وردەکاری بڕیارەکەی عەلی زەیدی
هەژار
٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
عەلی زەیدی سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عیراق، پێداچوونەوەی بە راپۆرتی لیژنەی لێكۆڵینەوەی تایبەت بە بەقاچاخبردنی نەوت لە كۆمپانیای نەوتی باكوور كرد و جەختیكردەوە، بە پشتبەستن بەو بنەمایەی كە سەروەریی نیشتمانی دابەش نابێت و پاراستنی سامانی عیراق جەنگێكی چارەنووسسازە كە دەوڵەت لە رێگەیەوە سنوورێكی یەكلاكەرەوە بۆ هەموو جۆرە قاچاخچێتییەك دادەنێت، ژمارەیەك رێكار و بڕیاری نوێی كرد.
لەسەر بنەمای راپۆرتی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە دۆسێی بە قاچاخبردنی نەوت، عەلی زەیدی سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عیراق ژمارەیەك رێكار و بڕیاری نوێی كرد، لەوانە، بەخشینی سەرۆكی دەستەی دەروازە سنوورییەكان لە پۆستەكەی، دوورخستنەوەی فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی كەركوك و فەرماندەی پۆلیسی كەركوك لە پۆستەكانیان، بەخشینی فەرماندەی لیوای یەكی پۆلیسی وزە و جێگرەكەی و بەڕێوەبەری هەواڵگریی لیوای یەكی پۆلیسی وزە و بەڕێوەبەری بەشی بازگەكانی لیواكە لە پۆستەكانیان، ئاراستەكردنی سزای سەرزەنشتكردن بۆ بەڕێوەبەری ئاسایشی نیشتمانی و بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانی لە پارێزگای كەركوك.
دوورخستنەوەی كاتی بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای نەوتی باكوور و جێگرەكانی، تا تەواوبوونی لێكۆڵینەوەكان لەلایەن دەستەی دەستپاكیی عیراق و ناردنی بەڕێوەبەری پێشوو بۆ لێكۆڵینەوە، بەخشینی بەڕێوەبەری بەشی پشكنین لە كەركوك سەر بە كۆمپانیای گشتیی دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكان، دوورخستنەوەی كاتی بەڕێوەبەری گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازیی و بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای پیشەسازییە كانزاییەكان لە وەزارەتی پیشەسازیی و كانزاكان، تا تەواوبوونی لێكۆڵینەوەكان لەلایەن دەستەی دەستپاكیی عیراقەوە.
رەوانەكردنی دۆسێ و سەرپێچییەكان بۆ دادگا و راسپاردنی دەستەی دەستپاكیی بۆ لێكۆڵینەوە لەو سەرپێچییەكان و خستنەڕوویان لەبەردەم دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی تاوانەكانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی ناوەندی، سەرپێچییەكانیش بریتین لە وردبینیكردن لە گرێبەستەكانی فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەكان كە لە نێوان كۆمپانیای نەوتی باكوور و كۆمپانیای میحوەر ئەلفزی و كۆمپانیاكانی تردا ئیمزاكراون و دڵنیابوونەوە لە تەواوی بڕە دابینكراوەكان، وردبینیكردن لە رادەستكردن یان دابینكردنی نەوتی خاو لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە بۆ هەردوو پاڵاوگەی بازیان و كار و دڵنیابوونەوە لە هاوتایی بڕی دابینكراو و وەرگیراو، لێكۆڵینەوە لەو مۆڵەتانەی بە سەرجەم كارگەكان دراون لەلایەن وەزارەتی پیشەسازیی و كانزاكانەوە لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانەی بوونەتە هۆی بەهەدەردانی سامانی گشتیی، لێكۆڵینەوە لەو بڕە پارانەی بۆ پاسەوانە مەدەنییەكانی تایبەت بە پاراستنی بۆرییە نەوتییەكان خەرجكراون، چونكە لە كۆمپانیای نەوتی باكوور بوونیان نییە.
لەبارەی هەرێمی كوردستانیش داوایكردووە، حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێم رابسپێردرێت بە پێنەدانی ڕەزامەندیی هەناردەكردنی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەكان تەنها لە ڕێگەی وەزارەتی نەوتی عیراقەوە نەبێت، وەرگرتنەوەی سەرجەم دەروازە سنوورییەكان لە هەرێمی كوردستان لەلایەن دەستەی دەروازە سنوورییەكانەوە، راسپاردنی وەزارەتی نەوت بۆ بەڕێوەبردنی سەرجەم ئەو كێڵگە نەوتییانەی سەر بە وەزارەتن و دەكەونە سنووری پارێزگاكانی دیالە، كەركوك، سەڵاحەددین و نەینەوا.
هەر بەپێی بڕیارەكانی زەیدی بۆ رێكارە ئەمنی و سەربازییەكان و كۆنترۆڵكردنی سنوورەكان، بڕیاردراوە فەرماندەیی هێزەكانی سنوور ئەركی داخستنی دەروازە ناڕەسمییەكان بگرێتەئەستۆ بە دەروازەكانی هەرێمی كوردستانیشەوە، راسپاردنی وەزارەتی بەرگریی بۆ داخستنی سەرجەم رێگا خۆڵەكان لە نێوان پارێزگاكانی دیالە و سەڵاحەدین و كەركوك و نەینەوا، راسپاردنی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی وزە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە بۆ گرتنەدەستی سەرجەم كێڵگە نەوتییەكان و چاودێریكردنیان بە كامێرا، ئامادەكردنی میكانیزمێك كە جووڵەی بەرهەمە نەوتییەكان لە نێوان پارێزگاكان و لە رێگەی دەروازە سنوورییەكانەوە رێكبخات و سەرجەم لایەنەكان پابەند بن پێوەی، بەكارهێنانی تەكنەلۆژیای سەردەمیانە بۆ پاراستن و چاودێریكردنی بۆری و بیرە نەوتییەكان.



