خۆپیشاندانەکانی خوێندکارانی ئامادەیی لە فەرەنسا
١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
19
خۆپیشاندانەکانی خوێندکارانی ئامادەیی لە فەرەنسا: داواکاری پەروەردەیی، ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی و توندوتیژی بلاک بلۆکەکان
خۆپیشاندانەکانی خوێندکاران تەنها ناڕەزایەتیەک لە دژی سیاسەتە پەروەردەییەکان نین، بەڵکو ڕەنگدانەوەی نیگەرانی گەنجانن لە داهاتوو ووڵات، نایەکسانی کۆمەڵایەتی و کەمبوونەوەی متمانە بە دامەزراوەکانی دەوڵەت کە لە ماوەی حوکمی دە ساڵی سەرۆک ماکرۆن بە تەواوەتی لاواز و بێ هێزبوون.
۱ـ کرۆنۆلۆجی خۆپیشاندانەکان :
خۆپیشاندانەکانی خوێندکارانی ئامادەیی لە فەرەنسا مێژوویەکی درێژیان هەیە. لە ساڵانی ١٩٨٠ و ١٩٩٠ەوە، خوێندکاران بەردەوام بوون لە ناڕەزایەتی دژی کەمی ئیمکانات، خراپی بارودۆخی قوتابخانە و یاسا و ڕێنمایەکان.
لە ساڵی ٢٠٠٥دا، ناڕەزایەتی دژی پڕۆژەی گرێبەستی کاری CPE گەنجان و خوێندکارانی زانکۆی کۆکردەوە. لە ٢٠١٨دا، خۆپیشاندان دژی گۆڕانکارییەکانی تاقیکردنەوەی بەکالۆریا (تاقیکردنەوەی کۆتاییەکانی دوا ناوەندی BAC) و سیستەمی وەرگرتن لە زانکۆکان بەڕێوەچوو. هەروەها لە ٢٠٢٣دا، بەشێک لە خوێندکاران بەشداریان لە ناڕەزایەتیەکانی دژی گۆڕانکاری سیستەمی خانەنشینی کرد.
ئەم مێژووە نیشانی دەدات کە ناڕەزایەتی خوێندکاران زۆر جار لە چوارچێوەی قوتابخانە تێدەپەڕێت و دەبێتە دەربڕینی نیگەرانیەکی گشتگیر لە داهاتووی کۆمەڵگا و دامەودەزگاکانی.
۲ـ ڕووداوەکانی ساڵی ٢٠٢٦ و ئاماری دەستبەسەرکردن :
بەپێی زانیاریە بڵاوکراوەکانی ئەو ماوەیە، لە پاییزی ٢٠٢٦دا خۆپیشاندانەکان فراوانتر بوون و لە چەندین شاردا بلۆککردنی قوتابخانەکان و پێکدادان ڕوویدا.
* ٢٨ی ئەیلوول: نزیکەی ١٨٠ قوتابخانە کاریگەریان لێکەوتەوە و ١٦٤ کەس دەستبەسەر کران.
* ١ی تشرینی یەکەم: چالاکییەکان ١٬٠٢٧ قوتابخانەیان گرتەوە، ٢٢٢ قوتابخانە بلۆک کران و ١٬٩٤٩ کەس دەستبەسەر کران.
* ٦ی تشرینی یەکەم: لە ڕۆژێکی خۆپیشاندانی سەرانسەریدا، ٤٨٨ کەس دەستبەسەر کران و ٤٣ ئەندامی هێزەکانی ئاسایش بریندار بوون.
* لە ٢٨ی ئەیلوول تا ٨ی تشرینی یەکەم: ٦٬٨٧٧ حاڵەتی بەندییەتیی کاتی تۆمار کرا؛ ٨٦٪ی ئەوانە کەسانی ژێر ١٨ ساڵ بوون.
۳ـ هۆکارەکان و داواکارییەکان :
چەند هۆکارێکی سەرەکی لە پشت ئەم جووڵانەوەیەوە هەن:
یەکەم : کەمیی ئیمکاناتی پەروەردەیی: قوتابیان لە قەرەباڵغیی پۆلەکان، کەمیی مامۆستا، نەبوونی جێگرەوە و خراپیی بیناکانی قوتابخانەکان ناڕازین.
دووەم : نیگەرانی لە داهاتوو: گەنجان هەست دەکەن کە بەدەستهێنانی بڕوانامە بە تەنها دڵنیایی لە کار و ژیانی جێگیر ناکات. هەروەها، سیستەمی وەرگرتن لە زانکۆکان، بە تایبەتی Parcoursup، جێی مشتومڕە.
سێیەم : گرانی و نایەکسانیی کۆمەڵایەتی: تێچووی خواردن، گواستنەوە، نیشتەجێبوون و خوێندن فشارێکی زیاتر دەخاتە سەر خێزانەکان.
چوارەم : نەبوونی گفتوگۆی کاریگەر: بەشێک لە قوتابیان پێیان وایە دەسەڵاتداران زیاتر گرنگی بە ڕێکخستنی ئاسایش دەدەن تا چارەسەرکردنی کێشەکانی پەروەردە.
داواکارییە سەرەکییەکان بریتین لە زیادکردنی بودجەی پەروەردە، دابینکردنی مامۆستای زیاتر، چاکسازیی قوتابخانەکان، کەمکردنەوەی نایەکسانی، پێداچوونەوە بە سیستەمی ئاراستەکردنی قوتابیان و باشترکردنی هەلەکانی کاری گەنجان.
٤ـ کێشەی بلۆک بلاکەکان : جیاوازی لە نێوان ناڕەزایەتی و توندوتیژی
لە خۆپیشاندانەکان، سووتاندن، تێکدانی موڵکی گشتی، هاویشتنی شتومەک بۆ سەر هێزەکانی ئاسایش و پێکدادان ڕوویداوە. هەندێک کەس بە مەبەستی تێکدانی ڕێپێوانەکان و دروستکردنی ئاژاوە بەشداری دەکەن، بەڵام نابێت هەموو خۆپیشاندەران بە هەمان شێوە هەڵبسەنگێندرێن.
توندوتیژی نەک تەنها زیان بە کۆمەڵگا دەگەیەنێت، بەڵکو دەتوانێت سەرنج لە داواکارییە ڕەواکانی خوێندکاران لاببات و پشتگیریی خەڵک لە جووڵانەوەکە کەم بکاتەوە.
داواکاریی ڕەوا، توندوتیژی پاساو نادات، هەروەها، توندوتیژیی کەمینەیەک نابێت ببێتە هۆی ڕەتکردنەوەی ماف و داواکاری خوێندکاران.
٥ـ قەیرانی پەروەردە یان قەیرانی متمانە ؟
خۆپیشاندانەکانی خوێندکارانی فەرەنسا لە ساڵی ٢٠٢٦دا تەنها کێشەیەکی ناوخۆیی قوتابخانەکان نین، بەڵکو نیشانەی نیگەرانیەکی قووڵترن لەسەر دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، هەلەکانی داهاتوو و توانای دامەزراوەکان بۆ وەڵامدانەوە بە داواکاریی گەنجان. گۆڕانکاریەکانی نێو گۆڕەپانی نێودەوڵەتی، شەڕی ئۆکرانیا، شەڕی ئێران و شکستی ئەمریکا لە ئیدارەدانی ئەو شەڕە و ناکۆکیەکانی نێوان ئەمریکا و ئۆروپا، بە تەواوی پێگەو هێزی سیاسی و ئابوری و دبلۆماسی بلۆکی ڕۆژئاوای لاوازکردوە.
پاراستنی ئاسایش و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی پێویستن، بەڵام بە تەنها چارەسەر نین. چارەسەری بەردەوام پێویستی بە گفتوگۆی ڕاستەقینە، بودجەی گونجاو و ئەنجامی دیار هەیە.
دیموکراسی تەنها بە توانای پاراستنی ئەمن و ئاسایش ناپێورێت، بەڵکو بە توانای گوێگرتن لە دەنگی ئەوانیش دەناسرێتەوە کە دژی بڕیارەکانی ناڕازین. بەرپرسیارێتیخوێندکاران ئەوەیە ناڕەزایەتییەکانیان بگۆڕن بۆ پێشنیاری بنیاتنەر، بەرپرسیارێتی حکومەتیش ئەوەیە بیسەلمێنێت کە دەنگی گەنجان دەتوانێت کاریگەریی ڕاستەقینە لەسەر بڕیارە گشتییەکان هەبێت.
ئەوەی ڕاستی بێت، هەموو ئەمانە ئۆپشنی زۆر قورسن بۆ جێبەجێکردن و ناکۆکیەکانی سیاسیەکانی نێو ماڵی فەرەنسا زۆر قوڵن و لە دوو بلۆک خۆیان دەبیننەوە : بلۆکی چەپی توندڕەو و بلۆکی ڕاستڕەوی توندڕەو.
لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی فەرەنسا لە ۲٠۲۷، تەنها فەرەنسیەکان، دەتوانن داهاتوویان هەڵبژێرن، توندڕەوی یان گەڕانەوە بۆ لای هێزە میانڕەوە دێرینەکانی فەرەنسا.




