لە دوای جەنگ و رووبەڕووبوونەوە سەربازییەكانی ئەم دواییە سەرچاوە دیپلۆماسییە ئەورووپییەكان زانیاریی لەسەر جووڵە نوێیەكانی تاران ئاشكرا دەكەن، بەپێی ئەم سەرچاوانە، ئێران هەڵمەتێكی فراوانی بۆ پاراستی ئەتۆمیەكەی و ئامێرەكانی دەستیپێكردووە.

سەرچاوەكان بە میدیاكانیان راگەیاندووە، ئێران دەستیكردوە بەلێدانی كەندنی ئەشكەوتی و تونێلی زۆر قووڵ، جێبەجێكردنی كاری كۆنكرێتی بەهێز بۆ دروستكردنی قەڵغانی بەرگری، گواستنەوەی كەرەستە و چالاكییە نەویییەكان بۆ ناو بنكە مەدەنی و سەربازییەكانی سوپای پاسداران، بە ئامانجی شاردنەوەیان لە چاوی مانگە دەستكردەكان و پاراستنیان لە هەر هێرشێكی ئەگەری.

زانیارییەكان ئاماژە بەوەدەكەن، پڕۆسەكە لە هەندێك ناوچە گەیشتووەتە قۆناغی زۆر پێشكەوتوو، تاران هەستاوە بە گواستنەوەی ئامێرە هەستیارەكان، لەوانە ئامێرەكانی سەنتەرفیوج كە ئامێرێكی پێشكەوتووە بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بەكاردەهێنەرێت، ئەمە جگەلەوەی بڕێكی زۆر لە یۆرانیۆمی پیتێنراو لەو بنكە و دامەزراوانەی پێشتر بەر هێرش كەوتبوون گواستراونەتەوە.

ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەشكردووە، پرۆسەی پەرەپێدانەكە لە رێگەی كەندنی تۆڕی ئەشكەوت و كۆڵانی ژێر زەوی لە قووڵایی زۆردا ئەنجامدراوە لەگەڵ جێگیركردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و رادار لە دەوروبەری شوێنەكان بۆ رێگریكردن لە هێرشی ئاسمانی و كەمكردنەوەی توانای چاودێریكردنی ئاسمانی.

هاوكات، وێنە نوێیەكانی مانگە دەستكردەكان ئاشكرایان كردووە، لەدوای هێرشەكەی ئیسرائیل، چالاكی نوێ لە بنكەی مینزادیهی دەستیپێكردووەتەوە، راپۆرتێكی پەیمانگەی زانست و ئاسایشی نێودەوڵەتی واشنتۆن ئاماژەكردووە، لە دوای هێرشەكەی 3ی ئادارەوە، جووڵەی ئۆتۆمبێلەكان بە شێوەیەكی رێكخراو گەڕاوەتەوە بۆ ناوچەكە دوای پاككردنەوەی داروبەرد و چاككردنەوەی زیانەكان.

دیپلۆماتكارێكی ئەوروپی ئاگادار لە دۆسیەی ئەتۆمی ئێرانیش رایگەیاندووە،  تاران چەندین ناوەندی سەربازیی كردووەتە حەشارگە بۆ ئامێرەكانی سەنتەرفیوج كە لە شوێنەكانی وەك جنداب، ئەردەكان و ناوەندی تەكنەلۆژیای ئەتۆمی لە ئیسفەهان هێنراون.

ئەو دیپلۆماتكارە جەختیكردەوە،  تاران شوێنی نوێی بۆ پیتاندن دروستكردووە كە پێكهاتوون لە ژووری تایبەت، بۆری و سیستەمی كۆنترۆڵ، كە بە نهێنی ڕاگوێزراونەتەوە بۆ ئەو شوێنانەی رووبەڕووی بۆردومان نەبوونەتەوە یان هێشتا لە بانكی ئامانجە راگەیەندراوەكاندا نین.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەش كرد، مەترسییەكانی ئێران تەنیا لە هێرشی ئاسمانی ئیسرائیلەوە نییە، بەڵكو لە سیناریۆیەكی ئەمریكیش دەترسێت كە ئامانجی دەستبەسەرداگرتن یان گواستنەوەی كۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراو بێت بۆ دەرەوەی وڵات.

لە نێو ئەو شوێنە رانەگەیەندراوانەی گومان دەكرێت چالاكی ئەتۆمی تێدا شاردرابێتەوە، ناوی جەبەلی ئەلفەس و بنكەی تاقان 2 دەهێنرێت كە پێشتر ناویان لە تاقیكردنەوە و پەرەپێدانی پێكهاتەی چەكی ئەتۆمیدا هاتبوو.

گۆڕانكاری و جووڵە نوێیەكانی ئێران لە دوای پێكدادانە سەربازییەكانی ئەم دواییە، نیشانەی قۆناغێكی نوێن لە ستراتیژیی بەرگری و ئەتۆمیی تاران؛ قۆناغێك كە تیایدا پشت بە شاردنەوە، قەڵاڕێژكردنی ژێر زەوی و دابەشكردنی چالاكییەكان دەبەسترێت بۆ كەمكردنەوەی كاریگەریی چاوودێریی مانگە دەستكردەكان و هێرشە ئاسمانییەكان.