رۆژی شەهید و هیوای زیندوو
٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
7
دوای نسکۆی 1975، پرسیارێک لە دڵی خەڵکی کوردستاندا مابووەوە: دوای ئەو هەموو قوربانییە، ئایا هێزی ئەوەمان ماوە جارێکی دیکە هەستینەوە؟ لەو ماڵانەدا کە کوڕێکیان شەهید بوو بوو، ئەو پرسیارە قورستر بوو. دایکێک کە گوێی لە ناوی کوڕە شەهیدەکەی دەبوو، بیری دەچووەوە بۆ ئەو رۆژەی خۆی ئەو ناوەی لێ نابوو. بەشێک لە مێژووی خەباتی کورد لە یادەوەریی ئەو دایکانەدا پارێزراوە.
بۆچی یەکێتی رۆژی لەسێدارەدانی سێ سەرکردەی کۆمەڵە «شیهاب و جەعفەر و ئەنوەر»ی بۆ رۆژی شەهید هەڵبژارد؟ چونکە هەر یەکەیان لەشارێک بوون؛ سلێمانی و کۆیە و کەرکووک، سێ سەرکردە لە سێ توێژی جیاوازی کۆمەڵگە، لە سەختترین رۆژانی دوای نسکۆدا، بەرامبەر بە رژێمی دیکتاتۆریی راوەستان. بە هەڵوێستی خۆیان وەڵامی ئەو پرسیارەیان دایەوە کە لە دڵی خەڵکدا مابووەوە. دروشمی «کەم بژی و کەڵ بژی» لە ژیانی کورتی ئەواندا مانای خۆی دۆزییەوە و بوونە سەرقافڵەی شەهیدانی سەرکردایەتیی شۆڕشی نوێ. لە ماڵی هەر یەکێکیشیان، کەسێکی ئازیز کەمبۆوە.
لە یەکی حوزەیرانی 1976دا، شۆڕشی نوێی گەلەکەمان دەستی پێ کرد. لەوانەی رێگای شاخیان گرتەبەر، کەسانێک هەبوون هاوڕێیەکیان لە سێدارەدرا بوو، یان لە زیندان لەدەستیان دابوو. هەندێکیش لە شار مانەوە و بەردەوام بوون لە کاری رێکخستن. لە کاری نهێنی و شۆرشدا کە هاوڕێیەکمان شەهید دەبوو، جێگاکەی بە ئاسانی پڕ نەدەبووەوە؛ ئەو خەڵکی کۆڵان و دێهاتەکەی دەناسی، خەڵکیش ئەویان دەناسی و دەرگایان بۆ دەکردەوە. ئەوەی دوای ئەو کەسەی کارەکەی دەگرتە ئەستۆ، دەبوو بە راستگۆیی خۆی هەمان متمانە بەدەست بهێنێت. راستگۆیی هاوڕێیەکی شەهید بەم جۆرە دەبووە پێوەری رەفتاری ئەوانەی دوای ئەو دەمێننەوە.
شێرکۆ بێکەس لە شیعری «شەهید»دا دەڵێت:
«شەهید ئاوە
تینوێتیی زەوی ئەشکێنێ.»
خەڵکی کوردستان دوای نسکۆ، تینووی هیوایەک بوون کە بتوانن پشتی پێ ببەستن. هەڵوێستی ئەو سێ شەهیدە هیوای هەستانەوەی لە دڵی خەڵکدا زیندوو کردەوە. ئاو کە دەچێتە دڵی خاکەوە، ماوەیەک دواتر شوێنەواری لە سەوزبوونی تۆوێکدا دەبینین. شوێنەواری ئەوانیش لەو گەنجانەدا دەرکەوت کە رێی خەباتیان گرتەبەر، لەو ماڵانەدا کە دەرگایان بۆ پێشمەرگە دەکردەوە و لەو کەسانەدا کە لە ناو شارەکان کاری نهێنییان بەردەوامیی پيدەدا.
لە ئازاری 1991، خەباتی شاخ و کاری نهێنیی ناو شار لە شەقامەکانی کوردستانی باشوردا گەیشتنە یەک. دایک و باوک و برا و خوشکی شەهیدانیش لە نێو خەڵکی راپەڕیودا بوون. ئەوەی ساڵانێک لە ترسی رژێم بە چرپە دەگوترا، ئەو رۆژە شارێک بە دەنگی بەرز دەیگوت. بۆ دایکێکی شەهید، ئەوە دەنگی خەڵکێک بوو، داوای هەمان ئازادییان دەکرد کە رۆژێک کوڕەکەی لە پێناویدا ژیانی بەختکردبوو.
کوردستان پێش شۆڕشی نوێش شەهیدی زۆری دابوو، راپەڕین بەرهەمی خەباتی چەند نەوەیەک بوو. هەر بۆیە لە رۆژی شەهیدی یەکێتی دا، کە سەر بۆ ئەو سێ شەهیدە دادەنوێنین، یادی شەهیدانی هەموو کوردستان دەکەینەوە.
لە 1992دا واتا ساڵێک دوای راپەڕین، ئەو هاووڵاتییەی تا دوێنێ لە ترسی حکومەت بیروڕای خۆی دەشاردەوە، چووە سەر سندووقی دەنگدان و نوێنەری خۆی بۆ پەرلەمانی کوردستان هەڵبژارد. پەرلەمان دامەزرا و حکومەتی هەرێم پێکهات. بۆ خێزانێک کە ئازیزێکی لە پێناوی ئازادییدا لەدەستدابوو، ئەو دەنگە مانایەکی تایبەتی هەبوو؛ دوای ئەو هەموو ساڵە، خۆشی بەشدار بوو لە دیارییکردنی ئەوانەی وڵات بەڕێوە دەبەن. پاراستنی ئەو دەستکەوتە ئەمڕۆش پێوەرێکی ڕوونی هەیە: پەرلەمان چەندە دەتوانێت حکومەتێکی کارا و شەفاف و جێی ئومێدی خەڵک پەسەند بکات و لە حکومەت بپرسێت و خەڵک چەندە دەتوانن لە هەردووکیان بپرسن؟
سەرۆک مام جەلال دەیزانی نسکۆکە چ زامێکی لە دڵی خەڵکدا بەجێ هێشتووە، باوەڕی بەوەش هەبوو کە هەر ئەو خەڵکە دەتوانن هەستنەوە. گەشبینییەکەی لەوەدا دەردەکەوت کە هەنگاوی یەکەمی بۆ کاری هاوبەش دەنا، تەنانەت بەرەو ئەو کەسەی دوێنێ لەگەڵی ناکۆک بوو؛ لەگەڵی دادەنیشت و گوێی لێ دەگرت. ئەمڕۆش یەکێتی پێویستی بەو دڵفراوانییە هەیە.
لە رۆژگاری شۆڕشدا، خەڵک دەرگای ماڵەکانیان بۆ پێشمەرگە دەکردەوە. ئەمڕۆ کە خەڵک روو لە دامەزراوەکانی هەرێم دەکەن، مافیانە دەرگایان بۆ بکرێتەوە، گوێیان لێ بگیرێت و وەڵامێک وەربگرن. بۆ فەرمانبەرێک کە بە مووچەکەی ماڵ بەڕێوە دەبات، چاکسازیی لەوەوە دەست پێ دەکات دڵنیا بێت لە کۆتایی مانگدا بە دەستی بەتاڵ ناگەڕێتەوە ماڵەوە. مسۆگەرکردنی مووچە و بەشی هەرێم لە بودجە، پەیوەندییەکی جێگیر لەنێوان هەولێر و بەغداد دەخوازێت. لەبەردەم مەترسییەکانی عیراق و ناوچەکە و جیهاندا، یەکێتی بەرپرسیارێتیی ئەوەی هەیە لایەنە کوردستانییەکان لەیەکتر نزیکبکاتەوە و بە هەڵوێستێکی هاوبەشەوە بچێتە گفتوگۆ لەگەڵ بەغداد.
لە رۆژی شەهیددا، کە ناوی شەهیدان دەخوێنینەوە، با لە خۆشمان بپرسین: «ئەوان ژیانیان لە پێناو ئازادییدا بەخت کرد؛ ئێمە ئەو ئازادییە چۆن دەپارێزین و داهاتوویەکی گەش بۆ منداڵەکانیان مسۆگەر دەکەین؟
ئەو چرایەی لە رۆژگاری نائومێدیدا هەڵکرا، خەڵک مافی خۆیانە ئەمڕۆ رووناکییەکەی لە ماڵی خۆیاندا ببینن.


