زاناکان پێشبینیدەکەن تا ساڵی 2050 لە سەدا 20ـی زەوییە شێدارەکان و روبەرە ئاوییەکان لە جیهان لەناوبچن.

زانایانی زانکۆی تۆمسک لە روسیا مەزەندە دەکەن نزیکەی 20%ـی زەوییە شیدارەکانی جیهان تا ساڵی 2050 نەمێنن، هاوکات زاناکان دەستیان کردووە بە لێکۆڵینەوە بۆ دۆزینەوەی رێگەکانی پاراستن و نۆژەنکردنەوەیان.

زەوییە شێدارەکان زەوی و روبەری ئاوی جیهانن، بەپێی دوایین راپۆرتی رێککەوتننامەی زەوییە شیدارەکان، لە ساڵی 1970ەوە مرۆڤایەتی نزیکەی 22%ـی ئەو ناوچانەی لەدەستداوە، کە یەکسانە بە 400 ملیۆن هێکتار.

جێگەی ئاماژەیە ئەم ئامارانە جێگەی نیگەرانی زانایانن، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو رۆڵە سەرەکییەی کە ئەو زەوییانە دەیگێڕن لە سەقامگیرکردنی کەشوهەوا، پاراستنی  زیندەوەران و گژوگیا جۆراوجۆرەکان.

زەوییە شێدارەکان، دەریاچە، روبار و زەلکاوەکان و کۆگاکانی ئاو، هەروەها ناوچە کەنار دەرییاکان دەگرێتەوە، ئەو زەوییانە نزیکەی 6%ـی رووی زەوی دەگرێتەوە بەڵام زیاتر لە 7.5%ـی بەرهەمی ناوخۆیی گشتی جیهانی بەشدارن.

ئەم سەرچاوانە، ئاوی پاک دابین دەکەن، رێگری لە لافاو دەکات، بۆ کەرتی کشتوکاڵ بەکاردەهێنردرێت، بەڵام بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و چالاکییەکانی مرۆڤەوە بە خێرایی زیاتر لە هەموو ژینگەیەکی دیکەی سروشتی لەناو دەچن.

د.ئیرینا ڤۆڵکۆڤا، مامۆستای یاریدەدەر لە پەیمانگای بایۆلۆجی لە زانکۆی تۆمسک ئاماژە بەوە دەکات کە زەوییە شێدارەکان و روبەرە ئاوییەکان، رۆڵێکی گرنگیان  هەیە لە رێکخستنی کەشوهەوادا، هاوکات توانای کۆکردنەوەی کاربۆنیان هەیە، بۆ هەزاران ساڵ و تاکە شوێنی سروشتین کە بەردەوام کەشوهەوای جیهانی سارد دەکەنەوە.

شارەزایان جەخت لەوە دەکەنەوە کە پاراستنی زەوییە شیدارەکان و روبەرە ئاوییەکان جگە لەوەی کە پێویستییەکی ژینگەییە، پێویستییەکی ئابوریشە، بە لە ناوچونییان دەبێتە هۆی ناسەقامگیری کەشوهەوا و کەمبوونەوەی یەدەگی ئاوی شیرین و زیادبوونی شەپۆلی لافاوە کارەساتبارەکان.

 بۆیە زانایان داوای هاوکاری نێودەوڵەتی لەم بوارەدا و تێکەڵکردنی داهێنانە زانستییەکان لە بەرنامە و ستراتیژییەکانی پاراستنی ژینگەدا دەکەن بۆ پاراستنی روبەرە ئاوییەکان و زەوییە شێدارەکان.