نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی بەرەو باشتربون دەچن و دەرفەتەکانی بەردەم هەرێم زیاترن، جەختیشیکردەوە مەترسی لەسەر هێزی پێشمەرگە نییە و لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی پەیوەندییان زۆر باشە.

لە دیدارێکی تایبەتدا لەگەڵ کوردسات نیوز و لە پەراوێزی لوتکەی سلێمانی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی بەرەو باشتربوون دەچن و ئاماژەی بەوە کرد شتەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت بە ئاڕاستەی دروست هەنگاو دەنێن و زۆر گەشبینە بەم پرسە.

 داهاتوی هەرێم و ئاڵۆزییە ناوچەییەکان، سەرۆکی هەرێم دڵنیایی دا کە دەرفەتەکان لە مەترسییەکان زیاترن، چونکە توانراوە هاوسەنگی رابگیرێت و هەنگاوی عاقڵانە بنرێت.

لەبارەی رەوشی ناوخۆیی هەرێم و هێزەکانی پێشمەرگە، نێچیرڤان بارزانی جەختی کردەوە،پێشمەرگە هێزێکی بەرگریی دانپێدانراوە لە دەستوری عێراقدا و هیچ مەترسییەکی لەسەر نییە، هەروەها ئاشکرای کرد لەم رۆژانەدا و لە رێوڕەسمێکی تایبەت ئەنجامدەدرێت، کە پەیوەستە بە  پرۆسەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە.

هاوکات باسی لە ئاوەدانکردنەوە و گەشەسەندنی سلێمانی کرد و دڵخۆشی خۆی بۆ ئەو پێشکەوتنانە دەربڕی، جەختیشی کردەوە ئارامیی سلێمانی و پارێزگاکانی تر زەمینەسازە بۆ کەرتی تایبەت و وەبەرهێنان تا هەرێم بەرەو پێش ببات.

لە بارەی پەیوەندییە کەسی و سیاسییەکان لەگەڵ سەرکردایەتی یەکێتی، سەرۆکی هەرێم ستایشی رۆڵی قوباد تاڵەبانی کرد لە نزیککردنەوەی دیدگاکان و رایگەیاند، لە رۆژە سەختەکاندا پێکەوە کاریان کردووە و رۆڵێکی زۆر باشی بینیوە.

 هاوکات ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی کرد و وەکو پەیوەندییەکی زۆر برادەرانە و دۆستانە وەسفی کرد کە بەردەوام هەماهەنگی و کۆبوونەوە لە نێوانیاندا هەبووە.