چالاککردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا و تورکیا
١٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
56
سەرەڕای دۆستایەتی دێرین و پتەوی پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا و تورکیا لە بوارەکانی ئابووری و بازرگانیدا، بەڵام لە هەمان کاتیشدا ناکۆکن لەسەر چەندین دۆسییه وەکوو: ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا و پرۆسەی دیموکراسی، مافی مرۆڤ، ئازادی ڕادەربڕين، سەربەخۆیی دادگا و دەست تێوەردان لە کاروباری ناوخۆی ئەڵمانیا لە ڕێی ئەنجامدانی چالاکییە سياسییەکانی لە ڕێگای ڕەوەندی تورکی لە ناوخۆی ئەڵمانیادا، کە بە گەورەترن ڕەوەند هەژمار دەکرێت، کێشەی قوبرس و ناکۆکییەکان لەگەڵ یۆنان، کۆچکردنی پەنابەران لە تورکیاوە بۆ ئەڵمانیا وڵاتانی تری یەکێتیی ئەوروپا، جەنگ و ململانێی نێوان ئیسرائیل و فلستین، بەتایبەت (حماس) لە غەزە.
دوای گۆڕانکارييەکانی ناوخۆی تورکیا، بەتایبەت دوای هەموارکردنی دەستوور و گۆڕینی لە پەرلەمانی بۆ سەرۆکایەتی، ناکۆکیێکی تر لەنێوان یەکێتیی ئەوروپا و تورکیا هاتە پيشەوە، ئەڵمانیا یەکێک بوو لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا، کە ئەم گۆڕانکارییە بە بەربەستێکی تر بۆ پرۆسەی بە ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا دادەنا.
پێشی گۆڕینی دەستووریش، ئاڕاستەی ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگەی سياسی لە تورکیا بەرەو نزیکبوونەوە لە ڕۆژهەڵات و جیهانی ئیسلامی بوون و تا ڕادەیەک دوورکەوتنەوە لە ئەوروپا، ئەمەش بە پاڵپشتی پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا (AKP) بە ڕێبەرایەتی سەرۆک کۆمار ڕەجب تەییب ئەردۆغان بوو، ئەم پەرەپێدانە وای کرد، ئەڵمانیا و یەکێتیی ئەوروپا بە وردی چاودێری گۆڕانکارییەکانی ناوخۆی تورکیا بکەن و پرۆسەی بەرزی و نزمی و بێ متمانەیی لە پەیوەندییەکانی هەر دوو لادا دەستپێکرابوو. هاوکات لە گەڵ ئەم گۆڕانکارییه ناوخۆیانە لە تورکیا، لە کۆتایی ساڵێ ٢٠١٠ "بەهاری عەرەبی" لە چەندین وڵاتی عەرەبی دەستی پێکرد و یەکێک لەو وڵاتانە سووریا بوو، کە دەبێتە دراوسێیەکی ڕاستەوخۆی تورکیا و گرینگییەکی یەکجار زۆری هەیە لە ئاسایشی نەتەوەی تورکیادا و دواتر سەرهەڵدانی شەڕی (داعش) لە عێراق و سووریا لە ساڵی ٢٠١٣ و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی خلافەی ئیسلامی لە ساڵی ٢٠١٤. دەرئەنجامی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی خلافەی ئیسلامی و شێوازی دڕاندانەی حوکمڕانییەکی لەگەڵ کەمینەکانی ئایینی، وەکوو: کرستیانەکان و ئێزدییەکان بوو، بە دەنگهاتنی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و پێکهێنانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی (داعش) بە سەرۆکایەتی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەندامییەتی چەندین وڵاتی تر، کە یەکێکیان ئەڵمانیایە. لە میدیای وڵاتانی ڕۆژئاوادا، ئەم ڕووداوە بە هەڕەشەیەکی ڕاستەو لە سەر بەهاکانی مافی مرۆڤ و ئاسایشیی جیهانی لە قەڵم دەدرا، ئاماژەش بەوە دەکرا، کە تورکیا و چەند وڵاتێکی تری ناوچەکە بە نا ڕاستەوخۆ بەشدارن و هاوکارن لە پرۆسەی سەرهەڵدانی (داعش)، بەتایبەت لە میدیای ئەڵمانیدا. ئەم ڕووداوەش بووبە خاڵێکی تری ناکۆکی لەنێوان ئەڵمانیا و توکیادا.
دوای پێشهاتەکانی جەنگ ڕووسیا و ئوکرانیا و ئیسرائیل و بزووتنەوی خۆڕاگری ئیسلامی (حماس) لە غزە و حیزبوڵا لە لوبنان و تاکوو ئێستا شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لە گەڵ ئێران، ڕەوانگەیەکی نوێ لای حکومەتی ئێستای ئەڵمانیا دروست بوو، بڕیاریدا دووبارە لە تورکیا نزیک ببێتەوە و دەست بە چالاککردن و گەشەپێدانی پەیوەندییەکانیان بکەنەوە. سەرەڕای کەڵەکەبوونی ناکۆییەکانی ئەڵمانیا و یەکێتیی ئەوروپا لە گەڵ تورکیا لە سەر دۆسییە جۆراوجۆرەکان، بەپێی ڕوانگەی حکومەتی ئەڵمانیا لەم هەلومەرج و دۆخی ئێستای نێودەوڵەتیدا، تورکیا وڵاتێکی گرینگی ناوچەکەیە و دەکرێت هاوبەشێکی ستراتیژی بێت، لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دوای ئیسرائیل بۆ ئەڵمانیا و یەکێتیی ئەوروپا. هەر بۆیەش حکومەتی ئەڵمانیا دەست پێشخەر بوو لە شێوازی کارا و چالاککردنی پەیوەندییەکانیان و بۆ ئەم مەبەستەش، لە ٢٩-٣٠ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥، لە ئەنقەرە بە گەرمی لە لایەن سەرۆک کۆماری تورکیا پێشوازی لە ڕاوێژکاری ئەڵمانیا فریدریش مێرتس و شاندە یاوەرەکەی کرا و هەر دوولا هاوڕابوون لە سەر چالاککردن و گەشەپێدانی پەیەوەندییەکانیان و ڕێککەوتن لە سەر میکانزمی دیالۆگی هاوبەشی ستراتیژی لە نێوانیاندا و دەست بە دانوستاندن لە سەر گشت دۆسییەکان بکەن بە مەبەستی دووبارە کاراکردنی پەیوەندییەکانیان، لەو کاتەوە تا کو ئێستا، چەندین کۆبوونەوەی هاوبەش لە سەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە و بەرگری ئەنجام دراون و دەست بە هەماهەنگی جۆراوجۆر کراوە، بە مەبەستی پەلە کردن لە پرۆسەی چالاککردنی پەیوەندییەکانیان و ڕۆژی ١٨/٥/٢٠٢٦ هەر دوولا لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا کۆبوونەوە و بڕیاریاندا، کە کارەکانی میکانزمی دیالۆکی هاوبەشی ستراتیژی بە دامەزراوەیی ئەنجام بدەن. دوای کۆبوونەوەکە و لە چوارچێوەی هەمان ڕێککەوتندا، هەر دوولا بە چڕی و ئەرێنی دەستیان بە کارەکانیان کردووە و ئەڵمانیا و تورکیا دوو وڵاتی بە ناوبانگن لە پەیڕەوکردنی بنەماکانی تیۆری واقیعی لە سیاسەتی دەرەوەی خۆیاندا. هەر بۆیەش، هەر دوو وڵات پێیان وایە دۆخی ئێستای جیهان ئەنارشییە (فوضوي) و نا سەقامگیرە و ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان وەکوو پێویست کاریگەری بە سەر سیاسەتی نێودەوڵەتیدا نەماوە، چونکە پێی نەکراوە کێشە نێودەوڵەتییەکان چارەسەر بکات، وململانێ نێودەوڵەتییەکان لە سەر هەژمونی جیهانی ڕۆژ بە ڕۆژ توند تر دەبن. ئەم ڕوانگە بووبە پاڵدەرێکی سەرەکیی بۆ ئەوەی ئەڵمانیا بە دوای هاوبەشە ستراتیژییەکاندا بگەرێت بە مەبەستی ڕووبەڕووبونەوەی ئاڵنگارییەکانی نەتەوەیی و ئەوروپی و نێودەوڵەتی.
لە سەر ئاستی نەتەوەی و ئەوروپی، ئەڵمانیا ڕووبەرڕووی دوو ئاڵنگاری سەرەکیی بوەتەوە، یەکێکیان کيشەی کۆچکردنی بەردەوامە بۆ وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا و بەتایبەت بۆ ئەڵمانیا، ئەوەی تر جەنگی ڕوەسیا و ئۆکرانیایە کە هەڕەشەیەک ڕاستەوخۆ و ئەرێنییە لە سەر ئاسایشی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بە گشتی و ئەڵمانیا بەتایبەتی، چونکە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا فشاری کشانەوەی هێزەکانی لە ئەڵمانیا و ئەوروپا دەکات. ئەمەش وا دەکات کە ئەڵمانیا ناچاربێت بە دوای هاوبەشی ستراتیژیدا بگەڕێت. لە سەر ئاستی ناوخۆی ئەڵمانیا، ئەم دوو ئاڵنگارییە دوو پرسی سەرەکین لە ناوەندە سیاسییەکان و مژاری ڕۆژن لە ناوەندە میدیاییەکانی ئەڵمانیا و ئەوروپا، کاردانەوە و کاریگەرییەکانی دەبنە هۆی گۆڕینی نەخشەی کۆمەڵگەی سیاسی لە ئەڵمانیا و لە بەشێکی وڵاتانی ئەوروپاش. لە ئەنجامی ئەم پێشهات و گۆڕانکارییانە، حکومەتی ئەڵمانیا ناچار بووە دەست بە هەموارکردنی یاسای کۆچ وکۆچبەران و گۆڕینی سیاسەتی کۆچ بکات و پێداچوونەوە لە سیاسەتی دەرەوەی خۆی بکات، وپاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی بکاتە پێشینەی کارەکانی، چونکە پارتی "ئەلتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا" کە پارتێکی ڕاستڕەوە لە گەشەکردنێکی بەردەوام دایە و بەپێی ڕاپرسییەکانی ئەم دوایە ئەم پارتە لە پێشەوەی گشت پارتەکانی حوکمڕان و ئۆپۆزسیونە و مەزندە دەکرێت لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بەشداری لە پێکهێنانی حکومەت بکەن، ئەڵمانیا بۆ هەر دوو ئاڵنگارییەکە پێویستی بە تورکیا دەبێت و حکومەتی ئێستای ئەڵمانیا دووبارە نزیکبوونەوە لە تورکیا بە یەکێک لە کارە پێشینییەکانی سیاسەتی دەرەوە دادەنێت، چونکە تورکیا هاوبەشێکی ئابووری و بازرگانی بە هێزی ئەڵمانیایە و دەکرێت سوود لە هاوبەشی ئابووری و بازرگانی وەربگیرێت، بۆ پرۆسەی گەشەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانیان لە بوارە جیاوازەکانی تردا...
لە دوو دەیەی ڕابردوودا، تورکیا بۆ ئەڵمانیا و وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا هاوبەشێکی قورس و ئاڵۆز بوو، چونکە دۆسییەکانی نێوانیان تا ڕادەیەک سڕ کرابوون، لەو ماوەدا هیچ پێشکەوتنێکی بەرچاو لە پەیوەندییەکانیاندا ڕووینەدا. دوای سەردانەکەی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا بۆ ئەنقەرە لە ساڵی ڕابردوودا، پەیوەندییەکانی هەر دوولا لە دۆخی کاراکردن و نوێبوونەوەدان، چونکە هەر دوولا بە دەرفەتی دەبینن، پێداچوونەوەیەکی گشتی بە پەیوەندییە دوو قۆلییەکانی نێوانیاندا بکەنەوە، سەرلەنوێ و بەپێی هەلومەرجی ئێستای نێودەوڵەتی و لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانیاندا لە ڕێگای میکانزمی دیاڵۆکی هاوبەشی ستراتیژی دابڕێژن.
لە ڕوانگەی حکومەتی ئەڵمانیاوە، دەبێت پەلە بکرێت لە کاراکردنی پەیوەندییەکانیان، بەتایبەت لە بواری سەربازی و ئەمنی و پەرە بە بواری ئابووری و بازرگانی بدرێت. هەر بۆیەش، ئەڵمانیا ئامادەکاری و بەشدارییەکی باش لە کۆبوونەوەی لووتکەی ناتۆ دەکات، کە بڕیارە لە مانگی داهاتووی ئەم ساڵ (تەمووزی ٢٠٢٦) لە ئەنقەرە ببەسترێت و ئەم لوتکەیە بە دەرفەت دەزانێت بۆ چالاککردنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییە سەربازی و ئەمنییەکانیان، لە سەر ئاستی ناتۆ و یەکێتیی ئەوروپا، هەر چەندە ئەڵمانیا پێش کۆبوونەوەکە کەوت و لە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران سیستەمی بەرگری جۆری پاتریۆت پێشکەش بە تورکیا کرد، بە ئامانجی بەرگری کردن لە هاوپەیمانی ئەتڵەسی (ناتۆ). پێ ناچێت وا بە ئاسانی (و لەم قۆناغەدا) ئەڵمانیا و یەکێتیی ئەوروپا و ناتۆ دەستبەرداری تورکیا ببن، چونکە خاوەن پێگەیەکی جیوسیاسی گرینگە و هێزێکی هەرێمایەتی کاریگەرە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و ئەزموونێکی مێژوویی دورودرێژی لە جیهانی ئیسلامیدا هەیە.
سەرەڕای کۆتاییهاتنی جەنگی سارد (١٩٤٧ – ١٩٩١) و چەندین ڕووداو و گۆڕانکاری بنەڕەتی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، وەکوو: جەنگی کەنداوی یەکەم (١٩٨٠ – ١٩٨٨) و جەنگی کەنداوی دووەم ١٩٩١ و جەنگی کەنداوی سێیەم ٢٠٠٣ و بەهاری عەرەبی و تاکوو ئەم جەنگەی ئێستای ئەمریکا و ئیسرائیل لە گەڵ ئێران. بە داخەوە، جێگرەوە بۆ تورکیا لە ناوچەکدا دروست نە بووە، کە پێوەرەکانی هاوبەشی ستراتیژی لە گەڵ ئەڵمانیا و وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا جێبەجێ بکات، جگە لە بواری ئەمنی و سەربازی سنووردار، ئەویش دوای شەڕی دژی (داعش). ئەگەر نا ئەڵمانیای دوای جەنگی جیهانی دووەم (١٩٣٩ – ١٩٤٥) وڵاتێکی دینامیکییە لە سیاسەتی دەرەوەدا. وڵاتانی نەتەوەیی و دیموکراسی، لە پێناو بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی خۆیان، ڕەوایەتی بە دینامیکییەت لە سیاسەتی دەرەوە دەدەن، بەردەوام بە دوای جێگرەوەی باشتر دا دەگەرێن.
سەبارەت بە دۆسێیەی ئەندام بوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا، کە بە پرسێکی چارەنووساز بۆ تورکیا دادەنرێت. لە ڕوانگەی ئەڵمانیاوە، تورکیا تا هەنووکە مەرج و پێوەرەکانی یەکێتیی ئەوروپا (مەرج و پێوەرەکانی لوتکەی کۆپنهاگن ١٩٩٣) جێبەجێی نەکردوە، بەڵام ئەڵمانیا لە مەودوا هەوڵدەدات پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوانیان بە هێزتر بکات و لە چوارچێوەی پڕۆسەی گەشە پێدانی میکانیزمی دیاڵۆگی هاوبەشی ستراتیجی ڕێخۆشکەر و هاوکار بێت، بۆ پڕۆسەی ئەندام بوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا، سەرباری ئەوەش بە پێیی بارودۆخی ئێستای تورکیا، پڕۆسەی ئەندام بوونی ئاسان نابێت. لەگەڵ ئەوەشدا دیدگای حکومەتەکانی هەر دوو وڵات لە دۆسێییەی ئەندام بوونی تورکیا، بە کۆسپێکی گەورە لەبەردەم پڕۆسەی چالاککردن و پێشخستنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانیان نابینرێت، چونکە ئەڵمانیا دڵنیاییە، مەرج و پێوەرەکانی ئەندامبوونی تورکیای ئەمڕۆ لەیەکێتیی ئەوروپا، بە سانایی جێبەجێ ناکرێت. لە بەرانبەر ئەم پێشهاتەدا، پێدەچێت ڕوانگەی تورکیای ئەمڕۆ زیاتر جەخت لە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی خۆی بکاتەوە و نەچێتە ژێر باری مەرجەکانی یەکێتیی ئەوروپا، کە لەگەڵ ئاوات و ئامانجە نەتەوەییەکانی تورکیادا ناگونجێن.
پاش دوایین ڕووداوەکانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات، کە پاڵنەرێکی سەرەکین بۆ ئەوەی ئەڵمانیا بیر لە هاوبەشی ستراتیجی بکاتەوە لە سیاسەتی ئاسایش و بەرگری لە سنوورەکانی یەکێتیی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی ناتو، بۆ ئەم مەبەستەش دۆسێیەی ئاسایش و بەرگری دەبنە تەوەرێکی سەرەکیی میکانیزمی دیاڵۆگی هاوبەشی ستراتیجی لەنێوان هەر دوولا. لە دوو دەیەی ڕابردوودا، بە هۆی ناکۆکییەکانەوە لەگەڵ تورکیادا بەشێکی زۆری هاوکارییە سەربازییەکان سنووردار کرابوون، لای خۆیەوە تورکیاش بە ئەمانجی پڕکردنەوەی پێداویستییە سەربازییەکانی بڕیاری دا لە ڕووسیا و چین نزیک بێتەوە، سەرباری ئەم هەنگاوانەی تورکیا، دوای سەردانەکەی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا بۆ تورکیا لە ساڵی ڕابردوودا، ڕاستەخۆ بڕیاری ڕەزامەندی لە سەر بەخشینی فڕۆکە جەنگییەکانی (جۆری تایفون یۆرۆ) بە تورکیا درا، ئەمە لەکاتێدابوو لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەخشتننی ئەم جۆرە فڕۆکانە ڕاگیرابوو. لە هەمانکاتدا پاش ئەو سەردانە، ڕەزامەندی درا لەسەر بەشداربوونی تورکیا لە بەرنامەی (ڕێکارەکانی پاراستنی ئاسایش- ئەوروپا). ئەم دوو هەنگاوەی ئەڵمانیا و یەکێتیی ئەوروپا لەگەڵ تورکیا بە ئەرێنی لێیان دەڕواندرێت، بەتایبەتی لە ناوەندە سیاسی و سەربازییەکانی تورکیا، چونکە سوودێکی گەورە لە بەشداربونەکەی لە بەرنامەکەدا دەبینێت. لە چوارچێوەی ئەم بەرنامەدا، ئەڵمانیا هەوڵدەدات دووبارە متمانە لەنێوان تورکیا وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا وناتۆ دروست بکات، تەماشای تورکیا بکرێت وەکوو هاوبەش نەک بکڕ و سوودمەند، بۆ ئەوەی سوود لە تەکنەلۆژیای سەربازی یەکێتیی ئەوروپا وەربگرێت، بەتایبەت لە سیستەمی بەرگری ئاسمانی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا و ناتۆ.
بەدەر لە پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان هەر دوو وڵات، كە دوو هاوبەشی سەرەکین، مەزندە دەکرێت، پەیوەندییەکانیان لە بوارەکانی؛ وزە و کۆچبەران و سەربازی و ئاسایش پەرە پێ بدرێت و هەر لەو ڕوانگەیەوە ڕاوێژکاری ئەڵمانیا لە کۆنفرانسی ئەم ساڵی ئاسایشی میونغ لە وتارەکەیدا، تورکیای بە هاوبەشێکی ستراتیجی و گرینیگی ئەڵمانیا و یەکێتیی ئەوروپا و هاوپەیمانی ئەتڵەسی ناتۆ لە قەڵەمدا.
لە پاش جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، تورکیا ڕۆڵێکی دیپلۆماسی هاوسەنگی نێوەندگیر بە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی ئەڵمانیا و ئەمریکیا لەنێوان مۆسکۆ کییڤ-دا دەگێڕێت. لە چوارچێوەی هەمان ڕوانگەدا، تورکیا کاریگەرییەکی بەرچاو لە کێشە و شەڕەکانی وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، وەکوو؛ سووریا و جەنگی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران و شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ (حماس) لە کەرتی غەزە و حزبوڵا لە لوبنان، دەگێڕێت. هەر بۆیەش ئەڵمانیا پێی وایە، کە پێویستیان بە ڕۆڵی تورکیا دەبێت وەک وڵاتێکی هاوبەش بۆ نێوەندگیریکردنی نێوان لایەنە بەشداربووەکانی ئەم ململانێیە.
لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ (أحتواء) و دووبارە نزیکكردننەوی تورکیا لە ئەڵمانیا و یەکێتیی ئەوروپا، بڕیارە لە لووتەکەی هاوپەیمانی ئەتڵەسی (ناتۆ) دانوستاندن لە سەر چەندین پرس و دۆسییەی بەرنامەڕێژکراوی نێوانیاندا بکرێت. ئەمەش، سەرەڕای مشتومڕ و ناکۆکی کۆن و نوێ لە ناو وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپادا، سەبارەت بە هەڵسووکەوت و سیاسەتی نەخوازیاری تورکیا لە مەڕ چەندین پرسی پەیوەندیدار بە بنەما سیاسی و بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا، بەڵام حکومەتی ئەڵمانیا ئەم دەست پێشخەرییە بە هەنگاوێکی گرینگ بۆ (احتواء) كردنی تورکیا دا دەنێت، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە نزیکبوونەوەی تورکیا لە ڕووسیا و چین، بڕیاری چالاککردنی پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا لە گەڵ تورکیا بە ڕێگای میکانیزمی دیاڵۆکی هاوبەشی ستراتیژی، دەکرێت ببنە هەنگاو و دەستپێکێکی ئەرێنی بۆ ئاییندەی پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەوروپا لە گەڵ تورکیا.




