وەزارەتی نەوتی عیراق رایگەیاند کە پاڵاوگە نیشتمانییەکان بە تەواوی توانای بەرهەمهێنانیانەوە کار دەکەن و کۆگای ستراتیژیی سووتەمەنی رێکخراوە، هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد کە هەناردەکردنی نەوت لە باشور و باکورەوە گەیشتووەتە 2.6 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، سەرەڕای ئاڵۆزی و ئاستەنگەکانی گەروی هورمز.

سەلیم رووکابی، وتەبێژی وەزارەتی نەوت روونی کردەوە کە بەستنی گرێبەستی درێژخایەن بۆ دابینکردنی بنزینی موحەسەن و گازوایل بە مەبەستی پڕکردنەوەی پێداویستیی ناوخۆ و بەهێزکردنی کۆگای ستراتیژییە، بە شێوەیەک رۆژانە نزیکەی چوار تا پێنج هەزار مەتر سێجا بەپێی بەردەستبوونی هاوردە دابین دەکرێت.

وتەبێژی وەزارەت ئاشکرایشی کرد کە پلانیان هەیە لە رێگەی فراوانکردنی پاڵاوگەکانی دیوانییە و میسانەوە توانای پاڵاوتن زیاتر بکەن.

لە بارەی هەناردەکردنیشەوە ئاماژەی بەوە دا کە پشکی شێر لە رێگەی بەندەرەکانی باشورەوەیە (نزیکەی 2.4 ملیۆن بەرمیل) کە کەوتووەتە ژێر کاریگەریی گۆڕانکارییەکانی کەشتیوانی لە گەروی هورمزدا، و نزیکەی 200 هەزار بەرمیلیش لە رێگەی دەروازەکانی باکورەوە (تورکیا و سوریا) هەناردە دەکرێت.