دوای ئەوەی مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران فەرمانێکی دەرکرد و عەلی لاریجانی وەک سکرتێری گشتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی دەستنیشانکرد، بووە جێی سەرنج و کاردانەوەی گەورەی بەدوایخۆیدا هێنا.

لاریجانی یەکێکە لە کەسایەتییە سیاسییە دیارەکانی ئێران و گەڕانەوەشی بۆ پێگەیەکی ئەمنی هەستیار بەتایبەت لە سەروەختی پەرەسەندنی گرژییەکانی ناوچەکە و پێشهاتە خێراکانی دۆسیەی غەززە تاڕادەیەک چاوەڕواننەکراوبوو.

ئەم دەستبەکاربوونەوەیەی لاریجانی بۆ ئەو پۆستە لەکاتێکدایە، پێشتر لە نێوان ساڵانی 2005 بۆ 2007 بەڕێوەی بردووە.

لاریجانی 3 جار لە ئێران خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کاندید کردووە، دوایین جار لە هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی ساڵی 2024دا بوو، کاتێک بەهۆی تێکشکاندنی فڕۆکەکەیەوە ئیبراهیم رەئیسی کۆچی دوایی کرد.

لاریجانی سیاسەتمەدارێکی دیاری ئێرانە و پۆستی باڵای هەبووە، دیارترینیان وەک سەرۆکی پەرلەمان، وەزیری فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی و بەڕێوەبەری پەخشی کۆماری ئیسلامی ئێران (IRIB)، جگە لەوەی ڕاستەوخۆ نوێنەرایەتی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێرانی لە هەندێک لە تەلەفزیۆنەکاندا کردووە.

لاریجانی سەر بە بنەماڵەیەکی کاریگەرە لە رووی ئایینی و سیاسییەوە، کە یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانیان براکەیەتی، "سادق لاریجانی"یە کە وەک بەرپرسی دەسەڵاتی دادوەری لە ئێران کاری کردووە.

 

گرنگی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی

ئەنجومەنەکە بە یەکێک لە گرنگترین دامەزراوەی بڕیاردانی ئێران دادەندرێت، بەتایبەتی سەبارەت بە پرسە ستراتیژییەکانی وەک ئاسایشی ناوچەکە و بەرنامەی ئەتۆمی، بڕیارەکانی پێش ئەوەی جێبەجێ بکرێن، بە ڕەزامەندی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی تێپەڕدەبێت.

ئەم دەستبەکاربوونە لە کاتێکی زۆر هەستیاردا، لە کاتێکدایە کە گرژییەکان لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا بەرزبوونەتەوە، پێدەچێت گەڕانەوەی لاریجانی بۆ ئەم پۆستە، ڕەنگدانەوەی نیازی دەسەڵاتدارانی تاران بێت بۆ بەکارهێنانی ئەزموون و پەیوەندییە بەرفراوانەکانی ئەم کارەکەتەرە سایسی و ئەمنییە لەناو پێکهاتەکانی دەوڵەتدا، بۆ روبەڕوبونەوەی ئاستەنگەکانی قۆناغی داهاتوو.