وەزیری دەرەوەی سوریا لە قەتەڕە
هەساو ئەمیر
٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
وەزیری دەرەوەی حکومەتی کاتیی سوریا سەردانی قەتەڕی کرد و بڕیارە لە سەردانەکەیدا چاوی بە بەرپرسانی ئەو وڵاتە بکەوێت.
ئەسعەد حەسەن شیبانی وەزیری دەرەوەی حکومەتی کاتیی سوریا لەگەڵ مەرەهف ئەبو قەسڕە وەزیری بەرگری سوریا و ئەنس خەتابی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری گشتی لە قەتەڕن و بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە و محەمەد خەلیفی وەزیری دەرەوەی قەتەردا کۆببنەوە.
بڕیارە لە کۆبوونەوەکانیاندا باس لە دوایین پێشهاتەکانی سوریا و پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە بکەن، هەروەها باس لە کاری پێکەوەیی و هەماهەنگی نێوانیان دەکەن بۆ ئاسانکاریکردن لە ئەنجامدانی کارەکاندا.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لەماوەی مانگێکدا ئەمە دووەم سەردانی وەزیری دەرەوەی سوریایە بەشێوەیەکی رەسمی بۆ دەرەوەی سوریا. لەکاتێکدا هەر خۆی ماوەی کەمتر لە مانگێکە رژێمەکەی بەشار ئەسەد رووخاوە و حکومەتی کاتیی لە سوریا پێکهێنراوە.