لوتکەی سلێمانی 2026 ، سلێمانی بەرەو سەردەمێکی نوێ
١٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
26
لە چاوی منەوە ، لوتکەی سلێمانی 2026 تەنها ڕووداوێکی ئابووری نەبوو ؛ بەڵکو نیشانەی گەڕانەوەی سلێمانییە بۆ ئەو پێگەیەی کە هەمیشە بە بیرکردنەوە، گفتوگۆ و پێشکەوتن ناسراوە
کۆبوونەوەی بەرپرسان، وەبەرهێنەران، خاوەنکاران و پسپۆڕانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لە یەک پلاتفۆرمدا، بۆ گفتوگۆ لەسەر وەبەرهێنان، پیشەسازی، بانکداری، خانووبەرە و گەشەی بەردەوام، وێنەیەکی پۆزەتیڤ لە توانای سلێمانی بۆ میوانداریی ڕووداوە ئابووری و ستراتیژییەکان پیشان دەدات.
لەم ڕوانگەیەوە، دەستخۆشی و پیرۆزبایی شایستەی دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی و هەموو تیمی ڕێکخەری لوتکەکەیە، کە بە هەوڵ و توانای ڕێکخستن توانایان پیشان دا بۆ بەڕێوەبردنی ڕووداوێکی بەو ئاستە و کۆکردنەوەی ئەم ژمارەیە لە کەسایەتی و پسپۆڕ.
لوتکەکە تەنها باسکردنی ئابووری نەبوو؛ بەڵکو دەرفەتێک بوو بۆ دروستکردنی پەیوەندیی نوێ، ئاڵوگۆڕی ئەزموون و کردنەوەی دەرگای بیرکردنەوە بۆ پرۆژە و هەنگاوی نوێ.
لە هەموو ئەمانە گرنگتر، ئەوەی لە سلێمانی دەبینرێت، نیشانەی جوڵە و نوێبوونەوەی شارەکەیە؛ شارێک کە جارێکی دیکە دەیەوێت ناوی خۆی لە ئاستی ناوخۆ و ناوچەیی بە وەبەرهێنان، پێشکەوتن و جولەی ئابووری پەیوەست بکات.
سلێمانی ئەمڕۆ تەنها باس لە ڕابردوو ناکات؛ بەڵکو داهاتووی خۆی دەنووسێتەوە و دەتوانێت ئەو سەردەمە بە شێوەیەکی نوێ بگەڕێنێتەوە؛ بە سەرمایە، پیشەسازی، زانست، تەکنەلۆجیا و بیرکردنەوەی ستراتیژی.
لوتکەی سلێمانی 2026 لەوانەیە تەنها ڕووداوێکی دوو ڕۆژە نەبێت؛ بەڵکو خاڵێکی دەستپێک بێت بۆ قۆناغێک کە سلێمانی تێیدا جارێکی دیکە دەبێتە ناوی متمانە، دەرفەت و پێشکەوتن و دەگەڕێتەوە سەردەمی زێڕینی لە ناوچەكەدا
سلێمانی شایەنی ئەوەیە بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی زێڕینی خۆی؛ نەک تەنها وەک یادەوەرییەکی مێژوویی، بەڵکو وەک واقعێکی نوێ کە بە دەستی نەوەی ئەمڕۆ دروست دەکرێت.




