لە هێرشێكی خۆكوژیدا بۆسەر مزگەوتێك لەناو بارەگای پۆلیسی شاری كۆهات لە پاكستان 17 كەس كوژران و 40 كەسیش برینداربوون.

بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای خەیبەر لە پاكستان رایگەیاند، تەقینەوەیەكی خۆكوژیی لە كاتی نوێژی هەینیدا مزگەوتێكی ناو بارەگای سەرەكیی پۆلیسی لە شاری كۆهات كردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە 17 كەس كوژران كە شەشیان ئەفسەری پۆلیسی پارێزگاكەن.

سوپای پاكستانیش كوژرانی شەش سەربازی وڵاتەكەی لە هەمان پارێزگا بەهۆی بۆمبێكی چێنراوەوە پشتڕاستكردەوە.

لێپرسراوانی پاكستانیش دەڵێن، گروپە چەكدارەكان لە ناوچە سنوورییەكان و ناو خاكی ئەفغانستان دەرفەتی خۆڕێكخستنەوە و راهێنانیان بۆ هێرشكردنەسەر هێزە ئەمنییەكانی پاكستان قۆستووەتەوە، لە بەرانبەریشدا حكومەتی ئەفغانستان ئەو تۆمەتانە رەتدەكاتەوە  كە خاكی وڵاتەكەی لە دژی هیچ لایەنێك بەكارهێنرابێت.