توێژینەوەکەی کۆمپانیای (سویس ئینشۆرەنس) گەیشتووەتە ئەو دەرەنجامەی کە دەکرێت مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوھەوا کەمبکرێتەوە، ئەویش بە پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی ھەماھەنگی جیھانی بۆ کەمکردنەوەی بەکارھێنانی ئەو سوتەمەنیانەی دەبنە ھۆی گەرمبوونی کەشوھەوای گۆی زەوی.
بڵاوکردنەوەی ئەو ڕاپۆرتە ھاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی جیھانیی زەوی و کۆبوونەوەی باڵای کەشوھەوا بە میوانداریی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا.
بەشدارانی ئەو کۆنفرانسە نیگەرانیان دەربڕیوە لە دیاردەی گەرمبوونی کەشوھەوا و بەڵێنیان داوە دەستپێشخەر بن بۆ دانانی سنورێک بۆ بڵاوبوونەوەی ئەو گازانەی لە ھەوادا ھۆکاری گەرمبوونی کەشوھەوای گۆی زەوین.
ڕاپۆرتەکە گەیشتووەتە ئەو دەرەنجامەی وڵاتانی ھەژار زۆرترین زیانیان لەو دیاردەیە بەردەکەوێت.
ڕاپۆرتەکە پشتی بەستووە بەو ڕاستییەی کە جێبەجێکردنی پەیماننانەی پاریسی تایبەت بە کەشوھەوا، ئەو پەیماننامەیەی وڵاتان پابەند دەکات بە ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای گۆی زەوی، کاریگەریی گەورەی لەسەر ئابوریی جیھان دەبێت و ڕێگری دەکات لە پاشەکشەی ئابوریی جیھان بە ڕێژەی ٤.٢٪ .
ھاوکات جەختیش لەوە دەکاتەوە کە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای گۆی زەوی بە بڕی دوو پلەی سەدی، بە ڕێژەی ١١٪ تا ١٣٪ زیان بە ئابوریی جیھان دەگەیەنێت.
بایدن ئاماژەی بەوەشکرد ھەوڵەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوھەوا دەرفەتی ئابوریی گەورە دەڕەخسێنێت، ئەویش لە ڕێی بنیادنانی تەکنەلۆژیای پاکەوە کە دەشێت ئەمڕۆ و سبەی بەکاربھێنرێت.
بایدن ئاماژەی بەوەشکرد کە پێشنیاری وەبەرھێنانی زەبەلاحی کردووە بۆ سودمەندبوون لەو دەرفەتانەی بەکارھێنانی ئەو تەکنەلۆژیایە دەیانڕەخسێنێت، لەوانە وەبەرھێنان لە کەرتی ئوتومبێلی کارەبایی و وێستگەکانی بارگاویکردنەوەی ئەو جۆرە ئوتومبێلانە و داواشی لەو وڵاتانە کرد کە زۆرترین ڕێژە لە گازە پەنگخواردووە گەرمبووەکانی خانووە پلاستیکیەکانی ڕووەک بە ئەتمۆسفیردا بڵاودەکەنەوە، سنورێکی بۆ دابنێن.
بایدن بەڵێنیشیدا وڵاتەکەی دەستپێشخەر بێت لە کەمکردنەوەی بڵاوکردنەوەی گازە گوڵخانەییەکاندا کە ھۆکاری سەرەکیی گەرمبوونی کەشوھەوای گۆی زەویە.
ھاوکات ئەنتۆنیۆ گۆتەرێس سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لە مەترسیەکانی گەرمبوونی کەشوھەوا کرد و بە ھەڕەشەیەکی ناوبرد بۆ سەر ژیان. گۆتەرێس ئاماژەی بەوەکرد گازە پەنگخواردووەکان ھێندە زیادیان کردووە کە پێشتر ھاوشێوەی نەبووە.
شی جین پینگ سەرۆکی چینیش لە وتەیەکیدا لە ڕێی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە داوای کرد ڕێز لە سروشت بگیرێت و ئاماژەی بەوەکرد گۆڕانی کەشوھەوا ئاستەنگی گەورە بۆ جیھان دروست دەکات.
سەرۆکی چین کە وڵاتەکەی دووەم ئابوریی گەورەی جیھانە، بەڵێنی کەمکردنەوەی بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە گازانەیدا. وتیشی، وڵاتەکەی کۆنفرانسێک سەبارەت بە بە جۆراوجۆریی بایۆلۆژی ڕێکدەخات.
ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیاش لە وتەیەکیدا پابەندبوونی وڵاتەکەی بە ھەوڵەکانی کەمکردنەوەی گەرمبوونی کەشوھەوا دووپاتکردەوە.
پوتین لە وتەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد دانوستانەکان سەبارەت بە گۆڕانی کەشوھەوا بەڵگەیە بۆ ئەو نیگەرانیانەی سەبارەت بەو دیاردەیە لای کۆمەڵی نێودەوڵەتی دروست بوە، و وتیشی داھاتووی ھەسارەی زەوی و تێکڕای وڵاتان و خۆشگوزەرانی دانیشتوانەکانیان تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەستە بەو ھەوڵانەوە کە دەدرێن بۆ سنوردانان بۆ گەرمبوونی کەشوھەوا.