی بارودۆخە سیاسییەكانی رابردووەوە ناڵاندوویەتی، ئەمەش بووەتە هۆی شێواندنی و دابڕانی لە جیهان، بۆیە چاكسازی پێویستی بە گۆڕانكارییە بەرەو پابەندبوونی دامەزراوەیی و بنیاتنانی بانكگەلێك كە بەپێی حوكمڕانیی دروست و شەفافییەت كاربكەن.
مەزهەر محەمەد ساڵح ئاشكرایكرد، عیراق لە ئێستادا لە رێگەی هاوكاری لەگەڵ كۆمپانیاكانی وردبینی جیهانی، كار لەسەر جێبەجێكردنی نەخشەڕێگایەك دەكات بۆ چاكسازی لە كەرتی بانكی، ئاماژەی بەوەشكرد، لە ماوەی 24 مانگی داهاتوودا گۆڕانكارییەكی گەورە لە پێكهاتەی ئەو كەرتەدا روودەدات، بە شێوەیەك كە ژمارەی بانكەكان كەمدەبێتەوە لە بەرامبەر زیادبوونی سەرمایەكانیان و فراوانبوونی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ بانكە جیهانییەكاندا.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئیسماعیل بەقایی رایگەیاند، رێوڕەسمی ماڵئاوایی و بەخاکسپاردنی تەرمی رێبەری پێشووی ئێران، عەلی خامنەیی، روداوێکی مێژووییە بۆ گەلی ئێران، موسڵمانان و تەواوی ئازادیخوازانی جیهان.
بەقایی لە لێدوانێکی میدیاییدا، رونکردنەوەی دا کە رێوڕەسمی سەرەخۆشیکردنەکە سەعات 8ی بەیانی دەستپێدەکات، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییەکان و وەفدە میللییەکان، و بڕیارە تا کاتژمێر 12ی نیوەڕۆ بەردەوام بێت.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە بەرپرسانی باڵای وڵاتانی جیاواز و کەسایەتییە سیاسییەکان بەشداری لە ڕێوڕەسمەکەدا دەکەن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند کە ماوەی چوار مانگە سەرکردایەتی هەوڵەکانی داماڵینی چەکی ئەتۆمیی ئێران دەکات، و جەختیشی کردەوە کە تاران رەزامەندی لەسەر هەموو ئەو شتانە نیشانداوە کە ئێمە دەمانەوێت، ئەمەش دوای کۆتاییهاتنی گفتوگۆ تەکنیکییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران کە لە دوو رۆژی رابردوودا لە دەوحە بەڕێوەچوون.
ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی CNBC وتی کە ئەوەی لەگەڵ ئێران رویدا کەمپینێک بوو بۆ داماڵینی چەکی ئەتۆمییەکەی، نەک شەڕ بە مانایەکی نەریتی.
هەروەها رونی کردەوە کە ئێران ئەو پارە بلۆککراوانەی هەیەتی بۆ کڕینی گەنمەشامی، گەنم و کاڵاکانی دیکە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەکاردەهێنێت.
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: گۆشەگیریی ئەمریکا لەسەر گەروی هورمز پێشێل نەکراوە، و وتیشی: لە ماوەی گۆشەگیرییە دەریاییەکەدا، تەنانەت یەک کەشتیش نەیتوانیوە بگاتە بەندەرەکانی ئێران.
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە هاتن کە ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خولێکی نوێی گفتوگۆی ناڕاستەوخۆیان لە دەوحە کۆتایی پێهێنا، وەک ئەوەی نێوەندگیرەکان رۆژی پێنجشەممە رایانگەیاند، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی دوای هێرشە بەرامبەرەکانی نێوان هەردوولا.