ژاپۆن سبەینێ چوارشەممە یادی 80 ساڵەی کارەساتی هیرۆشیما دەکاتەوە و ژمارەیەکی زۆری وڵاتان بەشداری دەکەن، هاوکات شاری هێرۆشیما داوا لە جیهان دەکات واز لە چەکی ئەتۆمی بهێنن.
ئەمریکا لە 6ـی ئابی 1945 بە بۆمبی ئەتۆمی هێرۆشیمای بۆردومان کرد و دوای سێ رۆژ بە بۆمبێکی دیکەی ناکازاکی کردە ئامانج، ئەمەش تاکە دوو حاڵەتە لە مێژوودا کە چەکی ئەتۆمی لە سەردەمی جەنگدا بەکارهاتبێت. ژاپۆن دوای ماوەیەکی کەم خۆی رادەست کرد و کۆتایی بە جەنگی جیهانی دووهەم هێنا.
لەو دوو بۆردومانە ئەتۆمییەی ئەمریکا بۆ سەر ژاپۆن نزیکەی 140 هەزار کەس لە هێرۆشیما و 74 هەزار کەس لە ناکازاکی گیانیان لەدەستدا، هاوکات زۆرێک لە کەسانی دیکەش بەهۆی تیشکدانەوە لە دوای بۆردومانەکە گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی وتەی لێپرسراوانی شاری هێرۆشیما، بڕیارە سبەینێ چوارشەممە یادی 80 ساڵەی کارەساتی هێرۆشیما بکرێتەوە، هەروەها نوێنەرانی 120 وڵات و یەکێتی ئەوروپا بەشداری لە رێوڕەسمەکەدا دەکەن.
ئەمەش لەکاتێکدایە وڵاتانی زلهێزی ئەتۆمی گەورە وەک روسیا، چین و پاکستان بەشداری رێوڕەسمی رۆژی چوارشەممە ناکەن. ئێران کە تۆمەتبارە بە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی بۆمبی ئەتۆمی، بەشداری لە رێوڕەسمەکەدا دەکات.
ژاپۆن بۆ رێوڕەسمەکە هەموو وڵات و لایەنەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی لە چالاکییەکە ئاگادارکردووەتەوە و هەموو وڵاتێک دەتوانێت بەشداری بکات.
کازومی ماتسوی، سەرۆکی شارەوانی شاری هیرۆشیما مانگی رابردوو داوای لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کرد سەردانی شارەکە بکات، بۆ ئەوەی بە چاوی خۆی کاریگەرییە وێرانکەرەکانی چەکی ئەتۆمی ببینێت، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ بەراوردکردنی سەرۆکی ئەمریکا لە نێوان بۆردومانی ئەتۆمی ساڵی 1945 و هێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دواییەی بۆ سەر ئێران.
سەرۆکی شارەوانی هێرۆشیما وتوشیەتی، "چەکی ئەتۆمی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی مەدەنی بێتاوان دەکوژێت و هەڕەشە لە مانەوەی مرۆڤایەتی دەکات".
ئێستا شاری هێرۆشیما شارێکی گەشەسەندووە و 1.2 ملیۆن کەس تێیدا نیشتەجێیە، بەڵام ناوەندەکەی هێشتا چەند باڵەخانەیەکی وێرانبووی تێدایە وەک ئاماژەیەک بۆ وەبیرهێنانەوەی ترسناکی هێرشەکە.
نیهۆن هیدانکیۆ، رێکخراوێکی دژە ئەتۆمی ژاپۆنییە، کە رزگاربووانی بۆردومانی ئەتۆمی کۆدەکاتەوە و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییە لە ساڵی 2024، جەختی لەوەکردەوە کە "گرنگە خەڵکێکی زۆر لەم شارەدا کۆببنەوە کە بۆمبی ئەتۆمی لێیداوە، چونکە شەڕەکان بەردەوامن" لە سەرانسەری جیهاندا رۆژ بەرۆژ مەترسییەکان زیاد دەکات.
نیهۆن هیدانکیۆ، داوا لە وڵاتان دەکات هەنگاو بنێن بۆ نەهێشتنی چەکی ئەتۆمی، ئەمەش بە پشتبەستن بە کارەساتی هێرۆشیما و ناکازاکی کە بە "هیباکوشا" ناسراوە.
ئەو رێکخراوە داوا دەکات "نوێنەرانی بیانی سەردانی مۆزەخانەی یادەوەری ئاشتی هیرۆشیما بکەن، بۆ ئەوەی بزانن لەو شارە چی رویداوە" کە بەهۆی بۆردومانی ئەتۆمی و 'هەوری قارچکی' توشی بووە.