چیرۆکی 30 ساڵەی حوسییەکان؛ لە بزوتنەوەیەکی ئاینییەوە بۆ لوتکەی دەسەڵات
بڵند
١٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
دوای دەستبەسەرداگرتنی گەروی بابولمەندەب، ئەمڕۆ ناوی حوسییەکان بەشێوەیەکی بەهێز بە موشەک، درۆن، دەریای سوور و گەروی بابولمەندەبەوە بەستراوەتەوە، بەڵام ئەم گروپەی کە ئێستا بونەتە سەردێری میدیا جیهانییەکان، لە سەرەتادا نەک وەک هێزێکی هەرێمی، بەڵکو وەک بزوتنەوەیەکی ئایینی و ناوخۆیی لە چیاکانی باکوری یەمەن دروست بوو.
گروپە چەکدارەکە ئێستا لە لوتکەی دەسەڵاتدایە، خاوەنی هەزاران چەکدارە و هەرەشي لە وزەی جیاهن دەکات، ئەمریکاش بە ناچاری دەڵێت پەوەندی راستەوخۆمان لەگەڵیاندا هەیە و چاودێری رەوشەکەدەکەین.
مێژوی حوسییەکان
حوسییەکان ناوەکەیان لە بنەماڵەی "حوسی"یەوە وەرگرتووە و بە "ئەنساڕوڵڵا"ش دەناسرێن،لە دەیەی هەشتاکانی سەدەی رابردودا لەناو زەییدییەکانی باکوری رۆژئاوای یەمەن دروستبوون، زەییدییەکان لقێکن لە مەزهەبی شیعه کە بەشێکی گرنگی دانیشتووانی باکووری یەمەن پێکدەهێنن.
ئامانجی سەرەتایی بزووتنەوەکە نوێکردنەوە و گەڕاندنەوەی ناسنامە و نەریتەکانی زەییدی بوو، لەگەڵ بەرەنگاربوونەوەی رەوتی سەلەفی لە ناوچەکەیاندا، بەڵام ئێستا بونەتە گروپێکی دەسەڵاتدار کە کاریگەریان لەسەر جیهان هەیە.

لە بزوتنەوەیەکی بانگخوازەوە، بۆ گروپێکی چەکداری..
لە ساڵی 2004، حکومەتی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، سەرۆکی ئەو کاتی یەمەن، هەوڵیدا حوسێن بەدرەدین حوسی، یەکێک لە رێبەرە سەرەکییەکانی بزوتنەوەکە دەستگیر بکات، ئەم هەوڵە دەرئەنجامەکەی، یاخیبونی چەکداری لێکەوتەوە و لە هەمان ساڵدا حوسێن حوسی کوژرا.
حوسییەکان، کوشتنی رابەرەکەیان نەک هەر نەبووە هۆی کۆتاییهاتنی گروپەکە، بەڵکو عەبدولمەلیک حوسی رابەرایەتی گرتە دەست و چوونە ناو زنجیرەیەک جەنگ لەگەڵ سوپای یەمە، کە تا ئێستاش کاریگەرییەکەی ماوە.
لە نێوان ساڵانی 2004 تا 2010، شيش جەنگ لە لە نێوان دەسەڵات و حوسییەکان رویدا، ئەم جەنگانە زیانی زۆریان بە گروپەکە گەیاند، بەڵام هاوكات ئەزمونی سەربازی، رێکخستن و توانای جەنگییان زۆر زیادی کرد.
بەهاری عەرەبی؛ بوە پایزێک بۆ دەسەڵاتی یەمەن بەرانبەر حوسییەکان
لە ساڵی 2011، خۆپیشاندانی بەرفراوان دژی دەسەڵاتی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح لە یەمەن دەستیپێکرد و بووە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی، پاشان عەبدڕەبە مەنسور هادی جێگەی گرتەوە. خۆپێشاندانەکان و شکستی پرۆسەی گواستنەوەی سیاسی و هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەی حکومەت، کەلێنێکی دەسەڵاتی گەورەیان دروستکرد و حووسییەکان کەڵکیان لێوەرگرت بۆ بەرفراوانکردنی هەژموونی خۆیان.
یەکێک لە وەرچەرخانە سەیرەکانی ئەم بزوتنەوەیە، هاوپەیمانیی کاتییان بوو لەگەڵ عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، ئەو کەسەی ساڵانێک جەنگیان لەگەڵدا کردبوو.
ساڵح کە تۆڕێکی بەهێزی لە سوپا و کەسایەتییە سیاسییەکاندا مابووەوە، لەگەڵ حووسییەکاندا دژی حکومەتی عەبدڕەبە مەنسور هادی بوونە هاوپەیمان.
ئەم هاوپەیمانییە رێگەی خۆشکرد تا حووسییەکان لە ساڵی 2014دا بە بەرگرییەکی زۆر کەمەوە بچنە ناو پایتەختی وڵاتەکە کە شاری سەنعایە.

کەوتنی سەنعا و هاتنی سعودییە بۆ ناو جەنگ
لە ئەیلوولی 2014، حوسییەکان چونە ناو سەنعا و لە کانوونی دووەمی 2015دا کۆشکی سەرۆکایەتییان کۆنتڕۆڵ کرد. عەبدڕەبە مەنسور هادی هەڵهات بۆ عەدەن و دواتریش چوە سعودییە.
دەستبەسەرداگرتنی پایتەخت مەترسیی زۆری بۆ ریاز دروستکرد، بەتایبەت بەهۆی سنوری هاوبەشی نێوان سعودییە و یەمەن، کە زیاتر لە هەزار کیلۆمەترە، لە ئاداری 2015 سعودیە هاوپەیمانییەکی سەربازی پێکهێنا و هاتە ناو جەنگەکەوە.دژی حوسییەکان، ئەگەرچی جەنگەکە ساڵانێک درێژەی کێشا و زیانی گەورەی گەیاند، بەڵام نەیتوانی پایتەخت لە حوسییەکان وەرگرنەوە.

رۆڵی ئێران لەم بەهێزبوونەدا
حووسییەکان بە تەواوی دروستکراوی ئێران نین، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا هاوکارییەکانی تاران بۆیان لە روی چەک، مەشق، زانیاری هەواڵگری و توانای موشەکی و درۆن زیاتر بوو. زۆرێک لە شیکەرەوان حووسییەکان بە هاوپەیمان یان هاوبەشێکی سەربەخۆی ئێران دەزانن، کە لە زۆر روەوە بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە، بەڵام ئامانج و بڕیاری سەربەخۆی خۆشیان هەیە بە تایبەت کاتێک ئێران کەوتە جەنگەوە لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا حوسییەکان هیچ جۆرە هێرشیکیان ئەنجام نەدا، بە پیجەوانەوە بۆ شيری سعودییە بێدەنگ نەبون و ئیسرائیلیان کردە ئامانج.
لە کاتێکدا ئێران ستایشی حوسییەکان دەکات وەکو بەشێک لە " بەرەی بەرهەڵستکاران"، بەڵام شارەزایانی یەمەن دەڵێن؛ حوسییەکان بەپێی ئەجێندایەکی ناوخۆیی ئیش دەکەن.

لە جەنگی ناوخۆوە بۆ مەترسی لەسەر بازرگانیی جیهانی
دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە لە ساڵی 2023، حووسییەکان هێرشی موشەکی و درۆنییان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور دەستپێکرد بە مەبەستی پشتیوانی لە فەلەستینییەکان، جێگیربوونیان لە نزیک گەروی بابولمەندەب بوە هۆی ئەوەی لە گروپێکی چەکداری ناوخۆییەوە ببنە هێزێک، کە دەتوانێت ئاستەنگ بۆ بازرگانی و وزەی جیهانی دروست بکات و لە ئێسدادا دوای دەستبەسەرداگرتنی گەروی بابولمەندەب، جەی دی ڤانس، جێگری دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، چاودێری روداوەکانی یەمەن دەکەن و لەگەڵ حوسییەکان پەیوەندییان هەیە و ئەوەی رودەدات لە ژێر چاودێری ئەواندایە و نیگەرانن لە دەستبەسەرداگرتنی گەروی بابولمەندەب و دورگەی پەریم لەلایەن حوسییەکانەوە.

بۆچی حوسییەکان تا ئێستا بەهێزن؟
حوسییەکان، کە مێژویەکی زۆریان لەگەڵ جەنگدا هەیە جەماوەرێکی راستەقینەیان هەیە لە باکوری یەمەن و خاوەنی چەندین ساڵ ئەزمونی جەنگی چڕ و ژێرخانی سەربازیی شاراوەن لە ناوچە شاخاوییەکاندا. هەروەها هاوکاری دەرەکی دەکرێن بە تایبەتی پشتبەستن بە هاوکاریی تەکنیکی، موشەکی و درۆنیی ئێران و لاوازبونی رکابەرەکانیان لە یەمەندا، لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەهێزی ئەو گروپە چەکدارە لە ئێستادا.
2026 خاڵی وەرچەرخانی حوسیەکان.
پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ساڵی 2026 نیشانیدەدات، کە حوسییەکان لە پێشڕەویی بەردەوامدان؛ بە کۆنتڕۆڵکردنی شاری بەندەریی "مەخا" و دورگەی "پریم" لە دەروازەی بابولمەندەب، لە ئێستادا ئەو چەکدارانەی بە جوتێک ناعل و چەکەکانی دەستیانەوە هەرەشەدەکەن، دەسەڵاتی تەواویان بەسەر یەکێک لە گرنگترین رێڕەوە دەریاییەکانی جیهاندا هەیە و تا ئێستاش لە دوای چەند رۆژێک لە پێشرەوییەکەیان وڵاتانی زلهێزی وەک سعودییە و ئەمریکا دەستەوەستانن بەرانبەریان.
ئەم پێشرەویە کتوپڕەی حوسییەکان لە یەمەن و شکانی دەسەڵاتی یەمەن بەرانبەریان، گەرچی گومانی رێککەوت و هاوکێشەی نێودەوڵەتی لێدەکرێت، بەڵام ئەمە ئەو راستییە ناگۆرێت، کە ئەو گروپە چەکدارە توانیان بەرانبەر بە تەکنەلۆژیا و بەهێزی سعودیە و هاوپەیەمانەکانی سەرکەوتن بەدەستبهێنن و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش خۆیان بسەلمێنن.



