هەنگاوە نوێیەكانی حكومەتی عیراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كەتیبەكانی حزبوڵا و پلانی چوونە ناو ناوچەی جورف سەخر، گۆڕەپانی سیاسی و ئەمنیی عیراقی خستووەتە بەردەم قۆناغێكی نوێ و هەستیار. 

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەراپۆرتێكی شیكاریدا ئەم جوڵانەی بەغدادی بە مەترسیدارترین پێشهات لە مێژووی عیراقی دوای ساڵی 2003 وەسف كردووە.

حكومەتی عیراق بڕیاریداوە تارۆژی هەینی  هێز بنێرێتە ناوچەی جورف سەخر ، ئەم ناوچەیە كە ماوەیەكی زۆرە لە دەرەوەی كۆنترۆڵی هێزە رەسیمیەكانی دەوڵەتە و بووەتە جێی سەرنجی ناوەندە سیاسییەكانی جیهان و بەشێكیشە لە ململانێكانی نێوان ئەمریكا و بەهۆی گومانی بەقاچاخبردنی نەوتیش هێندەی تر سەرنجەكانی لەسەر چر كراوەتەوە.

ئاژانسی رۆیتەرز  لە راپۆرتەكەیدا باسی لەوەكردووە  كەتیبەكانی حزبوڵا تەنها گروپێكی چەكداری ئاسایی نییە، بەڵكو خاوەنی پێگە و هەژموونێكی زۆر بەهێزە لە ناوەوە و دەرەوەی جومگەكانی دەوڵەتی عیراقدا، هەر بۆیە ئەم جوڵەیەی حكومەت، وڵاتەكە دەخاتە بەردەم مەترسیی ئەنجامدانی كردەوەی تۆڵەسەندنەوە لە ناوخۆدا، كە رەنگە راستەوخۆ دامەزراوە رەسمییەكانی دەوڵەتی عیراق بكاتە ئامانج و پشێوییەكی ئەمنیی گەورە بەدوای خۆیدا بهێنێت.
ئەم پێشهاتانە لە كاتێكدایە، حكومەتی عیراق و سەرۆك وەزیرانەكەی پشتیوانیی راستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكایان بەدەستهێناوە بۆ كەمكردنەوەی دەسەڵاتی گرووپە چەكدارەكان و كۆنترۆڵكردنی سنوور و سەرچاوە ئابوورییەكان.

 لەگەڵ ئەوەشدا، چاودێران جەخت لەوە دەكەنەوە پێویستە بەغداد زۆر بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئاڵنگاریەكانی هەژموونی ئێراندا بكات؛ چونكە تاران هێشتا لە رێگەی تۆڕێكی فراوان لە سیاسەتمەداران و گرووپە چەكدارە كاراكانی نێو گۆڕەپانی عیراقەوە، خاوەنی كارت و كاریگەرییەكی گەورەیە و بە ئاسانی دەستبەرداری پێگەكانی نابێت.

رۆژانی داهاتوو، بەتایبەت رۆژی هەینی  دەبنە تاقیكردنەوەیەكی یەكلاكەرەوە بۆ سەروەریی یاسا و هێزی حكومەتی عیراق، سەركەوتنی بەغداد لەم هەنگاوەدا هاوسەنگیی هێز لە عیراقدا دەگۆڕێت، بەڵام هەر هەڵەیەك لە پیشبینییەكانیدا رەنگە دەرگا بە رووی ململانێیەكی ناوخۆیی و هەرێمیی سەختدا بكاتەوە.