ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی لافاوەکەی هەولێرەوە بۆ دوو کەس بەرزبووەوە
بڵند
٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانبارینە بەخوڕەی هەرێمی کوردستانی گرتوەتەوە، تا ئێستا جگە لە زیانی زۆری مادیی، لە هەولێر دوو کەس گیانیان لەدەستداوە.
رامان مستەفا، پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، تەرمی ئەو منداڵەی لە گەڕەکی هەولێری نوێ بێسەروشوێن بوبوو، دۆزرایەوە
بە گویڕەی زانیارییەکان منداڵەکە تەمەنی پێنج ساڵە و ناوی مستەفا سەرکەوتە و لەگەڵ باوکی دابووە لە ناو ئۆتۆمبێلدا و ئاو بردویەتی.
هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد کە تەرمی هاووڵاتییەکی تەمەن 28 ساڵیش دۆزراوەتەوە کە لە لافاوەکەی هەولێر و لە هیوا ستی بێسەروشوێن بوبوو.
ئەم هاووڵاتییە شۆفێری شۆفڵ بووە و لە کاتی هەوڵدان بۆ رزگارکردن و کەسێک لە خنکان، گیانی لەدەست داوە؛ لە لێدوانێکدا بۆ کوردسات نیوز باوکی ناوبراو ئەوەی خستەڕوو، کە کوريکەی خاوەنی دوو منداڵە و تەمەنی 28 ساڵە.


