بۆچی ساڵی 2028 دەبێتە خاڵی وەرچەرخانی جیهانی؟
محەمەد رزگار
٦ی ئابی ٢٠٢٦
وێنە؛ ژیری دەستکرد
شارەزایان و دامەزراوە جیهانییەکان ساڵی 2028 وەک خاڵێکی وەرچەرخانی مێژوویی ناو دەبەن؛ کاتێک کە باڵادەستبوونی ژیریی دەستکرد لە ئابوریی راستەقینەدا، گۆڕانکاریی لە میدیا و یەکەمین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بە ئامرازە زیرەکەکان هاوکات دەبن، هەروەها شێوازی کارکردن، دەنگدان و دەستگەیشتن بە زانیارییەکان لە سەرانسەری جیهاندا سەروبن دەکەن.
سەرکردە سیاسییەکان، وەبەرهێنەران و بەڕێوەبەرانی کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆژیا لە چاوەڕوانی ساڵی 2028دان؛ نەک تەنیا بۆ روداوێکی دیاریکراو، بەڵکو بەهۆی ئەگەری هاوکاتبوونی چەندین گۆڕانکاریی جەوهەری لە بواری ژیریی دەستکرد، ئابوری، سیاست و راگەیاندن، بە شێوازێک کە دەکرێت تەواوی شێوازی کارکردن، دەنگدان و دەستگەیشتن بە زانیارییەکان لە جیهاندا بگوڕێت.
ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە شیکارییەکی زانستیدا لەژێر ناونیشانی "هەموو شتێک لە 2028دا بە یەک دەگەن"، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو ساڵە دەبێتە خاڵی بەیەکگەیشتنی ئەو رەوتە جیاوازانەی ئێستا بە جیا گەشە دەکەن، بەڵام لە ساڵانی داهاتوودا کاریگەرییەکانیان رونتر و بەهێزتر دەبن.
راپۆرتەکە ساڵی 2028 وەک وادەیەکی پێشوەختە بۆ تەقینەوەی گۆڕانکارییەکان ناناسێنێت، بەڵکو وەک وێستگەیەکی گونجاو سەیر دەکرێت کە تێیدا گۆڕانکارییە سیاسی، تەکنەلۆژی و ئابورییە خێراکان یەکدەگرن، ئەمەش وا لە حکومەتەکان و کۆمپانیاکان دەکات لە ئێستاوە خۆیانی بۆ ئامادە بکەن.
ژیریی دەستکرد لە شاشەکانەوە دەچێتە ناو واقیع
تەوەرەی یەکەم پەیوەندیدارە بە بەکارهێنانی بەربڵاوی ژیریی دەستکرد لە کەرتی کار، پیشەسازی و خزمەتگوزارییەکاندا، لە بڕی ئەوەی تەنیا وەک ئامرازێک بۆ نووسینی دەق و شیکردنەوەی زانیاری بمێنێتەوە، وەبەرهێنەران و کۆمپانیاکان پێشبینی دەکەن بە شێوەیەکی پلەبەند بەرەو بەڕێوەبردنی کارگەکان، تۆڕەکانی وزە، خزمەتگوزارییە گشتییەکان، کانزاکان و کەرتە جیاوازەکانی بەرهەمهێنان هەنگاو بنێت.
ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە راپۆرتێکی گۆڵدمان ساکسەوە گواستوویەتییەوە کە وەبەرهێنانی جیهانی لە ژێرخانی ژیریی دەستکرددا کە ناوەندەکانی زانیاری، وزە و توانای کۆمپیوتەری دەگرێتەوە لە نێوان ساڵانی 2026 بۆ 2031 دەگاتە نزیکەی 7.6 تریلیۆن دۆلار، ئەمەش بەپێی راپۆرتەکە بەو مانایەیە کە سنوری چاولێکەری نێوان کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکان و دامەزراوە پیشەسازییەکان کاڵتر دەبێتەوە.
کاریگەرییەکانی ئەم خەرجییە گەورانە گەیشتووەتە ئەو کۆمپانیایانەی بەرهەمهێنەری کەیبڵ، بۆیە و کەرەستەکانی ساختوومان و پێداویستی ناوەندەکانی زانیارین، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی بازدانی ژیریی دەستکرد تەنیا لە روی چیپ و بەرنامەسازییەوە نەماوەتەوە، بەڵکو بووەتە هۆکارێک کە کاریگەریی لەسەر ناوچە بەربڵاوەکانی "ئابوریی راستەقینە" هەیە.
بەڵام ئەم گۆڕانکارییە مەترسیی هاوتەریبیشی لەگەڵدایە، کە دیارترینیان ئەگەری فراوانبوونی جیاوازییەکانە لە نێوان کۆمپانیا و ئەو کارمەندانەی توانای سوودوەرگرتنیان لە تەکنەلۆژیا هەیە لەگەڵ ئەوانەی کە بەهۆی سیستمە ئۆتۆماتیکییەکانەوە مێژووی کار و لێهاتووییەکانیان پاشەکشە دەکات.
یەکەمین هەڵبژاردن کە ژیریی دەستکرد رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت
تەوەرەی دووەم سیاسییە، لە ئەمریکا، ساڵی 2028 وادەی هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتی دەبێت، بەڵام هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن دەکرێت بە تەواوی جیاواز بن لەوەی دەنگدەران لە خولەکانی رابردوودا بینیویانە.
ئەکسیۆس پێی وایە ژیریی دەستکرد بووەتە ئامرازێکی سیاسیی دووجەمسەر؛ لەلایەک یارمەتی هەڵمەتەکان دەدات بۆ شیکردنەوەی ئاڕاستەی دەنگدەران، دارشتنی پەیامەکان و گەیشتن بە توێژە وردەکان، لەلایەکی تریشەوە رێگە خۆش دەکات بۆ بەرهەمهێنانی ناوەڕۆکی چەواشەکار، ڤیدیۆی ساختە (دیپ فەیک) و هەڵمەتی قەناعەتپێکردنی ئۆتۆماتیکی بە رووبەرێکی بەربڵاو.
ئاماژەکانی ئەم گۆڕانکارییە لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی ساڵی 2026دا دەرکەوتن، لە رێگەی بەکارهێنانی وێنە و ڤیدیۆی دروستکراو بە ژیریی دەستکرد لە رێکلامە سیاسییەکاندا، جگه لە هەوڵەکان بۆ کاریگەرییدانان لەسەر ئەو وەڵامانەی کە مۆدێلە زمانەوانییەکان دەربارەی کاندیدەکان و پرسە گشتییەکان پێشکەشی دەکەن.
بەمەش، دەکرێت هەڵبژاردنی 2028 ببێتە یەکەمین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا کە کێبڕکێ تێیدا تەنیا لەسەر شاشەی تەلەڤیزیۆن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نەبێت، بەڵکو درێژببێتەوە بۆ ناو ئەو وەڵامانەی کە یاریدەدەرە زیرەکەکان' AI Assistants' بە دەنگدەرانی دەدەن کاتێک پرسیاریان لێ دەکەن.
پلاتفۆرمە تەقلیدییەکان لەبەردەم گۆڕانکارییەکی نوێدا
تەوەرەی سێیەم پەیوەندیدارە بە داهاتووی راگەیاندن و ئینتەرنێت، دوای گواستنەوەی جەماوەر لە رۆژنامە چاپکراوەکانەوە بۆ ماڵپەڕەکان و دواتریش بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ڤیدیۆ، ئامرازەکانی ژیریی دەستکرد وەک دەروازەیەکی نوێ بۆ دەستگەیشتن بە هەواڵ و زانیارییەکان دەرکەوتوون.
راپۆرتی هەواڵە دیجیتاڵییەکانی ساڵی 2026 کە لەلایەن پەیمانگای رۆیتەرز بۆ توێژینەوەی رۆژنامەنووسی دەركراوە، ئاماژە بە بەردەوامیی گواستنەوەی بەکارهێنانی هەواڵ بەرەو پلاتفۆرمەکانی پەیوەندی و ڤیدیۆ دەکات، هاوكات لەگەڵ گەشەکردنی بەکارهێنانی چاتبۆتە زیرەکەکان، لەگەڵ بەرزبوونەوەی نیگەرانییەکان دەربارەی زانیاریی چەواشەکار، ئاستی متمانە و سەرچاوەی زانیارییەکان.
ئەم گۆڕانکارییە دامەزراوە هەواڵییەکان دەخاتە بەرانبەری ئاڵۆزییەکی دوولایەنە: چۆنیەتی گەیشتن بە جەماوەر کاتێک وەڵامی یاریدەدەرێکی زیرەک دەبێتە جێگرەوەی سەردانیکردنی ماڵپەڕەکە، لەگەڵ چۆنیەتی دەستەبەرکردنی ئەوەی هەواڵەکان کورتبڕ نەکرێن یان بە شێوازێکی هەڵە و ئاڕاستەکراو دووبارە دانەڕێژرێنەوە.
ئابوری، قەرزەکان و نادادپەروەری
شیکارییەکەی ئەکسێۆس پەیوەندی لە نێوان پێشکەوتنی تەکنەلۆژی و ئابوورییەکاندا دروست دەکات، سودەکانی ژیریی دەستکرد دەکرێت بە شێوازێکی ناهاوسەنگ بڕوات بۆ خاوەن سەرمایەکان، کۆمپانیا گەورەکان و کارمەندە لێهاتووەکان، لە کاتێکدا توێژەکانی تر رووبەڕووی فشاری موچە، بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان و مەترسیی لەدەستدانی کارەکانیان دەبنەوە.
هاوکات پێشبینی دەکرێت قەرزی گشتی و خەرجییەکانی سودەکانیان وەک کۆسپێکی سەرەکی لەسەر توانای حکومەتەکان بمێننەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکانی داهاتوودا، بەتایبەت ئەگەر گۆڕانکارییە تەکنەلۆژییەکان هاوکات بێت لەگەڵ سستبوونی ئابوری، قەیرانی وزە یان ئاڵۆزییە نێودەوڵەتییەکان.
بۆچی ساڵی ٢٠٢٨ بە دیاریکراوی؟
هیچ سەعاتێکی زانستی نییە کە ژمێرەیی پێچەوانە بۆ ساڵی 2028 بکات، و هیچ کۆدەنگییەکیش نییە کە گۆڕانکارییە گەورەکان بە تەواوی لەو ساڵەدا رودەدەن. بەڵام گرنگیی ئەو ساڵە، بەپێی خوێندنەوەی ئەکسێۆس، لە هاوکاتبوونی خولێکی هەڵبژاردنی یەکلاکەرەوەی ئەمریکاوە دێت لەگەڵ قۆناغێکی پێشکەوتووی بڵاوبوونەوەی ژیریی دەستکرد، فراوانبوونی وەبەرهێنانەکانی لە ئابوریدا، و گۆڕانکاریی چاوەڕوانکراو لە شێوازی وەرگرتنی هەواڵ و زانیاری لەلایەن جەماوەرەوە.
لەبەر ئەوە، دەکرێت ساڵی 2028 ئەو ساڵە نەبێت کە جیهان تێیدا "لە یەک کاتدا بگۆڕێت"، بەڵام دەکرێت ببێتە ئەو ساڵەی کە گۆڕانکارییە بەردەوامەکانی ئێستا تێیدا رونتر دەبنەوە، و کاریگەرییە سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتییەکانی بە شێوازێک دەردەکەون کە پشتگوێخستنیان ئەستەم دەبێت.



