هەمووکاتێک ڕوداوە تراژیدیا و خەفەت بارەکان فرمێسک و ذڵتەنگی نانووسنەوە لە مێژوودا، بەڵكو زۆر جار ڕەسانایەتی و مرۆڤایەتی و جوامێریی و دابوونەریت دەنووسێتەوە.

ئەگەر چی تاشە بەردەکانی نێو ئەو ناوی ڕوقیەیی بەڕەگەز عەرەبی تێدا گیر بووە، هێندەی شاخێک بوایە یەقینی تەواوم هەبوو نەوەک بە تەنیا خەڵکی پارێزگای هەڵەبجە بەڵکو هەموو کوردێکی خاوەن هەستی مرۆڤایەتی دە هێنایە هەورامان و هەڵەبجە، ڕەسانەیاتی لە چەقی ماڵی هەموو کوردێکە، مرۆڤایەتی تاکە پردە کە زمان و نەتەوە نازانێت.


گەڕان و هەوڵی تیمەکان بۆ دۆزینەوەی تەرمی روقیە، دڵسۆزی و میواندۆستی هەموو کوردێکی نیشاندا، خنکانی ڕوقیە خنکانێکی ئاسایی نەبوو، خنکانی ڕۆڵەکەی ناوچەکە بوو هەمووان وەکو جگەر گۆشەی خۆیان هاو خەمییبوون، نەوەک گەشتیارێکی بە ڕەگەز عەرەب.


هەڵوێست و مرۆڤ دۆستی خەڵکی هەڵەبجە  نوێ نییە، هەڵەبجە هەر زووش دەرگای ماڵەکانیان کراوە بووە بۆ هەر کەسێک کە ڕووی لەو شارە کردبێت، لە کتێبی جوولەکەکانی کوردستان دا هاتووە، لە ساڵی ١٩٤٨ ژمارەی جووەکان نزیکەی ٥٨٠ کەس بووە و ٦٩شیان لە دەورووبەری، مێجەرسۆن لە سەردانێکیدا بۆ هەڵەبجە باس لەوە دەکات ژمارەی دووکانەکانی هەڵەبجە لەو سەردەمەدا ٥٢ دووکان بووە، لەوانە ٢٥یان هی جووەکان بووە، فەرقیان نەکردوون لەگەڵ خەڵکە ڕەسەنەکەی شارەکە و دووکان و ماڵ و تەنانەت کەنیسەکانیان بە تەنیشت یەکتر بووە، ئەگەر چی هەڵەبجە خۆی خاوەنیی برینێکی قوڵە کە هەرگیز ساڕێژ نابێت.


بۆ ماوەی نزیکەی دە ڕۆژ لەبەر تیشکی خۆردا گەڕان لەناو هەموو تاشەبەرد و بست بە بستی نێو ئاوەکە بۆ ڕوقیە بەردەوامبوو، پاش دۆزینوەی تەرمەکە و بەڕێکردنی لەلایەن خەلکی و پارێزگاری هەڵەبجە و دەوورووبەری، جوانی ئەم چیرۆکەی خەڵکی هەڵەبجە و میواندۆستییەی کوردی تەواوکرد، فەرهەنگی لێبووردەیی مرۆڤ قیبلەنمایی ئەو شوێنەیە، هاوخەمیی ئەم هەمووخەڵکە چرایەکی لە دڵی تاریکی خانەوادەی ڕوقییە و هەموو بە ڕەگەز عەرەبێکی بۆ هەمیشە هەڵگیرساند.

ڕوقیە بە جەستەی ساردەوە گەڕایەوە خاکی خۆی، بەڵام زۆر پەیام و وانەی قوڵی لە دوای خۆی بە جێهێشت، ڕەنگە سیاسەت و ناکۆکی مرۆڤەکان لەیەکتر جیابکاتەوە، بەڵا ویژدان زمانی مرۆڤایەتییە، لەگەڵ بەڕێکردنی تەرمی ڕوقیە کچە گەشتیاری بە ڕەگەز عەرەب، خەڵکی کورد و هەڵەبجە و دەووروبەری تاجێک لە پەیام و گوڵیان کرد بە قەدی تابووتەکەی ڕوقیە، کە تێیدا نووسرابوو ، لێرە لە باوەشی چیاکانی کوردستان، مرۆڤەکان لە غەریبیدا نامرن.