وەزارەتی پلاندانانی عیراق: رێژەی بێكاری لە عیراقدا بۆ رێژەی 13% كەمیكردووە
٢٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
وەزارەتی پلاندانانی عیراق دابەزینی بەرچاوی رێژەی بێكاری لە وڵاتدا لە رێژەی 17% ـەوە بۆ 13% راگەیاند.
عەبدولزەهرا هینداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عیراق لە چاوپێكەوتنێكی میدیایدا رایگەیاند، ئێستا رێژەی بێكاری لە عیراق بۆ ئاستی ساڵی 2020 دابەزیوە، ئەوەش بەهۆی پەرەپێدان و دروستكردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری حكومی و تایبەت، لەگەڵ دەستپێكردنەوەی كاركردن لە زیاتر لە هەزار و 400 پڕۆژەی راگیراو و پێدانی قەرز بە پرۆژە بازرگانییە بچوكەكان.
ئاماژەی بەوەشكرد، دامەزراندنی دەرچووانیش بەشدار بووە لە كەمكردنەوەی رێژەی بێكاری و رەخساندنی هەلی كار لە سەرانسەری هەموو كەرتەكانی گەشەپێداندا.
وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عیراق راشیگەیاند، ئەو پلانانەی حكومەت وایكردوە لە ئێستادا رێژەی بێكاری لە رێژەی 17% ـەوە كەمبێتەوە بۆ 13% ئەوەش مایەی دڵخۆشییە بۆ وەزارەتەكەیان.