لە نێوان كرانەوەی دەرگای دانوستان لە لایەن دۆناڵد ترەمپەوە و بەردەوامیی هێرشە ئاڵوگۆڕكراوەكان و جووڵە دیپلۆماسییەكاندا، رۆژهەڵاتی ناوەراست لە چاوەڕوانیی یەكلابوونەوەی دۆخەكەدایە.

لە كاتێكدا قەیرانی نێوان ئەمریكا و ئێران بەبێ دەركەوتنی هیچ ئاماژەیەكی نزیك بۆ كرانەوە بەردەوامە، هەوڵەكانی واشنتۆن بۆ بەدەستهێنانی رێككەوتنێكی ئەتۆمیی هەمیشەیی لەگەڵ تاران یەك لە دوای یەك دێن و داوەكانی قەیرانە هەرێمییەكە لە چەندین بەرەوە ئاڵۆزتر دەبن. 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی فۆكس نیوز ئاماژەی بەوە داوە كە هەوڵی گۆڕینی دەسەڵاتی ئێرانی نەداوە، بەڵام لە هەمان كاتدا پێی وایە سەركردایەتیی ئێستای ئێران ژیرترە، هەرچەندە هێشتا لە دانوستاندا سەختە و دەكرێت رێككەوتنێك بكات و رۆژی دواتر لێی پاشگەز ببێتەوە. ترەمپ جەختی كردەوە كە واشنتۆن بە دوای ڕێككەوتنێكی درێژخایەندا دەگەڕێت، نەك لێكتێگەیشتنێكی كاتی كە بە گۆڕانی سەركردایەتیی ئەمریكا هەڵبوەشێتەوە.

لە لایەكی دیكەوە، پاكستان گەشبینیی خۆی بەرانبەر ئەگەری گەیشتن بە رێككەوتنێكی نزیك لە نێوان واشنتۆن و تاران بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕ دەربڕیوە و هۆشداریی داوە لەوەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چیتر بەرگەی بەردەوامبوونی ململانێكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ناگرێت.

هاوكات لەگەڵ ئەم پەرەسەندنانە، تاران هۆشداری دەدات، كە جەنگە ئابوورییەكەی هیچی كەمتر نییە لە رووبەڕووبوونەوەی سەربازی، مەسعود پزیشكیان، سەرۆك كۆماری ئێران رایگەیاند وڵاتەكەی لە بەرەی ئابووریدا جەنگێكی بێدەنگ بەڕێوە دەبات، و بە زۆر سەختتر لە جەنگی مووشەكەكان وەسفی كرد.

لای خۆیەوە كازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشكرای كرد تاران بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ئۆنلاین لەگەڵ نێوەندگیرەكان لە نێویاندا قەتەرییەكان لە پەیوەندیدایە بۆ ئەوەی بزانن ئایا دەكرێت دەرفەتێكی دیكە بە دیپلۆماسی بدرێت یان نا، هەروەها گەمارۆ ئابوورییەكەی بە كردەیەكی جەنگی ناوبرد و دووپاتی كردەوە كە ئێران هەموو ڕێكارێكی پێویست بۆ شكاندنی دەگرێتە بەر.

لە بەرانبەر ئەم لێدوانە دیپلۆماسییانەدا، ئامادەكارییە سەربازییەكان لە لوتكەدان؛ سوپای ئیسرائیل و فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا سێنتكۆم پلانە سەربازییە هاوبەشەكانیان پەسەند كردووە، وەك ئامادەباشییەك بۆ ئەگەری هەڵگیرسانی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ ئێران. ئەفسەرێكی بای ئیسرائیلیش بە كەناڵی 13ی وڵاتەكەی راگەیاندووە تەلئەڤیڤ چاوەڕێی بڕیاری سەرۆكی ئەمریكایە سەبارەت بە ئێران.

ئەم ئاڵۆزییانە لە كاتێكدان كە گەمارۆی دەریایی ئەمریكا بۆ سەر ئێران پێی ناوەتە 130ەمین ڕۆژییەوە، و هاوكات هێرشەكانی ئێران بۆ سەر كەشتییە بازرگانییەكان و كەشتییە نەوتهەڵگرەكان لە ناوچەكەدا ڕوو لە هەڵكشانن.