شێوازی ئەم جەنگە لێدانە لە شادەمارەکانی یەکتر، ئەمریکا دەیەوێت پردو رێگەوبان و بەندەرەکانی ئێران دابڕوخێنێت لە بەرامبەردا ئێرانیش ناوەندەکانی ووزەی کەنداوی کردۆتە ئامانج و دەست ناپارێزێت، ئەم رێبازی جەنگە کۆنەو تازە نییە..

لە جەنگی ئەمریکا دژ بە عێراق لە ساڵی١٩٩١ و ساڵی٢٠٠٣ دا؛ هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان ژمارەیەک پردی سەر ڕووبارەکانی دیجلە و فورات و ڕێگای هاتوچۆیان لەناوخۆی عێراق بەتەواوەتی کرد ئامانجی هێرشەکانیان، بەو مەرامەی جوڵەی سوپای عێراق سنووردار بکەن و رێگەکانیان ئاستەنگ بکەن و لە ناوچەیەکی دیاری کراو قەتیس بمێنن لەو هەنگاوەشدا سەرکەوتووبوون و لە ساڵی ١٩٩١ دا عێراقیان راپێچی خێمەکەی سەفوان کرد.

لە جەنگی ئێران دژ بە ئەمریکاو ئیسرائیل و وڵاتانی دەوروبەری خۆی؛تاکو ئێستە زانیارییە گشتییەکان لە هەر هێرشێکی ئاشکرای ئەمریکا دژ بە ئێران، بەفراوانی دەستبراوە بۆ تێکدانی پردە ستراتیژییەکانی ئەو وڵاتە؛ دەست لە وێرانکاری نەپارێزراوە.

بەمەبەستی سنوردارکردنی جوڵەی سەربازی ئێران و کاولکردنی ژێرخانەکەی و فشارخستنە سەر رژێمی سیاسی ئەو وڵاتە.

لە جەنگی ژاپۆندا لە شەڕی جیهانی دووەمدا دژ بە ئەمریکا لە ساڵانی ١٩٤٤و١٩٤٥ هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر شەقام، پرد، ناوەندی هێڵی ئاسنین، کارگە و کەشتییەکان چڕ کرابوونەوە، بە مەبەستی کەم کردنەوەی توانا ئابوری و سەربازیی ژاپۆنییەکان. هەروەها بۆمبی ئەتۆمی لەسەر هێرۆشیما و ناگازاکی فڕێدرانە خوارەوە و کارەساتی مرۆیی لەو دووشارە دروستبوو کە بە ناچاری دوای ئەو هێرشە بێ رەحمانەی ئەمریکا ژاپۆنییەکان ئاڵای سپییان هەڵکرد.

لە یوگۆسلاڤیادا لە ساڵی ١٩٩٩هێزەکانی ناتۆ بە سەرکردایەتی ئەمریکا؛ چەندین پرد لەسەر ڕووباری دانوب و شوێنە ستراتیژییەکانیان کردە ئامانج، بۆ کەمکردنەوەی توانای گواستنەوەی سوپای ئەو وڵاتە. لە جەنگی جیهانی دووەم ئەڵمانیای نازی کەوتە بەرهێرشی هێزەکانی هاوپەیمانان کە ژمارەیەکی زۆر پرد و هێڵی ئاسنیان بە مەبەستی
سنووردارکردنی گواستنەوەی سوپای نازی کردە ئامانج، بە تایبەتی پێش دەستیپێکردنی هێرشی نۆرماندی.

لە جەنگی ڤێتنامدا ئەمریکا چەندین جار هێرش کردە سەر پردە گرنگەکانی ئەو وڵاتە پردەکان

بەشێکی گرنگ بوون لە ڕێگای گواستنەوەی هێز و چەکی ڤێتنامییەکان.

لە جەنگی دوو کۆریادا لە ساڵانی  ١٩٥٠و١٩٥٣، هەردوو لا بە توندی هێرشیان دەکردە سەر پرد و هێڵی ئاسنینی یەکتر بە مەبەستی دابڕینی ڕێگای پشتیوانی .
لە جەنگی ئۆکرانیادا لە ساڵی ٢٠٢٢ بەدوا لە شەڕی ڕووسیا و ئۆکراین، هەردوو لا جاروبار پرد و ژێرخانەی گواستنەوەی یەکیان دە کردە ئامانج، وەک پردەکانی سەر ڕووباری دنیپڕۆ و هەروەها Kerch Bridge.

لە جەنگی ناوخۆیی سووریادا ، هێزە جیاوازەکان و هاوپەیمانان هەندێک جار پرد و شەقامە گرنگەکانیان دەکردە ئامانج بۆ گۆڕینی هاوسەنگی شەڕ.

بە شێوەیەکی گشتی، لە زانستی سەربازیدا پرد، هێڵی ئاسن، فڕۆکەخانە، بەنداو، کۆگاکانی سووتەمەنی و ناوەندەکانی پەیوەندی بە ژێرخانەی ستراتیژی دادەنرێن، و لە زۆرینەی شەڕەکاندا بوونەتە ئامانجی هێرش؛ بۆ کەمکردنەوەی توانای لۆجستی و گواستنەوەی هێزەکان بەرامبەر یەک.