بافڵ تاڵەبانی ھاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی شەرقییە نیوز رایگەیاند، وەک یەکێتی بڕوامان بە چەپکە گوڵەکەی مام جەلالە و ئێمە خوازیارین ھەموان لە یەکڕیزدا کۆببنەوە ورێککەونتێکی رەسمیمان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕانە ھەیە و ئامادەین رێککەوتن لەگەڵ ھەر لایەنێک بکەین لەگەڵ کارنامەی یەکێتی کۆک بێت.
راشیگەیاند، یەکێتی دوای نەخۆشکەوتنی سەرۆک مام جەلال تووشی کێشەی زۆر بوو، کەسایەتییەکی تری وەک سەرۆک مام جەلال دەرناکەوێتەوە، بەڵام لە ئێستادا من و من و لاھور شێخ جەنگی یەکتر تەواو دەکەین و دۆسیەکانمان دابەش نەکردوە و پێکەوە کارەکان رادەپەڕێنین.
وتیشی، بڕوامان بە عێراق و گەلی عێراق ھەیە و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بۆ عێراق بەرنامەی خۆی ھەیە و یەکێتی بۆ بەغداد و عێراق پێویستە و لەو بروایەداین کە ئەم ھەڵبژاردنە دوور دەبێت لە دەستوەردان ودۆسیەی ھەڵبژاردن دەبێت لە دەستماندا بێت
ئاشکراشیکرد، پەیوەندیان لەگەڵ ئێران دێرینە و زۆرینەی ھێزە سیاسییەکانی عێراقیش ئەو پەیوەندییەیان ھەیە.
لەبارەی پۆستەکانی عێراقەوە رایگەیاند، دەبێت سەرۆکایەتی کۆمار بۆ کورد و یەکێتی نیشتیمانی بمێنێتەوە لەو بروایەداین پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ شیعە و سەرۆکی پەرلەمان بۆ سوننەیە.
وتیشی، لە بروایەداین دکتۆر بەرھەم دەتوانێت لەم رەوشە سەختەدا خزمەتی وڵات بکات و ئێمە پشتیوانی لە دکتۆر بەرھەم بۆ خولێکی تری سەرۆکایەتی عێراق دەکەین.
کەسوکاری سزادراوان و دەستگیرکراوانی بادینان بە کوردسات نیوزیان راگەیاند، پەیوەندییان پێوە کراوە کە سبەینێ سەردانی ئاسایشی گشتی ھەولێر بکەن بە مەبەستی بینینەوەی پێنج سزادراوەکەی بادینان و دەستگیرکراوانی تری بادینان کە ژمارەیان نزیکەی ٧٠ دەستگیرکراو دەبێت.
بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، دوێنێ "رێواز فایەق" سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و ژمارەیەک ئەندامی پەرلەمان سەردانی سزادراو و دەستگیرکراوانی بادینانیان کردووە و داواشیان لە ئاسایشی گشتی ھەولێر کردووە رێگە بدەن رۆژنامەنوس و چالاکوانە دەستگیرکراوەکان کەسوکاریان ببیننەوە.
ھاوکات، بەشدار حەسەن ئەندامی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی بادینان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ھەفتەی رابردوو دۆسیەی پێنج سزادراوەکەی بادینان بەمەبەستی راستکردنەوە و کۆتا بڕیاری دادگا ئاراستەی دادگای پێداچوونەوەی ھەرێم کراوەتەوە، پارێزەرانیش داوایان کردووە لیژنەی باڵا پێداچوونەوە بە دۆسیەکەدا بکات.
بە پێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستی، لە ماوەی ٢٤ سەعاتی ڕابردوو لە ھەرێمی کوردستان ٢٣٩ کەسی تر تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و شەش تووشبووی تری کۆرۆنا گیانیان لە دەستدا و ٦١٦ تووشبووی تری ڤایرۆسەکەش چاکبوونەتەوە.
وەزیری تەندروستی ھەرێم و ئەنجومەنی وەزارەت و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی سەر بە وەزارەتی تەندروستی لە شاری سلێمانی کۆبونەوە و دواتر "د. سامان بەرزنجی" وەزیری تەندروستی ھەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە کۆبونەوەکەدا ٢٢ ھەمین راپۆرتی ئەمساڵی ڤایرۆسی کۆرۆنایان تاوتوێ کردووە و بڕیاری نوێ لەوبارەیەوە دەردەکەن.
وتیشی، لە ئێستادا لیژنەیەک پێداچوونەوە بە میلاکی وەزارەتدا دەکات و بۆ باشترکردنی کەرتی تەندروستی لە ھەرێمی کوردستان، ڕەشنوسی چەند پرۆژەیاسایەکی تەندروستی ئامادەکراوە و ژمارەیەکی تریش کاری لەسەر دەکرێت.
حەرب لەمیانی لێدوانێکی تایبەتدا لەگەڵ PUKmedia رای گەیاند: بافڵ تاڵەبانی لەزۆربەی سیاستمەدارەکانی تر نیشتمانپەوەرترەو بڕوای بەھەمووان ھەیەو بانگەواز بۆ ھەمووان دەکات، پەیوەندییەکانی لەبەغدا لەسەر حسابی ھیچ لایەنێک نییە، ئاماژی بەوەشدا کە نموونەی وەک ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەنێو کەسایەتییە سیاسییەکاندا کەمە.
روونیشی کردەوە، سەردانەکەی ھاوسەرۆک بۆ بەغدا پێشوازی گەرمی لەلایەن سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و پێکھاتەکانی عیراقەوە لێکرا، ئاماژەشیدا کە ھاوسەرۆک لەسەر ھەمان رێبازی باوکی کۆچکردووی، سەرۆکی نەتەوە، مام جەلال، بیروباوەڕو روانبینین و ئاواتی بۆ ھەموو عیراقەو گەلی عیراق بەناوەڕاست و باشوورەوە ئەویان لەلا پەسەندەو پێشوازی لەبیروباوەڕەکانی دەکەن و پێشەوایە،ھەروەھا بافڵ تاڵەبانی نموونەی سەرۆک مام جەلالە لەیەکخستنی ھەموو لایەنەکان و خزمەتکردن بە سەرجەم رەنگەکان.
بزوتنەوەی تاڵیبان رایگەیاند، بەپێی ئەو رێککەوتنەی کە لە ساڵی ٢٠٢٠ لە گەڵ ئەمریکا ئیمزا کراوە، کشانەوەی ھێزەکانی تورکیا لە چوارچێوەی ئەرکە سەربازییەکانیان لە ھاوپەیمانی ناتۆ لە ئەفغانستان ناچاری دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکردوە، بەپێی ئەو رێککەوتنە بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە ئەفغانستان، ئەمریکا بەرپرسیارێتی کشانەوەی سەرجەم ھێزە بیانییەکان لەو وڵاتە لە ئەستۆ دەگرێت.
راگەیەنراوەکەی بزوتنەوەی تاڵیبان لە کاتێکدایە، ئەنقەرە پلانی ھەیە دوای کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان، ھێزەکانی لەو وڵاتە ئەرکی پاراستنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کابوڵ لە ئەستۆ بگرێت.
دۆناڵد ترامپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە نامەیەکدا بۆ جۆ بایدن لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا، کە بڕیارە ئەم ھەفتەیە لە سویسرا بەڕێوەبچێت، دەڵێت، پێویست بە ترس و شپرزەی ناکات.
ترامپ لە نامەکەیدا بۆ بایدن، ھیوای خواستووە بایدن کۆبوونەوەیەکی باش لەگەڵ سەرۆکی روسیا ئەنجامبدات و خەو نەیباتەوە و سڵاوی گەرمی ترامپیش بگەیەنێتە ڤلادیمیر پوتن.
بەپێی میدیاکانی باکوری کوردستان، لە چوارچێوەی گەڕان و پشکنینی ماڵان لەلایەن پۆلیس و ھێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە لە ناوچەی شەمزینانی سەر بە جۆلەمێرگ چوار سیاسەتمەداری ژن دەستگیرکراون.
بەپێی زانیارییەکان، ھاوسەرۆکی پێشوی ھەدەپەی جۆلەمێرگ و ھاوسەرۆکی ناوچەی ناوەندی و بەڕێوەبەری ئەنجومەنی ژنانی جۆلەمێرگ و ھاوسەرۆکی ناوچەی شەمزینانی ھەدەپە دەستگیرکراون و دواتر رەوانەی بنکەی ئاسایش کراون و تائێستاش ھێزە ئەمنییەکانی تورکیا ھۆکاری دەستگیرکردنەکەیان ئاشکرا نەکردوە.
دەستەی دەستپاکی ھەرێم رایگەیاند، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازییەکانی حکومەتی ھەرێم، ھەموو وەزارەتەکان راسپێردراون لە رێگەی لیژنەیەکی تایبەتەوە وردبینی لە دۆسیەی فەرمانبەران بکەن و لە ئێستاشدا پرۆسەی وردبینیکردن لە وەزارەتەکان بەردەوامە، ھەر فەرمانبەرێک بە نایاسایی پلەی بەرز کرابێتەوە، پلەکەی لێوەردەگیرێتەوە.
بەپێی راگەیەنراوەکەی دەستەی دەستپاکی، ھەر کاتێک وردبینیکردن لە دۆسیەی فەرمانبەران تەواو کرا، لیژنەی باڵای چاکسازی بڕیار لەسەر پلە نایاساییەکان دەدات.
میدیا رەسمییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە، کەشتییەکی جەنگی لەگەڵ کەشتییەکی پشتیوانی ئێرانی بۆ ئەرکێکی دەگمەن لە دووری وڵات، بەرەو زەریای ئەتڵەسی بەڕێکەوتن، سوپای پاسادارانیش گەشتەکەی بە دورودرێژترین گەشتی ھێزی دەریایی وەسفکرد، بەبێ ئەوەی ئامانجەکەی ئاشکرا بکات.
ئاژانسی ھەواڵی ئەسۆشیەیتد پرێسیش ئاشکرایکردووە، شوێنی لەنگەرگرتنی کەشتییەکە کەناراوەکانی نزیک فەنزوێلا دەبێت، پەنتاگۆنیش رەوانەکردنی ئەو کەشتیانە بە ھەڕەشە بۆ سەر ھاوپەیمانەکانی ئەمریکا ناوبردووە و ئاشکرای کردووە ئەو کەشتییە چەکی گواستۆتەوە بۆ فەنزوێلا.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە رۆژی پێنچ شەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ھەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکانی لەسەر سێ بەرپرسی پێشوو و دوو کۆمپانیای ئێران راگەیاند، ئەوەش بەھۆی ئەنجامی گۆڕانکاری لە مامەڵە و رەفتاری ئەو لایەنانە.
ئۆرلیک شانون باڵێوزی کەنەدا لە عێراق سەردانی پارێزگای ھەڵەبجەی کرد و لەگەڵ پارێزگار و قایمقامی شارەکە کۆبووەوە.
ھەر لەو سەردانەدا بۆ پارێزگای ھەڵەبجە، باڵیۆزی کەندا لە عێراق لەبارەی لەشکرکێشی و ھێرشەکانی تورکیا بۆ ھەرێمی کوردستان ھەڵوێستی وڵاتەکەی رایگەیاند و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، لەگەڵ حکومەتی عێرق دژی ھەر مەترسییەک دەوەستن کە لەسەر سەروەری عێراق ھەبێت.
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ژمارەیەکی زۆری رێکخراوی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی چاودێری پرۆسەی ھەڵبژاردنی عێراق دەکەن، بەڵام بەپێی یاسای کۆمسیۆن ئەو رێکخراوانە و نوێنەری حزبەکان تەنھا چاودێری پرۆسەکە دەکەن، نابێت سکاڵا لەسەر ئەنجاکی ھەڵبژاردن پێشکەش بکەن.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە، بەپێی یاسای کۆمسیۆن رێکخراوەکان راپۆرت لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەچونی پرۆسەکە ئامادە دەکەن، ھیچ رێکخرا و لایەنێکیش بۆی نییە دەستوەردان لە پرۆسەکەدا بکات.