رێکخراوی ئۆپیک ئاشکرای کردووە، لە دوو مانگی رابردوودا ئاستی بەرھەمھێنانی نەوتی وڵاتانی ئۆپیک ٤٤٥ ھەزار بەرمیلی رۆژانە زیادیکردووە .
رێکخراوی وڵاتانی ھەناردەکاری نەوت، کە بە ئۆپیک ناسراوە لە نوێترین راپۆرتیدا رایگەیاندووە، لە مانگی ئاداری ٢٠٢١دا ئاستی بەرھەمھێنانی نەوتی وڵاتانی ئۆپیک ٢٥ ملیۆن و ١٨ ھەزار بەرمیلی رۆژانە بووە، بەڵام لە مانگی ئایاردا بە تێکڕا ئاستی بەرھەمھێنانی نەوتی ولاتانی رێکخراوی ئۆپیک بۆ ٢٥ ملیۆن و ٤٦٣ ھەزار بەرمیلی رۆژانە بەرزبووەتەوە .
راپۆرتەکە رونیکردووەتەوە، لە کۆی ١٣ وڵاتی ئەندامی رێکخراوی ئۆپیک ھەشت وڵاتیان لەمانگی ئایاردا بەرھەمھێنانی نەوتیان زیادیکردووە و پێنجیان کەمیکردووە .
باسی لەوەشکردووە، سعودیە لە پلەی یەکەمدا ھاتووە و لەو ماوەیەدا رۆژانە ٣٤٥ ھەزار بەرمیل بەرھەمھێنانی زیادکردووە .
ئەو زیادبوونەش ھاوکاتە لەگەڵ بوژانەوەی بازاڕەکانی جیھان و زیادبوونی خواست لە سەر سوتەمەنی و دواین رێککەوتنی وڵاتانی ئۆپیک پڵەس بۆ زیادکردنی ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت، کە بریارە قۆناغ بەقۆناغ ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت بەرزبکەنەوە و تا کۆتایی مانگی تەمموزی ئەمساڵ ٢ ملیۆن و ١٠٠ ھەزار بەرمیلی زیاتر بخەنە بازاڕەوە .
دوای ھەشت ساڵ لە نەبوونی یاسای بودجەی گشتی لە ھەرێمی کوردستان، سەرەنجام بڕیاردرا حکومەتی ھەرێم بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢١ یاسای بودجەی ھەبێت، بەڵام خەریکە شەش مانگ لە ساڵی داراییەکەی تێپەڕدەبێت، تا ئێستا ڕەشنووسی بودجەی ٢٠٢١ی ھەرێم لە بینای ئەنجومەنی وەزیرانەوە نەگەیشتووە بە پەرلەمانی کوردستان.
"پەری نوری" بەڕێوەبەری گشتی بودجە لە وەزارەتی دارایی و ئابووری ھەرێم بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، لە ١١ی ئایاری ئەمساڵەوە پڕۆژەیاسای بودجە لە وەزارەتی داراییەوە ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران کراوە و ماوەی زیاتر لە مانگێکە لیژنەی باڵای بودجە لە حکومەت کاری لەسەر دەکات.
بەڕێوەبەرە گشتیەکەی بودجە لە وەزارەتی دارایی و ئابووری ھەرێم وتیشی چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەی داھاتووی ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەیاساکە بکرێت و دوای پەسەندکردنیشی ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان بکەن.
"ئەمەل جەلال" سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێم بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، لە قۆناغی یەکەمدا ٧٥ دەرچووی بەشی گەشتوگوزار بۆ ھەر سێ پارێزگاکەی ھەرێم لەسەر پیشەی ڕێبەری گەشتیاری ڕادەھێنرێت، بۆ ئەو مەبەستەش لە ھەفتەی داھاتووەوە لە سلێمانی خولێکی ڕاھێنان بۆ ٢٥ دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان دەکەنەوە و دواتر لە ھەولێر و دھۆکیش دەستپێدەکەن.
ڕوونیشکردەوە، ڕێبەرە گەشتیارییەکان لەگەڵ ئەو گرووپە گەشتیارییانە دەبن کە دێنە ھەرێم و بە زمانی خۆیان زانیاریی تەواویان لەسەر شوێنە گەشتیاریی و مۆزەخانە و شوێنە مێژووییەکان پێ دەدەن.
ئەمەل جەلال ڕاشیگەیاند، لە ماوەی چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا زیاتر لە ٦٠٠ ھەزار گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستانیان کردووە، زۆربەشیان گەشتیاری شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقن.
لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ھەرێمی کوردستاندا ھاتووە، دوای ئەوەی ھاوڵاتیان گلەیی خۆیان گەیاندە وەزارەتەکەیان دەربارەی خراپی بەشە ئاردی ئەم مانگەیان، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی تیمێکی مەیدانی بۆ تاقیکردنەوەی گەنم و ئاردی سایلۆی ھەولێر ئاڕاستە کرد.
دوای بەدواداچوون و تاقیکردنەوەی گەنم و ئاردەکەی سایلۆی ھەولێر، دەرکەوت کە ئەو ئاردەی لەو گەنمەوە بەرھەم دەھێنرێت ھیچ کێشەیەکی نیە و لەلایەن لیژنەکەوە پەسەند کرا.
مانگانە وەزارەتی بازرگانی بڕی ٩ کیلۆ ئارد بۆ ھەر ھاوڵاتیەک دابین دەکات، بەڵام زیاتر لە مانگێکە ھاوڵاتیان گلەیی لە خراپی دوایین بەشە ئاردی مانگانەیان دەکەن و بە ئاردێکی بێ پێز ناوی دەبەن.
دوای ئەوەی کۆمپانیاکانی بواری پەیوەندیەکان ئاشکرایان کرد بە ھۆی دابەزینی بەھای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی زیانیان بەرکەوتووەو تاوتوێی بەرزکردنەوەی نرخی کارتی قسەکردن دەکەن، (ئیقبال ئەل لەھێبی) ئەندامی لیژنەی پەیوەندیەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای کرد، نەک بەرزکردنەوەی زیاتری نرخی کارتی قسەکردن،بەڵکو دژی ئەو نرخەی ئێستاشن کە لەو بازڕدایە و وتی: لەم دواییانەدا نرخی کارتی مۆبایل زۆر بەرزبوونەتەوە کە ھیچ پەیوەندی بە دابەزینی بەھای دینار بەرامبەر بە دۆلارەوە نیە،بەڵکو روتاندنەوەی ھاوڵاتیانەن بۆ ئەو مەبەستەش کۆبوونەوەیکی فراوان رێکدەخەین ھەتا سنورێن بۆ بەرزبوونەوەی نرخی کارتی مۆبایل دابنێن.
سەرەڕای ئەوەی بچوکترین کارتێکی مۆبایل بڕی تەنھا ٥ ھەزار یەکەی تێدایە و بە کارتی ٥ ھەزاری ناوی دەرکردووە،بەڵام لە فرۆشگاکاندا نرخەکەی لەسەر و ٦ ھەزار دینارەوەیە و ئابوری ناسانیش بە سەیرترین نوکتە ھەژماری دەکەن کاتێک دەبیستن کارتێکی ٥ھەزاری بە ٦ ھەزار.
عاسم جیھاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق سەبارەت بە توانای بەرھەمداری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، لە ئێستادا لە توانایاندا ھەیە ڕۆژانە پێنج ملیۆن بەرمیل نەوت بەرھەمبھێنن، بەڵام بەھۆی ڕێکەوتنی ئۆپیک پڵەس و دیاریکردن و سنوردارکردنی ڕێژەی ھەناردەکردنەوە ڕۆژانە بە نزیکەی چوار ملیۆن بەرمیل بەرھەمدەھێنین و لەو بڕەش سێ ملیۆنی ھەناردەی دەرەوە دەکەین .
وتەبێژی وەزارەتی نەوت دەڵێت، لە ئەگەری زیادکردنی بڕی فرۆشراوی نەوت لە جیھاندا لەلایەن ڕێکخراوی ئۆپیک و ئۆپیک پڵەس لە ئایندەدا پاش توێژینەوەی دۆخی بازاڕی نەوت و خواست لەسەری عێراق پشکی خۆی لەو زیادکردنەدا دەبێت و بڕی ھەناردەی زیاد دەکات و لە ئێستاشدا دووەم گەورەترین بەرھەمھێنی نەوتی خاوە لە پاش سعودیەوە لە ڕێکخراوی ئۆپیک دا .
بەھای دراوی دیجیتاڵیی بیتکۆین ئەمڕۆ دوشەممە بەھۆی لێدوانێکی ئیلۆن مۆسک، دامەزرێنەری کۆمپانیای تێسلا بۆ بەرھەمھێنانی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان، بە رێژەی ١٠٪ بەرزبوەوە و لەم کاتەدا یەک دراوی بیتکۆین بە زیاتر لە ٣٩ ھەزار دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت .
بەشێکی سەرەکی لەھۆکاری بەرزبوەنەوەی بیتکۆین دەگەڕێتەوە بۆ بڕیاری کۆمپانیا بەناوبانگ و ناسراوەکانی جیھان لەبوارەکانی وەبەرھێنان و ئاڵوگۆڕی دراو، کە بڕیاریانداوە مامەڵە بە دراوی بیتکۆین بکەن لەوانەش تێسلا، ماستەر کارد و بی ئێن وای میلۆن .
وەبەرھێنەران پێیانوایە بیتکۆین دواجار دەتوانێت شوێنی خۆی وەک سەرەکیترین دراوی دیجیتاڵی جیھان بکاتەوە و تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوکیش رایگەیاندوە کە دراوی دیجیتاڵی خۆی بەناوی لیبرا دادەمەزرێنێت و ھاوکات ھەر یەکە لە بانکە ناوەندییەکانی ئەمریکا، سویسرا و چینیش سەرقاڵی دامەزراندنی جۆرێک لە دراوی دیجیتاڵی خۆیانن.
گەڵف کیستۆن کە لە کێڵگەی شێخان کۆمپانیای سەرکارە، ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیادا ئاماژەی بەوەکردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢١ بەرھەمی کێڵگەی شێخان بە ڕێژەی ٢٠٪ زیادیکردووە و تێکڕای بەرھەمی ڕۆژانە گەیشتووەتە ٤٣ ھەزار و ٦٠٠ بەرمیل.
لای خۆشیەوە (جۆن ھاریس) بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای گەڵف کیستۆن ڕایگەیاند، خۆشحاڵین کە ڕایدەگەیەنین دەستمان کردووەتەوە بە کارکردن بۆ تەواوکردنی بیری ژمارە ١٣، ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە دەستمان کردووەتەوە بە کاری ھەڵکەندن لە پێش وادەی دیاریکراودا. لە ئەنجامی ئەمەدا ئێستا چاوەڕێ دەکەین لە چارەکی چوارەمی ئەمساڵدا کۆی بەرھەمی کێڵگەکە بگەیەنینە ٥٥ ھەزار بەرمیلی ڕۆژانە و لە کۆتایی ساڵدا تێکڕای بەرھەم لە سەرووی ڕێژەی دیاریکراو بێت کە ٤٠ بۆ ٤٤ ھەزار بەرمیلە.
کێڵگەی شێخان یەکێکە لە کێڵگەکانی سنووری پارێزگای دھۆک و لە مانگی تەمموزی ٢٠١٣وە دەستکراوە بە بەرھەمھێنان نەوت و تاوەکو ئێستاش ٨٥ ملیۆن بەرمیل نەوتی لێ بەرھەمھێنراوە، کۆمپانیای گەڵف کیستۆنیش بە نیازە ئاستی بەرھەمھێنان لە کێڵگەکە بگەیەنێتە ١١٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای سنە لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان ڕایگەیاند: وشکەساڵی بڕی ٦ ترلیۆن تمەن زیانی بە کەرتی کشتوکاڵی ئەو پارێزگایە گەیاندووە.
محەمەد فەرید سپەری بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای سنە لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان ڕایگەیاند: ساڵانە زیاتر لە سێ ملیۆن تۆن بەربوومی کشتوکاڵی لەو پارێزگایە بەرھەم دێت و ئەمساڵ بەھۆی باران نەبارین و وشکەساڵی زیانێکی زۆری لە جوتیاران داوە.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای سنە وتیشی: بە ھۆی وشکەساڵییەوە بڕی ٦ ترلیۆن تمەن زیان بە کەرتی کشتوکاڵی ئەو پارێزگایە گەیشتووە و لە ئێستادا چاوەڕێی ئەوەین کە پەرلەمان و حکومەت بڕیاری قەرەبووکردنەوە بدەن.
فازڵ غەڕاوی ئەندامی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، ئەو کەسانەی کە داھاتێکی کەم و دیاریکراویان ھەیە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەھۆی سیاسەتەکانی حکومەت لە بەرزکردنەوەی بەھای دۆلار لە بەرامبەر دیناری عێراقی، کە بووەتە ھۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستی سەرەکی ڕۆژانەی ھاوڵاتیان.
وتیشی، ھاوڵاتیانی عێراقی ڕووبەڕووی چەندین قەیران بوونەتەوە، جگە لە کەموکورتی لە دابینکردنی خزمەتگوزاریەکانی وەک کارەبا و لێکەوتە تەندروستیەکان، خوێندنی باڵا و ژینگە و نەبوونی ھەلی کار، لەگەڵ ئەوانەشدا زیادبوونی بەھای دۆلار کاریگەری لەسەر ژیانیان زیاترکردووە و توانایان نابێت پێداویستیەکانیان دابین بکەن بۆیە پێویستە لەسەر حکومەتی عێراق بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ قەرەبوویان بکاتەوە، بۆ ئەوەی چیتر لە بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار بەرامبەر بە دینار زیانیان پێنەگات.
ڕاپۆرتێکی کۆمپانیای وزەی (ئێس ئاند پی گڵۆباڵ پلاتس) ئاشکرای کرد، وێڕای ئاسانکاریەکانی ڕێکخراوی ئۆپیک پڵەس بۆ زیادکردنی بڕی ھەناردەی نەوتی وڵاتانی ئەندام، بەڵام حکومەتی عێراق لە مانگی ئایاردا بە ڕێژەی ٨٨٪ پابەندبووە بە ڕێنمایی و بڕیارەکانی ڕێکخراوەکەوە.
لە ڕاپۆرتەکەی (ئێس ئاند پی گڵۆباڵ پلاتس)دا ھاتووە، بەرھەمی نەوتی ڕێکخراوی ئۆپیک لە مانگی ڕابردوودا ڕۆژانە ٤٣٠ ھەزار بەرمیل زیادی کردووە و شانشینی سعودیەش (٣٦١) ھەزار بەرمیلی نەوتی ڕۆژانەی لەو ژمارەیە ھەناردە کردووە.
ڕاپۆرتەکەی (ئێس ئاند پی گڵۆباڵ پلاتس) ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، کە حکومەتی عێراق ڕۆژانە تەنھا ٢٠ ھەزار بەرمیل نەوتی زیاتری ھەناردە کردووە و بە ڕێژەی ٨٨٪ پابەندبووە بە ڕێنمایی و بڕیارەکانی ڕێکخراوی ئۆپیک پڵەسەوە.
دوای ئەوەی دوێنێ نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھان ٧٣ دۆلاری بەخۆوە بینی، ئەمڕۆ نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت نزیک بووەوە لە ٧٢ دۆلار و ٧٠ سەنت، نەوتی خاوی تەکساسیش لە نزیکی ٧١ دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، ھەرچی نەوتی خاوی سوکی بەسڕەشە لە سەروو ٧٢ دۆلار و ٧٥ سەنتەوە ھاوسەنگی وەرگرت.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازارەکانی جیھان دوای ئەوە دێت کە ھەر یەک لە وڵاتانی چین و ھیند و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نزیکەی ھەفتەیەکە خواستیان لەسەر نەوت زیادی کردووە.
بەھۆی کاریگەری بڕیاری بانکی ناوەندی بۆ زیادکردنی فرۆشتنی دۆلار، بەھای ئەو دراوە بیانییە ڕووی لە دابەزین کرد و ھاوکات نرخی ئاڵتون-یش دابەزی.
ئەمڕۆ بەراورد بە دوو ڕۆژی ڕابردوو نرخی دۆلار کەمێک دابەزیوە و ١٠٠ دۆلار بە کڕین بە ١٤٩ ھەزار و ٥٠٠ دینارە و بە فرۆشتن بە ١٥٠ ھەزار و ٢٥٠ دینارە و بڕیاری بانکی ناوەندی بۆ زیادکردنی فرۆشتنی دۆلار و خستنەبازاڕی ئەو دراوە بیانییە، کاریگەری لەسەر دابەزینی زیاتری نرخەکەی دەبێت دوای ئەوەی نرخەکەی گەیشتە ١٥١ ھەزار دینار .
دوای ئەوەی نرخی زێڕ گەیشتە بەرزترین ئاست لە ھەفتەی ڕابردوودا، لە دوێنێوە دەستی بە دابەزین کردووەتەوە و ئەوەش بەھۆی کاریگەری ھەڵئاوسانی ئابووری لە ئەمریکایە، ئەمڕۆ بەھای یەک ئۆنسە دابەزیوە بۆ ١٨٧٦ دۆلار و نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە ٢١ بە ٣٩٦ ھەزار دینارە و عەیارە ١٨ بە ٣٤٠ ھەزار دینارە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی بانکی ناوەندی عێراقدا ھاتووە لە پێناو پڕکردنەوەی خواستی بازاڕ لە دۆلاری ئەمریکی و ھاوسەنگی سیاسەتی نەختینەیی لە عێراقدا، بانکی ناوەندی عێراق ھەفتانە ٣٠٠ ھەزار دۆلار بۆ بانکەکان دابین دەکات و، ھەرچی پشکی کۆمپانیاکانی ئالوێری دراویشە بە پێی ڕیزبەندی پۆلێنکراویان دۆلاریان بۆ زیاد دەکات بە جۆرێک، کۆمپانیاکانی ئالوێری دراو لە جۆری "A" بڕی ٢ ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار دۆلار و لە جۆری "B" بڕی ٧٥٠ ھەزار دۆلار و جۆری"C"یش ٧٠ ھەزار دۆلار.
زیادکردنی خراوەڕووی دۆلاری ئەمریکی لەلایەن بانکی ناوەندیەوە دوای ئەوە دێت، دوو ھەفتەیە بەھای دۆلاری ئەمریکی لە بەرامبەر دیناری عێراقیدا ڕووی لە ھەڵکشان کردووە، بەم ھەنگاوەی بانکی ناوەندیش چاوەڕوان دەکرێت بەھای دۆلار ڕوو لە داشکانەوە بکات.