بۆ دووەم ساڵ كۆڕبەندی ئابوری دێڵفی لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت
لازیا عەلی
٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
بۆ دووەم ساڵ لەسەر یەك، سلێمانی میوانداری كۆڕبەندی نێودەوڵەتی ئابوری دێڵفی دەكات، كە تیایدا لێپرسراوانی باڵای عیراق و هەرێمی كوردستان و جیهان كۆبوونەتەوە بۆ تاوتوێكردنی رەوشی سیاسی و ئابووری ناوچەكە، كۆڕبەندەكە دوو رۆژ دەخایەنێت و جەخت لەسەر ئاشتی و چارەسەری ئاڵەنگارییەكان دەكاتەوە.
بۆ دووەم ساڵ كۆڕبەندی دێڵفی لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت، كەسایەتییە باڵاكانی هەرێمی كوردستان و عیراق و جیهان بەشدارن كە ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت، لە دەستپێكی كۆڕبەندەكەشدا سیمیۆن سۆمۆكۆس دامەزرێنەری كۆڕبەندەكە باسی لە تەوەرەكان و گرنگی هەرێمی كوردستان بۆ پێكەوەژیان و چارەسەری ئاڵەنگارییە سیاسسییەكان كرد.
سیمۆن سۆمۆكۆس دامەزرێنەری كۆڕبەندی دێڵفی لەسەرەتای دەستپێکردنی کۆڕبەندەکەدا رایگەیاند، ێمە شانازی دەكەین كە بۆ دووەم ساڵە لەسەر یەك لە شاری سلێمانی ئەم كۆڕبەندە ئەنجام دەدەین، چونكە هەرێمی كوردستان هەمیشە لە هەوڵی بەردەوامی ئاشتی و پێكەوەژیاندایە و گرنگییەكەشی لە روبەرە جوگرافییەكەی زۆر زیاترە، ئێمە لەم كۆڕبەندەدا باسی ئاڵەنگارییە سیاسییەكان و بازاڕەكان دەكەین، چونكە ئەو گفتوگۆیانەی لێرە دەكرێن بۆ ئاسایش و ئابووری ناوچەكە و تەواوی جیهانیش بایەخێكی زۆریان هەیە.
دواتر نزار ئامێدی سەرۆك كۆماری عیراق وتارێكی لەبارەی باشتربوونی سەقامگیری عیراق و گرنگی راگرتنی گروپە چەكدارەكان كرد. جەخت کردەوە ئەو ئاڵەنگارییانەی روبەڕوی عیراق دەبنەوە، نابێت بە هیچ شێوەیەك كاریگەری نەرێنییان لەسەر ژیانی هاووڵاتیان هەبێت، بەردەوامین لە هەوڵەكانمان بۆ راگرتنی گروپە چەكدارەكان و كار دەكەین بۆ رەخساندنی ژینگەیەكی لەباری ئابووری و وەبەرهێنان كە بەدوور بێت لە گەندەڵی، بۆئەوەی ئاسایش و بوژانەوە بۆ وڵاتەكەمان مسۆگەر بكەین.
دواتر، ئەحمەد داود ئۆغڵۆ سەرۆكی پارتی ئایندە و سەرۆك وەزیرانی پێشوتری توركیا سوپاسی بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردوستان و قوباد تەڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كرد، لە بارەی رەوشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەروی هورمزیش وتی، گەروی هورمز لە پێشتردا بەشێوەیەكی ئاسایی سەیر دەكرا و ئێستا پێگەكەی گۆڕاوە.
بەڕێوەچوونی كۆڕبەندی ئابوری دێڵفی بۆ ساڵی دووەم، پێگەی سلێمانی لەسەر نەخشەی وزەی جیهان بەهێز دەكات و هانی دیالۆگی ئەرێنی دەدات بۆ پشتیوانی رێوشوێنەكانی بەهێزكردنی سیاسەتی ئابوری و گەشەپێدان لە رەوشە دژوار و ناسەقامگیرەكانیشدا.
كۆڕبەندی دێڵفی رێكخراوێكی یۆنانییە و لە ساڵی 2016 لە شاری دێڵفی دامەزراوە، ساڵانە لە یۆنان و چەندین وڵاتی تری جیهان بەڕێوەدەچێت، سەركردە و بازرگانان كۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر كێشە سیاسی و ئابوورییەكان، شاری سلێمانیش بۆ دووەم ساڵە لەسەریەك میوانداری ئەو كۆڕبەندە جیهانییە دەكات.



