ژمارەیەك لە حكومەتەكانی ئەوروپا، لە نێویاندا بەریتانیا، سوید و نەرویج، هۆشداری دەدەنە هاووڵاتییانیان بەوەی كە خۆراك، ئاو و پێداویستییە سەرەتاییەكان بكڕن، بە جۆرێك بتوانن بۆ ماوەی 72 سەعات تا هەفتەیەك بەبێ هاوكاریی دەرەكی بژین.

ئەم هۆشدارییانە لە بەریتانیا بەشێكن لە كەمپەینێكی نوێ بە ناوی "خۆت ئامادەبە بكە". 
لەم چوارچێوەیەدا، دان جارڤیس، وەزیری ئاسایشی بەریتانیا رایگەیاندووە، ئەوانەی دەتوانن پەیڕەوی ئەم هۆشدارییە بكەن، پێویستە جێبەجێی بكەن، وەك هەنگاوێك بۆ ئامادەبوون بۆ قەیرانە لەناكاوەكان و بەرزكردنەوەی ئاستی خۆڕاگری هاوڵاتیانی وڵاتەكە لە بەردەم كارەساتەكاندا.

حكومەتی نەرویژ بەهەمانشێوە و بەشێوەیەكی كرداری دەستی كردووە بە كۆگاكردنی دانەوێڵە و سویدیش كار بۆ بونیادنانەوە و زیادكردنی یەدەگی خۆراك دەكات.

چاودێران پێیانوایە ئامانجی سەرەكی ئەم كەمپەینانە ئامادەكردنی خەڵكە بۆ روبەڕوبوونەوەی قەیرانەكانی وەك كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا و هەڕەشە و هێرشی وڵاتان.

وێس ستریتینگ، وەزیری بەرگریی بەریتانیا، لەم چوارچێوەیەدا هۆشداری دەدات لە مەترسییەكانی "روداوی تیرۆرستی لەلایەن وڵاتانی ترە" 
هەڕەشەكانی روسیا یان وڵاتانی دیكە كە دەكرێت ژێرخانی سەرەكیی و خزمەتگوزارییە گشتییەكان بكەنە ئامانج یەكێكن لە ئەگەرەكان و بە وتەی وەزیری بەرگری بەریتانیا، مەترسییەكەن لە ئێستادا بوونیان هەیە و خەیاڵی نین.

ئەو هۆشدارییانەی كە وڵاتانی ئەوروپا خۆیانی بۆ ئامادە دەكەن بریتین لە پچڕان و لەكاركەوتنی خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان بەهۆی هێرشی ئەلیكترۆنی، تەشەنەسەندنی جەنگی روسیا، یان كارەساتی سروشتی.
ئەگەر هەیە ئەم رووداوانە ببنە هۆی بڕانی كارەبا و ئاوی خواردنەوە، و پەكخستنی ئامێرەكانی راكێشانی پارە سیستەمی پارەدانی دیجیتاڵی، كە بەتەواوی ژیانی رۆژانە رادەگرن.

بەپێی رێنماییەكانی ئەو وڵاتە ئەوروپیانە، پێویستە هەر كەسیك 9 لیتر ئاو و خۆراكی وشك و لەقتوونراو، دەرمانی پێویست، جانتای فریاگوزاریی سەرەتایی، لایت و رادیۆ و پاتریی زیادە، لەگەڵ بڕێك پارەی كاش بۆ كاتی لەكاركەوتنی سیستەمە بانكییەكان لە ماڵەكانیاندا بهێڵنەوە.

لە كاتێكدا وڵاتانی وەك هۆڵەندا، پۆڵەندا، لاتیڤیا و لیتوانیا جەخت لە كۆكردنەوەی خۆراك و پێداویستییەكان بۆ ماوەی 72 سەعات دەكەنەوە، وڵاتانی سوید و نەرویژ داوا دەكەن هاووڵاتییان بۆ ماوەی یەك هەفتە بە تەواوی ئامادەباشییان هەبێت.