شەریف ڕەحیم جێگری تەندروستی چەمچەماڵ، ڕایگەیاند، سەعات١٠ی ئەمشەو بەھۆی ڕووداوێکی تەقە کردنەوە لەسەنتەری قەزای چەمچەماڵ، کەسێک گیانی لەدەستدا.
وتیشی، پاشگەیاندنی تەرمەکەی بۆ نەخۆشخانەی شەھید پێشڕەو گرتنبەری ڕێکارە یاساییەکان، تەرمەکەی ڕەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کراوە.
کازمی، بە بۆنەی جەژنی ڕەمەزان و تێپەڕبوونی یەک ساڵ بەسەر پێکھێنانی حکومەتەکەی، وتارێکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند، ئەرکی سەرەکییان بریتییە لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کە بگونجێت لەگەڵ ئیرادەی گەل، ڕۆژی ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵیش وەک دوا وادە بۆ پڕۆسەکە دیاریکراوە و ھەموو ھەوڵ و تواناکانیان لەو پێناوەدا خستووەتە گەڕ.
جەختیشی کردەوە، لەسەر ئەو بەڵێنەی بە گەلەکەی داوە سورە و بەشداری ھەڵبژاردن ناکات و پشتیوانی ھیچ ھێزو لایەنێکیش ناکات.
وتیشی، حکومەتەکەی لە ڕەوشێکی سەخت و قەیرانی داراییدا لە دایکبووە و لە ماوەی یەک ساڵدا دەستکەوتی باشی ھەبووە، لەوانەش کۆنترۆڵی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کڕینی چەندین جۆر ڤاکسین. ڕەتیشیکردەوە، عێراق ببێتە گۆڕەپانی ململانێی ھەرێمی و نێودەوڵەتی.
لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەھۆی ڕەتکردنەوەی لەلایەن ھاوڵاتیانەوە، بڕیاردراوە بە ڕاگرتنی بڕیاری قەدەغەی ھاتوچۆی سەرتاسەری کە بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق ڕاگەیەندرابوو.
بریاریش دراوە کار بە بریاری قەدەغەی ھاتوچۆی سنوردار بکرێت کە لە ٩ی شەو تا ٥ی بەیانی دەبێت، بەڵام بڕیاری داخستنی دوکان و چێشتخانە و قاوەخانەکان تەواوی ڕۆژانی جەژن بەردەوام دەبێت و ڕێگە بە گەشتی بە کۆمەڵ لە نێوان پارێزگاکان نادرێت.
پێش بڕیارەکەی لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانی، ژمارەیەک لە حکومەتی خۆجێی پارێزگاکان بڕیاریاندا پابەند نەبن بە بڕیاری قەدەغەی ھاتوچۆی گشتگیر و بڕیاری قەدەغەی ھاتوچۆی سنوردار پەیرەو بکەن.
ئەوەش دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی چوارشەممە نوسینگەی ئایەتوڵا عەلی سستانی مەرجەعی باڵای شیعەکان ڕایگەیاند بەھۆی ئەوەی نەتوانراوە بە چاو مانگ ببینرێت، ڕۆژی پێنجشەممە تەواوکەری مانگی ڕەمەزانە و ڕۆژی ھەینی لای شوێنکەوتووانی مەرجی باڵای شیعەکان، یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانە.
دوای ئەوەی شەوی پێنجشەممە سوپای ئیسڕائیل ڕایگەیاند کە ھێرشی زەمینی لە غەززە دەستپێکردووە، دوای دوو سەعات لە بڵاوکردنەوەی ئەو ھەواڵە وتەبێژی سوپای ئیسڕائیل ڕەتیکردەوە ھێزی زەمینی ڕەوانەی غەززە کردبێت و ھۆکاری بڵاوکردنەوەی ئەو ھەواڵەشی بۆ گرفتێک لە پەیوەندی ناوخۆدا گەڕاندەوە.
لە لایەکی تریشەوە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوایکرد وەک ڕێزێک بۆ جەژن، بە زووترین کات ئاگربەست ڕابگەیەندرێت و توندوتیژییەکان لە نێوان غەززە و ئیسڕائیل ڕابگیرێت بۆ ئەوەی چیتر مەدەنیەکان نەبنە قوربانیی. لە بەردەوامیی ئالۆزییەکانی نێوان ئیسڕائیل و فەلەستیندا، بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشھاتەکان ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆببێتەوە.
"قوباد تاڵەبانی" جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و وەفدێکی ھەرێم، بە مەبەستی کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونی ئەرمینیا لە کەرتە جۆربەجۆرەکانی "تەکنەلۆژیای زانیاری (ئای تی) و خوێندنی پیشەیی و پەرەپێدانی توانای گەنجان" سەردانی ئەو وڵاتە دەکات.
بڕیارە زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ گەورە لێپرسراوانی ئەرمینیا ئەنجام بدات، لە ھەمان کاتدا سەردانی چەند سەنتەرێکی ئەکادیمی و پیشەیی ئەو وڵاتە دەکات.
سەرچاوەیەک بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند کە ئەو ٦٥ کەسەی لە پڕۆژەی ئاوی سلێمانی- دوکان ھێڵی دوو، کاردەکەن و ماوەیەک بەر لە ئێستا لە بەرامبەر دامەزراندنیان بە گرێبەستێکی ڕەسمی لەسەر میلاکی وەزارەتی شارەوانی چەند جارێک مانیان گرت لە کارکردن، پاش ئەوەی ناڕەزایەتییەکەیان گەیاندە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بە فەرمانێک ڕەزامەندیدا لەسەر دامەزراندنیان بە گرێبەستی ڕەسمی.
بە پێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستی ھەرێم، لە ماوەی ٢٤ سەعاتی ڕابردوو لە ھەرێمی کوردستان ٣٥٣ کەسی تر تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و ٧ تووشبووی تری کۆرۆنا گیانیان لە دەستدا و ١٠١٤ تووشبووی تری ڤایرۆسەکە چاکبوونەتەوە.
پارێزگاری ھەولێر لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆییەک، کە تێیدا خێزانێکی شاری ھەولێر، لەلایەن چەند کەسێکەوە لەوڵاتی تورکیا و لەنێوان ھەردوو شاری مێرسین و ئەدەنا بەشێوەیەکی زۆر نامرۆڤانە ھێرشیان دەکرێتەسەر و لێیان دەدرێت، پەیوەندی بەو خێزانە و کەس و کاریانکردوە و دڵنیایکردنەوە لەگەڵ لایەنە رەسمییەکان لەسەر ھێڵدەبێت بۆ دەستگیرکردنی تاونباران و بەسزاگەیاندنیان .
راشیگەیاندوە، کردەوەی لەوجۆرە بەرامبەر بەھاوشاریانی خۆیان قبوڵناکەن و بەتوندی سەرکۆنەی دەکەن و داوایان لە بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و کونسوڵی گشتیی وڵاتی تورکیا لەھەولێر کرد بەزووترین کاتدا پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ئەو بابەتە بکرێتەوە و لەڕێگەی یاساوە ھۆکاری ئەو پەلاماردان و ھێرشکردنە نامرۆڤانەیە بۆ سەر ئەو خێزانە یەکلابکرێتەوە و پەلاماردەر و تاوانباران بەسزای توندی یاسایی خۆیان بگەێنن.
وتیشی، دوای گەیاندنی ناڕەزاییەکان سێ کەس لە پەلاماردەرەکان دەستگیرکراون.
بەڕێوەبەرایەتی کارەبایی گەرمیان بڵاوی کردەوە، لە ١٢ی ئەم مانگەوە بەرھەمھێنانی کارەبا لە وێستگەی کارەبای (١٦٥) مێگاواتی گەرمیان دەستپێکردووە لە ئێستاشدا بڕی بەرھەمھێنانی کارەبا لە وێستگەکە گەیشتووەتە ٤٠ مێگاوات.
بە پێی ئەو بەرنامەیەی بۆ وێستگەکە دانراوە ڕۆژانە بڕی بەرھەمھێنانی کارەبا ١٠ مێگاوات زیاد دەکات و بڕیارە تاوەکو کۆتایی مانگی شەش بڕی بەرھەمھێنانی بگاتە (١٦٥) مێگاوات.
پڕۆژەی وێستگەکە لەلایەن کۆمپانیای ئەگریکۆی بەریتانییەوە جێبەجێدەکرێت و بۆ کارپێکردنی سوود لە غازی کێلگە نەوتییەکانی حەسیرە لە سەرقەڵا وەردەگیرێت.
"بەرزان محەمەد" بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، بەھۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و جێبەجێکردنی قەدەغەی ھاتووچۆ لە نێوان شارەکانی ھەرێم و پارێزگاکانی عێراق ڕێژەی گەشتیاری کەمیکردووە.
بە پێی ئامارەکان بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو ٩٠٪ ھاتنی گەشتیاران بۆ ناوچە گەشتیارییەکانی سۆران کەمیکردووە، ئەو گەشتیارانەشی لە سەیرانگاکان دەبینرێن، بەشێکی زۆری ھاووڵاتی عەرەبن، بەڵام ئەوانە نیشتەجێی ھەرێمی کوردستانن و لە ناوچەکانی خوارووی عێراق نەھاتوون.
رێکخراوی روونبین بۆ شەفافیەت لەپرۆسەکانی نەوت رایگەیاند، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێم پێشنیازی بۆ کۆمپانیا نەوتییەکان کردووە، لە مانگی ئاداری ٢٠٢١ ەوە دانەوەی شایستە دواخراوەکانیان بەپێی میکانیزمێکی نوێ دەبێت و گۆڕانکاری بەسەر ئەو میکانیزمەدا ھاتووە کە لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ بەکۆمپانیاکانی نەوت راگەیەنراوە.
بەپێی میکانیزمە نوێکە کاتێک نرخی نەوت لەسەروو ٥٠ دۆلارەوە بێت کۆمپانیاکان رێژەی ٢٠% ئەو زیادەیە لە بری شایستە دواخراوەکانیان وەردەگرنەوە. بەپێی میکانیزمی پێشووش ئەوڕێژەیە ٥٠% بوو.
ھەروەھا لە رۆژی پێشکەشکردنی شایستەکانەوە لەلایەن کۆمپانیاکان بۆ حکومەت دوای ٦٠ رۆژ کۆمپانیا نەوتییەکان شایستەکانیان وەردەگرن، کە پێشتر ئەوماوەیە ٣٠ رۆژ بوو.
ھەر بەپێی میکانیزمە نوێیەکە، پێشتر کۆمپانیا نەوتییەکان ئەگەر پارەیەکیان لەلای حکومەت بووایە دەیانخستە بەر قەرزەکانیان، بەڵام ئێستا ئەوە رادەگیرێت.
ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی ھەرێم رایگەیاند، لەکاتی کردنەوەی دەرگای خوێندنگاکان، رێکارەکانی خۆپارێزی بە تەواوی پەیڕەو دەکرێن و لەکاتی بوونی نیشانەی کۆرۆناش لە ھەر خوێندکارێکدا، پشکنین بۆ تەواوی ھاوپۆلەکانی دەکرێت.
وەزیری پەروەردە داواشی لە کەسوکاری خوێندکاران کرد، لەکاتی ھەستکردن بە بوونی نیشانەکانی کۆرۆنا منداڵەکانیان نەنێرنەوە بۆ خوێندنگا و ئیدارەی خوێندنگاکانیان ئاگادار بکەنەوە.
لە ھەردوو کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ (١٦ ئایاری ٢٠٢١) بەڕێوەچوون، تاوتوێی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئەرمینیا کرا. ھەروەھا بڕیاردرا تیمی ھاوبەش لەنێوان ھەرێمی کوردستان و وڵاتی ئەرمینیا دروست بکرێت بە مەبەستی گواستنەوەی ئەزمونی ئەرمینیا لەڕووی بە ئەلکترۆنیکردنی حکومەت و پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای زانیاری.
لەتەوەرێکی تری قسەکاندا، باسی پێکەوەبەستنی زانکۆ پۆلی تەکنیکییەکانی کوردستان و ئەرمینیا کرا بەمەبەستی ئەنجامدانی کاری ھاوبەشی زانستی.
لە درێژەی سەردانەکەیدا بۆ ئەرمینیا، ھەر ئەمڕۆ جێگری سەرۆک وەزیران و شاندی یاوەری لەگەڵ شاندێکی یەکێتی کۆمپانیا پێشکەوتووەکانی بواری تەکنەلۆژیای زانیارییەکانی ئەرمینیا کۆبووەوە، پاش گفتوگۆی چڕ رێککەوتنێکی سەرەتایی کرا بۆ ئەوەی کۆمپانیاکانی ئەرمینیا بێنە ھەرێمی کوردستان و لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی بەرفراواندا منداڵ و نەوجەوانانی تەمەن ١٠_١٨ ساڵان فێری ئای تی و تەکنەلۆژیای زانیاری بکەن کە ئەمە پرۆگرامێکی تایبەتی کۆماری ئەرمینیایە.
سەردانەکەی قوباد تاڵەبانی بۆ کۆماری ئەرمینیا لەسەر بانگھێشتی فەرمی حکومەتی ئەرمینیایە و سێ رۆژ دەخایەنێت. لەم سەردانەدا ھەر یەکە لە دارا رەشید وەزیری پلاندان و ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران یاوەری جێگری سەرۆک وەزیرانن.