قوباد تاڵەبانی: کێشەی سەرەکی بەردەم حکومەت فەلسەفەی حکومڕانییە نەک پۆست
محەمەد رزگار
٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
قوباد تاڵەبانی، لەدیدارێکدا لەگەڵ کوردسات نیوز، رەوشی سیاسی و ئیداریی هەرێمی کوردستانی خستەڕوو و ئاماژەی بەوەکرد، سلێمانی لە رابردوودا رووبەڕووی گەمارۆ و غەدر بووەتەوە، بەڵام چەند ساڵێکە رەوش گۆڕاوە و شارەکە بەرەوپێشچوونی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە.جەختی لەوەشکردەوە، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە فەلسەفەی حوکمڕانی بگۆڕدرێت و حکومەتێک پێکبهێنرێت کە تەنها خزمەتگوزار بێت، نەک تەنها دابەشکردنی پۆستەکان بێتە ئامانج بۆ لایەنەکان.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە دیدارێکی تایبەتدا لەگەڵ کوردسات نیوز رایگەیاند، ئەوان ناڕازین لە شێوازی بەڕێوەبردنی ئێستای هەرێمی کوردستان، بە بڕوای ئەو، کێشەی سەرەکی بەردەم پێکهێنانی کابینەی نوێ، پۆست نییە، بەڵکو گۆڕینی فەلسەفەی حکومڕانییە. دەشڵێت، کوردستان پێویستی بە بەڕێوەبردنە، دەبێت فەرهەنگی حکومڕانی بگۆڕێت و وەلا بۆ شەخس نەمێنێت".
سەبارەت بە شێوازی بەڕێوەبردنیش، رەخنەی ئەوەی گرت کە لە ئێستادا دەسەڵاتەکان بە شێوەیەکی ناڕەوا لە ناوەندێکی بچووکدا کۆکراونەتەوە و وتی: "ناکرێت لە پردێکەوە تا دۆسیەی نەوت لەدەست سەرۆکی حکومەت بێت، دەبێت درک بەوە بکرێت وەزارەت و شارەوانی هەیە و دەبێت دەسەڵاتەکانیان بۆ شۆڕ بکرێتەوە".
قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە، سلێمانی لە رابردوودا رووبەڕووی گەمارۆ و غەدر بووەتەوە، بەڵام چەند ساڵێکە رەوشەکە گۆڕاوە و شارەکە پێشکەوتنی بەخۆوە بینیوە، ئاشکراشیکرد، زۆر باجی داوە لەپێناو رێگری لە جیاکاری نێوان ناوچەکان و یەکێتی بەردەوام دەبێت لە پێداگری کردن لەسەر نەهێشتنی ئەو جیاکارییانە.
هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، بەداخەوە ئێستا "دوو ئیدارەیی" لە هەرێمدا هەیە و دەخوازێت هەرێم ببێتە خاوەن یەک ئیدارە، دەستور و یاسای بودجەی ڕوون.
سەبارەت بە پەیوەندییان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، قوباد تاڵەبانی دووپاتی کردەوە، یەکێتی و پارتی ناتوانن بە تەنیا حکومەت پێکبهێنن و پێویستە پێکەوە هەرێم بەڕێوەببەن، ناوبراو وتیشی: "دوژمنی پارتی نین، بەڵکو دەمانەوێت شەراکەتی راستەقینە هەبێت نەک موشارەکە".
سەبارەت بە داهاتووی گفتوگۆکانیش، بە ئەرێنییەوە باسی پەیامەکەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی کرد و ئەوەی خستەڕوو، پەیامەكەی كاك مەسعود جوان بوو و پێویستە تەرجەمەی كردار بكرێت.
لەسەر ئاستی عیراق، قوباد تاڵەبانی باسی لەوەکرد، یەکێتی لەمڕۆدا دیدگایەکی جیاوازی هەیە و چیتر وەک رابردوو سەرقاڵی کێشەی ناوخۆیی نییە، بەڵکو بەشێکە لە داڕشتنی سیاسەتی عیراق بەرانبەر جیهان.
دەشڵێت؛ هەرێم کاتێک بەهێز دەبێت کە بەشدار بێت لە بڕیارەکانی عیراق نەک دوورەپەرێز بێت، هەروەها سەرۆک بافڵ لە بەغداد داوای مافی هەموو گەلانی عیراق دەکات بەبێ جیاوازی.
یەکێتی باوەڕی بە قەوارەی هەرێمی کوردستان هەیە و خەباتی بۆ کردووە، بۆیە هەوڵەکانیان لەپێناو حکومڕانییەکی تەندروستە تا بتوانن بە باشترین شێوە خزمەتی خەڵک بکەن، "قوباد تاڵەبانی وا دەڵێت".



