کۆمپانیای دانا غاز تەنھا لە چوار مانگی ئەمساڵ ڕێژەی قازانجەکانی ٤١٪ بەرزبووەتەوە.
لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا کۆمپانیای داناغازی ئیماراتی ڕایگەیاند،دوای بەرز کردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنانیان لە ھەرێمی کوردستان،پوختەی قازانجەکانیان لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ بە رێژەی ٤١٪ بەرزبووەتەوە.
لە ڕاپۆرتەکەی داناغازدا ھاتووە کە تەنھا لەم چوار مانگەدا ٢٤ ملیۆن دۆلار قازانجیان کردووە لە کاتێکدا ساڵی رابردوو لە ھەمان وادەدا تەنھا ١٧ ملیۆن دۆلاریان قازانج کردبوو.
لەوبارەیەوە (پاتریک ئالمان وارد) سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای داناغاز ڕایگەیاند ، کۆمپانیاکەیان لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ توانیویانە بەرھەمی خۆیان زیاد بکەن و لە ھەوڵیشدان بەرھەمھێنانی خۆیان لە ھەرێمی کوردستان ھەتا مانگی نیسانی ٢٠٢٣ لە ٤٤٠ ملیۆن پێ سێجاوە بەرزبکەنەوە بۆ ٦٩٠ ملیۆن پێ سێجا.
بە پێی لێکۆڵینەوەیەکی مونتەدای ئابووریی جیھانی، ئامێری زیرەک و رۆبۆتەکان لە چەند ساڵی داھاتوو دا جێگای ٨٥ ملیۆن کارمەند دەگرنەوە .
لێکۆڵینەوەکە ئەوەشی دەرخستووە، تاوەکو ساڵی ٢٠٢٥ لە بەشێکی زۆری کاروبارەکاندا پشت بەستن بە ئامێرە ئەلکترۆنییەکان بەڕێژەی ٥٢ ٪ زیاد دەکات و ڕۆبۆتەکان لە کۆمپانیا گەورەو مامناوەندەکاندا جێگەی نزیکەی ٨٥ ملیۆن کرێکار دەگرنەوە .
لێکۆڵینەوەیەکی مونتەدای ئابووریی جیھانی باسی لەوەشکردوە، لە پێنج ساڵی داھاتوودا خاوەنکارەکان کاروبارەکانیان بە یەکسانی بەسەر مرۆڤ و ئامێرەکاندا دابەش دەکەن ھاوکات چین دەبێتە یەکەمین وڵاتی جیھان کە زۆرترین کارمەندی بەھۆی رۆبۆتەوە کارەکانیان لە دەست بدەن ، لەدوای ئەویش ھەریەک لە ژاپۆن، ئەڵمانیا دێن .
دەستەی ھەناردەی میوە و سەوزەمەنی نوێ لە دەریای ئیجە رایگەیاند، قەبارەی ھەناردەی وڵاتەکەیان لە بەرھەمە سەوزایی و میوەکان لە چاو ساڵی رابردوو گەشەکردنی تەواوی بەخۆیەوە بینیوە.
لەو بارەیەوە خەیرەدین ئۆجاک سەرۆکی دەستەی ھەناردەی میوە و سەوزەمەنی نوێ لە دەریای ئیجە لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، وڵاتەکەیان لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ شیلکیان بۆ ٢٩ وڵات ناردووە کە داھاتەکەی نزیکەی ٥ ملیۆن دۆلار بووە، ئەم داھاتەش بە بەراورد بە ساڵی رابردوو بە رێژەی لە سەدا ١٦٠ زیادی کردووە، ھەروەھا ئامانجی دەستەکەشیان ئاشکراکردووە کە بۆ ئەمساڵ داھاتی ھەناردەی شیلک بۆ ٤٠ ملیۆن دۆلار بەرز بکەنەوە.
ھەناردەی بەرھەمی شیلکی تورکی بەشێوەی سروشتی یاخود بەستووە، لە %٥٠ی رەوانەی ھەریەک لە روسیا و رۆمانیا و عێراق دەکرێت و بازاڕی ئەم وڵاتانە لە بەرھەمی شیلکی تورکی خەفە بووە.
تۆڕی (سی ئێن بی سی) بەریتانی ئاشکرایکردووە، نرخی زێڕ بە رێژەی ١٪ بەرزبووەتەوە لە کاتێکدا گەشەی دەستی کار و پشک و قەواڵە داراییەکانی ئەمریکا داکشانەوەی تەواوی بەخۆیەوە بینوە لەمانگی چواردا.
تۆڕی (سی ئێن بی سی) بەریتانی راشیگەیاندوە، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لە مامەڵەی خێرا بە رێژەی ٠.٨٤٪ بەرزبووەتەوە و بە ھەزار و ٨٣٠ دۆلار و ٤١ سەنت فرۆشرا کە لە شەش مانگی ڕابردوودا نرخی لەو جۆرەی بە خۆیەوە نەبینوە.
جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا، ڕایگەیاند، لە مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵەوە تاکو مانگی نیسان، زیاتر لە ٢٦٦ ھەزار ھەلی کاریان ڕەخساندووە.
ڕاشیگەیاند، ھەوڵی بەھێزکردنەوەی ئابووری ئەمریکا دەدەن، کە بەھۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە سەدان ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە.
عسام جیھاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشکرایکردووە، یەکەمجارە لە مێژوودا پاڵاوگەی نەوتی زیقار بە درێژایی ٤٥ ڕۆژ لەسەر یەک دابخرێت، بە جۆرێک لە سەختترین دۆخەکانی سەردەمی جەنگ لە ساڵانی نەوەدەکان و ٢٠٠٣ش بەو شێوەیە داخستنی پاڵاوگەکە درێژەی نەکێشاوە و ھیچ بەرچاو ڕوونییەکیش نییە کەی دەکرێتەوە.
وتیشی، درێژەکێشانی ئەو داخرانە دەرھاویشتەی نەرێنی لەسەر کارکردنی پاڵاوگەکە دەبێت کە پێشتر بە بەردەوامی ٢٤ سەعات کاری دەکرد، ئێستاش بە ھۆی داخستنیەوە بە ڕێژەی ١٠٠٪ کۆی زیانەکانی گەیشتووەتە ٢٠ ملیار دینار.
کارگێڕی زانیاری وزەی ئەمریکا ڕاپۆرتی ھەفتانەی ھاوردەکردنی نەوتی ئەمریکای خستەڕوو کە تێکڕای ھاوردەکردنی نەوتی خاو لە ھەفتەی ڕابردوودا ٤ ملیۆن و ٨٤١ ھەزار بەرمیلی ڕۆژانە بووە لە ٨ وڵاتی جیاوازەوە، لەوانە کەنەدا ٣ ملیۆن و ٢٣٢ ھەزار بەرمیل، مەکسیک ٤٦٧ ھەزار بەرمیل و ئیکوادۆر ٣١٨ ھەزار بەرمیل و کۆڵۆمبیا ٣٠٧ ھەزار بەرمیلی ڕۆژانە بووە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بە ھاوردەکرنی نەوتی عێراق داوە کە ٤١ ھەزار بەرمیلی ڕۆژانە بووە، ئەوەش بەراورد بە ھەفتەی پێشووتر ٢٢٩ ھەزار بەرمیل دابەزیوە کە عێراق ڕۆژانە ٢٧٠ ھەزار بەرمیلی ھەناردەی ئەمریکا کردووە.
دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوو نرخی یەک بەرمیل نەوت لە ٧٠ دۆلار نزیک بوەوە و پاشان دابەزی، ئەمڕۆ نرخی نەوت لە بازارەکانی جیھان بەرزبوونەوەی تۆمارکردەوەو، نرخی یەک بەرمیل نەوتی سوکی بەسرە کە رەوانەی ئاسیا دەکرێت ٦٧ دۆلار و ٧٥ سەنتی تۆمار کرد و نەوتی خاوی برینتیش ٦٨ دۆلار و ٢٥ سەنتی تۆمار کرد، بەڵام نەوتی رۆژئاوای تەکساس ٦٤ دۆلار و ٨٠ سەنتی تێنەپەڕاند.
ھەڵبەزو دابەزی نرخی نەوت لە جیھاندا دەگەڕێتەوە بۆ شەپۆلەکانی کۆرۆنا ڤایرۆس کە مەترسی لەسەر پرۆژەکان و دابەزینی خواستی ھەمووەکی دروست کردووەو رێگە نادات نرخەکەی جێگیر ببێت.
بەپێی داتایەکی کۆمەڵەی ھەناردەکارانی تورکیا ناردنی کاڵاوشتومەکی تورکی بۆ سعودیە بەرێژەی ٩٤.٤% کەمیکردوەو گەشتووەتە یانزە ملیۆن دۆلار.
پێگەی ئەلکترۆنی (پی ئەی ئینتلیجێنس) تایبەت بەشیکاری ئابووری و سیاسەت ئاماژەی بەھەوڵەکانی رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆکی تورکیا کردوە بۆ ئاسایکردنەوەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ سعودیە و پێدەچێت لەپێناو ئاسایکردنەوەی ھەناردەی وڵاتەکەی چاوپۆشی لەکەیسی کوشتنی جەمال خاشقچی بکات لەناو باڵیۆزخانەی سعودیە لە تورکیا و ململانێکانیان لەسەر لیبیاش کۆتایی پێبھێنن.
مەسیح کشاوەرز سەرۆکی لیژنەی ھاوردەکارانی برنج لە ئێران رایدەگەیەنێت، تەنھا ٢٠% ھاوڵاتیانی ئێران توانای کڕینی برنجیان ھەیە، بەھۆی کەمی دراوی بیانیشەوە ھاوردەکردنی برنج کەمیکردوە و نرخەکەشی بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.
وتیشی، نرخی برنجی ھاوردەکراویش بە رێژەی ١٥٠% بەرزبووەتەوە و نرخی یەک کیلۆگرام برنجی ھاوردە گەیشتووەتە ٣٠ ھەزار تمەن و نرخی یەک کیلۆگرام برنجی بەرھەمھێنراوی ئێرانیش بۆ زیاتر لە ٤١ ھەزار تمەن بەرزبووەتەوە.
بەگوێرەی ئاماری گومرگەکانی ئێرانیش لە ساڵی ٢٠٢٠دا بەبڕی ٩٢٥ ملیۆن دۆلار، ٨٧٠ ھەزار تۆن برنج ھاوردەی ئێران کراوە، کە بەراورد بەساڵی ٢٠١٩ بە رێژەی ٤٠% دابەزیووە.