12 ساڵ بەسەر تاوانی سپایكەردا تێپەڕ دەبێت
هەساو ئەمیر
١٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
12 ساڵ بەسەر تاوانی سپایكەردا تێپەڕ دەبێت، ئەو تاوانەی زیاتر لە هەزار و 700 گەنجی عیراقی بە دەستی تیرۆرستانی داعش كوژران.
رۆژی 12ـی حوزەیرانی ساڵی 2014 تیرۆرستانی داعش هێرشیانكردەسەر بنكەی سەربازیی سپایكەر لە شاری تكریتی ناوەندی پارێزگای سەڵاحەدین، كە بنكەیەكی ئاسمانیی گرنگی عیراقە و لەو كاتەدا نزیكەی چوار هەزار خوێندكاری سەربازیی تێدا بوو، كە بەشێكیان بۆ پاراستنی ناوچەكە لەتیرۆستانی داعش نێردرابوونە بنکەکە.
گروپی تیرۆرستی داعش لە ساڵی 2014دا و لەڕێگەی سوریاوە هاتە ناو خاكی عیراق و سەرەتا شاری موسڵی داگیركرد، دواتر بەرەو شارەكانی دیکە رۆیشت.
بەپێی وتەی رزگاربووانی كۆمەڵكوژییەكە بەر لە گەیشتنی داعش بە تكریت و بنكەی سپایكەر، فەرماندە سەربازییەكان بەو خوێندكارانەیان راگەیاندووە، بە جلوبەرگی مەدەنی و بەبێ چەك بچنە دەرەوەی سەربازگەكە، بەڵام ئەوە بەشێك بووە لەو تەڵەیەی بۆیان دانراوە و كاتێك لە بنكەكە چوونەتە دەرەوە لەلایەن تیرۆرستان و بەشێك لەخەڵكی ناوچەكەوە گەمارۆدراون و دەستگیركراون.
لەو روداوەدا زیاتر لە هەزار و 700 هەزار سەرباز و خوێندكاری سەربازی لەسەر بنەمای مەزهەب جیاكرابوونەوە لەلایەن تیرۆرستانی داعشەوە بە بارهەڵگر گواسترانەوە بەرەو دەشتیاییەكانی تكریت و كەنارەكانی روباری دیجلە، كە بەشێكیان بەهۆی پاڵەپەستۆی ناو بارهەڵگرەكە گیانیانلەدەستدا ئەوانی تریش بە گولـلـەی راستەوخۆ كوژران و تەرمەكانیان خرایە ناو روباری دیجلەوە.
جگە لەوەش تیرۆرستانی داعش بە دەیان ژن و پیاو و خوێندكاریان بردە گۆڕەپانی روداوەكان و ناچاریانكردن بینەری روداوەكە بن.
ساڵی 2015 و دوای رزگاركردنی شاری تكریت، راستەوخۆ دەستكرا بە گەڕان بەدوای تەرمەكان، كە بەشێكیان ئاو بردبوونی و بەشێكیشیان دۆزراونەتەوە.
بەپێی وتەی موعین كازمی سەرۆكی لیژنەی یادی شەهیدانی سپایكەر، تائێستا هەزار و 250 روفاتی ئەو تاوانە رادەستی كەسوكاریان كراونەتەوە، هاوكات زیاتر لە 150 تۆمەتباری پەیوەندیدار بەو تاوانە دەستگیركراون و 72یان سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە.
ئێستاش دوای 12 ساڵ لەو روداوە قێزەونە، كەسوكاری قوربانییەكان ساڵانە بۆ یادكردنەوە دەچنە شوێنی روداوەكە و داواش دەكەن، رێگە نەدەن خوێنی رۆڵەكانیان بەفیڕۆ بڕوات.



