رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم گۆڕانکارییەکی خێراو پڕ مەترسیداردایە؛ دەمێکە نەخشەی گۆڕانکارییەکان پەسەندکراوەو زلهێزەکان دەیانەوێت دووبارە دایڕێژنەوە.

ئەم پێشهاتانەی ئێستا کە دەیانبینین، سەرەتای قۆناغی فیتنە گەورەکەیە کە تەواوی ناوچەکە دەگرێتەوەو گەلان دەکاتە قوربانی.

ئێستاکە “رم و شمشێری شەڕ ڕووی لە جیهانی عەرەبی و ئیسلامییە”؛ شێوازی ململانێکان لە جەنگی نێوان ئیسرائیل و دژەکانیەوە، گۆڕانی بەسەردا هاتووە بۆ جەنگی ناوخۆیی عەرەب بەرامبەر عەرەب وەک ئەوەی لەیەمەن دەبینرێت.

وڵاتانی کەنداوی عەرەبی بە تایبەت، سعودییە، کوێت و بەحرەین بەرەو جەنگێکی وێرانکەر و ناوچەییی هەنگاودەنێن. 

ئەم بارە بیرۆکەکەی (زبیگنیۆ برژینسکی)، ڕاوێژکاری پێشووتری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا  لەسەردەمی سەرۆک (جیمی کارتەر) لەساڵانی ١٩٧٧ بۆ ١٩٨١ -مان؛ بەبیردێنێتەوە کاتێک جەختی لەسەر مەترسیی "گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیک" دەکردەوەو پێی وابوو پاشەکشێی زلهێزەکان بۆشایی گەورە دروستدەکات و پاشاگەردانی هەرێمی دروستدەکات و دواتر زنجیرەیەک بەرکەوتنی توند؛ بەدوای خۆیدا دەهێنێت، کە ئاراستەی هێز بەتەواوی دەگۆڕێت و تاڕادەیەکیش لەماوەی جەنگدا ئەوە بینراو ئيستا هیچ وەک خۆی نەماوەتەوە. 

 خودی ئەمریکا مێژوویەکی درێژی لە گۆڕینی هاوکێشەکاندا هەیەو خۆیان بەخاوەنی سیناریۆکان دەزانن و کاری جددیشی بۆدەکات؛ ئیدارەکانی واشنگتۆن دەمێکە دەڵێن: کە چیتر نایانەوێت ڕۆڵی "پۆلیسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" بگێڕن بە بردنی بڕێکی سامان و دروستکردنی بەرژەوەندیش بۆ کۆمپانیاگەورەکان؛ چیتر رازی نیین و ئەوکارەش ناکەن.

 ئەوان تەواو بیر لە ستراتیژی دەستبەسەراگرتنی هەموو دەکەنەوە وەک ئەوەی لەڤەنزوێلا کردیان. 
کشانەوەی هێزو بنکەسەربازییەکانی ئەمریکا، جۆرێکە لە خۆدزینەوە؛ دەرخەری گۆڕانکاری ستراتیژ ئەمریکایە، وەک ئەوەی (هێنری کیسینجەر) لە شیکارییەکانیدا ئاماژەی پێدەکرد، کاتێک زلهێزێک پاشەکشە لە بۆشاییەکی ئەمنی دەکات، هاوسەنگیی هێز (Balance of Power) تێکدەچێت و ڕکابەرە هەرێمییەکان بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە دەکەونە ململانێی ڕاستەوخۆ و خوێناوی و یەکسڕینەوە؛ ئەو دیمەنەش تەواو لە سوریای نوێ دەرکەوت و ئەمریکا بەشەوڕۆژێک پشتی لەدۆست و یاوەرەکانی رۆژئاواکرد و باراک کتومت ستراتیژەکەی کیسنجەری جێبەجێکرد. 
ئەم جەنگەی ئەم دواییانە کە هەڵگیرساوە زۆر شتی گۆڕی؛ لە  هەژموونی ناوچەیی و گۆڕینی رێڕەوی بازرگانی و تەنانەت نەخشەکۆنەکەش  بەتەواوی گۆڕانی بەسەردا هات؛ هیچ شتێک وەک خۆی نەماوەتەوە؛ تەنانەت زۆر کارەکتەری خولقێنەری مێژوویش بوونیان نەمان و رۆڵیان کۆتایی پێهات. 

سیناریۆکە وادەردەکەوێت کە ئاگرەکە لە سنوورەکانی ئیسرائیل باشترە دووربخرێنەوە، ئاگرەکە کراوەتە دیارییەک لەناو بوخچە بۆ ناو ماڵی عەرەب لە ناوچەکەدا. 

پێشڕەوییە سەربازییەکانی ئەم دواییانەی حوسییەکان، پەلاماردانە خێراکانیان بۆ سەر ناوەندە گرنگە بازرگانییەکانی دەریای سور، هێرشکردنە سەر ژێرخانی ووزەی سعودییە، وەستانی شەڕی ڕاستەوخۆی ئێران لەگەڵ دژەکانیداو کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا؛ هەموو ئەمانە سیناریۆی داڕێژراوی جەنگەکە قورسترو فراوانتردەکات.

ئەم هاوکێشە ئاڵۆزە پڕ گرێیە

وتەیەکی بەناوبانگی کۆمەڵناسی ئەمریکی (چارڵز تیلی) دەسەلمێنێت کە دەڵێت: "جەنگ دەوڵەت دروستکردوو؛ دەوڵەتیش جەنگی دروستکرد".

 بەڵام لە ئەرزی واقیعدا لە  ڕۆژهەڵاتی ناویندا؛ دەوڵەتەکان دروستدەبن بۆ جەنگ و دەبنە  کڕیاری چەک و گەرمکەری بازاڕی کۆمپانیا زلهێزەکانی ئەو بوارە؛

لەناو ئەم ئاگرە بەکڵپەیەی جەنگدا بەڕەهایی دۆڕاوە؛ گەلان و شارستانیەتەکەیانە، کە بێویستی خۆیان؛ خاپوردەبێت و دەبێتە تۆز