بڕیارەکانی بەغداد لە دۆسێی نەوت و سنورەکان؛ هەڵوێستەکانی هەرێمی کوردستان و ناوەند لە چوارچێوەی دەستووری عیراقدا
ساکۆ سمکۆ
٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
لە دوای ئەوەی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عیراق لەسەر بنەمای راپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە بە قاچاخبردنی نەوت ژمارەیەک بڕیار و رێکاری نوێی سەبارەت بە نەوت و دەروازە سنوورییەکان دەرکرد، کاردانەوە و هەڵوێستی جیاوازی لێکەوتەوە؛ لە هەرێمی کوردستان هەریەک لە بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە راگەیەندراوی جیادا هەڵوێستی خۆیان لەسەر پابەندبوون بە دەستور، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و قاچاخچێتی، رەتکردنەوەی بڕیاری تاکلایەنە و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغداد خستەڕوو.
هاوکات لە بەغدادیشەوە فراکسیۆنی سادقون پشتیوانیی خۆی بۆ بڕیارەکان راگەیاند و جەختی لە پاراستنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم کردەوە، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانیش دووپاتیکردەوە کە بڕیارەکان عیراقین و سەربەخۆن، راگەیاندنی دادوەریش داوای پابەندبوونی هەموولایەکی بە دەستووری ساڵی 2005ـەوە کرد کە دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی نێوان ناوەند و هەرێمی لە پرسی سنور، ئاسایش و گومرگدا دیاریکردووە.
بڕیارەکانی سەرۆک وەزیرانی عیراق لە دۆسێی نەوت و گەندەڵیدا
بەپێی بڕیارەکانی عەلی زەیدی کە لەسەر بنەمای راپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە بە قاچاخبردنی نەوت دەرکراون، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان، فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکان و فەرماندەی پۆلیسی کەرکوک، فەرماندە و جێگر و بەڕێوەبەرانی هەواڵگری و بازگەکانی لیوای یەکی پۆلیسی وزە و بەڕێوەبەری بەشی پشکنین لە کەرکوک لە پۆستەکانیان بەخشراون یان دوورخراونەتەوە و سزای سەرزەنشتکردنیش ئاراستەی بەڕێوەبەرانی ئاسایشی نیشتمانی و هەواڵگریی نیشتمانی لە کەرکوک کراوە.
هاوکات بەڕێوەبەرانی گشتیی کۆمپانیای نەوتی باکوور و جێگرەکانی، گەشەپێدانی پیشەسازی و کۆمپانیای پیشەسازییە کانزاییەکان بە شێوەیەکی کاتی دوورخراونەتەوە و بەڕێوەبەری پێشووی نەوتی باکووریش رەوانەی لێکۆڵینەوە کراوە.
لەڕووی دادوەرییشەوە، دۆسێ و سەرپێچییەکان بۆ دەستەی دەستپاکی و دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی ناوەندی رەوانەکراون، تا وردبینی لە گرێبەستەکانی نەوتی باکور لەگەڵ کۆمپانیای میحوەر ئەلفزی و کۆمپانیاکانی دیکە، دابینکردنی نەوتی خاو بۆ پاڵاوگەکانی بازیان و کار، مۆڵەتی کارگەکان و خەرجیی ئەو پاسەوانە مەدەنییانەی بۆرییە نەوتییەکان بکرێت کە لە کۆمپانیای نەوتی باکور بوونیان نییە.
رێکارە تایبەتەکان بە هەرێمی کوردستان و سنوورەکان
لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە، زەیدی داوایکردووە حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم رابسپێردرێت تەنها لەڕێگەی وەزارەتی نەوتی عیراقەوە رەزامەندی بۆ هەناردەکردنی نەوت و بەرهەمەکانی بدات، سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی هەرێم رادەستی دەستەی دەروازە سنوورییەکان بکرێنەوە و وەزارەتی نەوتیش کێڵگە نەوتییەکانی دیالە، کەرکوک، سەڵاحەدین و نەینەوا بەڕێوەببات.
هەروەها فەرماندەیی هێزەکانی سنور بۆ داخستنی دەروازە ناڕەسمییەکان بە دەروازەکانی هەرێمیشەوە، وەزارەتی بەرگری بۆ داخستنی رێگا لاوەکییەکان و پۆلیسی وزە بۆ کۆنترۆڵکردن و چاودێریکردنی کێڵگە و بۆرییە نەوتییەکان بە کامێرا و تەکنەلۆژیای نوێ راسپێردراون.
پەیامی بافڵ جەلال تاڵەبانی: دەستوور، لێپرسینەوە و پاراستنی پێگەی هەرێم
لە پەیامێکدا بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، پێویستە دانایی، سەقامگیری و سەروەریی یاسا لە سەرووی هەموو شتێکەوە بن و ئاڵنگارییەکانیش تەنها بە پشتبەستن بە دەستووری عیراق و لە رێگەی گفتوگۆی مانادار و بونیادنەرەوە چارەسەر بکرێن بۆ پاراستنی مافی هاووڵاتییان و ئاشتیی ناوچەکە.
ناوبراو جەختی کردەوە کە سەقامگیریی راستەقینە پێویستی بە لێپرسینەوە و شەفافیەتە و وتی، گەندەڵی متمانەی گشتی لەق دەکات و دامەزراوەکان لاواز دەکات، بۆیە دەبێت بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە بەرەنگاریی بکرێت و سزا بدرێت لە هەر شوێنێک بێت و بێ گوێدانە ئەوەی کێ لێی بەرپرسە.
بافڵ تاڵەبانی باسی لەوەش کرد کە پابەندبوونیان بە ئاشتییەوە لە هێز و بەرپرسیارێتییەوە دێت نەک دوودڵی، و وتیشی: "هەمیشە شانازی بە ناسنامەی کوردیمان و مافە بەسەختی بەدەستهاتووەکانی گەلەکەمانەوە دەکەین و بەتەواوی پابەندین بە پاراستنی شکۆ، خاک و پێگە دەستوورییەکەمانەوە"، هەروەها دیپلۆماسیی ئاشتییانە، رێزگرتنی دوولایەنە و چارەسەرە دەستوورییەکانی بە تاکە رێگە بۆ ئاسایش و خۆشگوزەرانیی خەڵکی عیراق و هەرێمی کوردستان دانا.
راگەیەندراوی مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی: رەتکردنەوەی زمانی سەربازی و هاوبەشیی دەستووری
هاوکات مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند، ماوەیەکە لە ناوەندەکانی بڕیاری عیراقدا جموجۆڵ و هەڵچوونێکی ناسروشتی لە دژی هەرێمی کوردستان بەدی دەکرێت کە خۆی لە هەوڵدان بۆ پێشێلکردنی بنەماکانی فیدراڵییەت و دەستور و خستنەڕووی بڕیار و بیرۆکەی "ناتەندروست و سەرکێشانە" دەبینێتەوە.
سەرۆکی پارتی ئاماژەی بە خەبات و قوربانیدانی گەلی کوردستان و رۆڵی سەرەکیی هەرێمی کوردستان لە رووخاندنی رژێمی پێشوو لە ساڵی 2003 و بنیاتنانی عیراقی نوێ و داڕشتنی دەستوردا کرد و وتی، بەداخەوە دەستور جێبەجێ نەکرا و پڕەنسیپەکانی هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان پێشێل کران.
مەسعود بارزانی باسی لەوەش کرد کە هەر لە سەرەتاوە پشتیوانیی خۆیان بۆ عەلی زەیدی راگەیاندووە و بە کردەوە هاوکاری بوون لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، ئێستاش بە هەمان شێوە هاوکار دەبن لە رێگریکردن لە کاری نایاسایی و دیاردەی قاچاخچێتی بەڵام "لە رێگەی یاسایی و دەستوورییەوە"؛ جەختیشیکردەوە کە چارەسەرکردنی گرفتەکان بە هەڵمەتی چەواشەکارانە، تۆمەتی بێبنەما و بڕیاری تاکلایەنە ناکرێت و هەرێمی کوردستان ناچێتە ژێر باری بڕیاری نادەستووری و سەپاندنی ئیرادەی هیچ کەس و لایەنێک.
لەلایەکی دیکەوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بە مێژووی 24ـی 11ـی 2026، سەرسووڕمان و نیگەرانیی قووڵی بەرانبەر راگەیەندراوەکەی گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عیراق دەربڕی لە کاتێکدا گفتوگۆی نێوان هەرێم و فیدراڵ بەردەوامە.
نێچیرڤان بارزانی ئاخاوتنی بە زمانی سەربازی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک رەتکردەوە و رایگەیاند، ئەزموون سەلماندوویەتی ئەو شێوازە کێشەکان چارەسەرناکات.
سەرۆکی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی سەرەکی لە بنیاتنانی عیراقی نوێ و دەستوورەکەیدا، پشتیوانی لە پاراستنی سامانی نیشتمانی و جێبەجێکردنی یاسا دەکات، بەڵام دەبێت پەیوەندیی هەولێر و بەغداد لەسەر بنەمای دەستوور، رێزگرتن لە قەوارەی دەستووری و مافەکانی هەرێم، هاوبەشی و لێکگەیشتن بێت، داوای یەکڕیزیی کوردستانی و دانایی لایەنە عیراقییەکانیشی کرد.
بانگەوازی بزووتنەوەی گۆڕان: مەترسیی بەهێزکردنی ناوەند و داوای یەکڕیزیی کوردستانی
لەلایەکی دیکەوە، بزووتنەوەی گۆڕان لە راگەیەندراوێکدا بە مێژووی 24ـی 11ـی 2026، بڕیارەکانی سەرۆک وەزیرانی عیراقی بۆ خستنەژێر دەسەڵاتی فیدراڵیی سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی هەرێم و قۆرخکردنی دەسەڵاتی مۆڵەتپێدانی هەناردەکردنی نەوت لە وەزارەتی نەوتی فیدراڵدا بە "پێشهاتێکی مەترسیدار" ناوبرد کە دەسەڵاتی ناوەند بەهێز دەکات و بنەماکانی فیدراڵیزم لاواز دەکات.
گۆڕان وێڕای پشتیوانیکردن لە بنبڕکردنی قاچاخچێتی، چەسپاندنی شەفافیەت و لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران، جەختیکردەوە کە نابێت ئەوە ببێتە پاساو بۆ پێشێلکردنی دەستور، کاڵکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێم و بچووککردنەوەی پێگەی کورد؛ داواشی کرد حکومەتی فیدراڵ بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ حکومەتی هەرێم پێداچوونەوە بە بڕیارەکاندا بکات تا بەڕێوەبردنی کەرتی وزە و نەوت و گاز ببێتە ئەرکێکی هاوبەش و دەستووریی هەردوولا.
بزووتنەوەکە پێشی وایە پەرتەوازەیی ناوخۆیی و نەبوونی حوکمڕانییەکی دروست پێگەی هەرێمی لاواز کردووە، بۆیە بانگەوازی ئاراستەی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کرد بە زووترین کات کۆببنەوە و ناکۆکییە لاوەکییەکان وەلابنێن، بۆ داڕشتنی ستراتیژێکی نیشتمانیی یەکگرتوو، ئاشتکردنەوەی خەڵک و بەرگریکردن لە قەوارەی دەستووریی هەرێم.
هەڵوێستی فراکسیۆنی سادقون: پشتیوانی لە بڕیارەکان و دەستنەبردن بۆ موچە
لە راگەیەندراوێکدا بە مێژووی 24ـی 11ـی 2026، فراکسیۆنی سادقون لە پەرلەمانی عیراق پشتیوانیی خۆی بۆ بڕیارەکانی سەرۆک وەزیران لە دۆسێی قاچاخچێتیی نەوت لە کۆمپانیای نەوتی باکور دەربڕی و رایگەیاند، لێپرسینەوە لە کەمتەرخەمان، رەوانەکردنی دۆسێکە بۆ دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی و دادگا، رادەستکردنی دەروازەکانی هەرێم بە دەستەی دەروازە سنوورییەکان و قەتیسکردنی رەزامەندیی هەناردەکردن لە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی، سامانێک بۆ گەنجینەی گشتی دەگەڕێنێتەوە کە موڵکی هەموو عیراقییەکانە.
فراکسیۆنەکە جەختیشیکردووەتەوە کە بە هیچ شێوەیەک دەست بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نابرێت و ئامانج لەو رێکارانە قاچاخچییە نەک فەرمانبەر، هاوکات داوای لە وەزارەتەکانی نەوت، ناوخۆ، بەرگری و پیشەسازی و کانزاکان کردووە وادە بۆ جێبەجێکردنی هەر رێکارێک رابگەیەنن (هاوشێوەی دیاریکردنی شەش مانگ بۆ گواستنەوەی کارگەکانی قیری ئۆکسێندراو و نەوت) و هۆشداریشیداوە کە لەگەڵ گەیشتنی هەر وادەیەکدا لێپرسینەوە دەکات.
راگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆک وەزیران: بڕیاری عیراقی سەربەخۆیە و دەرەکی نییە
هاوکات نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق لە راگەیەندراوێکدا بە مێژووی 25ـی 11ـی 2026 دووپاتیکردەوە، کۆماری عیراق دەوڵەتێکی خاوەن سەروەریی تەواو، دیموکراسی و فیدراڵییە و حکومەتەکەی بە سەربەخۆییەکی تەواو و بەپێی دەستوور، یاسا و بەرژەوەندییە باڵا نیشتمانییەکان دەسەڵاتەکانی پیادە دەکات.
نووسینگەکە جەختیکردووەتەوە کە بڕیاری عیراقی پرسێکی تەواو نیشتمانییە و ئەو رێکارانەی حکومەت لە ناو سنوورە نێودەوڵەتییە دانپێدانراوەکاندا دەیانگرێتەبەر، لە ئیرادەی سەربەخۆی خۆیەوە سەرچاوە دەگرن و بە هیچ شێوەیەک وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ هاندان، سەپاندن یان ئاڕاستەکردنی هیچ لایەنێکی دەرەکی نین؛ ئاماژەی بەوەشداوە کە حکومەت شەرعییەتی بڕیارەکانی لە هەڵوێستی وڵاتانەوە وەرناگرێت، بەڵکو دەستوور و یاسا مەرجەعن و بەرژەوەندیی باڵای عیراق تاکە پێوەری هەڵوێست و رێکارەکانییەتی.
روونکردنەوەی راگەیاندنی دادوەری: داوای پابەندبوون بە دەستووری 2005 دەکرێت
لە پەرەسەندنێکی دیکەدا، راگەیاندنی دادوەریی عیراق لە بەغداد روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختیکردەوە، عیراق دەوڵەتێکی فیدراڵیی یەکگرتووی سەربەخۆیە کە سیستمی حوکمڕانی تێیدا کۆماری، پەرلەمانی و دیموکراسییە و زامنی پاراستنیشی حوکمەکانی دەستووری ساڵی 2005ـە، کە تەنها دادگای باڵای فیدراڵی تایبەتمەندە بە لێکدانەوەی دەقەکانی؛ لەسەر ئەو بنەمایەش داوای لە حکومەتی ناوەندی، حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرجەم هێزە سیاسییە پەیوەندیدارەکان کرد، پابەند بن بەوەی لە دەستووردا هاتووە.
چوارچێوەی دەستوری عیراق بۆ سنور، ئاسایش و گومرگ
لە دەقی دەستووری عیراقدا بە راستەوخۆ وشەی «مەرز» یان «دەروازەی سنوری» نەهاتووە و پاراستنی سنورە دەرەکییەکانی هەرێمیش بە دەق نەدراوەتە دەست هەرێم، بەڵکو بابەتەکان بەم شێوەیە دابەشکراون:
• پاراستنی سنوورەکان: بەپێی مادەی (110) – بڕگەی دووەم، پاراستن و مسۆگەرکردنی ئاسایشی سنوورەکانی عیراق و بەرگریکردن لێیان دەسەڵاتی تایبەتی حکومەتی فیدراڵییە.
• هێزە ئەمنییەکانی هەرێم: لە مادەی (121) – بڕگەی پێنجەمدا، دەسەڵاتی ئەمنیی هەرێم تەنها وەک هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی هەرێم (پۆلیس، ئاسایش و پاسەوانی هەرێم) دیاری کراوە نەک پاراستنی سنووری نێودەوڵەتی.
•گومرگ و بازرگانی لەسەر سنوور: بەپێی مادەی (110) – بڕگەی سێیەم، داڕشتنی سیاسەتی گومرگ و رێکخستنی سیاسەتی بازرگانی لەسەر سنووری هەرێم و پارێزگاکان دەسەڵاتی تایبەتی فیدراڵییە، بەڵام بەپێی مادەی (114) – بڕگەی یەکەم، بەڕێوەبردن و رێکخستنی گومرگ بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمەکاندا دەسەڵاتێکی هاوبەشە و بە یاسا رێکدەخرێت.
• سنوری جوگرافی و ناوچە جێناکۆکەکان: مادەی (140) باسی ئاساییکردنەوە، سەرژمێری و راپرسی لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان دەکات، مادەی (143)یش بڕگەی (ا)ـی مادەی (53) و مادەی (58)ی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ قۆناغی گواستنەوە دەهێڵێتەوە کە پەیوەندییان بە سنووری هەرێم و ناوچە جێناکۆکەکانەوە هەیە.



