تا ئێستا دۆسیەی یاساییی تۆمەتبارانی 11ی سێپتەمبەر یەكلایی نەبووەتەوە
لازیا عەلی
١١ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
11ی سێپتەمبەر، ئەو رێكەوتەی كە هاوڵاتیانی ئەمریكا و تا رادەیەك جیهانیش رادەچڵەكێنێت ئەمساڵ 25 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەریدا.
رووداوەكە بە گەورەترین پەلاماری تیرۆریستی لە مێژووی ئەمریكا لە قەڵەم دەدرێت. تا ئێستاش دادگایكردنی تاوانبارانی ئەو رووداوە بەردەوامی هەیە.
رووداوەكە بەم جۆرە بوو،بەرەبەیانی 11ی سێپتەمبەری 2001، 19 ئەندامی رێكخروی تیرۆرستی قاعیدە، چوار فڕۆكەی نەفەرهەڵگری ئەمریكایان رفاند و دواتر دوو لە فڕۆكەكان تاوەرەی ناوەندی بازرگانیی جیهانییان لە ناوچەی مانهاتن لە نیویۆرك كردە ئامانج، یەكێك لە فڕۆكەكانیش خۆی بە باڵەخانەی (پێنتاگۆن)دا كێشا و فڕۆكەی چوارەمیش لەویلایەتی پێنسیلڤانیا لەلایەن هێزی ئاسمانی ئەمریكا خرایەخوارەوە، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەش، نزیكەی سێ هەزار كەس گیانیان لەدەستدا و هەزاران كەسیش برینداربوون.
هەرزوو رێكخراوی تیرۆرستی قاعیدە بەرپرسیارێتی پەلامارەكەی لە ئەستۆگرت، جۆرج دەبلیو بۆش سەرۆكی ئەو كاتەی ئەمریكا، داوای لە بزوتنەوەی تاڵیبان ئەفغانستان كرد ئوسامە بن لادن سەرۆكی پێشووی رێكخراوی قاعیدە رادەستی واشنتۆن بكات، بەڵام تاڵیبان داواكارییەكەی رەتكردەوە، بۆیە لە 7ی تشرینی یەكەمی 2001دا ئەمریكا دەستی بە هێرش بۆسەر ئەفغانستان كرد ، دوای نزیكەی10 ساڵ و رۆژی 2 ئایاری ساڵی 2011 باراك ئۆباما سەرۆكی ئەو كاتەی ئەمریكا كوشتنی بن لادنی راگەیاند.
بەڵام دوای 20 ساڵ لە تێپەڕبوونی رووداوەكە، بە بڕیاری جۆ بایدن، 46ەمین سەرۆكی ئەمریكا، سوپای ئەمریكا لە ئەفغانستان كشایەوە و جارێكی تر ئەو وڵاتەی بۆ تاڵیبان بەجێهێشت.
11ی سێپتەمبەر، چەندین دەرەنجامی، سیاسی و ئابوری و ئەمنی بۆ ئەمریكا و جیهان لێكەوتووەتەوە و پاش پەلامارەكە، رەوشی ئاسایشی نیشتمانیی لە ئەمریكا و سەرجەم وڵاتانی جیهان، گۆڕانكاری بەسەردا هات و وڵاتان بودجەیەكی گەورەتریان بۆ رووبەرووبوونەوەی تیرۆر تەرخان كرد، ئەوە جگە لەوەی رووداوەكە بوە هۆی سەرهەڵدانی شەپۆلێكی گەورەی رق و كینە بەرامبەر موسڵمانان لە وڵاتانی رۆژئاوا و قوڵبوونەوەی ئیسلامۆفۆبیا، لە 2024دا و لەدوای 23 ساڵ لەو رووداوە، لوید ئۆستن وەزیری پێشوی بەرگری ئەمریكا ڕایگەیاند، لەگەڵ ئەنجامدەرانی ئەو رووداوە ڕێكەوتن بەرامبەر بە دانپێدانانیان بە تاوانە لەبەردەم دادگا، سزاكانی سەریان كەمبكرێتەوە و سزای لە سێدارەدان نەیانگرێتەوە، بەڵام تا ئێستا ئەو دادگاییكردنە بەڕێوە نەچووە.



