تێگەیشتنی دیموکراسی و تێگەیشتنی ئەمنی بۆ چارەسەری کێشەکان تەواو ناکۆکن. لەتێگەیشتنی دیموکراسیدا ھەمووان رەخنەدەگرن، ھەمووانیش دەنگ بەرزدەکەنەوە. خۆپێشاندان و ھاوارھاوارو تەنانەت ھەندێجار زێدەڕۆییش ھەیە. سەرەنجام سەرنج و رەخنەو ھاوارھاواری شەقام روو لەپەرلەمان دەکات و لەوێ رێچکەی چارەسەر رێگای خۆی دەدۆزێتەوە. بۆیە ئەوەی بیەوێت حوکمڕانی بکات دەبێ چاوەڕێی رەخنەو تەنانەت جنێودانیش بکات. لەتێگەیشتن و عەقلیەتی ئەمنیشدا، ھەوڵی بێدەنگکردنی شەقام دەدرێت، چونکە چارەسەرکردنی کێشەو رەخنەکان، لەبێدەنگکردنی خەڵکدا دەبینرێت.
ئێستا ئاراستەیەک ھەیە دەیەوێت حکومڕانی ھەرێم بەرەو عەقلیەتی ئەمنی ببات. بۆلوانی ئەو ئاراستەیە، تەنھا پەیوەندی بەخواستێکی شەخسی یان حزبییەوە نییە، بەڵکوبەشێکی پەیوەندی بەبێدەنگی و خۆکڕکردنی گروپ و لایەنە سیاسیەکانەوە ھەیە! ناکرێت مەترسی سەر ئازادی رادەربڕین و گرتنی خەڵک لەسەر خۆپێشاندان کە پرسێکی چارەنوسسازە، لەدەرکردنی بەیاننامەیەکی ناڕەزایی یان لێدوانێکی رۆژنامەوانی کورتبکرێتەوە، چونکە ئەمانە ھیچ لەواقع ناگۆڕن، بەڵکو پێویستی بەھەنگاوی کردارەکی و جددی ھەیە.
تائێستا جگە لەبەیاننامە، شتێکی ئەوتۆ لەلایەنە سیاسییەکانی کوردستان نەبینراوە. تاکە بەیاننامەیەکیش روون بوبێت، بەیاننامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی بووە، ئەوانی دیکە یان لەڕێی لێدوانی رۆژنامەوانیی یاخود لەڕێی فراکسیۆنەکانیان لە پەرلەمانەوە بووە! بەڵام بەیاننامە دەرەقەت ئەم دۆخە نایەت، پێویست دەکات خاڵ بخرێتە سەر پیت، ھەنگاوی عەمەلی رابگەینرێت.
ھەنگاوی عەمەلی ئەوەیە ئەوانەی لە حکومەتن لەوێوە فشار بکەن، چونکە ئەو رەخنەو گازندانەی لەلایەن وڵاتان و رێکخراوەکان کە لەحکومەتی ھەرێم دەکرێت بەشێکی بەر ئەو لایەنانە دەکەوێت کەبەشدارن لەم کابینەیە! ھاوکات دەکرێت لەنێو پەرلەمان فشار بکرێت، لانیکەم بخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمان" ھەرچەند پەرلەمانێکی داماوە". ھەروەک دەکرێت لایەنە سیاسییەکان لەڕێی سازکردنی خۆپێشاندانی جەماوەریی فشار بکەن. چونکە داکۆکیکردن لەگیراوانی بادینان تەنھا داکۆکیکردن نییە لەو پێنج کەسەی سزادراون، بەڵکو داکۆکیکردنە لە پرسێکی چارەنوسسازو گرێدراو بەھەموو خەڵکی کوردستان.
لەم ماوەیە ھەوڵدراوە ھەواڵ و رووداوی جیاجیا دروستبکرێت، تەنانەت ململانێی راگەیاندن قوڵتربکرێتەوە، ھەموو ئەمانە لەپێناو بەلاڕێدابردنی پرسی گیراوانی بادینان و بیربردنەوەی ئەم پرسە بووە، بێخەبەر لەوەی ئەم پرسە تەنھا گرێدراوی دۆخی ناوخۆی ھەرێم نییە، بەڵکو رەھەندی نێودەوڵەتیی ھەیە. وڵاتانی وەک ئەمریکاو بریتانیاو ئەوروپا بەھاسانی لەم پرسە بێدەنگ نابن. ئەوەی زانراوە لەپشتی پەردە ھەوڵی زۆردراوە ئەو وڵاتانە رازی بکرێن بەچارەسەری جیاواز، بەڵام پێدەچێت سودی نەبوبێت، ئەوان سورن لەسەر ئازادکردنی بێ مەرجی گیراوان، تەنانەت لێبوردنی تایبەتیش! بەڵام رازی نەبوون، بەوپێیەی تاوانبار نین. بڕیاریشە ئەمڕۆ سبەی، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بەیاننامەیەکی توند لەسەر حکومەتی ھەرێم دەربکات! بەڵام بەیاننامەی ئەوان تەنھا چەند دێڕێک و رەخنەو دروشم نییە، بەڵکو پەیامێکە حوکمڕانانی ھەرێم باشتر لێی تێدەگەن.
وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە نرخی کەرەستەی بیناسازی بە ھۆی دەستپێکردنی وەرزی کارکردنەوە و بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرز بۆتەوە بەجۆرێک نرخی یەک تۆن شیش گەیشتۆتە یەک ملیۆن و ١٧٩ ھەزار دینار ، نرخی ھەزار خشت بەڕێژەی ١٦٪ بەرزبۆتەوە لە ١٤٠ ھەزار دینارەوە گەیشتووەتە ١٦٢ ھەزار دینار، ھەروەھا نرخی یەک تۆن چیمەنتۆی ئاسایی لە ٩٠ ھەزار دینارەوە بەرزبۆتەوە بۆ ١٠٣ ھەزار دینارئەوەش بەڕێژەی ١٤٪ زیادیکردووە .
وەزارەتی پلاندانان لەمانگی نیساندا چاودێری نرخی ٦٤ کەرەستەی بیناسازی کردوەو بەراوردی کردوە بە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ کە تیایدا بەھای دۆلار بەرزکرایەوە، لە ئەنجامدا دەرکەوتووە کە نرخی ئەو کەرەستانە بەڕێژەی جیاواز بەرز بۆتەوە لە نێوان ١٥ بۆ ٢٠ ٪ دایە ئەوەش بە ھۆی بەرزبوونەوەی نرخی کەرەستەی بیناسازی ناوخۆیی و ھاوردەکراو لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق و دەستپێکردنەوەی پڕۆژەکان و وەرزی کارکردنەوەیە .
لە سلێمانی رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی چیای ئەزمڕ و گۆیژە لەئەگەری سوتان و زیان گەیاندن بە ژینگەو سروشتی ناوچەکە دەگیرتەبەر و قائیمقامی شارەکەش دەڵێت ھەر کەسێک پابەند نەبێت رووبەرووی سزای یاسایی دەکرێتەوە.
لە دیوانی قائیمقامیەتی سلێمانی بە ئامانجی پاراستنی چیای ئەزمڕ و گۆیژە لەئەگەری سوتان و زیان گەیاندن بە ژینگەو سروشتی ناوچەکە، ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ بەڕێوەبەری فەرمانگە ئەمنی و خزمەتگوزارییەکانی سلێمانی کۆبوەوە و رایگەیاند: بەھەوڵی دامەزراوەکانی حکومەت و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت و رێکخراوەکان لە سلێمانی لە ماوەی چەند مانگی رابروودا، رووبەرووی ٨٠٠ دۆنم زەوی سەوز کراوە و نزیکەی ١٠٠ ھەزار نەمام لە چیاکە رووێنراوە ئەمە جگە لەو ھەزاران دارەی کە خۆی لە چیاکەدا ھەیە، لە کۆبوونەوەکەدا .
دوای ھەڵسەنگاندن و تاوتوێکرنی بژاردەکان بۆ پاراستنی چیاکە بڕیاری جێبەجێ کردنی ئەم خاڵانە درا و قائیمقامی سلێمانیش رایگەیاند ھەر کەسێک پابەند نەبێت رووبەرووی رێکارو سزای یاسایی دەکرێتەوە.
١.لەزووترین کاتدا دەست دەکرێت بە ئاگر بڕ بۆ پاراستنی ئەزمڕ و گۆیژە بە ئامانجی رێگریکردن لە ئاگرکەوتنەوە و زیان گەیاندن بە دارو ژینگەی چیاکە.
٢.کۆشک و خواردنگەکانی سەرچیاکە پێویستە مۆڵەتی رێگەپێدانی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانیان ھەبێت و پابەند دەکرێن بە مەرج و رێنماییەکانی کارکردن .
٣. مانەوەی گەشتیار و ھاوڵاتی لە شەواندا تاکو بەیانی و خەوتن لە چیاکە قەدەغەیە.
٤.ئاگرکردنەوە لەسەر چیاکە بەھەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
٥.تیمەکانی بەرگری شارستانی لە ئامادەیی تەواودا دەبن بۆ رێگری لە سوتانی چیاکەو ئەگەری ئاگر کەوتنەوە.
٦.تیمی ھێزە ئەمنییەکان لە ئاسایش و پۆلیس و ھاتووچۆ بڕیارەکان جێبەجێ دەکەن.
٧.داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن دەکەین لە بڵاوکردنەوەی ھەڵمەتێکی فراوانی ھۆشیارکردنەوە بۆ پاراستنی ژینگەو سروشتی شوێنە گەشتیارییەکانی سلێمانی ھاوکارمان بن .