دوای ئەوەی میدیاکانی جیهان هەواڵی بوون بە ترلیۆنێری ئیلۆن مەسکیان بڵاوکردەوە، بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەوەم بە بیر داهات، تاکە مرۆڤێک، کە خاوەنی بڕێکی بێشومار زۆری پارە و هێزی تەکنەلۆجییە، دەکرێت چ گۆڕانکارییەک لە ئێستای گۆی زەویدا بکات؟

هەبوونی کۆمپانیاگەلێکی زەبەلاحی وەک تێسلا لە بواری ئۆتۆمبێلی کارەبایی و سپەیس ئێکس لەبواری زانستی گەردوونناسی و چەندین کۆمپانیای دیکە، ئەوەمان بەبیردەهێنێتەوە، ئایا ترلیۆنێرێک کە لە بواری ژیری دەستکردیشدا جێدەستێکی گرنگی هەیە، دەتوانێت هەژاریی لەسەر زەوی کەمبکاتەوە؟ یان ئایا دەتوانێت سودێکی زۆر و بێبەرانبەر بە مرۆڤایەتی بگەیەنێت و داهێنانی گرنگ بکات؟

جێگەی تێڕامانە کە کارل مارکسی ئابوریناس و فەیلەسوفی ئەڵمانی و هاوڕێکەی، فرێدریک ئەنگڵس، نزیکەی 200 ساڵ پێش ئێستا باسیان لە فرۆشتنی بەرهەمی کاری کرێگرتە کردووە و باسیشیان لە ئەنجامی ئەو سیستمە پاوانخوازەی ئەو سەردەمی شۆڕشی پیشەسازیی بەرەو سەرمایەداری دەکرد، کەچی لەبری ئەوەی بە تێزەکانی ئەوان مرۆڤایەتی بەرەو هەرەوەزی و پێکەوەژیان و یەکدی قبوڵکردن و هاوکاریکردنی ئابوریی یەکدی، بەرەو ئەوپەڕی تاکگەرایی و ئۆخەی ئۆخەی هەر چ کەس بۆخۆی رۆشتووە.

بەلامەوە سەیرە، لە کاتێکدا لە ئەمریکا و ئەوروپا و زۆرینەی ئەو وڵاتانەی کە سیستمی سیاسییان نیولیبراڵیزمە و سیستمە کۆمەڵایەتییەکەشیان تاکگەراییە، رێژەی بێکاری تێیاندا رۆژبەرۆژ بەرزتر دەبێتەوە و رێژەی بێلانەکان و هەژارەکانین بە هاوستونی، بەرزتر دەبنەوە؛ چۆن و بۆچی ملیاردێر و ترلیۆنێرە چاوبرسییەکانی وەک مەسک و هاوڕێکانی ناتوانن یان نایانەویت ئەم قەیرانە لە وڵاتانی رۆژئاوا کۆتایی پێبهێنن؟

ئایا هیچ راستییەک لەوەدا هەیە کە ئەوانەی خاوەنی ئەو سەرمایە زەبەلاحەن وەک ئیلۆن مەسک، بە هەوڵ و رەنجی خۆیان بەدەستیان هێناوە؟ یان ئەمە بەرئەنجامی ئەو سیاسەتە پاوانخوازی و تاکگەرایی و نەرجسیەتەیە کە لە رۆژئاوادا ئێستا بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە؟

ئایا ئەمە دووبارە وامان لێدەکات بەناو رەوتە فەلسەفییە کلاسیکییەکان و دەروونناسیی کلاسیکدا تەراتێن بکەین و تەقەلای ئەوەمان بێت لەوە تێبگەین کە ئایا بەڕاستی مرۆڤ لە ئەزەلەوە پاوانخوازە؟ ئایا بەڕاستی مرۆڤ هەر لەگەڵ لەدایکدەبێت، خاوەندارێتیی تایبەت بە هەموو شتێکەوە دەکات؟

ئەگەر وەڵامەکە بۆ خراپیی مرۆڤ لە ئەزەلەوە بەڵێ بێت، ئەوکات دەشێت بپرسین پێویستیی ژیانکردنی مرۆڤ لەئێستادا لەکوێدایە کە رۆژانە ملیاران کەس هەوڵبدەن بۆئەوەی قوتی رۆژانەیان دابینبکەن، کەچی لەتەنیشتیانەوە، تاکە کەسێک، تەتەر ئاسا پێشیان بکەوێتەوە و سەرمایەکەیە لە ٪46ـی دانیشتوانی گۆی زەوی زیاتر بێت؟

ئایا ئەمە دووبارە سەرنجی شرۆڤەکارانی سیاسی و ئابوریی جیهان و فەیلەسوفان بەرەو سەردەمی شەڕی ساردی نێوان یەکێتی سۆڤیەت و ئەمریکا، چەپ و راست، سۆسیالیزم و سەرمایەداری، دەبات؟ بێگومان دەبێت وەڵامەکەمان بەڵێ بێت و زۆرترین شرۆڤە و شیکاریی بۆ ئەم هەڵتۆقینە بێشومارەی چەند مرۆڤێک لە دونیادا و کاریگەرییەکانیان بەسەر سیاسەت و قوتی رۆژانەی مرۆڤی ئاسایی لو جیهاندا و تەواوی ئەو بابەتانەی دیکە کە کاریگەرییان بەسەریەوە دەبێت، بکرێت.

ئەمەش بەدەر لەوەی کە ئایا ژیری دەستکرد بەرەو کوێ دەبەن؟ ئایا مرۆڤایەتی هەر بەڕاستی لەژێر سایە و هەژموونی ئەم ملیاردێر و ترلیۆنێرە رۆژئاواییانە کە هیچ شتێک نایانوەستێنێت لە بیرکردنەوە پۆزەتیڤیستی و تاقیکارییەکانیان، مرۆڤایەتی بەرەو لەناوچوون بەهێواشی و بەئازارەوە نابات؟