هێرۆخان یەکێکە لەو کەسایەتییە نیشتمانییانەی کە ناویان بە خزمەت و خەبات بۆ گەل و نیشتمانەوە گرێدراوە. 
ئەو جگە لەوەی کچی گەورەی تێکۆشەری گەورەی کوردایەتی، ئیبراهیم ئەحمەد، و هاوسەری مام جەلال بووە، بەڵام بە هێزی کەسایەتی و کاریزمای خۆی شوێنپەنجەیەکی دیار و جیاوازی لە مێژووی نوێی کوردستان جێهێشتووە و کارەکانی دەرخەری کەسایەتی ئەون .
هێرۆخان ژنێکی خەباتگێڕ بوو کە ژیانی خۆی بۆ ئازادی، دیموکراسی، مافی مرۆڤ و سەربەستی گەلەکەی تەرخان کردووە و کەمیشی نەکردووە . لە بەرامبەر فاشیزم و ستەمکاری وەستاو بەردەوام هەوڵی بۆ یەکسانی، دادپەروەری و نەهێشتنی کۆنەپارێزی و چەوسانەوە لە کۆمەڵگەدا دا بەرەهایی دژی دواکەوتووی کۆمەڵگەبووە.
لە ساتە خۆش و ناخۆشەکانی گەلەکەیدا ئامادە بووەو پشتی لەخەبات نەکرد . لە سەختییەکانی شاخ و خەباتدا ژیاو بەشێک بووە لە مێژووی تێکۆشانی نەتەوەکەی خۆی . 
لە بواری بەمەدەنی کردنی کۆمەڵگە ؛ هێرۆخان بە دامەزرێنەری میدیای نیشتمانی و سەربەخۆ دادەنرێت لە باشوری کوردستان . 
ئەو باوەڕی بە رۆڵی میدیا وەک هێزێکی گۆڕانکاری هەبووە و خزمەتێکی گەورەی بە گەشەپێدانی کلتور، هونەر و هۆشیاریی کۆمەڵایەتی کردووە.
لە سەردەمی نەهامەتی و تاوانەکانی رژێمی بەعسدا، بە کامێراکەی بەشێکی گرنگی مێژووی گەلەکەی تۆمار کرد؛ وێنە و بەڵگەی بۆردومانی کیمیاوی گوندی بالیسان، سوتاندنی گوندەکان و قارەمانێتیی پێشمەرگەکان لە ئارشیفەکانی ئەودا پارێزراون . 
ئەم کارە مێژووییانە بۆ نەوەکانی داهاتوو بە میرات ماونەتەوە.
بۆ شاری سلێمانیش، هێرۆخان خەمخۆری شار و شارستانییەت بووە . دوای راپەڕینی ساڵی 1991، رۆڵێکی گرنگی هەبوو لە پاراستنی ناوەندە کلتوورییەکان و رێگریکردن لە رووخانی ژمارەیەک شوێنی مێژوویی، وەک بینای ئەمنەسورەکە کە دواتر بوو بە مۆزەخانەیەک بۆ یادەوەری ستەمکارییەکانی رژێمی بەعس.
لە رێگەی دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان وەک منداڵپارێز و سەنتەری گەنجان، خزمەتێکی فراوانی بە چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگە کرد. 
هەروەها بیرۆکەی دامەزراندنی خەڵوەتگەی پیران و خانەی منداڵانی بێسەرپەرشت لە ئەندێشە و خەونەکانی ئەو خاتوونەوە سەرچاوەی گرت.
هێرۆخان..ژنێکی نیشتمانی، سادە، خاکی و نزیک لە خەڵک بوو . بە خزمەتەکانی، بەشێکی گرنگی لە پاراستنی ناسنامە و شارستانییەتی سلێمانی هەبووە. 
بۆیە شایستەی ئەوەیە کە وێنە و یادەوەرییەکەی هەمیشە لە پێش چاوی خەڵکی کوردستان بێت و ناوی بە بەرزی و ڕێزەوە گەشاوەتربێت .