13 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی شێرکۆ بێکەسدا تێدەپەڕێت
بڵند
٤ی ئابی ٢٠٢٦
ئەمڕۆ 13 ساڵ بەسەر ماڵئاوایکردنی یەکجاری شاعیری گەورەی کورد، شێرکۆ بێکەسدا تێدەپەڕێت، کە یەکێک لە قەڵەمە دیار و ناوازەکانی نێو ئەدەبیاتی کوردستان و ناوچەکە.
مردن
ئێجگار بەو شێوەیە
ترسناک و خەتەر نیە
وەکو خەڵکی باسی ئەکەن
من بە باوکما ئەزانم
شەست ساڵە لەلای مردنە و
دوێنێ کە ھاتەوە ماڵێ
گۆڕانی وا نەگۆڕابوو کە ئێمە نەیناسینەوە
ڕاستە مردن، دەموچاوی ھەندێ شیعری تاڕادەیەک پیرکرد بوو
ڕاستە مردن،ھەندێ چرچ و لۆچی تازەی خستبووە نێو قسەیەوە
کەمێک ڕەنگی ھیواکانی زەرد کردبوو
بەڵام ھەرگیز نەوەریبوون
لەبیرساڵ نەچوبوونەوە
باوکم دوێنێ،وەختێ گەڕایەوە ماڵێ
قەڵەم و کاغەز و گوڵ و دڵی مناڵ و باڵندە
ھەموویان چوون بە پیریەوە
ئاخر ئەگەر وەکو ئەڵێن
مردن ئەوەندە دڕندە و خەتەر باوایە
ئەوی ئەخوارد و نەئەماو لە بیری شیعریش ئەچۆوە!
بەڵام ئایا ئەم مردنە بۆ ھەموو کەسێ ھەر وایە؟
یان بەتەنھا بۆ ئەوانەی کە ھەرگیز لێی نەترساون و
وەکو باوکم سەریان داوە بە ئازادی و
دڵیان کردووە بە چرا و
چراشیان داوەتە دەستی
خۆشەویستی ئەم دنیایە!
شێرکۆ بێکهس
شێرکۆ بێکەس، کوڕی شاعیری ناوداری کورد فایەق بێکەسە و لە 2ـی ئایاری 1940 لە گەڕەکی گۆیژەی شاری سلێمانی لەدایک بوە.
شاعیرە گەورەکی کورد، یەکەمین شیعری خۆی لە تەمەنی 17 ساڵیدا لە رۆژنامەی ژین بڵاو کردوەتەوە وتوانیویەتی لە ساڵی دا1968 بۆ یەکەمجار پەرتوکێکی شیعری بە ناوی "تریفەی ھەڵبەست" لە بەغداد چاپ بکات.
شێرکۆ بێکەس، خاوەنی مارەیکی زۆر لە خەڵات و رێزلێنانی گەورەیە، توانیویەی خەڵاتی "تۆخۆڵسکی" لەساڵی 1987 لە سوید وەردەگرێت ، لە یەکەم کابینەی حکومەتدا، لە بوەتە وەزیری رۆشبینیری و ساڵی 1998 دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمی لە سلێمانی دامەزراند، کە تا ئێستا لە کارکردن بەردەوامە.
شێرکۆ بێکەس، ساڵی 2009 سەرجەمی بەرهەمەکانی لە هەشت هەزار لاپەڕەدا چاپ کرد.
رۆژی چوار ئابی 2013 شێرکۆ بێکەس لە وڵاتی سوید، بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوای کرد و لەسەر وەسێتی خۆشی لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی بە خاکیان سپارد.



