بڕیارەکانی تاڵیبان قەیرانی نەبوونی پزیشکی پسپۆڕی ژنانی لە چەندین پارێزگا دروستکردووە
محەمەد رزگار
١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
بەهۆی بڕیارەکانی تاڵیبان لە قەدەغەکردنی خوێندنی کچان، کەرتی تەندروستی ئەفغانستان تووشی قەیرانێکی قووڵ بووەتەوە و لە چەندین پارێزگا هیچ پزیشکێکی پسپۆڕی ژنان نەماوە؛ تەندروستی جیهانیش هۆشداری دەدات کە لە ئاستی وڵاتەکەدا لە هەر سەعاتێکدا دایکێک بەهۆی دووگیانی و منداڵبوونەوە گیان لەدەستدەدات.
ئەفغانستان باجی قەدەغەکردنی خوێندنی کچان دەدات، چەندین پارێزگا بە تەواوی خاڵی بوون لە پزیشکی پسپۆڕی ژنان، دوای ساڵانێک لە سەپاندنی زنجیرەیەک رێگریی بەردەوام لەسەر خوێندنی کچان لەلایەن حکومەتی تاڵیبانەوە لە قۆناغەکانی دوای پۆلی شەشەمەوە تا زانکۆکان و پەیمانگە تەندروستییەکان، کاریگەرییە مەترسیدارەکانی ئەو بڕیارانە بە روونی لە کەرتی تەندروستیدا دەرکەوتوون، بەجۆرێک راپۆرتەکان ئاشکرای دەکەن کە چەندین پارێزگای ئەو وڵاتە بە تەواوی لە پزیشکی پسپۆڕی ژنان خاڵی بوون.
نەمانی پزیشکی پسپۆڕ لە ناوچە جیاوازەکان
بەپێی ڕاپۆرتە رۆژنامەوانییەکان، پارێزگاکانی هێلمەند، زابول و ئوروزگان لە باشوری ئەفغانستان هیچ پزیشکێکی پسپۆڕی ژنانیان تێدا نییە، و لە پارێزگای قەندەهاریش تەنها سێ پزیشکی پسپۆڕی ژنان کار دەکەن.
لە رۆژهەڵاتی ئەفغانستانیش، سەرچاوە تەندروستییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، پارێزگای نورستان بە هەمان شێوە هیچ پزیشکێکی پسپۆڕی ژنانی تێدا نییە، لە کاتێکدا ژمارەی پسپۆڕان لە نهنگهرهار بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە دوای کۆچکردنی بەشێکیان بۆ کابول یان دەرەوەی وڵات.
نەمانی پزیشکی پسپۆڕ بە واتای نەبوونی تەواوەتی کارمەندانی ژن لە کەرتی تەندروستیدا نایەت؛ چونکە هێشتا پزیشکی گشتی، مامان و پەرستار لە هەندێک ناوچەدا کار دەکەن، بەڵام کەمییەکە لە پارێزگا و ناوچە دوورەدەستەکاندا زۆر توندترە، بەجۆرێک خێزانەکان ناچار دەبن نەخۆشەکانیان بۆ دوورییەکی زۆر بگوازنەوە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پسپۆڕی.
لە مانگی ئایاری رابردوودا، کوبی ریتفێڵد، بەڕێوەبەری رێکخراوی "کردار دژی برسییەتی" لە ئەفغانستان، لە سەرچاوەیەکی خۆجێی لە پارێزگای هێلمەندەوە گواستییەوە کە رەوانەکردنی ژنێکی دووگیان بۆ وەرگرتنی چاودێری پزیشکی رەنگە پێویستی بە گەشتێک بێت کە نێوان هەشت بۆ 10 سەعات بخایەنێت.
لە هۆشداریدانەوە بۆ واقیعی تاڵ
کەناڵەکانی راگەیاندن بڵاویانکردووەتەوە، لە کانونی یەکەمی ساڵی 2024دا لە سەرچاوەکانی ناو وەزارەتی تەندروستی تاڵیبانەوە ئاشکرای کردبوو، تاڵیبان بڕیارێکی زارەکی دەرکردووە بۆ قەدەغەکردنی خوێندنی کچان و ژنان لە پەیمانگە پزیشکی و تەندروستییەکاندا، و لێپرسراوانی وەزارەتەکەش لە کۆبوونەوەیەکی لەناکاودا سەرۆکی پەیمانگەکانیان بە بڕیارەکە ئاگادارکردووەتەوە.
راپۆرتە نوێیەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان جەخت دەکەنەوە کە رێگرییەکان لەسەر خوێندنی ژنان لە بواری پزیشکیدا هێشتا بەردەوامن، ئەم بڕیارە دوای رێگریکردن لە خوێندنی ئامادەیی کچان و پاشان داخستنی زانکۆکان هات، تا دوا دەروازەکانی خوێندن لە بوارەکانی مامانی، پەرستاری و تاقیکاری پزیشکیدا دابخرێن.
لەو کاتەدا هۆشدارییەکان لەسەر پاشەڕۆژی کەرتی تەندروستی بوون، بەڵام واقیعی ئێستا نیشانی دەدات قەیرانەکە تەنها بە پاشەڕۆژەوە بەستراوە تەنیا نییە، بەڵکو کەرتی تەندروستی کادرە ژنەکانی خۆی بەهۆی کۆچکردن و رێگرییەکانەوە لەدەستدەدات لە کاتێکدا پرۆسەی پێگەیاندنی کادری نوێ راگیراوە.
دەستەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژنان رایگەیاندووە کە لە هەر سێ ژنێکی ئەفغانی، ژنێک دەڵێت دەستگەیشتنی بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان خراپتر بووە، هەروەها سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان (UNFPA) لە ئابی ساڵی 2024دا هۆشداری دا کە ئەفغانستان پێویستییەکی بەپەلەی بە 18 هەزار مامانی کارامەی زیادە هەیە، بەو پێیەی مامانەکان دەتوانن %90ی پێداویستییە بنەڕەتییەکانی تەندروستی دایک و منداڵ دابین بکەن.
رۆژنامەی "تەلەگراف" لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە کە مامان "شێلا ئیبراهیمی"ی تەمەن 27 ساڵ، بووەتە تاقە کارمەندی تەندروستی لە بنکەی تەندروستی "گەنداب خرۆتی" لە ناوچەی تۆرا بۆرا لە نهنگهرهار، کە خزمەتگوزاری بە 11 هەزار کەس لە 13 کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون پێشکەش دەکات، پێشتر بنکەکە نۆ کارمەندی تێدا بوو بە پزیشکێکیشەوە، بەڵام بڕینی هاوکارییە داراییەکانی ئەمریکا بووە هۆی کەمکردنەوەی میلاکات و مانەوەی شێلا بە تەنها بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی دووگیانی، منداڵبوون و رێکخستنی خێزان.
بنکەکە ئامێری سۆنەر، هۆڵی نەشتەرگەری و ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنی تێدا نییە، و بارودۆخە سەختەکان ناچار دەبن رێگا شاخاوییە سەختەکان ببڕن بۆ گەیشتن بە نەخۆشخانە. "شێلا" باسی لەوەکردووە، ژنێکی دووگیانی تەمەن 20 ساڵ بەهۆی خوێنبەربوونی توندەوە گیانی لەدەستدا، دوای ئەوەی سەرەتا پەنای بۆ دەرمانخانەیەک بردووە و نەیتوانیوە باری تەندروستی خۆی بۆ دەرمانسازە پیاوەکە روون بکاتەوە، و دواتر بە تێکچوونی رەوشەکەیە بە درەنگی گەیشتووەتە بنکەکە.
کەمبوونەوەی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان قەیرانی کەرتی تەندروستی ئەفغانستانی خراپتر کردووە، چونکە چەندین بنکەی تەندروستی داخران یان خزمەتگوزارییەکانیان کەم کردەوە.
رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ئایاردا رایگەیاندبوو، رێژەی منداڵبوون لەژێر چاودێری کادری کارامەدا لە %24ی ساڵی 2007ەوە بەرزبووەتەوە بۆ %67، بەڵام جیاوازییەکی زۆر لە نێوان شار و دێهاتەکاندا هەیە؛ بەجۆرێک لە کابول رێژەکە %94 تێدەپەڕێنێت، بەڵام لە نورستان دادەبەزێت بۆ نزیکەی %5.9.
تەندروستی جیهانی خەمڵاندوویەتی کە خەریکە لە هەر سەعاتێکدایە دایکێک بەهۆی کێشە تەندروستییەکانی دووگیانی و منداڵبوونەوە گیان لەدەستدەدات، کە زۆربەیان دەکرا رێگرییان لێ بکرێت.
هاوكات رێکخراوی یونیسێف هۆشداری داوە کە بەردەوامبوونی ئەم رێگرییانە تا ساڵی 2030 دەبێتە هۆی کەمیی نزیکەی 25 هەزار مامۆستا و کارمەندی تەندروستی ژن لە ئەفغانستان.



