بەهۆی نزمبوونەوەی بەرچاوی نرخی تمەنەوە، پەرلەمانی ئێران متمانەی لە وەزیری دارایی و ئابووری وڵاتەکەی سەندەوە.
تەلەفزیۆنی رەسمی ئێران رایگەیاندووە، بەهۆی ئەو نزمبوونەوە بەرچاوەی تمەن بەرانبەر بە نرخی دۆلار دیویەتی، پەرلەمانی ئێران عەبدولناسڕ هیممەتی وەزیری دارایی و ئابووری ئێران لەسەر کار لابرد.
لە 19ی مانگی رابردوودا، ئەحمەد نادری پەرلەمانتار ئەوەی خستە روو، پەرلەمان داواکاری پێگەیشتووە بۆ لێپرسینەوە لە وەزیری دارایی و ئابووری، کە رەنگە دانیشتنەکان بە لێسەندنەوەی متمانە لەو وەزیرە کۆتایی پێبێت.
بەپێی یاسای ئێران، ئەو وەزیرەی سکاڵای لەسەرە و داوادەکرێت لێپرسینەوەی لێبکرێت، مۆڵەتی 10 رۆژی لەبەردەمدایە بۆ ئامادەبوون لە پەرلەمان و وەڵامدانەوەی پرسیاری پەرلەمانتارەکان، بۆ وەزیری داراییش، پێویست بوو روونکردنەوەی تەواو بدات لەسەر دۆخی ئابووری وڵات، بەر لەوەی دەستبکرێت بە دەنگدان بۆ لێسەندنەوەی متمانە لێی.
پێشتریش ئەو وەزیرە لە پۆستی پارێزگاری بانکی ناوەندی ئێراندا بووە و بەهەمان شێوە متمانەی لێسەندراوەتەوە.
دوای ئەوەی ساڵی 2018 دۆناڵد تڕەمپ لە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران کشایەوە، چەندین سزای بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاند و ئێران کەوتە ناو قەیرانێکی ئابووری قوڵەوە، بەهۆی سزاکانی ئەمریکاشەوە، ماوەی چەند ساڵێکە نرخی تمەن بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، لەدوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەدیشەوە لە سوریا لە مانگی 12ی ساڵی رابردوودا، نرخی تمەن زیاتر رووی لە دابەزین کرد.
لە ئێستادا لە بازاڕەکانی هەرێم 100 دۆلار بەرانبەر بە نۆ ملیۆن و 210 هەزار تمەنە.
ئەمڕۆ هەینی، حیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عیراق رایگەیاند، عیراق لە چەند سەعاتی داهاتوودا دەستدەکاتەوە بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە.
وەزارەتی نەوت لە بەیاننامەیەکدا، ئاماژەی بەوەکردووە، "حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوت، رایگەیاندووە: "عیراق لە چەند کاتژمێری داهاتوودا دەستدەکاتەوە بە کارەکانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆ وە."
ئەوەش هاتووە، لە سەرەتادا 185 هەزار بەرمیل دەنێردرێت و وردە وردە بەرزدەبێتەوە بۆ ئەوەی بگاتە ئەو ئاستەی لە بودجەی گشتی فیدراڵیدا دیاریکراوە.
لیستی موچەی مانگی دووی موچەخۆرانی هەرێم رەوانەی بەغداد كرا.
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دارایی هەرێم ، لیستی موچەی مانگی دووی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە رێگای تیمی تەكنیكی وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی كوردستانەوە رەوانەی بەغداد كراوە.
ئەوەش هاتووە لیستەكە رادەستی وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدڕاڵ دەكرێت و پێداچوونەوە و وردبینی بۆ دەكرێت.
بەپێی دوایین ئاماری سەرژمێری عیراق، رێژەی هەژاری لە هەرێم کەمترین رێژەیە بەراورد بە پارزێگاکانی دیکەی عیراق و لە هەرێمیشدا هەولێر کەمترین رێژەی هەژاری تێدایە.
بەپێی ئامایر سەرژمێری، رێژەی هەژاری لە پارێزگای هەولێر بە 6٪ کەمترین رێژەیە، بەدوای ئەویشدا پارێزگای سلێمانی بە 8٪ لە پلەی دووەمدایە.
بەپێی ئامارەکە، دهۆک زۆرترین ریژەی هەژاری تێدایە لەناو پارێزگاکانی هەرێمدا و رێژەکەی گەیشتووەتە 15٪.
لەلایەکی دیکەوە پارێزگاکانی دیکەی عیراق رێژەکانیان بەراورد بە هەرێم بەرزترە و هەندێکیان دووهێندە یان زۆر زیاترن.
ئامارەکە بەم جۆرەیە:
موسەنا 44٪
بابل 34٪
قادسیە 29٪
نەجەف 25٪
بەسڕە 28٪
ئەنبار 21٪
کەربەلا 20٪
سەڵاحەدین و واست 19٪
دیالە 17٪
نەینەوا و میسان 16٪
بەغداد و زیقار 14٪
کەرکووک 10٪
هەرچەندە بڕیاربوو هەفتەی رابردوو لیستی موچەی مانگی دووی هەرێم رەوانەی بەغداد بكرێت، بەڵام تاوەكو ئێستا لیستەكە ئامادە نەكراوە.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی هەرێم بە كوردسات نیوزی راگەیاند، تاوەکو ئێستا لیستی موچەی مانگی شوبات ئامادە نییە و كارەكانی تەواو نەكراون، بەڵام چاوەروان دەكرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا لیستەكە ئامادە بكرێت و رەوانەی بەغداد بكرێت .
لەلایەكی دیکەوە، كارەكانی وەفدی دیوانی چاودێری عیراق كە ماوەی هەفتەیەكە لە هەولێرن بۆ وردبینكردنی داهات و خەرجییەكانی شەش مانگی رابردووی هەرێم بەردەوامە.
بڕیاریشە، دوای تەواوكردنی كارەكانیان راپۆرتێك لەو بارەیەوە رادەستی چاودێری دارایی عیراق بكەن .
لە ئێستادا موچەخۆرانی هەرێم لە کۆتایی مانگی دوو نزیک دەبنەوە، بەڵام لیستی موچە نەنێردراوە بۆ بەغداد و چارەنووسی موچەی مانگی 12ی ساڵی رابردووشیان نادیارە.
كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان - ئەپیكۆر، قەبارەی زیانەكانی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم ئاشكرا دەكات و دەڵێت، گەیشتووەتە 27 ملیار دۆلار.
مایڵز كاكینز وتەبێژی ئەپیكۆر بە كوردسات نیوزی راگەیاند، ئەپیكۆر ئامادەیە لە رێی بەندەری عێراق - توركیاوە، هەناردەی نەوت دەستپێبكاتەوە، بەو مەرجەی گرێبەستی كاركردنی ئەوان لەبەرچاو بگیرێت.
بەوتەی خۆی، زیانەكانی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم، گەیشتووەتە 27 ملیار دۆلار، لەكاتێكدا پێشتر كۆمەڵەكە رایگەیاندبوو، قەبارەی زیانەكان 22 ملیار دۆلارە.
لەلایەكی ترەوە كۆمەڵەكە كە وەبەرهێنان لە بواری نەوت و گازی هەرێمی كوردستاندا دەكات، لەبارەی گفتوگۆكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عیراق رایگەیاند، ئامادەن بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهان.
وتیشی، هەوڵدەدەن رێكەوتنەكەی نێوان حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان بكرێت بە نوسراو كە تێیدا شەفافیەت هەبێت لە شێوازی پارەدان دوور لە دەستێوەردانی سیاسی.
وەفدی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە حکومەتی هەرێم پابەندە بە جێبەجێکردنی هەمواری یاسای بودجە تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان. لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن وەفدی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمەوە بڵاوکرایەوە، ئاماژە بەوەدراوە کە حکومەتی هەرێم جەخت لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت دەکاتەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە جێبەجێکردنی هەمواری یاسای بودجە و جەخت لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەکاتەوە."
لە کۆبوونەوەی هاوبەشی وەفدی حکومەتی هەرێم لەگەڵ وەفدی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، دووپاتکرایەوە کە جێبەجێکردنی یاسای بودجە پێویستی بە رێککەوتنێک لەسەر بڕی تێچووی دەرهێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە. هەروەها جەخت لەوە کراوەتەوە کە پێویستە میکانیزم و پێدانی شایستەی کۆمپانیاکان بە شێوەیەکی یاسایی رێکبخرێت.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە کە پێویستە چارەسەری خێرا بۆ سەرجەم ئەو کێشانە بدۆزرێتەوە کە لە پڕۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوتدا رووبەڕووی دەبنەوە.
لە کۆتاییدا، وەفدی حکومەتی هەرێم جەخت لەسەر پێویستی دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بە زووترین کات دەکاتەوە و پێشنیاری کردووە کە پێویستە هەموو لایەنەکان هەوڵبدەن بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە لەم بوارەدا هەن.
ئەم راگەیەندراوە هاوکاتە لەگەڵ راگەیەندراوێکی رۆژی شەممەی وەزارەتی نەوتی عیراق کە تیایدا هاتبوو: "ئامادەکارییەکان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە تەواو بووە."
نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان بۆ هەر بەرمیلێک 4 دۆلار دابەزی.
ئەمڕۆ نرخی بەرمیلێک خاوی برینت لەبازاڕەکانی جیهان بەراورد بە دوێنێ 4 دۆلار دابەزی و بۆ هەر بەرمیلێک بە 74 دۆلار 40 سەنات مامەڵەی پێوەدەکرێت.
هاوکات نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی تەکساس، بە 70 دۆلار و 40 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە دوێنێ هەینی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە سەروو 78 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرا.
دوای زیاتر لە شەش ساڵ لە دورستکردنی، ئەمڕۆ سەکۆی ئۆکەی ئێکس رایگەیاند، دراوی ئەلیکترۆنی پای لیست کراوە و لەمڕۆوە مامەڵەی پێوەدەکرێت.
لە سەرەتادا یەک پای بەرامبەر بە دوو دۆلار دانرا، بەڵام بەهۆی مامەڵەکردن پێوەی، لەئێستادا نرخەکەی بۆ 1.4 دۆلار دابەزیوە.
پرۆژەی پای نێتۆرك یەكێك لەو دراوە ئەلیكترۆنییانەی كە لەساڵی 2019ـەوە دروستكراوە و بەكارهێنەرانی تەنها لەرێی رۆژانە كرتەكردن لەنێو بەرنامەكە بوونەتە خاوەنی دراوەكە و چاویان لە بەدەستهێنانی قازانجێكی زۆرە.
لە ئێستادا زیاتر لە 19 ملیۆن هەژماری پشتڕاستكراوەی پای بوونیان هەیە، لە كوردستانیش رێژەیەكی زۆر بەكارهێنەری هەیە، تەنانەت لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان.
نرخی زێڕ لە بازاڕەكانی هەرێم بەرزترین ئاستی مێژوویی تۆماركرد و نرخی نەوتیش بەرزبووەو گەیشتە 76 دۆلار.
نرخی زێڕ لە بۆرسەكانی جیهاندا بەرزبوونەوەی بەرچاوی بە خۆیەوە بینی و لە هەرێمی كوردستانیش گەیشتە ئاستێك كە لە مێژوودا وێنەی نەبووە، بەششێوەیەك نرخی یەك مسقاڵ زێڕی عەیار 21 بە 625 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەكرێت، لە ماوەی تەنها یەك شەویشدا نرخی ئۆنسەیەك زێڕ 50 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 2 هەزار و 945 دۆلار.
ئەوەش لە كاتێكدایە چەند رۆژێكە بە بەردەوامی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا لە بەرزبوونەوەدایە و نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی برێنت گەیشتووەتە 76 دۆلار.
بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ و نەوت دوای ئەوە دێت كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بڕیاریدا بە سەپاندنی سزا و باج بەسەر چەند وڵاتێكدا و ئەوەش ناجێگیری ئابووری و بازرگانی لە جیهاندا دروستكردووە.
وەزیری وزەی توركیا دەڵێت تائێستا عیراق هیچ زانیارییەكی لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم پێنەداون.
ئاڵپ ئارسڵان بایراكتار وەزیری وزەی توركیا لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاند، تائێستا هیچ زانیارییەكیان لەلایەن حكومەتی عیراقەوە پێنەگەیشتووە، لەبارەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە.
رۆژی 2ی ئەم مانگە، هەمواری یاسای بودجە تایبەت بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پەسەندكراو تێچوی بەرهەمهێنانی بەرمیلێك نەوتیش بە 16 دۆلار دیاریكرا، ئەوەش رێگەخۆشكەربوو بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم كە بە بڕیاری دادگا پاریس لەمانگی سێی 2023ەوە راگیراوە.
لەئێستاشدا وەفدێكی وەزارەتی نەوتی عیراق لە هەولێرە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگەی توركیاوە، وەزیری نەوتی عیراق و وەزیری سامانە سروشتییەكانیش رایانگەیاندووە، لە چەند هەفتەی داهاتوودا، هەناردەی نەوتی هەرێم لەرێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە دەستپێدەكاتەوە.
دوای ئەو بەرزبوونەوە بەرچاوەی لەماوەی رابردوودا نرخی زێڕ بەخۆیەوە بینی، ئەمڕۆ نرخی زێڕ لە بەرزیدا ماوەتەوە و یەک ئۆنسە بەرامبەر بە دوو هەزار و 899 دۆلارە.
ئەمڕۆ دووشەممە، نرخی یەک گرام زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا بە 93 دۆلار و 205 سەنتە.
نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمدا بەمجۆرەیە:
یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 18 بە 525 هەزار دینارە
یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 21 بە 613 هەزار دینارە
یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 24 بە 700 هەزار دینارە
داهاتی نانەوتی ئەم هەفتەیەی سنووری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە چوار ملیار دینارە و بەراورد بە هەفتەی رابردوو پێنج ملیار دینار كەمیكردووە.
ماڵپەری شەفافیەت كە چاودێری داهاتی نانەوتی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی ڕاپەڕین و گەرمیان دەكات، بڵاویكردەوە، داهاتی نانەوتی ئەم هەفتەیە لە رۆژی 8 تاكو 13 ی شوبات، زیاتر لە چوار ملیار و 266 ملیۆن دینار بووە، لەو بڕەش 85%ی نەختینە و 10%ی بە چەك بووە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، داهاتەكە بەراورد بە هەفتەی رابردوو، پێنج ملیار دینار كەمیكردووە كە لەو هەفتەیەدا داهاتەكە زیاتر لە نۆ ملیار دینار بووە.
کونسوڵی چین رایگەیاند تەنیا لە ساڵی رابردوودا ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان چین و عیراق گەیشتووە بە 50 ملیار دۆلار کە ئەوەش ژمارەیەکی پێوانەییە.
لیۆ جیۆن کونسوڵی چین لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردسات نیوز رایگەیاند: ئەگەر تەماشای بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بکەین کاڵایەکی زۆری چینی بوونی هەیە، هاوكات ئۆتۆمبێلێکی زۆری چینی لە بازاڕەکانی هەرێم هەن بە براندی جیاواز و بە ئۆتۆمبێلی کارەبایشەوە، دەتوانم بڵێم پەیوەندی نێوان هەرێم و چین زۆر بە باشی و بە سوودی گەورە گەشەی کردووە.
وتیشی: لە داهاتووشدا کاڵای چینی کوالێتیی بەرز و هەرزان لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەبینین کە سودی بۆ خەڵکی هەیە چونکە خەرجییان کەم دەکاتەوە.
بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، 15 هەزار کارمەندمان لەسەر سندووقەکانی دەنگدان هەبووە و دەتوان لە رۆژی یەکشەممەوە سەردانی بانکەکان بکەن بۆ وەرگرتنی پاداشتەکانیان.
مەریوان محەمەد بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "ئەو بڕە پارەیەی بۆ پاداشتی کارمەندانی سەر سندووقەکانی دەنگدان داندراوە، بەگوێرەی جۆری وەزیفەکە دەبێت".
ئاماژەی بوەشدا، بەڕێوەبەری بنکەی دەنگدان 350 هەزار دینار وەردەگرێت، بەڕێوەبەری وێستگە و کارمەندانی دیکە 250 هەزار دینار وەردەگرن، ئەگەر دەرچووی کۆلێژ یان پەیمانگە یان ئامادەیی بن.
ئەمڕۆ دادگای فیدڕاڵی عیراق لەبارەی سکاڵاکەی سەرۆک کۆمار تایبەت بە موچەی موچەخۆرانی هەرێم کۆدەبێتەوە، کە دوو رۆژ بەر لە ئێستا تۆماری کردبوو.
بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، دادگای فیدڕاڵی عیراق لەبارەی سکاڵایەکی د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق کۆببێتەوە، کە دوو رۆژ بەر لە ئێستا لەبارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە، لەسەر سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و وەزیری دارایی عیراق تۆماری کردبوو.
سكاڵاكەی سەرۆك كۆمار لەبارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و پابەندكردنی وەزارەتی دارایی عیراقە بە خەرجكردنی موچە کە لە چوار خاڵ پێكهاتووە، کە داوایکردووە، فەرمانێكی وەلائی خێرا دەربکرێت بۆ پابەندكردنی وەزارەتی دارایی عیراق بە خەرجكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
هاوکات، پابەندكردنی وەزارەتی دارایی عیراق بە خەرجكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە شێوەیەكی بەردەوام و بەبێ وەستان، هەروەها جێبەجێكردنی بەبانكیكردنی موچە بەپێی رێنماییەكانی بەبانكیكردن، بە جۆرێک هاوشێوەی ئەو رێكارانە بێت كە حكومەتی عیراق دەیگرێتە بەر.