داهاتی نەوتی عیراق لە مانگی رابردوودا زیاتر لە شەش ملیار دۆلار بووە
٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
وەزارەتی نەوتی عیراق رایگەیاند، لە مانگی رابردوودا زیاتر لە 101 ملیۆن بەرمیل نەوتیان فرۆشتووە، داهاتەكەشی زیاتر لە شەش ملیار دۆلار بووە.
وەزارەتی نەوتی عیراق لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بەپێی ئاماری كۆمپانیای سۆمۆ لە مانگی پێنجدا 101 ملیۆن و 630 هەزار و 925 بەرمیل نەوت هەناردە كراوە.
دەشڵێت، كۆی داهاتی مانگی رابردوو شەش ملیار و 361 ملیۆن و 636 هەزار دۆلار بووە، كە لە رێگەی سۆمۆوە فرۆشراوە.
لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەش هاتووە، نەوتی خاوی فرۆشراو بۆ مانگی پێنج لە كێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشوری عیراق 100 ملیۆن و 365 هەزار و 335 بەرمیل بووە، هاوكات هەناردەی كێڵگەی گەیارە بڕی 955 هەزار و 684 بەرمیل بووە، بڕی هەناردەكراوی نەوتیش بۆ ئوردن گەیشتووەتە 309 هەزار و 906 بەرمیل .