داهاتووی هەرێمی کوردستان دوای شەڕی ئەمریکا و ئێران
٨ی تەمووزی ٢٠٢٦
14
کۆتایی هاتنی پێکدادانە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و دواتر گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست، کە لە کۆشکی ڤێرسای لە پەراوێزی لوتکەی G7 ئیمزا کرا، تەنها وەستاندنی شەڕێک نیە، بەڵکو دەستپێکی قۆناغێکی نوێی هاوسەنگی هێزە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.
زۆربەی چاودێران سەرنجیان لە سەر واشنتۆن، تاران و گەرووی هورمز بوو، بەڵام هەرێمی کوردستانی عێراقیش هێشتا یەکێکە لە گرنگترین ئەکتەرەکانی ئەم هاوکێشەیە.
لە ماوەی شەڕەکەدا، هەرێمی کوردستان بوو بە یەکێک لە سەرەکیترین مەیدانەکانی ململانێی ناڕاستەوخۆی نێوان ئەمریکا و ئێران. مووشەک و درۆنەکانی ئێران چەندین جار بنکە سەربازییەکان و ناوچەکانی هەرێمیان بۆمباران کرد. ئەمەش هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆی دروستکرد لەسەر هاووڵاتیان، دامەزراوەکانی وزە و وەبەرهێنانی بیانی. سەرەڕای ئەو بارودۆخە، هەرێمی کوردستان توانی سەقامگیری سیاسی و ئابووریی خۆی تا ڕادەیەکی زۆر بپارێزێت و ئەمڕۆش یەکێکە لە کەمترین ناوچەکانی خۆڕهەڵاتی ناوەڕاست کە توانیوێتی هاوسەنگی پەیوەندیەکانی لە گەڵ ئەمریکا و ئێران ڕابگرێ.
هاوپەیمانی ڕۆژئاوا و کوردستان
بۆ ماوەی زیاتر لە دوو دەیەیە، هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی توندوتؤڵی هەیە لە گەڵ ئەمریکا و بەریتانیا و زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا بە تایبەتی فەرەنسا و ئەڵمانیا کە دوو پایەی سەرەکی یەکێتی ئۆروپان.
هێزەکانی پێشمەرگە ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان بینی لە تێکشکاندنی گروپی تیرۆریستی داعش. لە کاتێکدا زۆر لە سوپا و هێزەکانی ناوچەکە پاشەکشەیان دەکرد بەرانبەر داعش، هێزی پێشمەرگەی کوردستان شارو شارۆچکە و شوێنەکانی خۆیان بە باشی دەپاراست. کوردستان ببوو بە زۆنی ئازادیی و داڵدەدەری ئاوارەکانی ناوچەکانی تر. هەروەها توانی بەرگری بکات لە کەمینە ئاینیەکان و بە هاوکاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەشداری کرد لە گەڕاندنەوەی بەشێکی زۆری ناوچەکانی داعش لە سنووری موسڵ و دەوروبەری.
بەڵام دوای شکستی داعش، ئەو قوربانی و فیداکاریەی پێشمەرگە نەبووە قازانج و دەستکەوتێکی سیاسی گەورە. بۆ نموونە، ڕاپرسی سەربەخۆیی (ڕفڕاندۆمی ساڵی ٢٠١٧) پشتگیری نێودەوڵەتی بە دەستنەهێنا و هەرێمی کوردستان لە بازنەی قەیران و فشارێکی سیاسی گەورە مایەوە.
شەڕی ئەمریکا و ئێران دووبارە ئەو ڕاستییەی دەرخست کە کوردستان بۆ ئارامی ناوچەکە هێشتا زۆنێکی گرنگ و پێویستە.
بۆچی کوردستان جێگای بایەخی زلهێزەکانە؟
هەرێمی کوردستان چەندین تایبەتمەندیی ستراتیژی هەیە.
یەکەم : لە ڕووی جوگرافیەوە.
هەرێمی کوردستان کەوتۆتە نێوان ئێران، تورکیا، سوریا و عێراق و بەو ووڵاتانە چوار دەور دراوە.
دووەم : لە ڕووی سامانە سروشتیەکانەوە.
جگە لە نەوت، کوردستان خاوەنی یەکێک لە گەورەترین پاشەکەوتەکانی گازی سروشتیە لە عێراق، کە دەتوانێت ببێتە بەشێکی گرنگ لە دابینکردنی وزەی گاز بۆ بازاڕە جیهانیەکان، بە تایبەتی بازاڕی ئەوروپا.
سێیەم : ئارامیی دامەزراوە سیاسییەکانی هەرێم بەراورد بە زۆربەی ناوچەکانیتری عێراق.
هەموو ئەمانە هۆکارن بۆ ئەوەی ئەمریکا و ئۆروپا بەرژەوەندیان لە هەرێم هەبێت.
هەلێکی نوێ بۆ ئۆروپا و کوردستان
شەڕی ئۆکرانیا سیاسەتی وزەی ئەوروپای گۆڕی.
ئێستا یەکێتی ئەوروپا بە دوای سەرچاوەی نوێی وزە و هاوبەشی متمانەپێکراو دەگەڕێت.
لەو چوارچێوەیەدا، هەرێمی کوردستان دەتوانێت ببێتە یەکێک لە گرنگترین دابینکەرانی گازی سروشتی بۆ ئەوروپا، ئەگەر کێشە یاسایی و سیاسییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر چارەسەر بکرێن و ڕێگاکانی هەناردەکردنی گاز پارێزراو بن.
هاوکات، ئەوروپا لە دوای ڕووخاندنی رژێمی بەعسەوە، پشتگیری سیاسی، دبلۆماسی، دامەزراوە مەدەنییەکان، دادوەری، خوێندن، تەندروستی و ژێرخانی ئابوری هەرێمی کوردستانی کردوە.
ڕۆڵی فەڕەنسا لە داهاتووی کوردستان
فەڕەنسا یەکێکە لە دێرینترین هاوپەیمانانی کورد و کوردستان. لە ڤێرشنی یەکەمی ڕێککەوتنی سایکس ـ بیکۆ، هەرێمی کوردستان (وەلایەتی موسڵ) بەر فەرەنسا کەوت بەڵام دواتر بەریتانیا پەشیمان بووە و خستیە ژێر ڕکێفی خۆی لە چواچێوەی مەملەکەتی عێراقدا.
لە کاتی شەڕی داعشدا، پاریس یەکێک بوو لە یەکەم وڵاتانی ئەوروپایی کە چەک، ڕاوێژکاری سەربازی و هاوکاری بۆ پێشمەرگە دابین کرد. هەروەها لە دوای ڕیفراندۆمی ساڵی ۲٠۱۷، یەکەم ووڵات بوو کە ئابڵوقەی دبلۆماسی سەر هەرێمی شکاند و سەرۆکی فەرەنسا لە کۆکشکی ئیلیزێ پێشوزیکرد لە سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم.
ئەمڕۆ، فەڕەنسا دەتوانێت ئەو پەیوەندیە بەرەو قۆناغێکی نوێ ببات. پاریس دەتوانێت:
۱ ـ ببێتە گرنگترین پشتگیری سیاسی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ئەوروپا.
۲ ـ هاوبەشێکی سەرەکی بێت لە پڕۆژەکانی نەوت و گاز.
۳ ـ ناوبژیوانی نێوان هەولێر و بەغدا بکات.
٤ ـ وەبەرهێنان بکات لە بوارەکانی تەکنەلۆجیا و فێرکاری AI.
هەڕەشەکان هێشتا بەردەوامن
ئاگربەست واتای چارەسەری هەموو کێشەکان نییە. میلیشیاکانی سەر بە ئێران هێشتا کاریگەرییان لە ناوچەکە و لە عێراق هەیە. کێشە دارایی و دەستوورییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر هێشتا چارەسەر نەکراون. تورکیاش هێشتا بوونی سەربازی هەیە لە باکووری عێراق. لە هەمان کاتدا، خانەی خەوتووی داعش بە تەواوی لەناونەچووە. ئەگەر هێزە گەورەکان تەنها وەک بنکەیەکی سەربازی سەیری هەرێمی کوردستان بکەن و پشتگیری زیاتری گەشەپێدانی ئابووری و دامەزراوەکان وەبەرهێنان نەکەن، ئەوە مەترسییەکی گەورە بۆ داهاتووی ناوچەکە دروست دەبێت.
سێ سیناریۆ بۆ دە ساڵی داهاتوو
سیناریۆی یەکەم : گەشە و ئارامی
ئاگربەست و ئاسایش لە ناوچەکە بەرقەرار دەبێت، وەبەرهێنانی بیانی زیاد دەکات، هەناردەکردنی گاز دەگاتە ئەوروپا و هەرێمی کوردستان دەبێتە ناوەندێکی بازرگانی و وزە لەنێوان کەنداو، تورکیا و ئەوروپا.
سیناریۆی دووەم : بەردەوامی دۆخی ئێستا
ناوچەکە بە نائارامی دەمێنێتەوە. هەرێم لە فەزای نێوان ململانێی بەغدا، تاران، ئەنقەرە و واشنتۆن دەخولێتەوە و گەشەی ئابووری بە هێواشی بەردەوام دەبێت.
سناریۆی سێیەم : گەڕانەوەی نائارامی
گفتوگۆ و چارەسەری دبلۆماسی سەرناکەوێت. ناوچەکە دووبارە دەبێتە مەیدانی شەڕی هێزە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان و هەرێمی کوردستان پرشی ئاگری ئەو شەڕەی بەردەکەوێت.
کۆتایی
ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران تەنها کۆتایی شەڕێک نییە؛ بەڵکو دەستپێکی دروستبوونی ڕێکخستنێکی نوێی ستراتیژی لە خۆڕهەڵاتی ناوەڕاستە. هەرێمی کوردستان لە نێوان دوو ڕێگادا وەستاوە؛ یان دەبێتە سەرچاوەی سەقامگیری، هاوکاری و گەشە بۆ هەموو ناوچەکە، یان ئەگەر پشتگیریی نێودەوڵەتی بەردەوام نەبێت، دووبارە دەبێتە مەیدانی ململانێی هێزە هەرێمایەتییەکان.
بۆ ئەوروپا و بەتایبەتی فەڕەنسا، ئەم ساتە مێژووییە هەلێکە بۆ ئەوەی پشتگیرییەکەیان لە کوردستان تەنها لە چوارچێوەی سەربازی نەبێت، بەڵکو بگۆڕدرێت بۆ هاوبەشییەکی درێژخایەن لە بوارەکانی ئابووری، وزە، پەروەردە، تەکنەلۆجیای AI و ئاسایش. ئەوەش نەک تەنها پاداشتێکە بۆ ڕۆڵی کوردەکان لە شەڕی دژی داعش، بەڵکو وەبەرهێنانێکە بۆ ئارامی و سەقامگیریی لە خۆڕهەڵاتی ناوەڕاست لە سەدەی بیست و یەکەم.




