ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی داوایان لە لایەنە یەمەنی و هەرێمییەکان کرد بە شێوازێکی بونیاتنەرانە بەشداربن لە هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسیی هەمەلایەنە و بەردەوام بۆ قەیرانی یەمەن.

ئەنجومەنەکە لە بەیاننامەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا، هانی لایەنەکانی دا بۆ راگرتنی کردەوە سەربازییە دوولایەنەکان و گەڕانەوە بۆ رێڕەوی دانوستانەکان بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، و جەختی کردەوە کە چارەسەری سیاسی تاقە رێگەیە بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان و بەدیهێنانی سەقامگیری لە وڵاتدا.

ئەندامانی ئەنجومەنەکە سەرکۆنەی هێرشە بەردەوامەکانی حوسییەکانیان بۆ سەر  سعودیە کرد، لەگەڵ پەرەسەندنی سەربازی لە نزیک گەروی باب مەندەب، و نیگەرانی خۆیان دەربڕی لە لێکەوتەکانی پێشهاتەکانی مەیدانی لەسەر ئاسایشی کەشتیوانی نێودەوڵەتی و جووڵەی بازرگانی و دابینکردنی وزەی جیهانی.

ئەم هەڵوێستە دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایش لە مانگی ئەیلولدا دێت بۆ تاوتوێکردنی تێکچوونی دۆخی یەمەن و زیادبوونی مەترسییەکان لە رێڕەوە ئاوییە حەیاتییەکانی دەوروبەری، لە ژێر رۆشنایی هۆشدارییە نێودەوڵەتییەکان لە بەرفراوانبوونی رووبەڕووبوونەوەکان و لێکەوتە هەرێمییەکانی.

ئەنجومەنەکە پشتیوانی خۆی بۆ هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە مەبەستی هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکان دووپاتکردەوە و داوای لە هەموو لایەنەکان کرد خۆیان لەو هەنگاوانە بپارێزن کە دەبنە هۆی تێکدانی دەرفەتەکانی هێورکردنەوە و دەستپێکردنەوەی پرۆسەی سیاسی.