ئەمڕۆ 81 ساڵ بەسەر کارەساتی هێرۆشیما تێپەڕدەبێت
محەمەد رزگار
٦ی ئابی ٢٠٢٦
ئەمریکا لە 6ـی ئابی 1945 بە بۆمبی ئەتۆمی هێرۆشیمای بۆردومان کرد و دوای سێ رۆژ بە بۆمبێکی تر ناکازاکی کردە ئامانج، ئەمەش تاکە دوو حاڵەتە لە مێژوودا کە چەکی ئەتۆمی لە سەردەمی جەنگدا بەکارهاتبێت. ژاپۆن دوای ماوەیەکی کەم خۆی رادەست کرد و کۆتایی بە جەنگی جیهانی دووهەم هێنا.
دوای ئەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر بە نهێنی لە بنکەی سەربازیی لۆس ئەلامۆسی ئەمریکا کاری لەسەرکرا، دواجار بۆمبە وێرانکەرەکە لە هاوینی ساڵی 1945 ئامادەکرا.
پێکهاتە جیاوازەکانی بۆمبەکە رەوانەی بنکەی سەربازیی تینیان کران و لەوێ کۆکرانەوە و دوو بۆمبی لێ دروستکرا.
یەکێکیان ناوی "کوڕە بچکۆلە"کەی لێنرا کە بۆمبێکی یۆرانیۆمی 4.5 تۆنی بوو. هێزی تەقینەوەکەی یەکسانبوو بە تەقینەوەی 15 هەزار تۆن TNT.
بۆمبەکە خڕایە سەر فڕۆکەی بۆمبهاوێژی بی-29 بە ناوی "ئینۆلا گەی"، لە کاتی خۆرهەڵاتندا لە 5ی ئاب بەرەو ژاپۆن بەڕێکەوت. دوو فڕۆکەی تری لەگەڵدا بوو، یەکێکیان بۆ وێنەگرتن و ئەوی دیکەیان بەرپڕسیار بوو لە پێوانی زانستییەکان.
شاری هێرۆشیما بەهۆی ئەوەی بنکەیەکی سەربازیی گەورەی تێدابوو، لە سەرووی لیستی ئامانجەکانی ئەمریکاوە بوو.
کاتێک فڕۆکە ئەمریکییەکان گەیشتن، ئاسمانی هێرۆشیما ساماڵ بوو. لە سەعات 8:15 خولەکی بەیانی بە کاتی ناوخۆی ژاپۆن بۆمبەکە فرێدرایە خوارەوە.
بۆ ئەوەی کاریگەریی تەقینەوەکە زیاتر بێت، بۆمبەکە پێش ئەوەی بگاتە زەوی لە بەرزیی 600 مەترەوە تەقێنرایەوە.
تروسکەیەکی گەورە ئاسمانی رووناککردەوە، پاشان گۆڕا بۆ هەورێکی سپیی چڕ کە 15 کیلومەتر بەرزییەکەی بوو.
لە سەر زەوی و لە مەودای دوو کیلومەترەوە، خانوو و باڵەخانەکان لە چاو ترووکانێکدا تەخت بوون و ئاگر لە هەموو شوێنێک کەوتەوە.
زیاتر لە 70 هەزار کەس دەستبەجێ بوون بە قوربانی، دەیان هەزاری تریش بەهۆی برینداربوون و کاریگەریی تیشکدانەوە گیانیان لەدەستدا. مەزەندە دەکرێت بە گشتی 140 هەزار کەس لەو بۆردوومانەدا گیانیان لەدەستدابێت.

دوای سێ رۆژ و لە 9ـی ئابدا ئەمریکییەکان بۆمبی دووهەمیان بەکارهێنا. بەڵام ئەم بۆمبەیان لە پلۆتۆنیۆم دروستکرابوو. ئامانجەکە سەرەتا شاری کۆکورا بوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی هەور ئاسمانی داپۆشیبوو، لە کۆتا خولەکەکاندا ئامانجەکە بەرەو ناکازاکی گۆڕدرا.
بۆمبەکە ناوی "پیاوە قەڵەوەکە" بوو، لە بەرزیی 500 مەترەوە تەقێنرایەوە. مەزەندە دەکرێت کۆی گشتیی گیانلەدەستدان تا کۆتایی ساڵی 1945، 74 هەزار کەسی تێپەڕاندبێت.

بەهێزیی تەقینەوەکە یەکسانبوو بە تەقینەوەی 20 هەزار تۆن TNT. هەرچەندە بۆمبی دووهەم لە یەکەم بەهێزتر بوو، بەڵام گرد و بەرزاییەکانی ناکازاکی کاریگەریی بۆمبەکەیان کەمتکردەوە، کە ناوەندی شارەکە لەسەروو ناوچەی پیشەسازییەوە بوو، چڕیی دانیشتوانەکەی کەمتر بوو لە دانیشتوانی شاری هێرۆشیما.
سەرچاوەکان: ئاژانسی فرانس پرێس، بی بی سی



