
لەپێناو دابەزاندنی نرخی ئالیک و پاڵپشتی کردنی پرۆژەکانی پەلەوەر و ئاژەڵ و ماسی لە ھەرێمی کوردستان، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بەنوسراوێکی فەرمی، کەئاراستەی وەزارەتی دارای و ئابوری کراوە، پێشنیاری لابردنی باج دەکات لەسەر سویا و پرۆتین، کە لەئامادەکردنی ئالیک بەکاردێت بەنوسراوی ژمارە (٥٦١٨) لە ١٥/٨/٢٠٢١ .
دوای ئەوەی نرخی ئالیک بەرزبۆیەوە لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان، لە پێناو پاڵپشتی جوتیاران و بەرەو پێشبردنی کەرتی کشتوکاڵ و پرۆژەکانی پەلەوەر و ئاژەڵ و سامانی ماسی لە ھەرێمی کوردستان، وەزارەتی کشتوکاڵ لە ڕێگای لابردنی باج لە سەر سۆیا و پرۆتین، ھەوڵدەدات نرخی ئالیک لە بازاڕەکانی ھەرێم دابەزێنێت.
راگەیاندنی وەزارەتی
کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو
بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی ھەرێم، لە ٢٤ سەعاتی رابردوودا دوو ھەزار و ٢٠ حاڵەتی نوێی توشبوون و ١٩ حاڵەتی نوێی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراوە و ھەزار و ٨٩٦ توشبووش چاکبوونەوە.
بەپێی ئامارەکە کۆی ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا لە ھەرێم گەیشتووەتە ٢٦٦ ھەزار و ٨٢٢ کەس، لەو ژمارەیە ٢١٥ ھەزار و ٤٠٦ کەسیان چاکبوونەتەوە و ٥ ھەزار و ٥٨ کەسی تریشیان گیانیان لەدەستداوە.
بافڵ تاڵەبانی ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیکرد لە دکتۆر عادل عەبدولمەھدی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق، لەدیدارێکدا کە قوباد تاڵەبانی ئامادەی بوو، لەبارەی ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراقەوە ھەردوولا ھاوڕابوون لەئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا کە رەنگدانەوەی خواستی ھەموو لایەنەکان بێت و ببێتە مایەی سەقامگیری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی.
لەبارەی چاکسازی و گۆڕانکارییەکانی یەکێتی لەماوەی رابردوودا، بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند، یەکێتی بەئاراستەی راستکردنەوەی رێڕەوی حیزبی و پاراستنی یەکێتییەکەی مام چەند ھەنگاوێکی ناوە، بۆ لەمەودواش درێژە بەو سیاسەتە نیشتمانییە دەدەن کە خزمەت بە بەرژەوەندی گشتی دەکات نەک مەرام و ئامانجێکی دیاریکراو، دڵنیایشیدا یەکێتی لە ئاست بەرپرسیارێتییە نیشتمانی و نەتەوەییەکان دەبێت و دەیانەوێت لەگەڵ سەرجەم ھێز و لایەنەکان ھاوکار و پشتیوان بن بۆ بونیادنانی وڵاتێکی ئارامتر و خۆشگوزەرانتر بۆ ھاوڵاتیان.